پۆستی سه‌رۆک کۆمارێکی ئاوه‌ڕوت کراو، بۆ که‌سێکی به‌ته‌مه‌نی نه‌خۆش، چ خێرێکی بۆ کورد تێدایه‌، جه‌نابی سه‌رۆکی هه‌رێم؟!

Thursday, 08/07/2010, 12:00


له‌نده‌ن / 07 ته‌موزی 2010

سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و په‌ڕلمانی کوردستان وا چاکتره به‌لۆجیکانه‌‌تر له‌گه‌ڵ داڕشتنه‌وه‌ی 3 ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی به‌ ناو فیدڕاڵی عێراق دا هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن. به‌ ڕای ئێمه‌ هیچ پێویست ناکات ڕیسکی سیاسی له‌سه‌ر دۆسیه‌ یه‌کلاکه‌ره‌وه‌کانی کورد له‌ به‌غداد بکرێ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆکی کۆمار یان هه‌ر پۆستێکی تر. نابێ له‌ پێناوی دابین کردنی پۆستێک که‌ ئاوه‌ڕووتی بکه‌ن له‌ هه‌موو ده‌سته‌ڵاتێک، له‌و هاوپه‌یمانی و دانوستانانه دوورمان بخاته‌وه‌ که مسۆگه‌ری کێشه‌ هه‌ڵواسره‌وه‌کانی پێوه‌ به‌نده . چونکا له یاری کردنه به‌ مه‌سیری میلله‌ته‌که‌مان زیاتر هیچی تری لێ ناکه‌وێته‌وه. هه‌ر پۆستێک له‌ و سێ پۆسته‌ی به‌غدا گه‌ر به‌ ڕه‌وای گه‌لی کوردی بزانن پێویسته‌ زۆر به‌ عزه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌ی ببردرێت. هه‌روه‌ها ناکرێ چیتر له‌به‌ر دانوستانی نێوان یه‌کیه‌تی و پارتی ئه‌و ئه‌رکه‌ قورسه به‌ ئه‌ستۆی مرۆڤێکی به‌ته‌مه‌نی نه‌خۆشی بخه‌ین. نابێ هیچ مرۆڤێکی خاوه‌ن ویژدان قبوڵی ئه‌و گوناحه‌ بکات که به‌رامبه‌ر گه‌له‌ مه‌زوڵومه‌که‌مان بکرێ.

تا که‌ی نابێ جورئه‌ت بکه‌ین و به‌ ڕاشکاوانه‌ نوخته‌ و فاریزه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر ووشه‌کان له‌به‌ر خاتری خاتران. من وه‌ک تاکێکی کورد سه‌رۆکی هه‌رێم و هه‌موو په‌ڕلامنتێرانی کوردستان ده‌خه‌مه‌ به‌ر به‌رپرسیاریه‌‌تێکی مێژوویی، گه‌ر مه‌سیری میلله‌تی کورد له‌ عیراق به‌ قوربانی مسۆگه‌ر کردنی پۆستێکی سنوردارکراو بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ عێراق دا بکه‌ن. خۆ که‌عبه‌ که‌چ نابێت که‌ ئه‌و که‌سه له‌ چرکه‌کانی کۆتایی ژیانی دا که‌مێک ڕه‌حم به‌ خۆی بکات و بکه‌وێته‌ خۆ ئاماده‌کردن بۆ ماڵ ئاوایی له‌و ژیانه‌ پڕ چه‌رمه‌سه‌ری و مه‌رگه‌ساته‌ که‌ چرکه‌یه‌کیش ئارامی بۆ ئه‌و تێدا نه‌بووه. گه‌ر ڕه‌حم به‌ میلله‌تی کورد و یه‌کیه‌تیش ناکات، با ماڵێکی که‌مێک ئارام بۆ خێزانه‌که‌ی و که‌س و کاری به‌جێ بهێڵێ که‌ چوار دۆست به‌ ده‌وریانه‌وه بهێڵێته‌وه که له‌ دوای خۆی دوعای خێریان بۆ بکه‌ن.

به‌ ئه‌رکی خۆمانی نازانین ئامۆژگاری ئه‌و که‌سایه‌تیه‌ بکه‌‌ین، چونکا ئه‌و ڕانه‌هاتووه‌ گوێ له‌ قسه‌ی که‌س بگرێت، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستیش زگیان پێ‌ی بسوتێ!! ئه‌وه‌ی ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ کورد ڕابێت که‌ که‌مێک به‌ هوشیارانه‌ تر هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌ش و هه‌وایه‌ ئاڵۆزه‌ی به‌غدا بکات که‌ ئێران و ئه‌مریکا به‌ ئاشکرا گر‌ه‌وی له‌سه‌ر ده‌که‌ن. ئه‌رکی هه‌موانه که‌ له‌ که‌سی قبووڵ نه‌که‌ین چیتر گه‌مه‌ به‌ چاره‌نوسی میلله‌ته‌که‌مان بکرێ. به‌ دڵنیایه‌وه دنیاش تا سه‌ر بۆ که‌س نه‌بووه‌ و مێژووش ڕه‌حم به‌که‌س ناکات.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە