رۆژنامەنووسان سەردانی كاكە حەمەی حاجی مەحمودیان کرد
Wednesday, 03/12/2014, 12:00
پاشنیوەڕۆی 3/12/2014 بەمەبەستی گەیاندنی پرسەو سەرەخۆشی سەرجەم رۆژنامەنووسانی سلێمانی بە كاكە حەمەی حاجی مەحمود، سكرتێری لق و ئەندامانی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان سەردانی ماڵی كاكە حەمەیان لە گوندی گوڵەخانە لە دەشتی شارەزوور كرد..
نیگەرانیی و هاوسۆزی و هاوبەشی خەمی رۆژنامەنووسان بۆ كاكە حەمەی باوك، دڵنەوایی بۆ هاوسەرو منداڵەكانی شەهید عەتا، گەورەیی ئەو باوكەی خستە ڕوو كە سەركردەیەك كوڕی نۆبەرەی دەباتە پێشەوەی بەرەكانی جەنگ و بە خوێنی كوڕی نۆبەرەی پارێزگاری لە شاری كەركوك و شەرەفی كوردان دەكات، سكرتێری لق بەناوی سەرجەم رۆژنامەنووسانی سنووری لقەكەیانەوە سەرەخۆشی گەیاندە كاكە حەمەو خانەوانەی شەهید عەتا و بەناوی رۆژنامەنووسانەوە وتی: ئەوەی كاكە حەمە نواندی لە مەردایەتی و قارەمانێتی و بەرگریدا لە مێژووی میللەتاندا نموونەی كەمە..
پاش بەخێر هێنان، باوكی شەهید عەتا وتی: عەتا كوڕی ئەم میللەتە بوو، وەك هەر پێشمەرگەیەك ئەرك و شەهادەتی خۆی بەجێهێنا، زۆر بەداخەوە كە ئێمە رۆژانە لەبەرەكانی جەنگ شەهید دەبەخشین، هەموو ئەو شەهیدانەی تریش بۆ من هەر وەك عەتا وان..
رۆژنامەنووسان بەباوكی شەهیدیان وت ئێمە لۆگۆی لقی سلێمانی دەبەخشینە ئەو خاوەن قەڵەمانەی خزمەت بە دۆزی كوردو مێژوو ئەدەبو رۆژنامەنووسی دەكەن، ئێوە لە هەموو كەس شایستە ترن بۆ ئەو رێزلێنانە چونكە بە خوێنی جگەر گۆشەتان پارێزگاریتان لە سەروەریمان كردوە، بۆیە سكرێری لق لۆگۆی لقی بە دیاری بەخشیە كاكە حەمەو نیشانی لقیشی لە سنگی باوكی ئەو شەهیدە سەركردە داو رایانگەیاند حەز دەكەین هەموومان وەك شەهید عەتای كوڕتان تەماشا بكەن چونكە شەهادەت ترۆپكی شەهامەتە..
https://www.facebook.com/sulaymaniy.sandika
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست