نا بۆ بازرگانیی کردن بە زەوی هاوڵاتیانەوە"

Monday, 09/01/2012, 12:00

1264 بینراوە


نا بۆ بازرگانیی کردن بە زەوی هاوڵاتیانەوە"
نارەزایەتیی نامەیەک لەلایەن ژمارەیەک رۆشنبیر و مامۆستا و فەرمانبەرى کەلارەوە

بەرێز: سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران
بەرێز: دەستەى وەبەهێنان
بەرێز: ئیدارەى گەرمیان
بەرێز: فەرمانگەى داواکاری گشتیی گەرمیان
بەرێز: قایمقامی قەزاى کەلار

بابەت: ناڕەزایەتیی نامە

ماوەیەکە دەنگوباسی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە لە قەزاى کەلار کۆمپانیایەک هەزاروهەشت خانوو بەناوى پرۆژەى کەلارى نوێ لە نزیک گەڕەکى کەلارى کۆن درووست دەکات. ئێمە وێڕاى خۆشحاڵییمان بەم کارە کە پەرەپێدانى ناوچەکانى لێدەکەوێتەوە، بەڵام هەندێک تێبینی و ناڕەزایەتییمان هەیە کە لێرەدا دەیخەینە روو.
یەکەم: ئەم پرۆژەیە وابڵاوبووەتەوە کە نرخەکەى لەسەرووى 60000$ واتا سەرووى شەش دەفتەر دۆلارە. ئێمە ئەم نرخە زۆر بە زیاد و گران دەزانین و پێمان وایە ئیستغلا کردنى هاوڵاتیانى هەژار و کەمدەست و کرێچییە، چونکە پێشتر شارەوانى کەلار لەسەر ئەم مەسەلەیە کێشەى هەبوو لەگەلڕ کۆمپانیاکە ئێستا ماناى چییە رێگە بدرێت لەسەر زەوى حکومەت، بەو نرخە زۆرە خانوو بە هاوڵاتیان بدرێت.
دووەم: ئەم پرۆژەیە بازرگانییە نەک خزمەتگوزاریی، ئەمە لەکاتێکدایەى کە ئەو زەویەى کە دەدرێت بەو پرۆژەیە، زەوى خەڵکەو موڵکی گشتییە. هەروەها کەلار پێویستى بە خانوو نییە بۆ بازرگانى بەڵکو دەتوانرێت بازرگانى بە کەرتى دیکەوە بکرێت نەک خانوو، چونکە نرخى خانوو و زەوی لەکەلار خۆی لە بنەڕەتەوە زۆر گرانە بەرادەیەک لە کڕین نایات بۆ کەسانى ئاسایی و داهات دیارییکراو.
سێیەم: هیچ رێکەوتن و نووسراوێک نییە کە باس لەوەبکات ئەم پرۆژە بۆ کەسانى کەمدەست و کرێچیی بێت، لەکاتێکدا کە کەلار هەزاران خێزانى کرێچیی تیایەو سەدان فەرمانبەریش کە چاوەڕوانى وەرگرتنى زەویی، هەر بە کرێچێتى ماونەتەوە و بەهۆی بەرزى نرخى پرۆژەکەشەوە، رەنگە نەتوانن لێی سودمەند بن.
چوارەم: ئەم پرۆژەیە بەمشێوەیەى ئێستاى، ئەوەندە دەبێتە هۆکارێک بۆ بازرگانیی کردن پێوەى، ئەوەندە بۆ خزمەتى هاوڵاتیان نییە، هەست دەکەین ئەم پرۆژە زیاتر بۆ خزمەتى دەوڵەمەندانە نەک کەسانى کەمدەست کە زۆر پێویستیان بە شوێنى نیشتەجێبوون هەیە.

بەگشتى و لەژێر رۆشنایی ئەم خاڵانەى کە باسمان کرد، ئێمە ئەم پێشنیازانە دەخەینە روو:
یەکەم: پرۆژەکە بکرێتە پرۆژەیەکى خزمەتگوزاریی، چونکە ئەگەر وانەبێت، نە ژمارەى کرێچیی کەم دەکات، نە کێشەى کرێچێتى چارەسەر دەبێت و بەپێچەوانەشەوە موعانات و نارەزایەتییەکانى هاوڵاتیان هەر بەردەوام دەبێت.
دووەم: نرخ و پێشەکى بۆ ئەو پرۆژانە بەشێوەیەک بێت کە کرێچیی و کەسانى داهات مام ناوەند و فەرمانبەران بتوانن بچنە ژێر بارییەوە، نەک پرۆژەکە ببێتە پرۆژەیەک کە تەنها دەوڵەمەندان لێی سودمەند بن و بازرگانى پێوە بکرێت.
سێیەم: ئەگەر هیچکام لەم خاڵانە ناکرێت، ئەوا با ئەو پرۆژەیە ئەنجام نەدرێت و زەویەکان بە گوێرەى یاسا و رێنماییەکان بەسەر هاوڵاتیان و کرێچیی و فەرمانبەرەکاندا دابەش بکرێت، ئەوکات هەم نرخى خانو و زەوى کەم دەبێتەوە، هەم بە پشت بەستن بە سولفەى عەقاریش، هاوڵاتیان دەتوانن ئەو زەویانە بکەنە خانوو.

بەرێزان... ئێمە لەو پەڕی دڵسۆزیی خۆمان بۆ شارەکەو دانیشتوانەکەى، ئەم پێشنیازانە دەخەینە بەردەستى ئێوە، خوازیارین ئێوەش لە ئاستى بەرپرسیارێتی دا بن و بە هەند وەریبگرن، وە ئێمە بۆ ئەم مەبەستە بەدواداچوون و کارى دیکەى مەدەنیان درێژە پێدەدەین، چونکە بێدەنگ بوون لە پرۆژەیەکى وەها، بێدەنگ بوونێکى ئاشکرایە لە بە هەدەردانى سامان و مافی گشتیی.
لەگەلڕ رێزماندا....

ژمارەیەک رۆشنبیر و مامۆستا و فەرمانبەرى کەلار
9/1/2011




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە