هەشت پەرلەمانتارە شەفافەکەی گۆڕان لە بەغدا
Friday, 16/03/2012, 12:00
گۆڕان بۆ ئەوە دروست بوو گوایە داکۆکی بکات لە مافەکانی خەڵکی کوردستان ، گۆڕان بۆ ئەوە دروست بوو بۆ ئەوەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بێنێتە ناو سیستەمی ووڵات، بۆ ئەوە دروست بوو کە شەفافیەت بێنێتە ناوژیانی سیای کوردستان و قەناعەت بکەن بە خەڵکی کوردستان کە گۆڕان بە جۆرێکی تر لە پارتەکانی تری ناوچەکە سیاسەت ئەکات . دیموکراتیەت دێنێتەوە ناو سیستەمی حیزبایەتی . ئێمەی خەڵکانی تامەزرۆی ئەو قسە ڕەونەقانە وای لێ کردین کە بڕوا بکەین بە گۆڕان لە ڕێگەی کاندیدەکانیانەوە بۆ پەرلەمانی ئێراق وە بەو مانیفێستۆیەی کە دایانڕشتبوو بۆ ئەو بۆنەیەوە .
کەچی زۆربەی شتەکان وا دەرنەچوون لەوەی کە باسی لێوە دەکرا.. با لە ئەندام پەرلەمانەکانی ئێراق دەست پێبکەین . ئەو هەشت ئەندام پەرلەمانە هەریەکەیان مافی ئەوەیان هەیە کە ٣٠ پاسەوان دابمەزرێنن بۆ پاسەوانی خۆیان ، بەڵام هیچ یەکێکیان لە ٢ تا ٣ پاسەوانی زیاتر دانەمەزراندوە تەنانەت هەندێکیان تەنها یەک دانەی داناوە کە ناوی ٢٩ کەسەکەی تری بۆ دابین دەکات . بۆ نموونە هەڤاڵ کوێستانی تەنها یەک پاسەوانی هەیە کە مانگانەکەی نزیکەی ٣٠٠٠ دۆلارە ئەویش لەبەر ئەوەی کە کارەکانی تری بۆ جیبەجێ ئەکات و پارەی ٢٩ پاسەوانیش ئەخاتە تەنکەی باخەڵی وە زۆر سەیرو سەمەرەیە کە هەڤاڵ کوێستانی لە لیژنەی نەزاهەشە باشە کابرایەک خۆی دز بێت چۆن ئەتوانێت بە خەڵکی تر بڵێت دز، وە یاخوود چۆن کەسێکی گەندەڵ ئەتوانێت گەندەڵی بنبڕ بکات . وە حاکم شێخ لەتیف کە گوایە پیاوێکی یاساییە بەڵام ئەویان لەزۆربەی ئەندام پەرلەمانەکانی تری حیزبەکانی تریش گەدەڵ ترە ، ئەویان هەتا دوێنێش مووچەی حاکماتی هەر وەردەگرت وە ئەویشیان لە ٢ پاسەوان زیاتری نیە . با بێینە سەر سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی بەغدا شۆڕش حاجی ئەو ئەندام پەرلەمانە زەریفە هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی بەرپا کرد بەس بۆ ئەوەی بگاتە پلەیەک ، بۆ خۆی ئەوەندە قسەی بریقەداری کرد تا گەیشتە ئەو پۆستە وە ئێستاش خۆی بوە بە گەندەڵێک وە کو هەموو گەندەڵەکانی تری حکومڕانی کوردستان . بەس ئەو ئەندام پەرلەمانە بەوەش ناوەستێ بەڵكو هەر لە ئێستاوە کار بۆ ئەوە دەکات کە لە کۆنگرەی گۆڕاندا بچێتە سەرکردایەتی بزووتنەوەکە . من لێرەدا دەڵێم ئەگەر ئەو جۆرە کارەکتەرانە ببنە سەرکردایەتی ئەو بزووتنەوەیە ! ئەوا گوومانم نیە کە گۆڕانیش هەر بە دەردی یەکێتیدا ئەبەن . شۆڕش حاجی برای هاوار حاجی ٤ یان ٥ پاسەوانی هەیە وە پارەی ٢٥ پاسەوان ئەخوات کە دەکاتە سەرووی ١٥٠٠٠ پانزە هەزار دۆلار لە مانگێکدا . ئەوەی جێگای سەرنج ڕاکێشانە کە دکتۆر محەمەد کیانی ١٤ پاسەوانی تۆمار کردوە بەڵام هەر هەمویان خزم و کەسی خۆینی وە هەر خواش ئەزانی مووجەی چەندیان پێ ئەدات . وە دەربارەی ئەوانەی تر بە هەمان شێوە هیچ کامێکیان لە ٥ پاسەوان زیاتریان دانەزراندوە .
بەداخەوە ئەو مرۆڤە نەفس نزمانە گۆڕانیان بەکار هێنا بۆ مەبەستی خۆیان و ئەوەی کە لە خەیاڵیان نیە گٶران و خەڵکی چەوساوەی کوردستانە . هەر ئەو خەڵکە بوو بە هیوایەکی زۆرەوە دەنگیان بەو مرۆڤە دەست پیس و چڵێسانەدا .
لێرەدا پرسیارێک خۆی قووت دەکاتەوە و ئەویش بۆچی سەرکردایەتی گۆڕان بێدەنگن لەڕووی ئەو هەموو گەندەڵیەی ئەو ٨ ئەندام پەرلەمانەی ئێراق کە لە کاتێکدا بۆ ٤ ئەندام پەرلەمانەکەی کوردستان هاتنە قسەو ناچاریان کردن کە دان بە هەڵەکانی خۆیان بنێن و داوای لێ بووردن لەخەڵکانی کوردستان بکەن . ئەوە ئەومان نیشان ئەدات کە سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕانیش هەر وەکو پارتە سیاسیەکانی تری کوردستان هەمان سیاسەتی بانێک و دوو هەوا پەیڕەو دەکەن ، ئەگەرنا ئەوەی ئەو ٨ ئەندام پەرلەمانەی فراکسیۆنی گۆڕان دەیکەن دزی و گەندەڵی نەبێت ئەی چی دزی و گەندەڵییە !!! ئەگەر ئەو ئەندام پەرلەمانانەش خۆیان وا دەزانن کە ئێمە ڕاست ناکەین و ئەوان ڕاستن ، با بێن و هەریەکە ناوی ئەو ٣٠ پاسەوانەمان پێشکەش بکەن و بۆمانی بسەلمێنن کە ئەوان ڕاست ئەکەن و ئێمە بە هەڵەدا چووین ، من لەلای خۆمەوە ئەو کاتە داوای لێبووردنیان لێ دەکەم و لە ڕاگەیاندنەکانیش بڵاوی دەکەمەوە . بەس داخەکەم کە وا نیەو ئەوەی کە من لێرەدا باسم کردوە تەنانەت بەشێکی کەمی گەندەڵیەکانی ئەم زاتانایە . لێرەدا من بە سەرکردایەتی گۆڕان دەڵیم ئەگەر بێتوو چیتر خۆتان لەم مەسەلەیە گێل بکەن ئەوا خەڵک لە ئایندە متمانەیان بە ئێوەش نامێنێ و بزووتنەوەی گۆڕانیش جەماوەری خۆی لەدەست ئەدات . لە کۆتاییدا داواکارین لە سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان کە چیتر پشتیوانی لەو ٨ ئەندام پەرلەمانە گەندەڵەی فراکسیۆنی خۆی نەکات لە بەغدا ، بەڵکو لە فراکسیۆنی گۆڕان دەریان بکات و نەبوونی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا زۆر چاکترە لە بوونی بە شێوەیەی کە ئێستا هەیە .
ئالان هەورامی
١٦/٣/٢٠١٢
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست