مەسعود بارزانى تۆ سەرۆك نیت !

Thursday, 01/09/2011, 12:00







ئەرێ! گەلۆ! ئەو هەرێمە نەگبەتەى لەسایەى سەركردەكانى، كە "باكیان بەكوشتنى هاوڵاتى"ـیانى خۆى نییە. ماناى ژیان چ دەگەیەنێت لێرەدا؟ ئاخر دەبێ چ ویژدانێكیان هەبێت لەخاكى خۆت دەربەدەربكرێیت و لەژێر رەحمەتى بۆردومانى تۆپخانەكانى "ئێران" و فڕۆكە جەنگییەكانى ئەرتەشى "توركیا" ئاوارە و دەربەدەربكرێیت و خاكت بسوتێنرێت و بكوژرێیت، و كەچى سەركردەكان هێندە شەرمنانە و ترسنۆكانە دێنە وەڵام پیاو تەریق دەبێتەوە كەسەركردەى وا حكوممان دەكات. ئێ لەبۆ هەندێیتیان گەر وەجواب بێن، نەبادا دڵى دراوسێكانمان بڕەنجێ و زویر بن و گەمارۆى ئابوریمان بخرێتە سەر و بە "بیابان" بكەوین{الجاری حق الجاری}. باشە بۆ هێند شەرمنانە تەنیا بەئیدانەكردن وەڵامى تۆپبارانەكانى ئێران و بۆردومانى فڕۆكە جەنگییەكانى توركیا دەدەنەوە.
كەچى لەبەرامبەردا كونسوڵى ئێران"عوزێم حوسێنى" بەوپەڕى سوكایەتى و راشكاوییەوە رەخنە لە ڕاگەیاندنەكانى هەرێم دەگرێت كە بۆردومانەكانیان بە"تۆپباران" ناوبردووە، ئەى بڵێن چى؟! خۆ "دەنگى دۆر" نییە. لە رۆژى 16/8/2011 كۆبوونەوە داخراوەكەى كونسوڵى ئێران و بەرپرسى فەرمانگەى پێوەندییەكانى دەرەوەى هەرێم "فەلاح مستەفا" كەسەرۆكایەتى كۆبوونەوەكەى كرد، لەسەر مەسەلەى تۆپبارانەكانى سنوور، لەڕوانگەى ئێرانەوە وەڵامى "تیرۆریستان" دەدەنەوە. سەرۆكایەتى هەرێم ئیدانەى كوشتنى 9 سەرباز لە17/8/2011 بەهۆى تەقینەوەى مینێكى چێندراو لەپارێزگاى "هەكارى"ـیەوە دەكات. كەچى سەرۆكایەتى هەرێم و سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران و سەرۆكایەتى پەرلەمان بێباكن بەرامبەر بە هاونیشتمانییانى، تۆ سەیركە هاونیشتمانت بكوژرێت ئافەرین لە دوژمن بكەى.
بنواڕە "سەعدیە و جەلەولا" پتر لە هەزار خێزان ئاوارەبوون و بەسەدانى تریش كوژران ئەمەش لەسایەى ئەو فیدڕاڵییەتەى عێراق كە كورد هەر جارەى ناوى عێراق دێنێ فیدڕاڵیەتیشى لەگەڵ دەڵێ، هێندى ئەو ناوە پێخۆشە وادەزانێت كوردستانى گەورەى سەندووە ئەى ماڵوێران خۆت! سەركردە عێراقییەكان گەر بۆیانبكرێت لەبەعس خراپتر بەسەر میللەتى كورد دێننەوە، هەر وەك دەیبینین. لەولاتریش دەسەڵاتدارانى كوردیش خۆشترین شوێنیان لە هەرێمى كوردستان بۆ دابین دەكەن "تا بەئارامى پیلانەكانیان دژى كورد دابڕێژن و دوور بن لە ترس و دڵەڕاوكێ و دەنگى تەقینەوە". لەولاتریش ڕۆژ بەڕۆژ پیلان لەدژى كورد ئاشكرا دەبێت، و دوا پیلانیان كە سوپاسالارى عێراق "بابەكر زێبارى" ڕاپۆرتە 9 لاپەڕەییەكەى بۆ كالۆ(سەرۆككۆمار)ـى عێراق "مام جەلال" نارد، كە تێیدا مەترسیەكانى سەر كوردى لەلایەن "نورى مالیكى"ـیەوە دەرخستووە. بەڵام هەروەكى بەرى، سەرانى كورد لە ئاست مالیكى دا خۆیان لێدەكەن بە "كەڕەى شەربەت" و بێدەنگى دەنوێنن، دەى چ قەیدییە بریتى مالیكى هەر مالیكى یە. پاش ئەو هەموو دەربەدەرییەى "سەعدیە و جەلەولا" ئاوارە بوونى 1400 خێزان و كوشتنى 500 كەس ئینجا "پێشمەرگە" ڕەوانەى سەعدیە و جەلەولا دەكەن، بەڵام بەترسەوە، بۆ؟ چونكە ڕێكەوتننامەى سێ قۆڵى لەنێوان "هێزى پێشمەرگەى كوردستان، وەزارەتى بەرگرى و فەرماندەى هێزەكانى ئەمەریكا"دا واژو كراوە. دیسانەوە مالیكى زوو دەستى خۆى وەشاند و "لیواى 4ـى فیرقەى 1ـى عێراق لەبەغدا و 3 فەوجى دیكەى فیرقەى 5" بۆ ئەو ناوچانە ڕەوانە كرد. پێشمەرگەش لەدەرەوەى ناوچەكان جێگیر كراون سەرانى كوردیش ترسى كاردانەوەى "مالیكى"ـین بۆیە ناچنە ناو سەعدیەو جەلەولا. قوربان تۆ خوێنت داوە ترسى چیت هەیە و چاوەڕێى چى دەكەى؟ بۆ لەمالیكى دەترسى؟
ئێرانى دراوسێشمان بەبیانووى وشكە ساڵى لەوڵاتەكەیەوە زۆربەى ئاوى روبارەكانى، كە لە وڵاتەكەیەوە دەڕژێتە خاكى هەرێم بەتایبەت ئاوى روبارى ئەڵوەند لەخانەقین، وشك كردووە. سەرانى كوردیش چاوەڕێى بەغدان هەڵوێست وەرگرن! لە مەرحەمەتى "مام جەلال"ـیش بەزیا بێ وتمان: سا بەڵكو خوایە شتێك بۆكورد لە"بەغا" بكات كەچى گوێ بیستى ئەوەبووین وەك جاران دەستى كەڕەمى نەكێشایەوە و بڕى نیو ملیۆن دۆلارى بەخشییە دەركودووكان(ڕژێم)ـەكەى "بەشار ئەسەد" چوون زانیویەتى ئۆغر دەكات و لەدەسەڵاتا نامینێ ئەى باشە پاشان بە چى بژی چۆن ماڵ و مناڵى بژێنێ؟ خۆدەبێ قوتێك هەبێ بیخۆن. ئەوەیە ئاریشەى میللەتى كورد بەدەست دەسەڵاتدارانییەوە، بێباكی بەرامبەر بە خەڵكى خۆى، لەلایەك لەبن رەحمەتى تۆپبارانى ئێران خەڵك ئاوارە دەبوو لەلایەكى تریش لەڕۆژى 25/7/2011 ((كۆبوونەوەى تایبەتى ئابووریى ماركێتینگ و خزمەتگوزاریى تەكنیكى و ئەندازیاریى كۆمارى ئیسلامى ئێران و هەرێمى كوردستان "سلێمانى- كەركوك" لەهۆڵى "سلێمانى پاڵاس"))ـدا، بە بەشدارى 60 كۆمپانیاى ئێرانى لە سلێمانى"وابزانم لەبۆ هەندێ بووە تا خەڵكانى ئاوارە و تۆزبەسەر(لە كاتى تۆپباران لەو كوێستانانە و بەم هاوینە كە خانووت بەسەردا بڕووخێ پاشان تۆز داتەكاندن سانا ترە) لە دەرئەنجامى تۆپبارانەوە تووشى قاتو قڕى نەبن و خۆراك وكەل وپەلیان بۆدابین بكرێت، هەرچەندە بەگوێرەى ناونیشانى كۆبوونەوەكە بۆ ناوچەى "سلێمانى - كەركوك"ـە. بەڵام دەكرێت بەشى ناوچەكانى تریشى لێبدەن. بەخوا حكومەتێكى خەمخۆرمان هەیە! " ئەمە لەجیاتى ئەوەى مەرزەكان دابخەن، چونكە ئێران گەورەترین ئاڵوگۆرى بازرگانى لەساڵێكدا لەگەڵ هەرێم بڕى 7 ملیارد دۆلار، بووە. نزیكەى 1300 كۆمپانیاى ئێرانى لە هەرێمى كوردستاندا هەیە. سەردەمى ئەوڕۆش شەڕى ئابوورییە تۆ دەبێت كارتەكانت بەكاربێنیت، هەروەك بەرپرسى فەرمانگەى پێوەندییەكانى دەرەوەى هەرێم دەڵێت: "هەموو ڕێگەكانى دیپلۆماسى بەرامبەر ئێران دەگرینە بەر". ئەدى ئەوەنییە ڕێگەى سەركۆنەكردنى چەكدرارانى پژاك و پەكەكەتان گرتووەتە بەر. وەك لەچاوپێكەوتنى نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ ڕۆژنامەى"الشرق الأوسگ"ـدا دەڵێت: "پێویستە پژاك چەك دابنێت دەست بەخەباتى سیاسى بكات".
ئەوانە هەمووى بەلایەك كە مام جەلال لە بەغداد چ دەكات؟ چى لەخانەقین دەگوزەرێ فلان و فیسار چ دەڵێن؟! لێ جەنابى "مەسعود بارزانى" خەڵكى زۆر شت لە تۆ چاوەڕوان دەكەن هەروەك ڕاگەیاندنەكانى سەربە حیزبەكەت تۆ زۆر لە قەبارەى خۆت گەورەتر دەكەن، و بەسەرۆكى كوردستانى گەورەت دادەنێن بۆیە دەبێت لە ئاست متمانەى ئەو خەڵكە بیت كە دەنگیان پێت داوە. بە كردار بیسەلمێنیت كە بەڵێ تۆ سەرۆكێكى خەمخۆریانیت نەك بەیاننامە و ئیدانەكردنى هاونیشتمانیانت وەك بەیاننامەى ئیدانەكردنى سەرۆكایەتى هەرێم لە كوشتنى 9 سەربازى تورك لەلایەن پەكەكەوە، وە ئەو بەیاننامەیەى بەمدوایەش ڕۆژى 23/8/2011 كەدەڵێیت: "بوونى هێزى چەكدارى پژاك و پەكەكە لە ناوچە سنوورییە شاخاوییەكاندا، بەهانەیەكى بەهێزە لەدەست هەردوو وڵاتى دراوسێ. بەردەوامبوونى ئەم جۆرە كردەوانە و پەنابردنیان بۆ توندوتیژى و هەوڵدان بۆ بەكارهێنانى سنوورەكانى هەرێمى كوردستان، دەبێتە مایەى هێنانى توندوتیژیى نەخوازراو بۆ گەلەكەمان و ئەمەیش خزمەت بە دۆزى ڕەواى گەلى كورد ناكات و بەداخەوە لەم ڕووەوە هیچ حیسابێك بۆ بەرژەوەندیى خەڵكى هەرێم ناكرێت." چ بەرژەوەندییەك؟! گومانى ئەوە دەبەین پیلانى ژێربەژێرتان لەگەڵ سوپاى توركیا وەك ساڵانى نەوەدەكان هەبێت. گەرنا چۆن فڕۆكەكانى توركیا دێن قەندیل بۆردومان دەكەن، و كە ڕۆژى 21/8/2011 لەبنارى قەندیل 7 هاوڵاتى خەلكى "ڕانیە" لەیەك خێزان كوژران كێ لەخوێنەكەى بەرپرسە؟ تۆ بڵێى منداڵێكى شەش مانگە گوناهى چی بێت؟ هەر لەبەر ئەوەى كوردە دەبێ باجى كوردبوونى بدات. گەر ئەم بۆردومانە بەهەڵە بووە، ئەوا دەبێت كۆمارى توركیا داواى لێبووردن لە خەڵكى هەرێم بكات. ئەگەریش بەهەڕەمەكى بووبێت ئەوا دەبێت سەرانى كورد هەڵوێستێكى زۆر توند وەربگرن، تا ئاستى دەركردنى نوێنەرى توركیا لە هەولێر. ئەوە "ئەمەریكاى هاوپەیمان"ـیشمان! حەق بەسوپاى تورك دەدات تا لەخاكى هەرێمدا لە ئۆپەراسیۆنەكانى بەردەوام بێت (دار كرمى لەخۆى نەبێت تەمەنى هەزار ساڵە).
ئەى دەسەڵاتدارانى كورد ئێوە كە لەسەر كورسى دەسەڵاتن خۆ دەبێت لە حەناى داواى خەڵك بن. بۆ تا نوكە كارتى ئابووریى و ئاو وەك فشار بەرامبەر بە حكومەتى بەغداد بۆ ئەوەى بەرامبەر بە "ئێران و توركیا" هەڵوێست وەربگرێت، بەكارناهێنن. بەچەك نەتوانین ڕووبەڕووى وڵاتانى دراوسێ ببینەوە خۆ دەتوانین بەڕیگاى ئابووریى ڕووبەڕوویان ببینەوە، بەداخستنى مەرزەكان و ڕاگرتنى كارەكانى كۆمپانیا "توركى و ئێرانی"ـیەكان. خۆ لە برسان نامرین.
بۆیە "مەسعود بارزانى" دەبێت وەكو سەرۆكێكى دڵسۆز ئەو پەڕى هەوڵى خۆى بدات، نەك بڵێت: "ئەگەر لایەنەكانى دەرگیر خەیارى شەڕیان هەڵبژاردووە، ئەوا داوایان لێ دەكەم ئەو شەڕە لەهەرێمى كوردستان دوور بخەنەوە." قوربان پەكەكە لە ناو خاكى توركیا شەڕ دەكات لێ پاساوى ئەرتەشى توركیا ئەوەیە(پێتدەوەستم ڕاناوەستم)ـە. بۆیە جەنابى سەرۆك گەر ناتوانى ئەركى خۆت بەجێ بێنیت ئەوا وا باشە بڵێین: ببورە، بەداخەوە تۆ سەرۆك نیت !
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە