لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆمپانیایەکی لوبنانی و داهێنانێکی سەیر لە ساختەکاری!!
Thursday, 22/11/2012, 12:00
لەبەر ئەوەی ئێمەمیللەتێکی خۆشباوەڕ و کەم ئەزموونین و شارەزاییمان لە جۆرەکانی ساختەکاری و کۆمپانیای وەهمی وبنەماکانی گەرەنتی لەبازرگانی نێونەتەوەیی و ساختەکاریەکانی نێو دونیای ئەنتەرنێت و بانک و پارەی ساختەو ئەو شتانە نیە بۆیە هەر جارەی لەکوردستان باندێکی بێگانە پەیدا دەبێت و پارەیەکی یەکجار زۆر لەخەڵکی دەدزن و بۆی دەردەچن.
بۆیە بە پێویستمان زانی کەئەو باندەی وا ئێستا چالاکەو پارەیەکی زۆریان لەو خەڵکە دڵسافەی هەولێر وەرگرتوە ، ریسوا بکەین بەڵکو دەزگا تایبەتمەندەکانی پۆلیس و ئاساییش کە ئەگەر کەسانی پرۆفێشناڵ و شارەزایان تێد بێت و ئەو دەسەڵاتەیان هەبێت بتوانن دەسگیریان بکەن و رووبەرووی یاسایان بکەنەوە.بۆیە دەڵێین پرۆفێشناڵ و شارەزا چونکە تاکو ئێستا دەزگای ئاوامان نیە کە تایبەتمەند بێت بە نەهێشتن و لەناوبردنی کاری ساختەکاری.
لە گەرەکێکی شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر کۆمپانیایەک دامەزراوەبە ناوی کۆمپانیای (رواد کوردستان للسفر والسیاحە) ، کە پێدەچێت خاوەنەکەی خەڵکی ولاتی لوبنان بێت و وەکو هاوکار چەند کەسێکی عێراقی لە رەگەزی میینە کە بەژن و باڵای جوانیان هەیەو لەنەتەوەی عەرەبن لایان کاردەکەن ودامەزراون . ئەو کۆمپانیایە بەڕەواڵەت، خزمەتگوزاریەکانی وەکو بلیتی فرۆکەو گەشتی سەیران و شتی لەو بابەتە دەفرۆشن و رێکدەخن ، بەڵام نازاندرێ تا چ ئەندازەیەک کارەکەیان لە هەرێمی کوردستان فەرمیە و ئایا مۆڵەتی فەرمیان هەیە یان نا !!
لە سێبەری ئەو کۆمپانیایە جا ئەگەر وەهمی بێت یان نا ، کارێکی تر ئەنجام دەدەن کە نایاسایی و گوماناوی و پڕ لە شتی شاراوەو نادیارە..ئەویش بریتیە لە فرۆشتنی شوێنی مانەوەی سیاحی لە لوبنان و هەندێک وولاتی تر کە تەنها خۆیان و بەبێ هیچ بەڵگەیەک ، تەنها بە قسە باسی لێوە دەکەن و خەڵکی پێ فریو دەدەن کە نرخەکەی دەگاتە چەندان هەزار دۆلار بە شێوەی قیست . مەبەست لە فرۆشتنی شوێنی مانەوەی سیاحی واتە (بیع المبیت فی الفنادق السیاحیە) ئەوەیە کە تۆ هەرکاتەی بتەوێت سەفەر بکەی ئەوا ئەو شوێنە هی تۆ دەبێت و بۆت چۆڵ دەکرێت تا لە کاتی ماوەی گەشتەکەت کات لەوێ بەسەر ببەی .بەبێ ئەوەی کە هیچ بەڵگەو بەڵگەنامەیەک یان دۆکۆمێنتێکیان هەبێت پیشانی بدەن چ وەک ئەوەی ئەوان نوێنەری ئەو هۆتێلانە بن یان سەلاحیەتی ئەو کارەیان هەبێت یان لە راستیدا هیچ پەیوەندیەکیان بەو هۆتێلانەوە هەبێت !!!!
هەڵبەت لە رووی لۆجیکەوە ئەو شتە دوورە لەهەموو بنەماکانی یاسایی و وەک ئەوەیە زەوی بفرۆشرێتە خەڵک لەسەرمەریخ !! چونکە ئەگەر کارێکی وا راست بێت ئەوا پرۆسەیەکی یاسایی زۆر زۆر ئالۆزی دەوێت یەکەم لە نێوان ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن لەگەل ئەو هۆتێلانەی باسی لێوە دەکەن دووەم لە نێوان ئەو وولاتانەی کە ئەو هۆتێلانەی لێیە لەگەڵ دام و دەزگا تایبەتمەندەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق چونکە دەبێت ئەو شتە بخریتە قالبیکی یاسایی باوەڕپێکراو لە لایەن وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەو وولاتانە!!!
ئەو پرۆسێسە ئالۆزەی باسمان کرد نە پێشتر بووەو نە دەشبێ و نەکەسیش دەتوانێ گەرەنتی ئەو جۆرە کارانە لە ئەستۆبگرێت ، چونکە پێشتر کاری لەوشێوە لەهیچ شوێنێک نەکراوە تا خرابیتە قاڵبی یاساییەوە و لە یاساو دەستووری هیچ ووڵاتێکیش باس لە فرۆشتنی شوێنی مانەوە نەکراوە لە هۆتێلەکان تەنانەت بۆهاولاتیانی خۆشیان ئینجا چۆن بۆهاوڵاتیانی ووڵاتانی بێگانە !!!
تەنها شت کە هەبێت گرتنی پێشوەختەی هۆتێلە ئەویش بۆ کاتی دیاریکراوی سنووردار .پاشان کەسی قوربانی هیچ بەڵگە نامەیەک یان دۆکۆمێنتێکیشی پێ نادرێت تا لە راستی و دروستی مەسەلەکە بزانێت یان پەنای بۆ ببات پاش دەرکەوتنی ناراستی و فرتوفێڵی ئەوانەوە. کەواتە شتەکە لە بنەڕەتدا فرتو فێڵ و قۆڵبرینی خەڵکی سادەی کوردستانە و بەس بۆ ئەوەی ئەوەندەی پێیان بکرێت پارەکۆبکەنەوە و وەکو کۆمپانیا وەهمیەکانی تر تیی بتەقێنن .
چۆن خەڵکی بۆلای خۆیان رادەکێشن!؟
لەڕێگای دابەشکردنی کارتی کۆمپانیا بەشێوەیەکی سنووردار بۆئەو کەسانەی کەخۆیان دەستنیشانیان دەکەن یان تەلەفۆنیان بۆ دەکەن لە و چینانەی کە توانای پوولیان هەیە وەکو مامۆستای زانکۆ و پەیمانگا ، ئەندازیاران، پزیشکان و بەڵێندەرو کەسانی تری دارا لە پەیوەندیەکانیان باس لەوە دەکەن کە لەئەنجامی دەست بەکاربوونیان لە کوردستان گەشتی بە خۆرایی بۆ چەندان کەس ئەنجام دەدەن لەوانەیە تۆش لەو کەسانە بیت !!! یاخود بەشێوەیەکی رەمەکی تەلەفۆن دەکەن و بە خەڵکی رادەگەیەنن کەئەوان گەشت بە خۆرایی بۆ ئەو کەسە رێکدەخەن وبەخت یاوەری بوە کە ژمارەی تەلەفۆنی ئەو دەرچوە !! جا لەو پەیوەندیانە کاتێکیان بۆدیاری دەکەن لە شەو بۆ چاوپێکەوتن!! بەڵام کە کەسەکە دەچیتە ئەوێ تووشی حالەتیکی سەیری دەکەن بە شێوەیەک ئەگەر کەسەکە یەک دوو کەسی تری لەگەل نەبێت یان کەمێک خۆش باوەڕ بێت ئەوا دەکەوێتە داوەکەیان چونکە پێی دەڵێن ئەگەر ئێستا بڕیار بدات و رازی بێت لە جیاتی 12000 دۆلار تەنها 3000 دۆلار دەدات لەگەل پارەیەکی ساڵانە کەلە یەکێکەوە بۆئەوی تر دەگۆڕێت بەرانبەر وەسلێکی وەرگرتنی پارەو هیچی تر کە ئەوە دەبێتە کلیلی راکێشانی برە پارەکانی ترلە داهاتوو.
چۆن کەسەکە دەخەنە تەڵەوە!؟
ئەگەر گەنج بێت ئەوایەکێک لەو کچە عەرەبانەی باسمان کرد دەچێت و ئەو سەروسەودایە بە قسەی خۆش و وشەی بریقە دار بە زمانی خۆی ڕوون دەکاتەوە وهەموو رێگایەکی باوەرپێکردن بەکاردەهێنن و لە نێوانیشدا یەک دوو کەسی تر کەئەوان تۆدەبینن و خاڵە لاوازەکانت دەست نیشان دەکەن دێن وئەوانیش لەرووی سایکۆلۆجی و ئیحائاتی موگناتیسیەوە هاوکاری کچەکەدەکەن ، هەڵبەت گەنجەکە ئەوەندە شارەزایی لە زمانی ئەوان نیە تا بتوانێ ڕوونکردنەوە یان پرسیارەکانی خۆی بکات تا دەکەوێتە ژێر بارو لە خشتەی دەبەن.بەلام ئەگەر کەسەکە نەهاتە ژێر بار ئەوە پیی دەڵێن کە ئەو کچە لێرە دەردەکەن بە هۆی ئەوەوە!! تا بتوانێ بەو هۆیەوە سۆزو عاتیفە بجووڵێنێ ولەبەر خاتری کچەکە بکەوێتە داوەکەوە .
لەهەمان کاتیشدا مۆسیقایەکی بەرز لێدەدەن تا قوربانیەکان گوێیان لەدەنگی یەکتر نەبێت و کۆ دەنگیەکی نارەزایی دروست نەبێت تاکارەکەیان سەردەگریت ئینجا کەپارە لە کەسێک وەردەگیرێت دەست دەکەن بە چەپلەلێدان وپیرۆزبایی لەکەسی قوربانی(چحیە)!!!!!
هەڵبەتیش کەسەکە دەکرێت بە پرد بۆ راکێشانی خەڵکی تر و پێدانی راستگۆیی بۆ کارە بەد رەوشتی و دزیەکەیان.بەڵام ئەگەر کەسی قوربانی لەگەل خێزانەکەی هاتبوو هەروەکو پێشتر بە تەلەفۆن داوایان لێکردوە ، ئەوا رێگەی تریان هەیە بۆخەڵەتاندنیان بەزمانی لووس و پاراو تا حالەتی ئیحراجکردن ورایی کردنی کارەکەیان.
پیویستە هەرچی زووە کەسانی شارەزا و لێهاتوو لە دامو دەزگای پۆلیس و ئاسایش بە زووترین کات بچن بۆ پێگەکەیان و دەستبەسەریان بکەن لێکۆڵینەوەی ووردیشیان لەگەل بکەن، هەوڵیشبدەن پارەی ئەو خەڵکە دڵپاکەی کە بوون بە قوربانی ئەو باندە وەربگرنەوە و ئەوانیش روو بەرووی یاساو سزا بکەنەوە تا سنوورێک بۆئەو کەسانە دابنرێت کە دێن بۆئێرەو لەکەش وهەوای ئازادی هەرێم باوەشیان بۆ دەکرێتەوە بۆ کارکردن ،بەڵام لەجیاتی ئەوە دەست دەکەن بەگیرفان و قۆڵبرینی خەڵکی سادە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست