کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی لە پێش شەنگال و دوای شەنگال

Friday, 15/08/2014, 12:00



پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو هێزە پاوانخوازەیە کە هەمیشە بە بڕوبیانووەکانی ناسراو بوو ،هەرکات وڕکی لە شوێنێک یان پۆستێک بگرتایە بێ شک دەبوایە پێی بدرایە هەربۆیە لەسەر ئاستی هەرێم و لە بەغداش زۆرترین پلە وپۆستی بۆ خۆی پچڕی بوو، وە تەنازولی زۆری بە هاوپەیمانەکەی لە پێناو پۆستی سەرۆک کۆماریدا کرد وبە شێوەیەک لە شێوەکان ڕازی کرد.
لەدوای داگیرکردنی عێراقیشەوە لە ٢٠٠٣ دا سێ هەڵبژاردنی پەرمان لە هەرێمدا کراوە و دەنگەکانی پارتی لە هەموو جارێکدا بەرەو دابەزین دەچوو بەڵام شێلگیرانەتر دەستی بە پۆستەکانەوە دەگرت و ئامادە نەبوو تەنازول لە بچوکترین پۆستی وەک بەڕێوەبەری ناحییەیەکیش بکات بۆ هاوپەیمانە ستراتیجییەکەی.وەکو ئەوەی زۆنی زەردی لە گاپۆ تملیک کردبێت.
هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تەموزی ٢٠٠٩ سیستەمی دوو حیزبی لەکوردستان تێک شکاند و هێزی سێهەم بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە هاتنە مەیدان و ٢٥ کورسی پەرلەمانیان لە یەکێتی و پارتی بچڕی. دروست بوونی ئەم بزوتنەوە خاوەن پشتیوانییە جەماوەرییە بەهێزە شۆک بوو پارتی و یەکێتی هاوپەیمانی لەهەمان کاتدا لەناو هاوپەیمانێتی ستراتیجیدا پشکەکانی پارتی زیاتر کرد. چیتر پارتی قەبوڵی نەبوو کورسییەکان بەیەکسانی لەگەڵ یەکێتیدا دابەش بکات ،حەقیشی بوو قەبوڵی نەبێت چونکە دەنگەکانی یەکێتی زۆربەی لای گۆڕان بوو. ئەمە وای کرد پارتی پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە استحقاقی هەمیشەیی خۆی بزانێت و پاشتریش دەستی گرت بەسەر وەزارەتەکانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و زۆر دەزگای هەستیاری تردا. هاوپەیمانی بەناو ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوام بوو تاوەکو هەڵبژاردنی ئەیلولی ٢٠١٣ پارتی و یەکێتی ماڵیان جیاکردەوەو بەسەربەخۆ دابەزین ، ئەوەبوو پارتی بوو بەخاوەنی ٣٨ کورسی پەرلەمان و بوو بەیەکەمی بێ ڕکابەر و گۆڕان بوو بەخاوەنی ٢٤ کورسی وەک هێزی دووەم و یەکێتی ١٨ کورسی وەک هێزی سێهەم . بەم شێوەیە هاوسەنگی هێزەکان گۆڕا و لەولاشەوە دوو هێزی ئیسلامی بە ١٧ کورسییەوە وەک کارتی بەهێز حسابیان بۆ کرا. هەموو ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕێژەی دەنگەکاندا زیاتر ناسەقامگیری بۆ زۆنی سەوز دروست کردبوو تائەوەی بە زۆنی زەردەوە دیار بێت ، پارتی بەو خەیاڵەوە دەچووە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەوە کە ئەگەر تەنگا یەک کورسیش بهێنێت هەر خۆی کوێخاو حوکمڕانی کوردستانە و هەرێمی وەک میراتییەک دەبینی کە پێشتر بە وەێیەت بۆ ئەم بەجێ مابێت و میرات خۆرەکانی تری لێ بێبەش دەکرد یان هیچ نەبێت لەسەربانەوە بۆ ئاسمان بۆ ئەوان بێت.
عێراق لەپێش موسڵ و دوای موسڵ مانشێتی ڕاگەیاندنی پارتی بوو ،وا لەهەوادارانی پارتی دەبیسترا کە ئەوە ئەو هەڕەشانە بوو سەرۆکی هەرێم هەموو جارێک لەمالکی دەکرد و بەوە دەیترساند کە ڕوداوێک دەخولقێنێت هەموو شت لەبیری مالکی بباتەوە . وە جۆرە غرورێک لای پارتی دروست بوو خەریک بوو حساب بۆ زلهێێکی وەکو ئەمریکا نەکات و جاڕی سەربەخۆیی بدات ، هەموو ئەم گەمە مناڵانەیەی پارتی کەلەزاری فەلاح مستەفاوە دەردەچوو ئێرانی هاوپەیمانی حکومەتی هەرێمی توڕەو نیگەران کرد و بەشار ئەسەدی هێنایە قسەو جامیعەی عەرەبی قەڵس کرد .ئەمریکا لەبەر ئەوەی زلهێزێکی بێ ڕکابەرەو خاوەن پێشکەوتوو ترین تەکنەلۆژیای سەربازییە و هەژمونی لەناوچەکەدا هەیە ئەتوانێت بەئاسانی و وەکو یاری شەترەنج یاری بە هەموو گروپ و هێزەکانی ناوچەکە بکات ،بەهەموو داش جوڵاندێک گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوکێشەکاندا دروست دەکات . بە کش مەلیکێک لەناوچەی شەنگال هێزەکانی پارتی هێنایەوە نزیکی پایتەخت و پەیامێکی توندی بە پارتی دا کە ئەوە ئێمەین دەتوانین بتپارێزین و خۆت خاوەنی هیچ هێزێک نیت خۆتی پێ بپارێزێت.

ئەم هێرشانەی داعش چەند بارگرانییەکی بۆ پارتی دروست کردووە لەوانە:
- نزیک بونەوەی داعش لە پایتەختی گەشتیاری و هەموو ئەو قونسوڵخانانەی دەوڵەتانی جیهان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان هەردوو پێی پارتیان خستبووە ناو تاکێک پێڵاوەوە.
- خاوەندارێتی ئەو شارو شارۆچکانەی لە پارتی سەندەوە کە لە ٢٠٠٣ وە دەستی بەسەردا گرتبوون.یان هیچ نەبێت انتمای خەڵکی ئەو ناوچانە بە پارتی کز بوو.
. - هەیمەنەی پارتی بەسەر ئەو ناوچانەوە تێک شکاند کە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا دەستی بەسەردا گرتبوون.
- هێزەکانی دژە تیرۆر کە سەر بە یەکێتییە لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدا و هێزەکانی تری یەکێتی لە هەولێری پایتەخت و زۆنی زەرد دا داخێکی تر بوو.
- هاتنەخوارەوەی هێز لە قەندیلەوە بۆ پشتیوانی ئەوەندەی تر خوێی بە برینەکەدا کرد.
- هاتنی شەڕڤانانی یەپەکە و کەوتنە پێشی پارتی لەبەرەکانی جەنگدا ناسۆری لە دۆستایەتی زیاتر بوو غروری پارتی بەتەواوی شکاند.
ئەگەر ئەم دۆخە تاماوەیەکی درێژ تر بەردەوام بێت ئەوا هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان تێک دەچێت و پارتی ئەو هەیمەنەیەی جارانی نامێنێت و دەبێت تەنازولی زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەکانی تر بکات.


١٠/٨/٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە