دەیان پارچە زەوى لەگەڕەكى شەهیدان دابەشنەكراون رایەڵ دۆسیەى زەویە دابەشنەكراوەكانى گەڕەكى شەهیدان هەڵدەداتەوە
Saturday, 20/10/2012, 12:00
گومان دەكرێت لە گەڕەكى شەهیدانى قەزاى كەلار بەدەیان پارچە زەوى هێڵدرابێتەوە و كاتى خۆى دابەش نەكرابێت، ئەمەش ئەو گومانەى دروستكردووە ئەو زەوییانە بۆ ئەوە هێڵدرابێتەوە تا ئاودیو بكرێت.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ ئەو زەویانەى دابەش نەكراون و هێڵدراونەتەوە زەوى روكنن و دەكەونە جێگەى ستراتیژیەوە و نرخى هەریەكەیان بە پارەیەكى ئێجگار زۆر دەخەمڵێندرێت.
سەرچاوەیەكى ئاگادار كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە بە رایەڵ ى راگەیاند"گومان دەكرێت دەیان پارچە زەوى لە گەڕەكى شەهیدان كاتى خۆى دابەش نەكرابێت".
سەرچاوەكە وتى"دابەش نەكردنى ئەو زەوییانە جێى گومانە بەتایبەت زەویە دابەش نەكراوەكان دەكەونە شوێنى چاك و ستراتیژیەوە و پارەى زۆر دەكەن".
لەماوەى ساڵى رابردوودا شارەوانى كەلار ژمارەیەك زەوى لەگەڕەكى شەهیدان بە زیادكردنى ئاشكرا فرۆشت بەدەیان دەفتەر دۆلار، كە زەوییە فرۆشراوەكان لەو زەویانە بوون كە كاتى خۆى هێڵدراونەتەوە.
دواى فرۆشتنى ئەو زەویانە بە زیادكردنى ئاشكرا لەلایەن شارەوانیەوە گومانى زیاتر دروستبووە لەسەر بوونى چەندین پارچە زەوى گرانبەهاى تر لە گەڕەكى شەهیدان
كە دابەشنەكراون.
ئەندامێكى رێكخراوە مەدەنیەكانى گەرمیان، ئاماژەبەوەدەكات بەدەیان پارچە زەوى لەگەڕەكى شەهیدان ماون و دابەشنەكراون ئەمەش گومانى ئەوەى لاى خەڵك دروستكردووە ئەو زەوییانە هێڵدراونەتەوە تا بفرۆشرێن یان دانرابن تا بەفەرمانى تایبەت بدرێنە خەڵكى بەرپرس.
عەدنان قوربانى وتى"ئەو زەوییانەى هێڵدراونەتەوە رەنگە بەرپرس بچێت فەرمانى تایبەت بهێنێت و بەنایاسایى بۆ خۆى بیانبات چونكە بەرپرسان تێر لە هیچ ناخۆن".
هەروەها وتیشى"ئەو زەوییانە موڵكى خەڵكى ڕەش و ڕووتن نەك بەرپرس".
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، ژمارەیەك بەرپرس و رۆژنامەنوس كاتى خۆى زەویان وەرگرتووە كە زەویەكانیان لەشوێنى خراپ بووە و پارەیان كەمكردووە.
دواتر ئەو بەرپرس و رۆژنامەنووسانە لەرێگەى بەرپرسانى پەیوەندیدارەوە زەویە خراپەكانیان رادەستى حكومەت كردووەتەوە و زەوى باشتریان لەشەهیدان پێدراوە كەناوەكانیان لاى گۆڤارى رایەڵە.
جگە لەوەش هەندێكجار ئاشكرابوونى ئەو زەوییە هێڵدراوانە كێشەى لێكەوتووەتەوە، بەتایبەت دوو ساڵ لەمەوبەر ژنە كارگێڕ لقێكى پارتى هەوڵیدا یەكێك لەو زەویانە بۆ خۆى ببات، بەڵام شارەوانى رێگەى نەداو دواتر زەویەكە بەزیادكردنى ئاشكرا بەنزیكەى سى دەفتەر دۆلار فرۆشرا.
ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر زەویەكى تر هەبووە لە گەڕەكى شەهیدان لەتەنیشت ماڵى حەمە سەنگەرى لەكۆڵانى بەرانبەر حەمامەكە، كە جەلال عەبدوڵا ویستوویەتى زەویەكە بداتە كەسێكى تر بەڵام ماڵى حەمە سەنگەرى بەمەسەلەكەیان زانیووە.
دواتر گرفت لەنێوان جەلال عەبدوڵا و كوڕەكانى حەمە سەنگەریدا دروستبووە لەسەر پارچە زەویەكە چونكە ئەوان وتوویانە ئەو زەویە بێخاوەنە و نابێت ئێوە بیبەن، بۆیە ئەوان لایەنە پەیوەندیدارەكانیان لەمەسەلەكە ئاگادار كردووەتەوە.
لەكاتى گرفتى نێوان ئەو دوو لایەنە و ئاشكرابوونى مەسەلەكەدا دەركەوتووە زەویەكە زەوى پێشمەرگەیەكى دێرینى دەست نەڕۆ بووە كە لەكفرى نیشتەجێ بووە و كاتى خۆى زەویەكەى ونكردووە.
كێشەكە بۆ پێشمەرگە كۆنە دەستنەڕۆكە بووەتە خەیر و زەوییەكەى دۆزیوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر هەندێك لەبەرپرسان و لەكاتى هەڵبژاردنەكاندا بێ ئاگادارى شارەوانى ژمارەیەك زەوییان داوەتە دەنگدەر ، بەڵام دواتر دەركەوتووە ژمارەكان ڕاست نەبوون و تەنها بۆ ڕاكێشانى دەنگەكان بووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست