کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ڵه‌شه‌یی و تووڕه‌بوون چ كاره‌ساتێك به‌دی دێنێ؟

Wednesday, 27/01/2010, 12:00


ئه‌م به‌یانییه‌ خوشكێكی به‌رێز ئێمێلێكی بۆ ناردبوم، ناوه‌رۆكی ئێمێلێكه‌ باسی تووڕه‌بوون و خۆشه‌ویستی بوو.. له‌راستیدا زۆركاریگه‌ری له‌هه‌ست و ده‌روونمدا هه‌بوو، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو لایه‌نی خۆشه‌ویستی و تووڕه‌یی له‌وكاره‌ ده‌روونیانه‌ن كه‌ كاركردی زۆر گه‌وره‌یان له‌ژیانی خاوه‌نه‌كه‌یان وبه‌رامبه‌ره‌كه‌شیاندا ده‌بێت به‌ ئه‌رێ یا به‌نه‌رێ.. بێگومان به‌شی زۆری - ناڵێم هه‌مووی ئه‌نجامی خۆشه‌ویستی ئه‌رێ یی و چاكه‌یه‌، و به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ كه‌ ئه‌نجامی به‌شی زۆری تووڕه‌ییش ناڵێم هه‌مووی نه‌رێ یی و‌ خراپه‌یه‌..

به‌م ئێمێله‌دا به‌سه‌رهاتێكم بییر كه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌ساڵه‌‌كانی حه‌فتادا له‌ كلیله‌و دیمنه‌دا خوۆێندبوومه‌وه‌ حه‌كیمی هیند بۆمان باس ده‌كات كه‌ پیاوێك پاش به‌سه‌ر بردنی ته‌مه‌نێكی زۆر خوا كوڕێكی پێ ده‌به‌خشێ و ئه‌م كوڕه‌شی زۆر خۆش ده‌وێت، چونكه‌ تاقانه‌یه‌و منداڵی پیرییه‌تی.. ئه‌م پیاوه‌ سمۆره‌یه‌كی هه‌یه‌، سمۆره‌كه‌شی زۆر خۆش ده‌وێت، رۆژێك كه‌ پیاوه‌ دێته‌وه‌ سمۆره‌كه‌ به‌ ده‌م و پلی خوێناوییه‌وه‌ دێت به‌ره‌و پیری.. ئه‌میش وا ده‌زانێ كه‌ سمۆره‌ كوڕه‌كه‌ی خواردووه‌، يائازاری داوه‌، بۆیه‌ وا ده‌م و پلی خوێناوی بووه‌، تا هێزی تیا ده‌بێت - به‌ كوته‌كه‌كه‌ی ده‌ستی- كوته‌كێك به‌سه‌ری سمۆره‌كه‌دا ده‌دات و ده‌یكوژێ وله‌جێی خۆیا خپی ده‌كات..

كه‌ ده‌چێته‌ ماڵه‌وه‌ سه‌یر ده‌كات مارێكی گه‌وره‌ له‌په‌نای لانكه‌ی منداڵه‌كه‌یا له‌ت و كوت كراوه‌.. ئینجا تێده‌گات كه‌ سمۆره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كاتێ هاتووه‌ به‌ره‌و پیریی ویستویه‌تی مژده‌ی بداتێ كه‌ چاكه‌یه‌كی وای له‌ته‌كا كردووه‌ و ساوا خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بۆ پاراستووه‌، و بۆ ئه‌وه‌ش شه‌ڕێكی سه‌رو مڕی له‌گه‌ڵ دۆژمنه‌كه‌یا كردووه‌.. !! ئاله‌ویادا كابرا ده‌ست به‌سه‌ر كۆنه‌ی خۆی ده‌كات و تووشی نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی ده‌بێت به‌هۆی ئه‌وتاوانه‌ی له‌ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵه‌شه‌ییه‌وه‌ ئه‌نجامی داوه‌. ئه‌گه‌ر تووڕه‌ نه‌بوایه‌و هه‌ڵه‌شه‌یی نه‌كردایه‌ پاداشتی ئه‌و چاكه‌یه‌ی به‌خراپه‌ نه‌ده‌دایه‌وه‌!!.

په‌یامی ئێمێله‌كه‌ش هه‌مان په‌یام بوو ده‌یه‌وێت نموونه‌مان بۆ بێنێته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵچوون و هه‌له‌شه‌یی چ ئه‌نجامێكی سامناكی هه‌یه‌:

كاتێ باوكه‌كه‌ چاوی لێ ده‌بێت وكوڕه‌ بچكۆله‌كه‌ی به‌ به‌ردێكی بچووك ترومبیله‌ نوێ یه‌كه‌ی ده‌ڕووشێنێت بێ ئه‌وه‌ی بییری لێ بكاته‌وه‌ یه‌كسه‌ر په‌نجه‌كانی منداڵه‌كه‌ی ده‌كوتێته‌وه‌، له‌تاو تووڕه‌یی خۆی نازانێ كه‌ به‌كلكی چه‌كوشه‌كه‌ی په‌نجه‌كانی بیراز ده‌كات، كه‌ ده‌یبه‌ن بۆ خه‌سته‌خانه‌ ده‌بینن هه‌موو په‌نجه‌كانی وردبوون، منداڵكه‌ ده‌بینێت باوكی زۆر خه‌مباره‌ بۆی، روو له‌ باوكی ده‌كات و پێی ده‌ڵێت: بابه‌گیان! كه‌ی په‌نجه‌كانم بۆ چاك دبێته‌وه‌؟

ئه‌م قسه‌یه وه‌ك بروسكه‌ له‌ مێشكی باوكی كارده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڵێت یه‌كسه‌ر ده‌ڕوات بۆ لای ترومبێله‌كه‌ی و به‌شه‌ق و به‌دار و به‌به‌رد تێی به‌رده‌بێت، و ده‌ڵێت به‌هۆی تۆوه‌ بوو من په‌نجه‌كانی كوڕه‌كه‌مم له‌ كیس چوو!! پاشان ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ له‌په‌نای ترۆمبێله‌كه‌یا داده‌نیشێ و ته‌ماشا ده‌كات ئه‌وه‌ی ئه‌م وای ده‌زانی رووشاندوویه‌تی لێی نووسیوه‌: بابه‌ تۆم خۆش ده‌وێت!!

باوك كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بینێت و ئه‌و كاره‌ دڵڕه‌قانه‌ی خۆیشی بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌ بۆ سبه‌ینێدا خۆی ده‌كوژێت!!

به‌ڵێ، ئازیزان! تووڕه‌یی و خۆشه‌ویستی سنووریان بۆ نییه‌، ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستیت بوێت ژیانت ناسك و پرله‌خۆشی ده‌بێت..

له‌بییرمان نه‌چێت: شته‌كان بۆ به‌كارهێنان دروستكراون. و خه‌ڵكیش بۆ خۆشویستن..

به‌ڵام موشكیله‌ی ئه‌مڕۆمان له‌وه‌دایه‌: ئێمه‌ كه‌سه‌كان به‌كاردێنین و شته‌كانمان خۆش ده‌وێت!!
له‌كتێبه ‌ساغ و دروسته‌كانی فه‌رمووده‌دا بۆمان باس ده‌كه‌ن كه‌ پیاوێك دێته‌ خزمه‌ت پێغه‌ممه‌ر سلى الله عليه وسلم و داوای رێنوێنی لێ ده‌كات، ئه‌ویش ده‌فه‌رموێ: تووڕه‌ مه‌به‌.(1). و چه‌ند جارێك دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر له‌وه‌ڵامیا ده‌فه‌رموێ: تووڕه‌ مه‌به‌.. واده‌ر ده‌كه‌وێت پێغه‌ممه‌ر سلى الله عليه وسلم ناسیویه‌تی كه‌ ئینسانه‌كه‌ زوو هه‌ڵده‌چێ و به‌ پچوكترین شت تووڕه‌ ده‌بێت، بۆیه‌ پێغه‌ممه‌ر سلى الله عليه وسلم ئه‌و ئامۆژگارییه‌ی كردووه‌ تا ده‌رس بێت بۆ ئه‌و و ئێمه‌ی ئوممه‌تیشی.. چونكه‌ واده‌بێ یه‌ك چركه‌ تووڕه‌یی ئه‌نجامێكی ئه‌وه‌ند خراپ داده‌نێ به‌ ده‌ساڵی هه‌وڵدان چاك ناكرێته‌وه‌..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە