كارەساتێكی گەورە لە زانكۆی سلێمانی
Tuesday, 03/01/2012, 12:00
ساڵانێك زانكۆی سلێمانی ببوە هەوێنی زانست و خەبات، هەزاران ڕۆڵەی ئەم كوردستانە لەو زانكۆیەدا خوێندویانە و خزمەتی كوردیان كردوە، سەدان خوێندكاری ئەو زانكۆیەش بەهۆی كوردایەتیەوە لەلایەن حیزبی بەعسەوە لە سێدارە دراون یان روبەروی گرتن و زیندانی بونەتەوە.
ئێستایش بەهۆی نابەرپرسیاری و نەبونی لێپرسینەوە لە هەندێ لە بەرپرسانی ئەو زانكۆیە، دیاردەی زۆر نا شارستانی و دور لە ئەكادیمیەت بڵاوبۆتەوە و دیارترینیان دزینی نامەی ماجستێر و دكتۆرایە!.
لەم رۆژانەدا سەردانی كتێبخانەی فاكتەلتی زمان و زانستە مرۆڤایەتیەكانم كرد، ویستم داوای نامە و ئەتروحەكان بكەم، وتیان بە فەرمانی جەزا تۆفیق تاڵبی راگر بە هیچ شێوەیێ نابێ ببرێتە دەرەوەی كتێبخانە و بۆ سەیركردنیش واستەی ئەوێ!. زۆرم بەلاوە سەیر بو، تا كارمەندێكی كتێبخانەكە چرپانی بە گوێما و وتی هەندێ لەو كەسانەی ماجستێر و دكتۆرا لەم فاكتەڵتیەدا ئەهێنن، لەبەرئەوەی ئاستی زانستی نامە و ئەتروحەكانیان ئەترسن یان لەبەرئەوەی بەشێكی گەورەی نامە و ئەتروحەكانیان بە كۆپی و پەیست لە ئەتروحەی كەسانی ترەوە هێناوە، بۆیە نە غیرەتی ئەوەیان هەیە لە دەرەوەی زانكۆ وەك ئەتروحەیەكی زانستی چاپی بكەن، نە راگرایەتیش ڕێگا ئەدا كە ببرێنە دەرەوە. تا بە وردی سەیری ئەو نامە و ئەتروحانە بكرێ، ئەمەش وەك پەردەپرشێك بۆ ئەو خاوەن ماستەرو دكتۆرایانەی كە زانیاری و بابەتیان لەم و ئەو دزیوە.
بە راستی ئەم بڕیارەی راگری ئەو فاكتەڵتیە، خیانەتێكی گەورەی زانستیمان لە كوردستان بۆ ئاشكرا ئەكا، ئەویش خۆ هیلاك نەكردنی هەندێ لەو خوێندكارانە و دزینی بەرهەمی كەسانی ترە، ئەگەرنا هەروەك چۆن قەشەكانی سەدەكانی ناوەراست نەیاندەهێشت ئینجیل چاپ بكرێ و كەسانیتر ببینێ، ئەمانیش دەیانەوێ وەك قەشەكانی سەدەكانی ناوەراست مامەڵە بكەن... بەڵام هەركەس ئەم جۆرە بڕیارانە دەربكا و ڕێگا لە ئەمانەتی زانستی بگرێ، ئەوا دوارۆژ راستی هەر دەرئەكەوێ... بۆیە هەقە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاوڕێك لەم نائەمانەتییە زانستیە بداتەوە، چونكە زانكۆی سلێمانی فەخرە بۆ هەمومان و نابێ بە هەڵەی كەسانیتر لەكەدار بكرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست