شێرکۆ بێکه‌س: یه‌که‌م دوکانداری ڕۆشنبیر!
Sunday, 04/07/2010, 12:00
ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ر شێرکۆ بێکه‌س ده‌گوترێن و ده‌نووسرێن بۆ خه‌ڵکی کوردستان تازه نین، به‌ڵام خه‌ڵک پێی خۆشه ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یزانێ بگاته مێدیا و بۆ مێژوو ببێته فاکت و سه‌نه‌د. ئه‌گه‌ر نا، کێ بێ نه‌زانێ شێرکۆ بێکه‌س یه‌که‌م نووسه‌ر بوو دوکانی ڕۆشنبیریی بۆ حیزبێکی براکوژ کرده‌وه و بۆ قه‌ڵه‌مه خوێڕیله‌کانی ده‌ربار بووه سه‌رمه‌شق؟
کێ بێ نه‌زانێ یه‌که‌م ده‌نگی نه‌شازی نووسه‌ران له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 1992 ده‌نگی شێرکۆ بوو، که ده‌ینه‌ڕاند " ده‌نگ بده‌ن به سه‌وز، ده‌نگ بده‌ن به ڕه‌نگی سه‌یدان!"؟ له‌بیرتانه؟ ئیتر زۆری نه‌برد سه‌یده "سه‌وز"ه‌کانی شێرکۆ له‌گه‌ڵ حاجیه "زه‌رد"ه‌کانی مه‌سعودی تیرۆریست و تاڵانچی که‌وتنه کاولکردنی کوردستان و له شه‌ڕێکی خۆتڕێندا هه‌زاران ڕۆڵه‌ی هه‌ژاری کوردستانیان به کوشت دا.
کێ بێ نه‌زانێ له ڕۆژانی شاخه‌وه، شێرکۆ شاعیری براکوژی بووه، هه‌میشه لایه‌کی گرتووه و لاکانی تری به موسته‌هه‌قی کوشتن زانیوه؟
کێ بێ نه‌زانێ، شێرکۆ بیست ساڵه به‌رتیل له فشه‌حوکومه‌ت و مامه دزه‌که‌ی خۆی وه‌رده‌گرێ، پاشان به‌شیکی ده‌کاته‌وه به‌رتیل بۆ کڕینی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی بۆ خۆی و مامه جێی مه‌ترسین؟
کێ بێ نه‌زانێ شێرکۆ، بۆ خه‌ساندن، ده‌یان شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و ڕوناکبیری برده ژوانی مامه ساخته‌چییه‌که‌ی خۆی بۆ قه‌ڵاچواڵان و دوکان و ژوانگه زۆر و زه‌وه‌ده‌کانی تر؟
له مانه‌ش گرنگتر، که تا ئێستا که‌س ئاماژه‌ی پێ نه‌کردووه، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه:
شێرکۆ بێکه‌س به‌و هاوپه‌یمانییه‌ی 30 ساڵ زیاتره له‌گه‌ڵ شه‌یتاندا به‌ستوویه‌تی خه‌ڵکی کوردستانی له ده‌یان به‌هره‌ی ڕاسته‌قینه بێبه‌ش کردووه. ده‌یان ساڵه جه‌لالییه‌کان شێرکۆ وه‌ک تاکه شاعیری گه‌وره‌ی کورد، نه‌ک وه‌ک شایه‌ری یه‌کێتی، به دنیا ده‌ناسێنن. مێدیا ده‌مهه‌راشه‌کانی جه‌لالییه‌کان ئه‌وه‌نده‌یان به شێرکۆدا هه‌ڵگوتوه، خه‌ریکه گه‌وره‌ییه‌که‌ی ده‌که‌ن به ڕاستی! بیست ساڵ زیاتره له ناوچه‌ی بنده‌ستی جه‌لالییه‌کان، له‌به‌ر شێرکۆ ناوی شاعیره خۆشه‌ویسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان قه‌ده‌غه‌یه. قه‌ده‌غه‌ی ته‌واو. خوا یه‌که و نابێ به دوو، مامه تاکه و نابێ به دوو، هه‌رواش شاعیری گه‌وره یه‌که و نابێ به دوو، ئه‌ویش شێرکۆیه!
ته‌ماشای هاموو ژماره‌کانی "سه‌رده‌می عه‌ره‌بی" بکه‌ن، که به زمانی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چێ، بزانن قه‌ت لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی جیددی له سه‌ر هیچ شاعیرێکی کورد کراوه جگه له شێرکۆ؟. ئه‌و گۆڤاره ژماره‌ی وای تیایه لێکۆڵینه‌وه‌کان گشتیان له‌سه‌ر شێرکۆی خاوه‌ن سه‌رده‌مه! نووسه‌ره‌کانیش، به‌تایبه‌تی عه‌ره‌به‌کان، ئه‌وانه‌ن که ناویان له لیسته‌که‌ی کاک شوان ئه‌حمه‌دا هاتووه! واتا شاعیری گه‌وره ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم به‌رتیلی داوه به هه‌مووان، ئه‌وا داویه به زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ریان نووسیوه! واتا به‌رتیلی داوه به‌وانه‌ی مه‌تحی ده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له زمانیان ترساوه، وه‌ک تاقمه مافیایه‌که‌ی به‌ختیارعه‌لی، به‌رتیلی داونێ به کڕینی بلێتی هاتووچۆ و وه‌رگرتنی زه‌وی و بڕینه‌وه‌ی مووچه‌ی مفت بۆیان. نه‌ک هه‌ر ئه‌و تاقمه، بگره ده‌وڵه‌مه‌ندێکی تێرنه‌خۆره‌ی وه‌ک عیززه‌دین ره‌سووڵ، له ژماره 12 ی"سه‌رده‌می عه‌ره‌بی"دا ، له شاعیرانی دوای گۆران هه‌ر شێرکۆ بێکه‌سی حیزبه‌که‌ی خۆی به عه‌ره‌ب ده‌ناسێنێ. چما ئه‌و شینه دکتۆره پرۆفیسۆره ته‌نانه‌ت به حه‌رفێکێش باسی یه‌ک شاعیری به هه‌ڵوێستی سلێمانیی کردووه؟ ناوی تاکه شاعیرێکی دیاری هه‌ولێر و که‌رکووک و بادینان و به‌شه‌کانی تری کوردستانی هێناوه؟ مرۆڤ ده‌بێ چه‌ند بێ ویژدان بێ ئاوا پاره کوێری بکا؟ باسی عیززه‌دینی مه‌لا مسته‌فا، برای فارووقی گه‌وره‌دز هه‌ڵده‌گرم بۆ وتارێکی تایبه‌ت، ئه‌گه‌ر که‌س زات بکا بۆمی بڵاو بکاته‌وه!
ئه‌م مه‌سه‌له‌ی له‌م وتاره‌دا باسی ده‌که‌م گرنگه، چونکه ده‌ستی له‌سه‌ر هۆیه‌کی گرنگی بێبه‌شبوونی خه‌ڵکی کوردستان و بێگانه داناوه له به‌خششی به‌هره ڕاسته‌قینه‌کان و شاردنه‌وه‌یان ته‌نیا له‌به‌ر خاتری شاعیره نازداره‌که‌ی مامه!
ئه‌گه‌ر کولتووری کوردی له هه‌موو شتێکدا هه‌ژار بێ، ئه‌وا له شیعر ڕه‌نگین و ده‌وڵه‌مه‌نده، که‌چی جه‌لالییه‌کان ئه‌وه‌نده ته‌سکیان کردۆته‌وه که هه‌ر خۆی له شاعیره‌که‌ی ئه‌واندا بنوێنێ. ده‌یان ده‌سگای ده‌وڵه‌مه‌ندی یه‌کێتی کارێکی وایان کردووه که ئه‌وانه‌ی دێڕێک شیعری شێرکۆشیان نه‌بینیوه هه‌ر وا ده‌زانن به‌ڕاستی گه‌وره‌یه! به‌مه‌ش جه‌لالییه‌کان له زه‌ینی خه‌ڵکدا درۆیه‌کی گه‌وره‌یان کردووه به ڕاستییه‌کی بێ چه‌ندوچوون. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که له ڕووی ڕۆشنبیرییه‌وه، میرنشینیی جه‌لالییه‌کان،سلێمانی و گه‌رمیان، ئه‌کتیڤترین ناوچه‌ی کوردستانه.
هه‌ڵبه‌ته که باسی ناوچه‌ی جه‌لالییه‌کان ده‌که‌م، مه‌به‌ست ئه‌وه نییه ناوچه‌ی مه‌لاییه‌کان به پاک نیشان بده‌م. ده‌زانم له‌وێش قه‌ڵه‌مکڕی وه‌ک شێرکۆ و له شێرکۆش ده‌وڵه‌مه‌ندتر و ده‌ستبڕتر هه‌یه. ده‌زانم له‌وێش دوکانی وه‌ک سه‌رده‌م و له سه‌رده‌م ملشکێنتر هه‌یه. ده‌زانم به‌دران ئه‌حمه‌د چه‌ند نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی له په‌رده‌ی نێچیروان کرد و هه‌تاهه‌تایێ له‌به‌ر چاوی خه‌ڵکی کوردستان ڕه‌شی کردن. ده‌زانم لیستی ناوه قه‌ده‌غه‌کانی ده‌ڤه‌ری بنده‌ستی مه‌لاییه‌کان له‌وه‌ی بنده‌ستی جه‌لالییه‌کان بچووکتر نییه!
ئه‌وه‌تا حه‌مه‌سه‌عید و مه‌هاباد قه‌ره‌داخی و کێ و کێ هه‌موویان کڕدران و بۆ هه‌تا هه‌تایه چوونه نێو بنی ره‌شی ئه‌ده‌ب و فکر.. سه‌رۆی سه‌گه‌که‌ی مه‌سعود و جوێنده‌ره‌که‌ی شه‌ڕی ناوخۆ و چه‌نده‌های دیکه بوون به ده‌ستاڕی هارینی قه‌ڵه‌م و ئه‌وه‌ی نوزه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی لێده‌هات و قابیلی کڕین بوو هاڕدران و بوون به ئاردی نێو دڕک.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست