کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گه‌نده‌ڵی و ده‌ستپاكی

Sunday, 15/11/2009, 12:00


له‌و هه‌موو وتارانه‌ی رۆژانه‌ به‌ ئێمێله‌كانا بۆم دێت، و ئه‌و سایتانه‌ش كه‌ لینكه‌كانیانم بۆ ده‌نێرن و سه‌ر له‌ناوه‌رۆك و پێرسته‌كانیان ده‌ده‌م هه‌ندێكیان لێ هه‌ڵده‌بژێرم بۆ ئه‌وه‌ی پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌رانی بكه‌مه‌وه‌.. ئه‌وه‌ی له‌سایته‌كاندایه‌ ‌به‌لینكه‌وه‌ دێت، وعاده‌ته‌ن ناوی نووسه‌ره‌كه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و دیاره‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ ئێمێل دێن له‌ سه‌دا نه‌وه‌دیان سه‌رچاوه‌كه‌ی و ناوی نووسه‌ره‌كه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌.. له‌راستیدا ئینسان موحرج ده‌بێت، نازانێ چی بكات؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناچارده‌بم وه‌ك خوێندنه‌وه‌یه‌ك پێشكه‌شی بكه‌م.. بابه‌تی ئه‌م هه‌فته‌یه‌شمان بریتییه‌ له‌ كورته‌ چیرۆكێكی په‌روه‌رده‌یی سه‌رنج راكێش و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێ ناویش بوو ناوم لێ نا گه‌نده‌ڵی و ده‌ست پاكی.. نووسه‌ری چیرۆكه‌كه‌ ده‌ڵێ:

له‌به‌یانی رۆژێكی به‌هاریدا تازه هه‌تاو‌‌ گه‌رم ببوو، پیاوێكی پیری به‌ساڵاچوو كه‌ خۆی خاوه‌نی ئه‌و كارگه‌كه‌‌و سه‌رۆكی جێبه‌جێكردنیشی بوو. له‌ نووسینگه‌كه‌ی خۆیا دانیشت و بڕیاری دا ده‌ست له‌ سه‌رۆكایه‌تی جێبه‌جێكردنی كومپانیاكه‌ بكێشێته‌وه‌ وئه‌م جێگایه‌ بۆ یه‌كێ له‌ولاوه‌ لێهاتوانه‌ چۆڵ بكات تا خوێنێكی تازه‌ونوێ به‌جوسته‌ی كومپانیاكه‌دا بگه‌ڕێ وچالاكی و ژیانه‌وه‌یه‌كی نوێی تێ بێته‌وه‌.

نه‌یویست ئه‌م ئه‌ركه ‌به‌یه‌كێ له‌ كوڕه‌كان یا نه‌وه‌كانی خۆی بسپێرێ، به‌ڵكو بڕیاره‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ی عاده‌ت و نه‌رێتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌بوو..

بییرێكی نوێ:
له‌ئاهه‌نگێكی شكۆداردا هه‌موو به‌رپرسه‌ جێبه‌جێكاره‌ لاوه‌كانی كۆكرده‌وه‌، وله‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا وه‌ك بۆمێك ئه‌م پێشنیازه‌ی خۆی ته‌قانده‌وه‌.. و گوتی: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئیتر خۆم ده‌ست له‌ كار بكێشمه‌وه‌ وسه‌رۆكی ئاینده‌ له‌نێو ئێوه‌ی لاودا هه‌ڵبژێرم. هه‌موو به‌جارێكا سه‌راسیمه‌بوون و چاوه‌ڕوانی بیستنی هه‌واڵی وا نه‌بوون..

به‌رده‌وام بوو له‌قسه‌كانیا وگوتی: به‌‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پێویستی به‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانی هه‌یه‌، و له‌ساڵی داهاتوودا هه‌ر له‌م هۆڵه‌ و له‌م رۆژه‌ وله‌م كاته‌دا ئه‌نجامه‌كه‌یتان لێ وه‌رده‌گرم.

تاقیكردنه‌وه‌كه‌:
تاقیكردنه‌وه‌كه‌ به‌م جۆره‌ ده‌بێت: هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێوه‌ ناوكێك له‌ناوكه‌كانی ئه‌و رووه‌كه‌ وه‌ر ده‌گرێت كه‌به‌تایبه‌ت له‌ باخچه‌كه‌ی خۆمه‌وه‌ بۆم هاتووه‌.

ئێوه‌ له‌سه‌رتانه‌ بیچێنن وله‌ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا بایه‌خی ته‌واوی پێ بده‌ن، ئه‌وه‌ی شه‌تڵێكی ته‌ندروستی وام بۆ بێنێ كه‌ له‌وانی تر باشتر بێت، ئه‌وكه‌سه‌ شیاوی ئه‌و پله‌و پایه‌ گرنگه‌ ده‌بێت..

جێم و ناوكه‌كه‌ی:
له‌ناو ئاماده‌بواندا لاوێكی تیابوو به‌ناوی (جێم) ئه‌ویش وه‌ك ئه‌وان ناوكه‌ تۆوه‌كه‌ی وه‌رگرت، و گه‌ڕایه‌ووه‌ بۆ ماڵ خۆی وچیرۆكه‌كه‌ی بۆخێزانی گێڕایه‌وه‌، خێزانیشی جێیه‌كی باشی بۆ ئاماده‌كرد و خاكێكی گونجاوی بۆ هێنا و زبڵی پێویستی تێكرد، و تۆوه‌كه‌ی چاند..

ئه‌م ژن و مێرده‌ هه‌موورۆژێ سه‌ریان له‌م كشته‌ی خۆیان ده‌دا و ئاویان ده‌داو بایه‌خیان پێ ده‌دا.. پاش سێ هه‌فته‌ هه‌موو هاوه‌ڵه‌كان باسی كشته‌كه‌ی خۆیان ده‌كرد كه‌ چۆن گه‌شه‌و نه‌شونمای كردووه‌ جگه‌ له‌ جێم ئه‌م باسی كشته‌كه‌ی خۆی نه‌ده‌كرد، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو بایه‌خ پێدان و چاودێری كردنه‌دا تۆوه‌كه‌یان سه‌وز نه‌بوو، چوار هه‌فته‌و پێنچ هه‌فته‌ تێپه‌ڕی به‌ڵام هیچ هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ر له‌لای جێمه‌وه‌ نه‌بوو..

شه‌ش مانگ به‌سه‌ر چاندنی ناوكه‌كه‌دا تێپه‌ڕی هه‌موو باسی گه‌شه‌كردن وباڵابه‌رزبوونی كشته‌كه‌ی خۆی ده‌كرد.. جێم یش بێده‌نگ بوو ..له‌وباره‌وه‌ هیچ قسه‌ی نه‌ده‌كرد..

كاتی دیاریكراو هات:
له‌كۆتاییدا كاتی دیاریكراو هات، و جێم به‌خێزانه‌كه‌ی گوت: كه‌ به‌ئینجانه‌یه‌كی خاڵییه‌وه‌ ناچێت بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڵام ژنه‌كه‌ی پێی گوت: ئێمه‌ ده‌بێ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی رووی داوه راستگۆ بین، ئێمه‌ -هه‌ردوو- لێمان روونه‌ له‌سه‌رحه‌قین و هیچ خیانه‌تێكمان نه‌كردووه‌، هه‌رچه‌ند جێمیش ئه‌مه‌ی ده‌زانی به‌ڵام له‌و چركه‌یه‌ ده‌ترسا كه‌ له‌ ژیانیا ناهه‌موارترین كات ده‌بێت و رووبه‌رووی ده‌بێته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گۆبه‌ندانه‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌كرد له‌كۆتاییدا بڕیاری دا به‌ ئینجانه‌ خاڵییه‌كه‌وه‌ بڕوات بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌یه‌..

كاتێ گه‌یشته‌ ئه‌وێ سه‌رسام بوو له‌و هه‌مو كشته‌ جوان و به‌شه‌وق و زه‌وقانه‌ی به‌ شكڵ و قه‌واره‌ی جیاوازه‌وه‌ له‌سه‌رمێزی هۆڵه‌كه‌ دانرابوون، كه‌ له‌وپه‌ڕی جوانی و دڵڕفێنیدا بوون.. ئه‌میش به‌ئه‌سپایی خۆی خزانده‌ ناویانه‌وه‌، و ئینجانه‌ خاڵییه‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ دانا و به‌پێوه‌ وه‌ستا تا سه‌رۆك و هه‌موو ئاماده‌بووان دێن و ده‌یان بینن..

هه‌ندێ له‌هاوه‌ڵه‌كان خۆیان بۆ نه‌گیراو به‌ دیمه‌نی ئینجانه‌ بۆشه‌كه‌ پێكه‌نین، و هه‌ندێكیشیان زاڵبوون به‌سه‌ر خۆیاندا و پێكه‌نینه‌كه‌ی خۆیانیان گرت.. و هه‌ندێكیش بۆ هه‌ڵوێستی هاوه‌ڵه‌كه‌یان خه‌مباری خۆی ده‌ربڕی!

پاش چاوه‌ڕوانییه‌كه‌ سه‌رۆك ده‌ركه‌وت و به‌ بزه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ ژووره‌كه‌ی خۆی هاته‌ ده‌ر و به‌ناو ئه‌و گوڵانه‌دا گه‌ڕا كه‌ نه‌شونمایان كردبوو دیمه‌نێكی جوانیان دروست كردبوو، بزه‌ له‌سه‌ر لێوه‌كانی نه‌ده‌ڕه‌وییه‌وه‌، سه‌رۆك پیرۆزبایی به‌هه‌موان گوت، له‌سه‌ر ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌ی به‌دستیان هێناوه‌!

جێمیش له‌شه‌رما له‌دوای هاوه‌ڵه‌ دڵخۆشه‌كانیه‌وه‌ له‌هۆڵه‌كه‌دا خۆی حه‌شاردابوو، سه‌رۆكیش ده‌یگوت: به‌هـ به‌هـ له‌م گوڵ و رووه‌كه‌ جوانانه‌!

ئه‌مڕۆ یه‌كێكتان رێزی ده‌گیرێ و هه‌ڵده‌بژێرێ بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به‌سه‌رۆكی داهاتووتان، ئاله‌م كاته‌دا سه‌رۆك چاوی بڕیبوه‌ جێم و ئینجانه‌ خاڵییه‌كه‌ی، فه‌رمانی به‌ خه‌زنه‌داردا جێم بانگ بكاته‌ ریزی پێشه‌وه‌..

ئاله‌م كاته‌دا جێم ترسێكی لێ نیشت و له‌دڵی خۆیدا به‌خۆی ده‌گوت: بێگومان ئه‌مڕۆ سه‌رۆك له‌كارخانه‌كه‌ به‌ته‌واوی ده‌رم ده‌كات، چونكه‌ منیش وه‌ك ئه‌و خه‌ڵكه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم!

كاتێ جێم گه‌یشته‌ پێشه‌وه‌ سه‌رۆك پرسیاری لێكرد و گوتی: به‌سه‌رهاتی ئه‌و ناوكه‌ چی بوو كه‌ من پێم دایت؟

ئه‌ویش به‌ خه‌ستی و راشكاوانه‌ باسه‌كه‌ی بۆ گێڕایه‌وه‌، له‌و چركه‌یه‌دا هه‌موو كارمه‌ندان چاوه‌ڕوان بوون ده‌بێ هه‌ڵوێستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌رامبه‌ر جێم چۆن بێت؟!

سه‌رۆك داوای له‌هه‌موان كرد هه‌مووتان بێجگه‌ له‌ جێم دابنیشن.. ئینجا رووی گوتاری تێكردن و گوتی:

هه‌موو خۆشحاڵی خۆتان به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی داهاتووتان جێم ده‌ر ببڕن و پیرۆزبایی پێ بڵێن..

له‌هۆڵه‌كه‌دا چپه‌چپ ده‌ستی پێكرد و هه‌ندێ ناره‌زایی خۆیان ده‌رده‌بڕی و چۆن شتی وا ده‌بێت؟!

سه‌رۆك هێمای بۆكردن كه‌ ئارام بن و گوێ بگرن، چونكه‌ هێشتا قسه‌كانی ته‌واو نه‌بووه‌.. كه‌ ئارام بوونه‌وه‌ رووی تێكردن و گوتی:

هه‌روه‌ك ده‌زانن ساڵی رابوردوو له‌م رۆژه‌دا كۆمه‌ڵێك ناوكی {تۆو}م بۆم هاتبوو به‌تایبه‌ت، و هه‌ریه‌كی ده‌نكێكم له‌ و تۆیانه‌ پێدان بۆ ئه‌وه‌ی بیچێنن، و پاش ساڵێكی ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌و به‌رواره‌دا بۆم بێننه‌وه‌.. ئه‌وا ئێوه‌ش به‌ سوپاسه‌وه‌ هێناوتانه‌ته‌وه‌..

به‌ڵام من پێم گوتن: ئه‌و كشت كردنه‌ بۆ تاقی كردنه‌وه‌ی مه‌یدانییه‌و له‌ مه‌یدانی كرده‌وه‌دا ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت..

هه‌موو گوتیان: به‌ڵێ.. وایه‌..

سه‌رۆك گوتی: ئه‌و ناوكانه‌ی دابووم به‌ ئێوه‌ هه‌موویان خراپ بوون و سه‌وز نه‌ ده‌بوون، و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قابیلی ئه‌وه‌ نه‌بوون كه‌ سه‌وز ببن.. ئێوه‌ش هه‌مووتان گوڵی جوان و شه‌تڵی سه‌وزتان بۆمن هێناوه‌، و تۆوه‌كه‌تان به‌تۆوێكی تر گۆڕیوه‌.. ئایا وانییه‌؟ هه‌مووبێده‌نگ بوون..

ئینجا گوتی: جێم ته‌نیا كه‌سێك بوو له‌نێوتاندا كه‌ راستگۆیانه‌ ئه‌وكاره‌ی ئه‌نجانم دا، وا به‌ ئه‌نجامی خۆیشی گه‌یشت.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵم بژارد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ گه‌وره‌ی بده‌مه ‌ده‌ست و بیكه‌م به‌سه‌رۆكی جێبه‌جێكردنی كارخانه‌كه‌م..

www.penjweny.org

# # #

با بزانین ئه‌مڕۆ چی ده‌چێنین بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ به‌رهه‌مه‌كه‌ی بخۆین، له‌ ژیانماندا چه‌ند پێشكه‌شكردنمان هه‌بێت ئه‌وه‌ند به‌روبووممان ده‌بێت. چه‌ند به‌ده‌ستپاكی و دڵسۆزییه‌وه‌ ئه‌نجامی بده‌ین جگه ‌له‌وه‌ی له‌لای خوا و ژیانی پاشه‌رۆژدا - ئه‌وه‌ند لای خه‌ڵكیش له‌م ژیانه‌دا سه‌ربه‌رز و رووسوور ده‌بین..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە