کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆڕەكەى مەلا بەختیار

Friday, 07/08/2009, 12:00


ئەمڕۆ كاتژمێر 6ى ئێوارەى 6/8 مەلا بەختیار لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ ڕێكخراوە جەماوەرىیەكانى سەر بە یەكێتى لە هەولێر لەسەر بارودۆخى هەڵبژاردنەكانى پەڕلەمانى كوردستان و هەڵسەنگاندنى دەرئەنجامەكانى هەندێ بابەتى باسكرد كە زۆربەى دژ بە یەك بوو، دەبوایە زیاتر بابەتیانە هەلومەرجى هەڵبژاردنەكەو ئەنجامەكانى شیبكردایەتەوەو هۆكارى ڕاستەقینەى درووست بوونى ئۆپۆزیسیۆن كە بەڕاى زۆربەى چاودێران و سیاسەتمەداران و هەتا دەگاتە خۆشیان پێویستىیەكى گرنگە بۆ بەرەو پێش چوونى دیموكراسى لە كوردستان و خزمەتكردنى زۆرتر بە هاووڵاتیان ... هتد، وە هەروەها بابەتیانە هۆكارى هاتنە ئاراى لیستى گۆڕان و دەنگدانى خەڵكێكى زۆر بەو لیستەى هەڵبسەنگاندایە. ئەمانە هەمووى وەكوو هەوڵێك بۆ بەخۆداچوونەوەى یەكێتى نیشتمانى و لیستى كوردستانى بكردایەو داواى لە خەڵكەكە بكردایە كە هەڵسەنگاندن بكەن بۆ سیاسەتى ڕابردووى یەكێتى و حكومەتە یەك لە دواى یەكەكانى هەرێمى كوردستان. لەجیاتى ئەوانە هەندێ بۆچوونى نا لۆژیكى بە گوێى ئەو خەڵكەدا ڕادێرا وەكو وابێ كە ئەو خەڵكە هیچ لە سیاسەت نەزانێ، هەندێ لەو بۆچوونانەى ئەمانە بوون:
*ئێمە هەموومان هەڵەمان كردووە كەسمان لێى بێبەش نین لە مام جەلالەوە تا دەگاتە ئەندامێكى یەكێتى، وە ئەو هەلە كوشندانە بوونەتە هۆى شكستى یەكێتى و زۆر بوونى لایەنگرانى گۆڕان. كەچى دواتر هۆكارى چوونە پاڵ لیستى گۆڕان و دەنگدانى خەڵك بەو لیستەى بەوە لێك دەدایەوە كە چەند كادیرێك لە هەڵبژاردن دەرنەچوونەو چوونەتە پاڵ لیستى گۆڕان، وە هەروەها نموونەى چەند كەسێكى دەهێنایەوە كە داواى زەوىیان لێ كردووەو ئەوپێى ووتوون كەدەنگى ئێوەم بە زەوى ناوێ، وە 3 كەس هاتنە لام ووتیان ئێمە نوێنەرى 40 كەسین دەگەڕێینەوە ناو یەكێتى وە بەرامبەر ئەمە داواى پارەیان كردووەو من ویژدانم قبووڵى نەكرد پارەیان بدەمێ و بە پارە دەنگیان بكڕم وە هەموو ئەوانەى دەنگیان بە گۆڕان داوە لەو جۆرە خەڵكانەن!!.
ئایا ئەمە لێكدانەوەى كارگێڕێكى مەكتەبى سیاسى حزبێكى خاوەن مێژووى تێكۆشانى وەكو یەكێتىیە بۆ شكستەكەى لە لایەك و بەدەست خستنى 25 كورسى پەڕلەمان لەلایەن لیستێك كە دوو مانگ نەدەبوو درووست ببوو.
*لە لایەكى تر ووتى ئەوە حكوومەتە خزمەتى خەڵكى نەكردووەو خەڵك بێ ئیشەو دەرچووانى دانەمەزراندووەو بووەتە هۆكارى ناڕازیبوونى خەڵك نەك حزب!. دیارە كاك بەختیار نازانێ كە حكوومەت هى حزبەو حزب و حكوومەت لێك جیا نىیەو هەردەم ئەندامێكى (م س) ى یەكێتى سەرۆكى حكوومەت یان جێگرى سەرۆكى حكوومەت بووەو وەزیرەكانیش هەمووى سەركردەو كادیرى حزب بووینە.
*واى لێك دایەوە كە ئەوانەى چوونەتە پالأ لیستى گۆڕان كەسیان خاوەنى عەقل و فەلسەفەو بۆچوونى سیاسى نین و بۆ پلەو پایەو پارەیە تەنیا نەوشیروان و حەمە تۆفیق ڕەحیم نەبێ كە یەكەمیان سایكۆلۆژیەتى وایە لە زووەوەو دووەمیان لەگەڵ ئەوە لەبەر ئەوەى زاوایەتى!
ئایا حزبێك ئەمە هەڵسەنگاندنى كارگێڕى مەكتەبى سیاسىیەكەى بێ بۆ بزووتنەوەیەك و لیستێكى چەند مانگى كە بە سەدان هەزار دەنگى هێناوەو بە 25 ئەندام دەچێتە پەڕلەمان، دەبێ دواڕۆژى چى بێت.
بەداخەوە دیارە هەرچەند باس لە بوونى هەڵەى كوشندەو پێویستى بەخۆداچوونەوەو سزادانى گەندەڵان و كەمتەرخەمانى ناو حزب دەكرێت كەچى لە لایەكى تر هەر دەگەڕێنەوە بۆ سیاسەتى ڕق و كینە بەرامبەر بەو گرووپ و لیستانەى كە ئۆپۆزیسیۆنى ئەوانن كە ئەوەش زۆر ئاسایىیەو هۆكارى بەرەو پێش چوونى هەرێمى كوردستان و خزمەتكردنى زۆرترە بە خەڵكى كوردستان.)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە