ئه‌و ته‌زویر و پێشێلکاریانه‌ی له‌ لایه‌ن جه‌لالیه‌کانه‌وه‌، که‌ له‌ که‌رکوك کراون (به‌شی یه‌که‌م)

Saturday, 13/03/2010, 12:00


جه‌وا‌ڵ بۆر جام که‌ پڕ بوو لێی ده‌ڕژێ، ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی 7/3 دا له‌ لایه‌ن جه‌لالیه‌کانه‌وه‌ ڕووی دا و پێی هه‌ستاون ، هه‌موو پرینسیپ و ئه‌خلاقی مرۆڤایه‌تی و سیاسی پێشێلکردووه‌.
بۆیه‌ ده‌ڵێم جه‌لالیه‌کان چو‌نکه‌ ی.ن.ك ی ڕاسته‌قینه‌ی گۆشکراو به‌ پرینسیپه‌کانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان به‌وکارانه‌ هه‌ڵناسن.
له‌ 32 ساڵی ڕابردوو دا به‌ هه‌موو قۆناغه‌کانی خه‌باتی سه‌ختی گه‌له‌کاماندا تێپه‌ڕیوم ،خه‌باتی ژێرزه‌مینی ،زیندانی سیاسی ،پێشمه‌رگایه‌تی ،برینداری ، ئاواره‌یی، جارێکی تر پێشمه‌رگایه‌تیی، لێپرسراوی نزم و باڵا و له‌کۆتاییدا ئازادی که‌رکوك.
که‌رکوك لای من هه‌موو کوردستانه‌ و هه‌موو کوردستانیش لای من که‌رکوکه ، به‌ڵام له‌ ‌حه‌وت ساڵی ڕابردوودا شاری خه‌ونه‌کانمیان له‌ وێرانه‌وه‌ وێرانتر کرد، له‌ برینداره‌وه‌ بریندارتر کرد ، له‌ هه‌ژاریه‌وه‌ هه‌ژار تر کرد ، خۆم له‌ ناو ئه‌م دز و گه‌نده‌ڵ و داوێن پێسانه‌دا ده‌ژیم ‌، نه‌بووم به‌ ئه‌ندامی زیندانه‌ سیاسیه‌کان و نابم هه‌تا یه‌ك زیندانی سیاسی له‌ کوردستاندا هه‌بێت و نابم به‌ ئه‌ندامی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان هه‌تا چی جاش و خۆفرۆش و فایلداری ناو لیستی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان ده‌رنه‌کرێن.
له‌شوێنێکی ناسکدا کا‌رده‌که‌م و ئاگاداری زۆر شتم ، خه‌ڵکانێکی زۆر ژیان و نانیان له‌ پاڵ من دا یه‌ ، بۆیه‌ خۆم ئاشکرا ناکه‌م ، به‌ڵام له‌ مه‌و دووا هه‌موو راستیه‌کان بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌ و وورگی من عه‌ماری ماڵی جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعودی سی ویه‌کی ئاب نیه‌ :
1. رۆژی 6-3-2010 رزگار عه‌لی حه‌مه‌ جان سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بانگی خوارزایه‌کی شه‌هید وریا سوور به‌ ناوی (محمود) ده‌کات له‌ گه‌ڕه‌کی موسه‌ڵا له‌ که‌رکوک و له‌ کۆمیته‌ 12. چونکه‌ ئه‌م کوڕه‌ به‌ گۆڕان ده‌زانن. پاشان ده‌ینێرن بۆ ئاسایشی ره‌حیم ئاوه‌، له‌وێ که‌له‌بچه‌ی ده‌که‌ن تا رۆژی دوایی به‌ری ناده‌ن تا ده‌نگدان ته‌واو ده‌بێت. ناهێڵن ئه‌و فه‌قیره‌ ده‌نگ بدات. دڵنیا بن من خۆم له‌ مه‌سئول کۆمیته‌که‌م بیستووه‌ به‌ ناوی شێرزاد.
2. مۆری کۆمسیۆن ته‌زویر کراوه‌،له‌ ئێواره‌ی 6/7 دراوه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه‌کانی ده‌نگدان،له‌ ڕێگه‌ی پاڵه‌وانێکی جه‌لالیه‌وه‌ نمونه‌یه‌کی ئه‌و مۆره‌م‌ ده‌ست که‌وتووه‌،به‌ دیاری بۆمی هێنابوو که‌ به‌شانازیه‌وه‌ خۆی ده‌رده‌خست ، ده‌یگووت زیاتر له‌ 100هه‌زار ده‌نگمان پێی مسۆگه‌ر کردووه‌،وه‌ك ئه‌وه‌ی که‌رکوکی ڕزگارکردبێ زۆربێشه‌رمانه‌ خۆی پێوه‌بائه‌دا.
3. شه‌وی 4/5 کاتژمێر 2:30 شه‌و 8 سندوقی هه‌ڵبژاردن له‌ ئاماده‌یی مه‌رکه‌زی به‌رامبه‌ر په‌روه‌رده‌ی کۆن له‌ که‌رکوک دۆزراوه‌ته‌. به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس سه‌ره‌تا پێی وابووه‌ ئه‌مه‌ کاری به‌ره‌ی تورکمانیه‌ بۆیه‌ ویستۆتی ئاشکرای بکات. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی پێی راگه‌ییندراوه‌ کاری ی.ن.ک لێی بێ ده‌نگ بووه، سه‌رچاوه‌ی ئه‌م هه‌واڵه ده‌وروو پشتی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس خۆیه‌تی و له‌ ده‌می خۆشیه‌وه‌ تۆمارکراوه‌.
4. به‌ره‌به‌یانی 5/3 وه‌ره‌قه‌ی ده‌نگدان به‌ سه‌یاره‌یه‌کی ئه‌هلی ده‌بڵ کابینه‌ نیسان 15774 اربیل. وه‌ره‌قه‌ی ده‌نگدان گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌کان. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ ته‌زوویر کردن و ئاماده‌کردنی وه‌ره‌قه‌ و زه‌رفی ده‌نگدان به‌شدار بووه‌ پاره‌و وه‌عدی خۆشمه‌زه‌ی پێدراوه‌ و ئێستا په‌شیمانه‌.
5. له‌ بنکه‌ی تورکمان باغ- ناحیه‌ی شوان، یه‌کێ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری سندوقه‌کان به‌ ناوی ده‌ریا عاسی عه‌لی (کوڕی جێگر مه‌ڵبه‌ندی 29). له‌ سندوقی ژماره‌ 1 ، 7 ده‌نگی گۆڕان ته‌له‌ف کراوه‌، به‌وه‌ی نیشانه‌ له‌ دوو کیان دراوه‌. به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه‌ی قه‌ره‌ناو ناحیه‌ی شوان. به‌ ناوی مه‌ریوان نادر ئه‌ندام کۆمیته‌یه‌. زۆر حاڵه‌ت هه‌بووه‌ ئیمزا و په‌نجه‌ مۆر له‌ به‌رامبه‌ر هه‌مان ناو هه‌یه‌. ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ ده‌یان بنکه‌ی ده‌نگداندا ڕووی داوه‌، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ده‌نگه‌ ته‌له‌ف کراوه‌کانی گۆران له‌ که‌رکوك کۆبکه‌یته‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ چه‌ند هه‌زار ده‌نگی گۆڕان یان لایه‌نه‌کانی تر ته‌له‌ف کراوه‌ به‌ به‌رنامه‌وه‌ نه‌ك به‌ هه‌ڵه‌.
6. له ڕۆژی‌ 6 -3 ،زیاتر له‌ 400 سه‌رباز له‌ حیمایه‌کانی مام جه‌لال هاتونه‌ته‌ که‌رکوک بۆ ده‌نگدان، دوو سه‌ربازی ناسیاوی خۆمیان له‌گه‌ڵ بووه‌ ، هه‌ریه‌که‌یان له‌ وڕۆژه‌دا سێ شوێنی جیاوازیان کردووه‌، هه‌رسه‌ربازێکیش بیسه‌لمێنی که‌ له‌ سێ جار زیاتر ده‌نگی داوه ته‌رفیع و ئیکرامیه‌ وه‌رده‌گرێ.
7. ده‌نگده‌رێک به‌ ناوی عادل نادر ، له‌ قوتابخانه‌ی ئاڵا- گه‌ڕه‌کی ئازادی- سندوقی 4 - له‌ جیاتی ده‌نگ دراوه‌. کاتێ چووه‌ بۆ ده‌نگدان و پێی زانیوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه‌که‌ داوای لێکردووه‌ ده‌نگ نه‌کات و له‌ جیاتی یه‌کێکی تر ده‌نگ بدات. ناوبراویش قبوڵی نه‌کردووه‌، سکاڵای تۆمار کردووه‌، ئاماده‌ی قسه‌کردنه‌. ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ ده‌یان بنکه‌ی ده‌نگداندا ڕووی داوه‌ ئه‌وکه‌سانه‌ی نه‌چوون بۆده‌نگدان له‌ جیاتیان ده‌نگدراوه‌ و وه‌کوو یه‌کێك له‌ جه‌لالیه‌کان ووتی منافه‌سه‌ی ئێمه‌و پارتی ئه‌مجاره‌ له‌ سه‌رئه‌وه‌یه‌ بزانین کاممان زۆرترین ته‌زوویر ده‌که‌ین ئه‌وان دهۆك و هه‌ولێر، ئێمه‌ که‌رکوك و سلێمانی.

زۆری ماوه‌ زۆرزۆری ماوه‌.

جه‌وا‌ڵ بۆر
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە