کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پــــــــــــــــــــــرد

Sunday, 07/02/2010, 12:00


ئه‌م به‌یانییه‌ برایه‌كی به‌رێز ئێمێلێكی بۆ ناردبوم، ناوه‌رۆكی ئێمێلێكه‌ باسی هاوخوانی باش و هاوكاری باش و دۆستی باشی ده‌كرد كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ته‌كتا ده‌ژی ویژدانی زیندوو بوو، ئیمانی پته‌و بوو، ره‌وشتی به‌رزبوو هه‌ڵه‌ت بۆ ده‌گۆڕێ به‌ دروست، خراپه‌ت بۆده‌كاته‌ چاكه‌، برای زوییربووت بۆ ئاشت ده‌كاته‌وه‌، په‌یوه‌ندی پچڕاوت بۆگرێ ده‌داته‌وه‌، وبگره‌ بۆیشت پته‌و ده‌كاته‌وه‌ ، به‌ڕاستی له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ئێمێمله‌دا فه‌رمووده‌كه‌ی پێغه‌ممه‌ر- سه‌لى الله علیه وسلم م بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ده‌فه‌رموێت: هاونشینی چاك وه‌ك گوڵاوفرۆش وایه‌ ئه‌گه‌ر لای گوڵاوفرۆش دانیشتی و گوڵاوه‌كه‌شت لێ نه‌كڕی بۆنی گوڵاوه‌كه‌ دێت به‌سه‌رتا.. چه‌ند گه‌وره‌ن ئه‌وانه‌ی له‌نێوان خه‌ڵكیدا پردی لێك حاڵی بوون، و پردی په‌یوه‌ندی و پردی یه‌كتر خوێندنه‌وه‌ دروست ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ لای خوا و پاشان خه‌لكیش به‌ڕێزن، ئه‌وانه‌ كاری پیاوچاكان و بگره‌ كاری پێغه‌ممه‌ران ئه‌نجام ده‌ده‌ن، خۆزگه‌م به‌وانه‌ی كاریان پرد دروستكردنه‌ نه‌ك رووخاندن..
حه‌سه‌ن پێنجوێنی

فه‌رموون ئه‌وه‌ ئێوه‌و ئه‌وه‌ش ئێمێله‌كه‌:
پرد به‌سه‌رهاتی دووبرایه‌ كه‌یه‌كتریان زۆر خۆشده‌ویست له‌كێڵگه‌و باخه‌كانیانا پێكه‌وه‌ ده‌ژییان، پێكه‌وه‌ كشتیان ده‌كرد و پێكه‌وه‌ دره‌ویان ده‌كرد و به‌روبوومیان ده‌چنیه‌وه‌. به‌كورتی له‌هه‌موو شتێكا هاوبه‌ش و شه‌ریك بوون.
تا ئه‌ورۆژه‌ هات كه‌به‌هۆی خراپ لێكتر حاڵی بوون ناكۆكی كه‌وته‌ نێوانیانه‌وه‌، و له‌سه‌ره‌تاوه‌ ناكۆكییه‌كه‌ درزێكی پچوكی له‌نێوانیانا به‌دیهێنا، به‌ڵام به‌رۆیشتنی رۆژگار ئه‌ویش گه‌وره‌و فراوان ده‌بوو، ده‌مه‌قاڵه‌و ناكۆكی نێوانیان په‌ره‌ی ده‌سه‌ند، پاش ماوه‌یه‌ك بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌نگ له‌ یه‌كتر دابڕێنێكی سامناك باڵی به‌سه‌ریاندا كێشا..
رۆژێك كابرایه‌كی كارامه‌ی نوورانی هات بۆ لای برا گه‌وره‌كه‌ و داوای كاری لێ كرد، ئه‌ویش گوتی: كارمان هه‌یه‌، و به‌تایبه‌تی بۆ تۆیش.. برای گه‌وره‌ پێی گوت: چاوه‌كه‌م! ئه‌و كێڵگه‌و باخ و بێستانه‌ له‌وبه‌ر رووباره‌كه‌وه‌ ده‌بینی؟ گوتی: به‌ڵێ.. گوتی: ئه‌وه‌ موڵكی براكه‌مه‌، ئێمه‌ش بووه‌ته‌ ناكۆكیمان و ئازاری دڵی زۆر داوم، و خراپه‌ی زۆری له‌ته‌كا كردووم، ئێستاش ده‌مه‌وێ تۆ له‌و گابه‌رده‌ی په‌نای ئه‌و كێڵگه‌یه‌ دیوارێكی قایمم بۆ دروست بكه‌یت تا جارێكی تر سه‌ر و رووی ئه‌و برایه‌م نه‌بینمه‌وه‌.. و ده‌مه‌وێ پێی بسه‌ڵمێنم كه‌ توانای ئه‌وه‌م هه‌یه‌ تۆڵه‌ی لێ بكه‌مه‌وه‌..
كرێكاری كارامه‌ گوتی: وابزانم وه‌زعه‌كه‌ باش حاڵی بووم.. برای گه‌وره‌ هه‌موو كه‌ره‌سه‌یه‌كی پێویستی خسته‌ به‌رده‌ست كرێكاره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی زوو بۆ ته‌واو بكات، و خۆیشی رۆیشت بۆ سه‌فه‌ر..
ئه‌و هه‌فته‌یه‌ كرێكاری كارامه‌ خه‌ریكی كاری خۆی بوو، پاش هه‌فته‌ برای گه‌وره‌ هاته‌وه‌، به‌ڵام شتێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی بینی، به‌نیسبه‌ت ئه‌مه‌وه‌ موفاجه‌ئه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو!!
كرێكاری كارامه‌ له‌جیاتی دروست كردنی دیواری به‌رز و قایم، پردێكی جوانكیله‌ی له‌نێوانیانا دروست كردبوو!!
كاتێ برای بچووك له‌كێڵگه‌كه‌ی خۆی هاته‌ ده‌رو به‌ره‌و لای كێڵگه‌ی براكه‌ی كه‌وته‌ڕێ دیتی براكه‌ی ئه‌وپرده‌ جوانه‌ی له‌نێوانیانا دروست كردووه‌!! خۆی به‌خۆی ده‌گوت: به‌ڕاستی برایه‌كی جوامێرم هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو خراپه‌یه‌ی‌ مندا ئه‌و پرده‌ جوانه‌ی له‌نێوانماندا دروست كردووه‌ تا په‌یوه‌ندیمان پته‌و تر بێت !! به‌ڕاستی شیاوی ئه‌وه‌یه‌ من شانازی پێوه‌ بكه‌م. بۆیه‌ رۆیشت بۆلای براگه‌وره‌كه‌ی و مه‌عزه‌ره‌تی بۆ هێنایه‌وه‌و داوای لێبوردنی لێكرد..
كاتێ ئه‌مان خه‌ریكی ئاهه‌نگی ئاشته‌وایی بوون كرێكاری كارامه‌ی نوورانی به‌ته‌مای رۆیشتن شت و مه‌كه‌كانی خۆی پێچایه‌وه‌.. ئه‌وانیش كه‌پێیان زانی هه‌ردوو به‌یه‌ك ده‌نگ گوتیان: وه‌ستا نابێ تۆ بڕۆیت ئێمه‌ كارمان پێته‌، ولای ئێمه‌ هه‌رگیز بێكار نابیت، پێمان خۆشه‌ پیاوی وه‌ك تۆ لامان كار بكات!!
ئه‌ویش گوتی: سوپاستان ده‌كه‌م منیش پێم خۆش بوو لاتان بمێنمه‌وه‌، و كارتان له‌ته‌كا بكه‌م به‌ڵام ده‌بێ بڕۆم بۆ ئه‌وه‌ی پردی تر دروست بكه‌م..
# # #
خۆزگا ئێمه‌ش له‌ جیاتی دروستكردنی دیواری ده‌نگ له‌یه‌كتر دابڕین پردی لێك گه‌یشتنمان دروست بكردایه‌، و له‌بیاتی به‌ند و به‌ستی ناكۆكی و ئاژاوه‌ پردی برایه‌تی و ته‌باییمان دروست بكردایه‌..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە