چیتر دەنگە تەزویرەكان فریاتان ناكەوێت
Tuesday, 01/02/2011, 12:00
خۆپیشاندان و راپەرینە جەماوەرییە بوێرانەكانى ئەم دواییەى تونس و میسر تەنها یەك شتمان پێدەڵێن ئەویش ئەوەیە كە زیاتر لە نیوسەدەیە بە ناوى دیمكراسى و هەڵبژاردنەوە عەلمانییە دیكتاتۆرەكان لە تەواوى وڵاتانى ڕۆژهەڵات خۆڵ دەكەنە چاوى میللەت و سال َ لە دواى ساڵ لە ڕێگەى هەڵبژاردنە پرلە تەزویر و دەنگ كڕین بە پارەى میللەتەكە خۆیەوە تەنها دكتاتۆریەتیانكردۆتە دیارى بۆ میللە تەكانیان و دەسەڵاتى خۆیان پێ قایم و دریژتر كردۆتەوە، بەڵام ئەم ڕوداوانە ئەوەمان پێدەڵێت كەلەمەودوا میللەتانى ئەم ناوچەییە بەگشتى و بەمیللەتى كوردیشەوە چتر وشیار بوونەتەوە و هەڵناخەڵەتێن، چیتر لەمەولا دەسەڵاتدارانى دكتاتۆرى لە پێستى دیمكراسیدا ناتوانن بە سیناریۆ و درۆو خۆڵكردنەچاو فریویان بدەن، چونكە ئەمجارە لە باتى ڕوكردنە سندوقەكانى دەنگدان روودەكەنە شەقامەكان، ئیتر میللەت هۆشیار بۆتەوە لەوەى هەموو جارێك ئەنجامى هەڵبژاردنەكان هەر لە سەرەتاوە دیارى بكرێت، هەموو جارێك بەیارمەتى خەڵكانێك كە بەرژەوەندى تایبەتیان هەیە لە گەڵ ئەو هیزانەى دەستیان گرتووە بەسەر هەموو كایەكانى ژیانى خەڵكدا بە پارە و دەنگى تەزویر و هیز و راگەیاندنە درۆزانەكانیانەوە بەردەوام هەوڵەكانى میللەت بۆ گۆڕینى دەسەڵات لەبارببەن و تەنها هەوڵ بدەن بۆ قایمكردنى كورسى دەسەڵات، ئەو ڕۆژگارە تێپەڕى، ئێستا خەڵكى ڕوو دەكەنە سندوقى شەقامەكان لە باتى دەنگى تەزویر پڕیدەكەن لە ناڕەزایى و رێگاى خۆپیشاندان دەگرنەبەر، جا ئەمە درەگو زوو كەتووە، لەم دۆخە نایەكسان و ناعەدالەتییەى ئیستادا خەڵكى ڕەشووروت كەزۆرینەى میللەت پێك دەهینن، سندوقى نارەزاییەكانى دڵیان پڕ بووە و لەسەرى دەڕژێت، بڕیارى گۆران دەدەن و بەشێوەیەكى ئازادانە و ئازایانە هەوڵى لە ڕیشە دەرهینانى زوڵم و ستم دەدەن، ئەم كاروانە نوێیە هەموو ئەو دەسەڵات و حكومەتانە دەگرێتەوە كە چەندین ساڵە بڕستیان لە میللەت و هاوڵاتیانیان بڕیوە و هیچ خیارێكیان بۆ نەهێشتونەتەوە، سەرەتا لە تونس-ە وە دەستى پێكردوو پاشان میسریشى گرتەوە میسریش دواین وێستگەنابێت لەبەرئەوەى ئەم شۆرشە پەیامێكى پێكى نوێیدا بەگوێى دنیادا كە چیتر لەمەودوا دەنگە تەزویرەكان هیچ سوودێك ناگەیەنێت بە دەسەڵاتداران و بنەماڵە دیكتاتۆرەكان كە بەخەیاڵى خۆیان كورو كوڕەزاكانیان ئامادەكردووە بۆ كورسییەكەى ژێریان، لەمەودوا چیتر بەناوى ئەوەى دەنگى زۆرینەى میللەتیان لەگەڵەدایە ناتوانن یاساو سیاسەت و دەسەڵات و ئابورى بۆ خۆیان و بنەماڵەكەیان قۆرخ بكەن، چیتر ناتوانن خۆیان و میللەت هەڵبخەڵەتێنن، ماوەیەك لەمەوبەر سەركردەى لایەنێكى سیاسى سەربەدەسەڵات وتى: كوردستان كوا بەدەست یەك بنەماڵەوەیە، تاكو هەرێمى كوردستان وەك وڵاتى تونس و میسر بچوێندرێت؟ ئەمە زۆر راستە كوا كوردستان یەك بنەماڵە دەستى بەسەردا گرتووە؟! بەڵكو سەروەت و سامانەكەى لە نێوان جەندیەكى دیاریكراودا دابەشكراوە، ئەم وەهمە دەردیان دەرمان ناكات و مەرگى خۆیان بەدەستى خۆیان نزیك دەكاتەوە، تەنها خۆیان بە دەنگى تەزویرو خەڵكى بەرژەوەندچى و ماستاوچییەوە فریودەدەن و لایان واییە هەموو میللەتیان لەگەڵدایە و تاسەر چاو پۆشى لە دزى و گەندەڵى و پاوانخوازییەكانیان دەكات، لە كاتێكدا هەر ئەو بەرژەوەند چیانە لە كاتی لێقەومانیاندا لە پێش خەڵكە نارازییەكەوە دروشمى بڕوخێ دەڵێنەوە، لەوكاتەشدا دەنگە تەزویرەكانیش نایەن بە هانایانەوە، پەند وەرگرتن لەم دوو حكومەتە دیكتاتۆرەى كە بەناوى دیموكراسى و هەڵبژاردنەوە قەسەیان دەكردوو دەیان وت هەموو میللەت لە گەڵ ئێمەیە، لەهەموو هەڵبژاردنەكاندا هیچ مونافسیكیان نەبوو لە دەنگ زۆرهێناندا شانبات لەشانیان، بەڵام كاتێك میللەت هاتە سەرشەقام دەنگە تەزویرەكانیان ئاشكرابوو، سیحرەكەیان بەتاڵ بوووەوە، كەسێكمان نەبینى بێتە سەر شەقامەكان و پشتگیرى لەو دەسەڵاتە بكات لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنەكاندا لەسەدا نەوەت بەرەو ژورى دەنگەكانى بەدەست دەهینا ئەمە ئابروو بردنى دیمراسییەت نەبێت چیترى پێدەوترێت، بەدرێژاى مێژوو هەر ئەم وەهمە وایكردووە كە دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكان پێیان وابێت غەیرى خۆیان كەسیتر مافى ژیانى نیی نییە و دەبێت هەموو بڕیارى سیاسى و ئابورى و ژیانى خەڵكى لە دەستى ئەواندابێت، خەڵكیش بۆینەبێت رۆژێ لە ڕۆژان باسى گەندەڵى و مافەكانى خۆى بكات، چونكە ئەوان زۆرینەى دەنگى تەزویریان بەدەست هیناوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست