حەشدی شەعبی و لاوازی دەسەڵاتدارانی کورد
Wednesday, 18/02/2015, 12:00
کوردستانی باشوور نەک هەر لە لایەن سەربازانی عێراقی یەوە بەڵکو زۆر جاران لە لایەن گروپ و تاقمی عەشایەری و خێڵەکی و بەدووی و تایفی ئایینی و نەتەوەیی یەوە ڕووبەڕو بۆتەوە. بۆ نموونە دەیان ساڵ لەوە پێش تاقمێکی بەدووەکان بە دروشمی (احنا بدو وێن'ل عدو) کەوتنە ناو کوردستان و بە شێکی زۆری ماڵی کوردانیان سووتاند. بەتایبەتی لە گوند و لادێکان.
گیانی ڕقی کورد بەداخەوە لە ناو زۆربەی تاکی عەرەبدا پەنگی خواردۆتەوەو هەمیشە ئامادەیە بۆ تەقینەوە. هەر لەبەر ئەوە بە داوایەک و پێشنیهادێکی چکۆڵە ئامادەییەکی زۆر بۆ وەڵامدانەوە لە لایەن تاکی عەرەبەوە هەیە. جا ئەو داواکاری یانە چ لەلایەن سەربازانی عێڕاقی یەوە بوبێ یاخود تیرەو مەزهەب و بەدووی...هتد. بۆ نموونە عەشایەرانی عەرەب لە ناوچەی سەعدی یە و جەلەولا و مەندەلی و تازەخورماتوو و حەویجە و داقوق و مەخمور و شەنگال و ...هتد ئامادەن لە گەڵ هەموو لایەنێک ڕێککەوتن بکەن، بەو مەرجەی دژی کورد بێ. ئەوان لەو ساڵانەی دوای ڕوخانی سەدامدا لەگەڵ درووست کردنی هێزی سەحوە و دیجلە و داعش و حەشدی شەعبی دا خۆیان دەگونجاند. تەنانەت کاتێ ناوچەکەیان دەکەوێتەوە دەستی پێشمەرگە پاکانەی خۆیان دەکەن و خۆیان بە فریشتە لە بەرامبەر کورددا نیشان دەدەن. بۆ ئەوان گرنگ نەبوو ئەو گروپانەی دژی کوردن شیعەن یاخود سوونی، بەڵکو ئەوان لە گەڵ شەیتانیشدا ئامادەن هەموو هاوکاری یەک بکەن دژی کورد.
ئێستا لەو کاتەدا هێزی حەشدی شەعبی بە فتوای سیستانی و پشتیوانی ئێران درووست بووە. بە شێوەیەکی زۆر جدی جێگای مەترسی یە، هەم دەسەڵاتی فتوای لە پشتە هەم دەوڵەتێکی بەهێزی وەک ئێران. ئەم هێزە تاوەکو ئێستا جگە لە ناوچە عەرەبی یەکان لە زۆر جێگای کوردستانیش خۆیان سەپاندووە، وەک ناوچەکانی توزخورماتوو، داقوق، قەرەتەپە، جەلەولا، سەعدی یە و مەندەلی. بەهێزی و کاریگەری ئەوان لە چەند ناوچەیەکی وەک سەعدی یە و مەندەلی نەک هەر بۆتە ئەمری واقیع بەڵکو ئێستا دەسەڵاتدارانی کورد خۆیان دەدزنەوە لە ناو هێنانی ئەو ناوچانە بە ناوچەی کوردان. تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتدارانی کورد لە ژێر لێویشەوە ناوی ئەو ناوچانە بێنن لە کرداریدا شتێک لەوێ بە ناوی دەسەڵاتی کوردی یەوە بوونی نی یە.
ئێستا جگە لەو هەموو شوێنانەی باسمان کردن کە هێزی حەشدی شەعبی دەسەڵاتی خۆی تێدا سەپاندووە، هەڕەشەی ئەوەش دەکەن کە هەر کاتێ ئەوان (خۆیان) بە پێویستی بزانن ئەوا سەرەو ژوور دەبنەوە بۆ ناو شاری کەرکوکیش. لە بەرامبەردا مەسعود بارزانی و نەجمەدین کەریم و ..هتد دژایەتی خۆیان بۆ هاتنی حەشدی شەعبی نیشانداوە. ئەوان پێشتر ناڕەزایەتی خۆیان بۆ جەلەولا و توزخورماتوو، قەرەتەپە و داقوقیش نیشاندا کە چی دواتر نەیانتوانی ڕێ لە تەوژمی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی بگرن و چونە ناو شارۆچکەکانەوە. لە دوو شاریش سەعدی یە و مەندەلی دەسەڵاتی کوردی بە تەواوی بێکاریگەر کراوە. با باسی بەدرەو جەسان و شارەبانیش نەکەین، کە دەسەڵاتدارانی کورد بەتەواوی دەستیان هەڵگرت لەو ناوچانە.
ئەو عەرەبە شیعانە کە حەشدی شەعبی یان پێک هێناوە، دەمێکە پیلانە گڵاوەکانیان دژی کورد پیادە کردووە، نەک بە داگیرکردن و بەشدار بوون لە بەڕێوەبردنی چەند ناوچەیەکی کوردی، بەڵکو ئەوان لە ناوچەکانی خالیێ و هەندێ شوێنی تر (کە عەرەب نیشینن) کردۆتە ڕێگای مەرگ بۆ کوردان. تائێستا چەندەها کورد لەو ناوچانە شوێن بزرکراون یاخود بە پارەیەکی زۆری خەیاڵی ئازاد کراون. تەنانەت هی وا هەیە پارەکەشیان لێوەرگرتووە کەچی هەر کووشتوشیانە یاخود تا ئێستا شوێن بزرە. ئەوەی ئەو حەشدی شەعبی یانە دەیکەن یەکێکە لە پیشە هەرە کۆنەکانی کولتووری عەرەبی کە چەتەگەرێتی یە.
حەشدی شەعبی بەو هەموو نیەتە گڵاوانەیان کە زۆری جیاوازی نی یە لەگەڵ داعش. ئەگەر بێتو دەسەڵاتی ڕەهایان بە سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان بشکێ دڵنیام لە داعش خراپتر دەبن باشتر نابن.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە لاوازی دەسەڵاتی کوردی یە بەرامبەر حەشدی شەعبی، بەتایبەتیش جیاوازی تێڕوانینی دوولایەنەی یەکێتی و پارتی بۆ حەشدی شەعبی. چونکە یەکێتی دەڵێ ڕێککەوتننامەیان لەگەڵ مۆرکراوە و پێدەچێ پارتی بەشدار نەبێ لەو ڕێککەوتننامەیە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نی یە کە ڕوانگەی پارتی بۆ حەشدی شەعبی کوردانە تر بێ، نەخێر، بەڵکو هۆیەکەی ئەوەیە کە پارتی لە مەیدانەکانی حەشدی شەعبی دوورترە و تا ئێستا نەگەیشتوونەتەوە ناوچە دەسەڵاتی یەکانی پارتی. دژایەتی کردن و تەسلیم نەبوونی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی یەکێکە لە کارە هەرە کوردانەی ئەمڕۆ و هەنووکەیی یە، کە هەر بەڕاستی داعشی دووەمن. بەڵام بەداخەوە لە سایەی دوو دەسەڵاتی لاواز لە بەرامبەر دوژمنان و بەهێز لە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی کورد، هیچ ئومێدێکی بۆ تاکی کورد ناهێڵێتەوە کە حەشدی شەعبی لەئایندەدا بە مەرامە گڵاوەکانیان نەگەن بە هاتن بۆ ناو کەرکوک و چەندین شوێنی تری کوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست