کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەشداریی سیاسی،هەنگاوێك بەرەو دیموكراسییەتی راستەوخۆ سەرنجێكی گشتی لەسەر چەمكی بەشداریی سیاسی

Friday, 08/05/2009, 12:00


یەكێك لەدەرهاویشتەكانی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن پارتیو یەكێتییەوە، خاوبوونەوەى پەیوەندى نێوان هاوڵاتیانو سیاسەتە، ئەو بۆشاییەى لەنێوان دەسەڵاتو كۆمەڵدا دروست بوە، كارىكردوەتە سەر بایەخدانی خەڵكی بەسیاسەتو كارى سیاسی، خەمساردی كردوون بەرامبەر بە پرسە سیاسییە هەستیارو چارەنووسسازەكانی كۆمەڵگە. بەمەش بەشدارى هاوڵاتییان لەدروستكردنی بڕیارى سیاسیدا خەریكە دەچێتەوە خاڵی سفر. نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی چالاكو جدىو قبولأ نەكردنی راى جیاوازو جیاوازیى لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە، تا ئەندازەى پەیڕەوكردنی سیاسەتی ملهوڕانە لەبەرامبەر نەیارەكانیاندا، هەموو ئەمانە بازنەى بەشدارى تەنگتر دەكەنەوە. ئەمەش تێزى پەراوێزخستنە. پەراوێز خستن واتە بوارنەدان بەبەشێك لە هاوڵاتیان یان گروپو كەمینەكان لە مومارەسەكردنی مافە مەدەنیو سیاسییەكانیان، یاخود دروستكردنی بیانووى ئابوورى، سیاسی، یاسایی بۆكۆسپ خستنە بەردەم بەشداریكردنی تاك یا گروپەكان لە كاروبارەكانی سیاسی، ئابوورىو كۆمەڵایەتیی وڵاتدا، ئەمەش شێوەیەكە لە شێوەكانی جیاكارى (نمونەى ئەمەش دوورخستنەوەى ژنان، رەش پێستەكانو كەمینە ئایینیو ئەتنییەكانە لە كارى سیاسیو هەندێكجار لە مافی دەنگدانیش). بەم مانایە بەشدارى سیاسیو پەراوێزخستن دوو چەمكن دژە واتاى یەكترنو بەگەورە بوونی رووبەرى یەكێكیان، رووبەرى ئەوى تریان بچووك دەبێتەوە. بۆیە تا دەنگو رەنگەكان، پارتو جولانەوە سیاسییەكان زیاتر بن، مینبەرەكان فرەتر بن، بەشدارى تاكو گروپەكانیش چالاكانەتروكاریگەرتر دەبێتو پەراوێزخستنیش كەمتر دەبێت. هەتا كۆمەڵگەش لە پلوراڵیزم دووركەوێتەوەو بەرەو یەك دەنگی بڕوات، بەشدارییش كەمترو بێ كاریگەرتر، پەراوێزخستنو جیاكاریی زیاترو فراوانتر دەبێت. ئەمەش هەم تایبەتمەندییەكی رژێمە زۆردارو ستەمكارەكانەو هەم دیاردەیەكیشە كە هەندێك لەبیرمەندانی رۆژئاواییو ئەمریكایی نزیك لەناوەندى بڕیارەوە بەپاشەكشەى دیموكراسی ناوى دەبەنو پێیان وایە بەردەوام بوونی ئاراستەى ئەم تەوژمە دەسەڵات بەرەو چەقبەستن، دیكتاتۆرییو ستەمكارى دەبات. بەڵگەشیان ئەوەیە كە ئەم كۆمەڵگایانە تەنها جارێك یا دووجار هەڵبژاردنیان بەخۆوە دیوەو دواتر فەرمانڕەواكان كورسی دەسەڵاتو سەرچاوەكانی سامانیان قۆرخ كردووە. رژێمە سیاسیەكانی ئەوروپاى رۆژهەڵاتو پاشماوەى یەكێتی سۆڤییەت، هەندێك رژێمی سیاسی ئاسیاو ئەفریقیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نمونەى ئەم جۆرە دەسەڵاتانەن كە دەسەڵاتی كوردییش بەشێكە لێیان. ئەم رژێمانە زۆربەیان زادەى گۆڕانكارییەكانی دنیاى دواى شەڕى ساردن، هەندێكیشیان دەرەنجامو دروست بووى دواى شەڕى ناوخۆى وڵاتەكانیاننو كەمێكیشیان رژێمە سیاسییە پیرو كەنەفتەكانن كە لە رواڵەتدا خۆیان گۆڕیوە.
ئەم دەسەڵاتانە بەهۆى نەخەمڵینی بنەماكانی كۆمەڵی مەدەنی، چەمكی هاوڵاتیبوون سوودیان لە مومارەسەى هەڵبژاردنو دیموكراسی بینیووە بۆ چوونە دەسەڵاتو رەوایی بەخشین بەدەسەڵاتەكانیان، واتە بەدەستهێنانی رەزامەندى زۆرینەى گەل، كە لەسیستمە ستەمكارو توتالیتارییەكاندا بەراپەرینی كۆمەڵانی خەڵكو لەدنیاى دیموكراسیشدا بەدەنگدانو هەڵبژاردن بەدەست دێت. بە دەربڕینێكی تر دەسەڵاتی كوردیو ئەم جۆرە دەسەڵاتانە بەشدارى سیاسییان بەپێی لێكدانەوەو بەرژەوەندییەكانیان كورتكردووەتەوە بۆ مومارەسەكردنی دەنگدان. بەمەش بوونەتە كۆسپێكی گەورەى بەردەم گۆڕانی دەسەڵاتو مومارەسەكردنی ئاڵوگۆڕى دەسەڵات . هەموو لە بیرمانە كە چۆن لەسەرەتاى راپەڕیندا یەكێتیو پارتی، فرەییو پلوراڵیزمیان كرد بووە وێردى سەر زمانیانو بگرە كردبوویانە شوناسی دیموكراسیەتی پەرلەمانیو چەپو كۆمۆنیستەكانیشیان بە نەیارى فرەیی تۆمەتبار دەكرد. بۆ ئەمەش یەكێتی سۆڤیەتو وڵاتانی بەناو سۆسیالیستییان بەنمونە دەهێنایەوە، بەڵام ئەمڕۆ خۆیان بە قۆرخ كردنی دەسەڵات، شوێن ئەو نمونەیە كەوتوونو بەشێوە هەرە خراپەكەشى، چونكە وەك دەیانووت لەوێ نان هەیەو دیموكراسیەت نییە، بەڵام لێرە نەنان هەیەو نە دیموكراسیەت.
ئەگەرچی دیموكراسی لە ئەوروپاى رۆژئاوادا لەچاو ئەم سیستمانەدا چەندین هەنگاو لەپێشەوەن. بەڵام بەشدارى سیاسیی بەمانا فراوانو قووڵەكەى لەوێش هێشتا ناتەواوە. راستە كۆمەڵی مەدەنیو گروپەكانی فشار، بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانو میدیاكان هەنو كاریگەیییان هەیە، بەڵام هەندێك سنوور هەن كەناتوانن بیانبەزێنن بۆنمونە لەبەرئەوەى ئاڵوگۆڕى دەسەڵاتی سیاسی لە هەریەكە لە بەریتانیاو ئەمریكا لەنێوان دوو حزبدا دەخولێتەوە، دەنگدەران سەرپشك نین لە هەڵبژاردنداو ئیختیاریان لەنێوان دوو لایەندا دیاریكراوە، بۆیە رێژەى بەشداریكردن كەم دەبێت. لەڕاستیدا مرۆڤی تاك رەهەند بەرهەمی سیستمی سیاسی، ئابوورىو كۆمەڵایەتی رۆژئاوایە كە دیموكراسیەتی پەرلەمانی نمونەكەیەتی.
لەروانگەى زانستی سیاسییەوە، بەشداریی ماناى وایە هەموو تاكێكی پێگەیشتووو خاوەن هۆش لەكۆمەڵگادا مافی دیموكراسیو دەستوورییان هەبێت بۆ بەشدارى كردنی رێكو پێك لە داڕشتنو دروستكردنی ئەو بڕیارە سیاسییانەى كەپەیوەندی بە ژیانییانەوە هەیە. هەڵبەتە دەستووریى بوونی ئەو مافە ماناى وانیە هەر لەدەستووردا باس كرابێت. بەڵكو خاڵی سەرەكی ئەوەیە كە لە ژیانی واقیعیدا بەكردەوە بەرجەستە بووبێت. چونكە بەشداریی سیاسی چالاكیو مافێكی كردارییەكە دوور لە فشار، زۆربۆهێنان، ناچاركردنو لە گیانی هەست بە بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەرپرسیار بوون بەرامبەر بە ئامانجە گشتییەكانو چاكەى گشتیی كۆمەڵگا. لەدۆخێكی وادا بەشداریی ماناو بایەخی هەیە، هاوڵاتی هەست بە بوونو پێگەى خۆىو قورساییو كاریگەریی "را"كانی لەكۆمەڵدا دەكات. دەنگدانو هەڵبژاردن لەخاڵە هەرە سەرەكیو سەرەتاییەكانی بەشداریی سیاسین. بەڵام ئەم مومارەسەكردنەش پێوێستی بە هوشیارىو ئاگایی هاوڵاتییانە، گرنگ ئەوەنییە خەڵكی هەر بچن بۆ دەنگدانو تەواو، بەڵكو گرنگ چییەتی(ماهیە)و ناوەڕۆكی بەشداریكردنەكەیە. واتە هاوڵاتی لە هەڵوێستی سەبارەت بە دەنگدان(كاتێك دەچێت بۆ دەنگدان یاخود كە بایكۆتی دەكات) خۆى لەبەردەم دوو پرسیارى بنەڕەتیدا دابنێت:
یەكەم: گرنگی بەشداریكردنم لەدەنگداندا چییەو چ ئەركو بەرپرسیارییەتیەك لەسەر شانم جێبەجێدەكەم؟ پاشان لەنێوان چەند پرۆژەى جیاوازدا سەرپشك كراوم كە یەكێكیان هەڵبژێرم؟
دووم: ئەگەر بەشدارى كارى سیاسیی ناكەم، هۆكارى بەشدارینەكردنم چییە؟ ئایا بە بەشدارینەكردنم هیچ قسەیەكی دیاریكراوم پێیە بۆ سیستمەكە یا هەروا هاكەزاییو لەهەڵچونێكەوە بڕیارى بەشدارینەكردنم داوە؟ ئەگەر بۆچوونێكیشم هەیە چۆنو بەچ رێگایەك دەریبڕم؟
كەوایە بەشداریكردن لەسیاسەتدا كردەیەكی فرە رەهەندە نەك تاك رەهەند. هەر ئەم فرە رەهەندییە یە هاندەرە بۆ فراوانكردنەوەى بەشداریكردن لە كایەى سیاسەتدا لەرێگەى كارى گروپیو حزبییەوە. نەك هەر ئەمە بەڵكو فراوان كردنەوەى بەشداریی سیاسی پێشمەرجێكی بەدیهاتنی دیموكراسییەتی راسەتوخۆیەو بگرە ئەم جۆرە لەدیموكراسییەت تاكە گرەنتییەكە بۆ بەشدارییو دەستێوەردانی راستەقینەو فراوانی خەڵكی لەكاروبارى فەرمانڕەوایەتی وڵاتو رێكخستنی سیاسیو ئابوورىو كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگاو باشكردنی خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكان. لێرەوە هاوڵاتی لەجیاتی ئەوەى لەبەرامبەر سیاسەتدا نامۆو دۆش داماو بێت، سیاسەت بەیەكێك لەئامڕازەكانی گۆڕٍان لە پێناو چاكەى گشتیدا سەیردەكات.
لە دیموكراسییەتی یۆنانییە كۆنەكاندا كەس نوێنەراییەتی كەسی نەدەكرد بەڵكو بەهەڵبژاردنی راستەوخۆ دەچوونە ئەنجومەكانی فەرمانڕەوایەتییەوە. دەوترێت كە ئەو دیموكراسییە راستەخۆیەى لەو سەردەمەدا پەیڕەوكراوە یا لەهەندێك هەرێمو ویلایەتی سویسراو وڵاتەیەكگرتووەكاندا ئەمڕۆ پەیڕەوى لێدەكرێت، لەگەلأ كۆمەڵگاى هاوچەرخدا نایەتەوە، كە ئاڵۆزىو رێژەى زۆرى دانیشتوان سیماكانی ئەم كۆمەڵگایانە پێك دەهێنن. ئەمە بێ مانایەو ئامانج لێی هێشتنەوەى بوارو كایە گرنگەكانی ژیانی سیاسیو ئابوورىو كۆمەڵایەتییە بە دوور لەدەستێوەردانی هاوڵاتیان. چونكە كۆمەڵگاى ئەمڕۆ بەو تەكنەلۆجیاو پێشكەوتنە بەرچاوەى لەبوارى پەیوەندییەكانو گۆڕینەوەى زانیارییدا پێگەیشتووە، كارئاسانییەكی زۆر دەكات بۆ فراوان كردنەوەى بەشداریكردن، بەرنامەى (ئەلۆ پریزیدینت)ى سەرۆكی ڤەنزەویلا "هۆغۆ شاڤێز" كە هەفتانە لەرێگەى تەلەڤزیۆنەوە چەند كاتژمێرێك لەگەلأ هاوڵاتیاندا راستەوخۆ قسەوباس دەكاتو گوێیان لێدەگرێت، داهێنانێكی قەشەنگی مرۆڤە بۆ سوود وەرگرتن لە تەكنەلۆجیاو بەكارهێنانی لەپێناو بەشدارىكردنی خەڵكی لەپرسە جۆراوجۆرەكاندا. واتە مرۆڤ ئەگەر دەرفەتەكانی بەشداریكردنی بۆ بڕەخسێت كارى داهێنەرانە لەم بوارەدا ئەنجام دەدات.
ئەگەر تاك بناغەی كۆمەڵگاى سروشتی بێت، ئەوا هاوڵاتی (نێرومێ) بناغەى سیاسی كۆمەڵی مەدەنییە. هاوڵاتیبوون ماناى دابڕانە لە پەیوەندییەكانی خوێن، خێلأ، بنەماڵەو پەیوەندییە سروشتییەكانی بەر لەكۆمەڵی مەدەنی. لێرەوە سەلماندنو چەسپاندنی مافی هاوڵاتیبوون دەبێتە خاڵی دەسپێك یا ئاخێزگەیەك(نقگە انگلاق) بۆ بەشداریی سیاسی. بۆیە بەشدارى سیاسیی مەرجدارە بە گواستنەوە لە كۆمەڵگاى سروشتیەوە بۆ كۆمەڵی مەدەنی كە تیایدا هاوڵاتی بە ئەركو مافەكانی ئاشناو هوشیار بێتو لەسەر بنەماى بەرژەوەندى ئابوورى یا خۆبەخشانە لەنێو گروپ رێكخراوەكانو پارتەكاندا خۆى رێكخستبێت. ئینتیماى خێڵەكیو پەیوەندى سروشتیی كۆمەڵایەتی جێی خۆیان بۆ ئینتیماى چینایەتی، سەندیكایی، رێكخراوەیی جۆراوجۆر چۆلأ كردبێت. لەم كاتەدا ئیتر نە دەسەڵاتو سەركردە سیاسییەكانی وڵاتو نە پێكهاتە نامەدەنیەكانیش ناتوانن هاوڵاتی وەك رەعیەت، مرۆڤى بێ ئیرادەو مل كەچ سەیربكەن. لێرەدا پێویستە بەشدارى سیاسی وەك مافێكی ئازادانەى هاوڵاتی لەگەلأ بەشداریپێكردنی زۆرەملێی هاوڵاتیان لە سیستمە سیاسییە زۆردارو دیكتاتۆرییەكاندا تێكەلأ نەكەین كە هاوڵاتیانوگروپەكان پەراوێزخراون، فەرمانڕەواكان تەنها بۆ رەوایی بەخشین بە دەسەڵاتەكانیان لە شانۆگەرى راپرسیی تازەكردنەوەى وەلائو بەیعەتو سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەیاندا هاوڵاتیان بەشداری پێدەكەن. گرنگی بەشداریی سیاسی لە بەخشینی رەوایی بەدەسەڵات ئا لێرەدا دەردەكەوێت كە هەموو رژێمێكی سیاسی هەرچەندە دیكتاتۆرو سەركوتگەریش بێت بۆ بەخشینی رەوایی بەدەسەڵاتەكەى ناچارە پەنا بباتە بەرنمایشی بەشداریی سیاسی هاوڵاتیان .
حزبو بەشدارى سیاسیی
یەكەمین هەنگاوەكانی بەشدارى سیاسی تاك، چالاكییە لە نێو پارتو رێكخراوەكاندا. كۆمەڵێك كەس كە لەرووى عەقیدەیی، ئایدۆلۆجیو سیاسییەوە یا بەهۆى بەرژەوەندى ئابوورى كۆمەڵایەتی هاوبەشەوە، پارتو رێكخراوى سیاسی پێك دەهێنن، مەبەستیانە بگەنە كورسی دەسەڵاتو بەشداربن لەدروستكردنی بڕیاردا. بەڵام بێگومان دەبێت پێشتر لەناو حزبدا مەسەلەى ناوەندى بڕیارى سیاسیی حزبییان یەكلاكردبێتەوەو ئالیەتەكانی بەشدارى سیاسیشیان بۆ پەسەند كردنی بڕیارەكانی حزب تاوتوێ كردبێت. بۆ بزووتنەوەیەكی سیاسی كە بیەوێت پەیڕەوى لەبەشدارى هەمەلایەنەى هاوڵاتیان لەكۆمەڵگادا بكاتو بانگەشەى دیموكراسییەتی راستەوخۆ بكات. پێویستە لەپێش هەموو هێزو پارتە سیاسییەكانەوە بێت بۆ نیشاندانی ئاڵوگۆڕى رادیكال لەئالیەتەكانی بەشداریی سیاسی لەناوخۆى حزبدا.گرنگترینو سەرەكیترین گۆڕانكارى لە عەقڵیەتی سیاسیدا ئەوەیە كە تێزى سەركردایەتی ژیرو حەكیم توڕ هەڵبدرێت. ئەم تێزە كە زۆر بەتوندى لەعەقڵیەتی سیاسی حزبەكانی كوردستاندا پەیڕەوى لێدەكرێت ریشەكەى لە عەقڵیەتی دیوەخانییەوە سەرچاوەى گرتوە، كە حزب وەك دیوەخانێكو سەركردایەتییەكەشی وەك كۆمەڵێك كەسانی ریش سپی سەیردەكات، كە گەنجەكانو كەسانی خوارەوەى دیوەخانەكە دەبێت خزمەتی ئەوان بكەن، ملكەچیان بن، بێ دەنگو بێ رەنگ بن لەبەرامبەریاندا.ئەم بۆچوونەش سەركردایەتی دەكاتە سەنتەرو هەموو پێكهاتەكانی دیكەى حزب پەراوێز دەخات.
پێویستە ئەو مەنتیقە بۆكارى حزبیو سیاسی تەواو هەڵبگێڕدرێتەوە كەسەركردایەتی حزب دەكاتە هەموو شتێكو رێكخستنەكانیش دەكاتە هیچ، كە سەركەوتنو پێشكەوتنو پێشڕەوییەكانی حزب دەگێڕێتەوە بۆ حیكمەتی سەركردایەتیو سەركردەكان، ئۆباڵی شكستەكانیش دەخاتە ئەستۆى قاعیدەوە. لەڕاستیدا هەڵەو شكستەكانی حزب بەتەنها سەركردایەتی لێیان بەرپرسیارە، چونكە ئەوان بڕیاریان لەسەر ئەوهەنگاو سیاسەتانە داوە كە گەیاندوونی بەو دۆخە نەخوازراوە. لەبەرامبەردا ئەوە رێكخستنەكانن كە سەركەوتووانە لەنێو جەرگەى رووداوەكانو ئیجراكردنەوەى سیاسەتەكان لەكۆمەڵدا چالاكی دەنوێنن. هەڵبەتە ئەمە نەفی رۆڵی ناوەند ناكاتەوە بەڵكو تەنها سەركردایەتی دەكاتە توخمێكی ئاسایی نێو ژیانی حزبی، نەك كۆمەڵێك سوپەرمان یا ئەنجومەنی حەكیمەكان. لێرەوە پێگەیاندنی كەسانی ئازادو سەربەخۆو متمانە بەخۆ دەستپێدەكاتو دەپەڕێتەوە ناو كۆمەڵگا. بەشداریكردن لەدەنگدانو خۆ پاڵاوتن ئاوا كاریگەر دەبێتو بایەخو ماناى دەبێت، بەدەر لەمە دەنگدانی كەسانێكی بێ ئیرادەو پەراوێزكراو بەكەسانێك كە سەربەخۆنین لەبڕیارو دەست بەرزكردنەوەیانداو چاویان لەئاماژەو ئیعازاتی سەركردەى حزبو مەكتەبی سیاسییە، دەنگدانێكە هیچ بایەخێكی نییەو بەشدارى كردنو نەكردن تیایدا وەكو یەكە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە