چارەنووسی کوردستان لە ژێر سایەی بە ناو سەرۆکی هەرێم!
Tuesday, 25/08/2015, 21:29
مەسعود بارزانی سەرۆکی ساختەی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ساختەچێتی و زۆر و زۆرداری دەیهەوێ جارێکی تریش (دوای ئەم جارەش چەندین جاری تر) بە سەرۆکی هەرێم دابنرێتەوە لە ڕێگەی بە ناو سازانی پارتە کوردی یەکان یاخود لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکەوە ببێتەوە سەرۆک (هەڵبژاردنێک کە بۆ هەموو کەس ڕۆشنە کە هەر ئەوە دەردەچێتەوە، چونکە بە ساختەچێتی کردن هەر ئەو و پارتی دەبنەوە یەکەم) بۆ هەتا هەتا یەی تەمەنی خۆی سەرۆک بێ وەک پادشاکانی عەرەبستان و خەلیج و بروننی ...هتد.
مەسعود بارزانی ئەو پیاوەی شەڕی هیچ پارچەیەکی کوردستان (باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) نەماوە نەیکا. بە دەیان کەسی لە شۆڕشگێڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات تەسلیم بە دەوڵەتی شا و کۆماری ئیسلامی ئێران کردۆتەوە. شەمدین ساکیکی ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پ ک ک ی تەسلیم بە تورکیا کردەوە. لە شەڕیشدا بە سەدان و بە هەزاران پێشمەرگەی لە پارچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور شەهید کردووە و هەروەها بە هەزاران چەکداری خۆشی لە شەڕەکانی پارچەکانی تردا بە کوشت داوە. هەروەک بۆ خۆی لە بەرامبەر گلەیی تورکەکان دەڵێ پارتی دێموکراتی کوردستان زۆرتر لە سێ هەزار چەکداری خۆی لە شەڕی دژ بە پ ک ک دا بە کوشت داوە، ئیتر تورکەکان چی تریان لە من و پارتی دەوێ!؟
مەسعود بارزانی لە ساڵی ١٩٩١ ەوە سەرۆکی هەرێمی زەردە لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و قەزاکانی چۆمان، مێرگەسوور و شەقڵاوە، سۆران، ڕەواندوز و خەباتی سەر بە هەولێر تاوەکو ١٩٩٦. لەوەو دواش بینیمان لە ٣١ی ئابی هەمان ساڵدا بە تانکەکانی دەوڵەتی بەعس و سەددام هەولێری لە ژێر دەستی یەکێتی دەرهێنا و بەم جۆرە بوو بە سەرۆکی شاری هەولێریش تاوەکوو ساڵی ٢٠٠٥. لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە بە پێی ڕێککەوتنێک کە لە گەڵ یەکێتی بوو بووە وە بە سەرۆکی هەرێم و ئەم جارە بوو بە ناو سەرۆکی هەر سێ پارێزگایە ئازادکراوەکانی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان. لەو ڕێککەوتنەدا کە لەگەڵ یەکێتی مۆرکراوە کوردستانیان تاپۆی خۆیان کردووە و لە مەشدا سەرۆک کۆماری عێراق بۆ یەکێتی و سەرۆکی هەرێمیش بۆ پارتی بێ. مەسعود بارزانی دوو خول لە سەر یەک بۆ ماوەی چوار ساڵ بووە وە بە سەرۆک و دوو ساڵی پێشوو لە ٣٠ حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣دا هەردوو خولەکانی کۆتاییان پێهات، بەڵام نە خۆی نە پارتی دەست بەرداری پۆستەکەی مەسعود بارزانی نەبوون و لە ڕێگەی کودەتایەکی پاڕلەمانەوە بۆ دوو ساڵ و بە نایاسایی هەڵیانبژاردەوە. ئەم هەڵبژاردنە بۆ ماوەی دوو ساڵ بوو. واتا لە ١٩ ئابی ئەمساڵدا کۆتای بەم خولە نایاساییەشی هات، بەڵام هێشتا دەست بەرداری ئەم پۆستە نەبووە و نابێ، چونکە بە تاپۆی خۆی دەزانێ و خۆی با شای کوردستان دەزانێ و دەناسێ.
ئێستا پارتی و مەسعود بارزانی دەیانهەوێ لە ڕێی بە ناو سازانەوە بگەنە ڕێککەوتنێک کە مەسعود بارزانی ببێتەوە بە سەرۆک، یاخود لانی کەم سەرۆک لە پارتی بێ ئەمجارەش. لە دیدی پارتیش گەر مەسعود بارزانیش نەبێتەوە سەرۆک ئەوا بێگومان یەکێ لە کوڕەکانی دەبێت بە سەرۆک. سازان لە دیدی پارتی ئەوەیە کە هەموو لایەنەکان داوای پارتی پەسەند بکەن و مەسعود ببێتەوە سەرۆک. بەڵام پارتی ئامادە نی یە کە لانی کەم داوای چوار پارتە سەرەکی یەکەی تر پەسەند بکا کە داوا دەکەن پرسی سەرۆکایەتی لە پاڕلەمان یەکلایی ببێتەوە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیش هەر لە پاڕلەمان یەکلایی بکرێتەوە. واتا سازان لە دیدی پارتی ئەوەیە کە زۆرایەتی ملکەچی کەمایەتی بێ. کە ئەمەش تەنها لە یاسای دەوڵەتە دیکتاتۆرەکاندا بوونی هەیە و لە وڵاتە دێموکڕاتەکاندا هەمیشە کەمایەتی ملکەچی زۆرایەتی یە، بە بێ ئەوەی مافی کەمایەتی یەکانیش بخورێ.
سەرباری هەموو ئەمانەش دەبێ پارتی و مەسعود بارزانی بە چ ڕوویەکەوە دەیانەوێ مەسعود ببێتەوە بە سەرۆک کە لە کوردستاندا لە ژێر سایەی ئەودا شەڕێک هەڵگیرساوە لە گەڵ داعشدا کە خودی خۆی و پارتەکەی دەستیان هەبوو لە درووست کردنیدا لە پاڵ دەوڵەتانی ئامریکا، تورکیا، سعودیە و ئوردن و...هتد. لە سایەی ئەم سەرۆکەدا، لە کوردستاندا تەواوی بووژانەوە و وەگەرخستنەوە پەکی کەوتووە. موچە نی یە یاخود لانی کەم لە کاتی خۆیدا نادرێ. ئاو و کارەباو جادەو بان و..هتد و تەواوی کەرتەکانی دوڵەتی و تایبەتی پەکیان کەوتووە. ئێستا لاوەکان دەستیان کردۆتەوە بە کۆچی نایاسایی بۆ دەرەوەی کوردستان، چونکە هیچ ئومێدێک لە ئایندەی خۆیاندا نابینن. سێ چوار ساڵ پێس ئێستا کۆچی پێچەوانە لە دەرەوە وە بۆ کوردستان دەستی پێکردبوو، چونکە هەندێ کەس پێ یان وابوو کە ئیتر کوردستان ئارامە و بەرەو بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە ڕۆیشتووە. کەچی زوو ئەو ئومێدەی کە هەڵیانچنیبوو وەک بڵقی سەر ئاوی لێ هات و ئێستا وا خەریکن دەگەڕینەوە دەرەوەی کوردستان.
ئەگەر کەسێک هیچ شەرم و ئابڕوو و هەستی کوردایەتی و مرۆڤایەتی هەبێ، دەبوایە خۆی وازی بهێنایە تەنانەت ئەگەر میللەتیش هەڵیبژێرنەوە بە سەرۆک، بەڵام ئەم مەسعودەی ٣١ی ئاب و پارتەکەی نە شەرمیان هەیە، نە ئابڕوویان هەیە، نە حەیان هەیە، نە هەستی نیشتمانی و مرۆڤایەتیان هەیە.
کوردستانێک و میللەتێک لە ژێر سایەی ئەم سەرۆکەدا دەسەڵاتدارێتی بکرێ دەبێ چاوەنواڕی چی باشی لێ بکەین!؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست