کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەم ئەتك كردنەی شاری رانیە هەتاكەی ..شەرم بكەن

Sunday, 26/09/2010, 12:00





كەس نیە خەمێك لەشاری رانیە بخوات، حكومەتەكەی تەسلیمی دەرەبەگیو خۆ دەوڵەمەندكردنو بازرگانی ترسناك بووە، بەجۆرێك لەخودی قائممقامەوە تاوەكو دەزگاكانی خوارووی تر دەستیان گرتووە بە تۆڕێك بەرژەوەندی وردی مەترسیدار كە دواجار لەروی شارستانیەوە دوارۆژ ئەم شارە باجێكی قورس دەدات.. حزبە سیاسیەكانی رانیە بارەگاكانیان بوونەتە كۆمپانیای خۆ دەوڵەمەندكردنو پەیداكردنی ئیمتیازو دەسەڵاتو مل شكاندنی یەكتر، پێم وانیە كادیری حزب هەبێت لەكوردستان هێندەی كادیرە حزبیەكانی شاری رانیە بێ فكرو بێ بەرنامەو بێ پرۆژەتر، بۆ نمونە ئەندامی مەڵبەندە كەچی رۆژ هەتا ئێوارە لەماڵی ئاغای عەشیرەتەكەی خەریكی لافو گەزافی ناوچەگەریو عەشیرەتگەرییە، مەسئولێكی بارەگای حزبێكی ئیسلامی لەرانیە رێك سەدی سەد وەكو سەرۆك هۆزێك مامەڵە دەكات، ئاگای لەم دنیایە نیە دەڵێی مجێوری مزگەوتە...؟ بەهەر حالأ دەوڵەمەندی رانیە خراپترینو نەخوێندەوارترینو چاوچنۆكترین دەوڵەمەندی دنیان، جارێ هەر كەس نایانبینێت، كەس نازانێ بۆچی هێندە خۆیان لەخەڵك دەشارنەوە، هیچ چاكەو پڕۆژەو كارێكی گرنگیان بۆ شارەكە نیە، بڕوا بكەن...بەداخەوە هەندێ كەسی ئەم شارە بەحساب زۆر خۆیان پێ دڵسۆزە بەدەنگی خەڵكی ئەم شارە بونەتە ئەندام پەرلەمان بەڵام بڕوا بكەن تۆزقاڵێك چیە كاریان بۆ ئەم شارە نەكردووە، لەهەموو لیستەكان بێ جیاوازی، لیستی یەكیەتیو یەكگرتوو گۆڕانو پارتیو كۆمەلأ...هتد، هەر هیچ دەنگیان نیە، دڵسۆزیو خەم خواردنێكیان بۆ ئەم شارە نیە، ئاگایان لەهیچ كەموكورتی ئەم شارە نیە.. ئەمەو زۆر توێژو لایەنی ترهەن دەكرێ قسەی زۆری دەربارە بكەین، بەڵام من دێمە سەر ناوەڕۆكی گرنگی بابەتەكە كە دەمەوێت ئاماژە بە ئەتك كردنی شاری رانیە بدەم كە هەموو سەرەتای ساڵێكی خوێندن دووبارە دەبێتەوە:
بەڕێزان: شاری رانیە بەدەیان هەزار گرفتی پەروەردەیی هەیە، لەبواری خوێندن بە دەست سەدان قەیران تێدەپەڕێت، هەر بۆ نمونە گرفتی بینای خوێندن.. سەرەتای هەموو ساڵێكی خوێندن رانیە شەپۆلی ناڕەزایەتی خوێندكارانو مامۆستایان دەیگرێتەوە بۆ نەبونی بینای خوێندن، بڕوا بكەن دەیان بینای خوێندن لەرانیە " چوار" دەوامی تێدایە، ئەی هاوار بێننە بەرچاوی خۆتان بینایەك كە روبەرێكی دیاری كراوی هەیە، چوار دەوام، چوار ئیدارە، چوار جۆر نەوەی خوێندنی تێدا بخوێنێت؟؟ ئینجا ئەم بینایانە پڕن لە گرفتی كۆنی... بێ ئاوی... بێ تەوالێتی.... خراپی پەنجەرەو دەرگا...بێ یاریگایو سەوزایی...ساردی لەزستانو نەبونی فێنككەرەوە لە هاوین... سەرجەم بینای رانیە هی ساڵانی هەفتاو هەشتاكانن بڕوا بكەن هەندێكیان تۆزێك نۆژەن كراونەتەوە كەچی بە بینای تازەی دروست كراو بە خەڵكی رانیە دەفرۆشنەوە... بۆ نمونە بڕۆن سەیری بینای پەیمانگای هونەرە جوانەكانی رانیە بكەن ئەگەر پێكاسۆ بێتە ئەم بینایە واز لەهونەر دەهێنێت چونكە بارەگایەكی زیندانی بەعسی بوو كراوەتە بینای پەیمانگا، بڕواتان هەبێت بێ نازترین پەیمانگای هونەرە جوانەكانی دنیا ئەوەی رانیەیە.. كۆلیژەكان یان زانكۆی رانیە ئەوە چەندین ساڵە بە بەرچاوی ئەم خەڵكو حكومەتەوە لەناو خانووی ماڵاندایە، سالأ نیە هەزاران گرفتی بەشی ناوخۆیی نەیەتە رێگای ئەم كۆلیژو پەیمانگایە، بڕۆن سەیری پەیمانگای وەرزشی بكەن لەخەفەتی خراپی بیناو نەگونجانی بۆ وەرزش شێت دەبیت.. بڕۆن سەیری بینای پەیمانگای كۆمپوتەر بكەن دەڵێی مزگەوتە ئەو پەیمانگایە هێندە دوورە لە شێوازی زانستی كۆمپیوتەر كە رێك لەخەفەتان كافر دەبیت...؟ ئینجا بڕۆن سەیری بینای خوێندنگا بنەڕەتیو ناوەندیەكان بكەن بڕوا بكەن شێت دەبن لەتاوی ئەم هەموو منداڵە بەستەزمانو بێ نازانە، چونكە چوار چوارو پێنج پێنج لەسەر تەختەیەك دانیشتون لەناو بینایەكی رزیوی چەند ساڵە، ئینجا ساڵانە هەر خوێندكارو قوتابی زیاد دەكات كەچی ئەم حكومەتە لەرانیە نوقەی نایەت...
لێرەدا شتێكتان پێ دەڵێم : بڕۆن مانگی یەكەم لەلای بەرێوەبەری پەروەردەی رانیە دەوام بكەن، بزانن رۆژانە دەگرین یان نا.. بزانن ئەم بەڕێزانەی پەروەردەی رانیە لەچ وەزعێكی ناخۆش دان، هەر بەڕێوەبەرە دێت داوای بینا دەكات، بڕوا بكەن نازانن وەڵامی كێ بدەنەوە، كام مەكتەبە رازی بكەن، كە دەچیتە ناو پەروەردەی رانیە هەست دەكەی لە دۆزەخی، چونكە ئەم بەڕێزانەی ناو ئەم بەڕێوەبەراتیە كەس نیە وەڵامی ئازارەكانیان بداتەوە، هانا بۆ سلێمانی دەبەن وەڵام نیە، هانا بۆ قائممقام دەبەن وەڵام نیە، هانا بۆ مەڵبەندو حزب دەبەن وەڵام نیە، هانا بۆ خەڵكی خێرخواز دەبەن وەلام نیە، هانا بۆ دەوڵەمەندانی شار دەبەن وەڵام نیە، هانا بۆ وەزارەت دەبەن وەڵام نیە.... بینا نیە، مامۆستا زۆر كەمە، هەزاران منداڵی چاو گەشی كوڕو كچ بێ پۆلو بێ بیناو خوێندنگەن كەچی كەسێك نیە ویژدانی بجوڵێت... وەرن سەیری ئەم شارە بكەن تەماشا بكەن لەناو ئەم هەموو زەویە بەتاڵەی رانیە هەر مزگەوتە دروست دەكرێ، بست بەبستی ئەم شارە كرایە مزگەوت، زەوی بەتالەكان ئەوا بناغەیان لێداوەو پارە كۆدەكەنەوەو دەیكەنە مزگەوت، كەس نیە خەمی خوێندنو خوێندەواری بخوات... برادەرێك لەسەر قائممقامی شار شتێكی گێڕایەوە گوتی: لای قائممقام دانیشتبووم، بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە تەلەفۆنی بۆ كرد بۆ ئەوەی هاوكاری بكات لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ گرفتی بینای خوێندن لەشارەكە، كەچی هەر وەڵامی نەدایەوەو خۆی لێی دزیەوە، كەچی دوای ئەوە بەڕێوەبەری ئەوقافی رانیە هاتە لای داوای زەویەكی زۆر فراوانی ناو شاری كرد بۆ ئەوەی مزگەوتێكی گەورەی لێ دروست بكەن یەكسەر رازی بوو، تەنانەت خۆشی لێ كردە خاوەنو گوتی: بەڵێن بێت پاری چاكو كۆمەكی چاك بۆ دروست كردنی ئەم مزگەوتە كۆبكەمەوە..
بەڕێزان: بابەتی ئێمە ئامانجی ئاینو مزگەوتی پیرۆز نیە، بەلام رونكردنەوەی راستیەكە كە كوڕو كچی شاری رانیە ساڵانە ئەتك دەكرێ كەوەكو ئاژەلأ بە كۆمەلأ دەخزێنرنە ناو پۆلێكی بچوكو بێ هیچ جۆرە مەرجێكی زانستی، كەچی كەس نیە ئاوڕ لەم ئەتك كردنە بداتەوە.. بەڕێزان وەرن بەشێوەیەكی ورد گوێ لەخەمەكانی بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیەو ستافەكەی بگرن ئینجا دەزانن چ قەیرانێكی قولأ شاری رانیە خنكاندووە، وەرن گوێ لەخەمی بەڕێوەبەرەكانی خوێندنگاكانی ناحیەكان بگرن ئینجا دەزانن چۆن هەزاران گرفتی ترسناك بەرۆكی خوێندنو خوێندەواری ئەم قەزایەی گرتووە.... ئەگەر وا بڕوات چەند ساڵێكی كەمی ماوە رانیە دەبێتە كابولو دڵنیام شانەی تیرۆریستیشی لێ پەیدا دەبێت.. لەهەموی خراپتر ئاستی واز هێنان لەخوێندنو بێ بایەخ بونی خوێندن زۆر هەڵدەكشێ. شەرم بتانگرێ بەسیەتی.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە