راگەیاندنی هاوبیرانی كوردایەتی سەبارەت پەیامەكەی ئوجەلان لە نەورۆزی 2013 ە دا
Thursday, 28/03/2013, 12:00
بەپێی ئەو راستییەی كە مەسەلەی كورد لەهەموو پارچەكانی كوردستاندا, یەك مەسەلەیەو هەر گۆرانكاریەك لە هەر پارچەیەكیدا, كاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر پارچەكانیتر ئەبێ. بە ئەركی خۆمانی ئەزانین باری سەرنجمان بەرامبەر پەیامە سەرسورهێنەرەكەی بەڕێز عەبدوڵا ئوجەلان پیشانبدەین .
سەرەتا ئەڵیێن, بەپێی هەموو پێوەرە یاساییەكان كەسێكی زیندانیكراو ئەهلیەتی یاسایی نیەو خاوەنی ئیرادەی تەواوەتی خۆی نیە چجای كەسێكی وەك ئوجەلان كە14 ساڵە لە زیندانێكی تاكە كەسیدایەو لەژێر گوشار و ترسو تۆقاندنی رەگەزپەرستانی توركدایە كە ئەوەش لەوانەیە بووبێتە هۆی نا ئومێدی ئەو،سەرباری ئەوەی ئەو بەڕێزە دوورە لەواقیعی نەتەوەكەیو گۆرانكاریەكانی كوردستانو جیهان.
لەماوەى ساڵانی زیندانیەكەیدا هەندێ هەڵوێستی هەبووە كە دژو پێچەوانەى دیدوبۆچوونەكانی پێش زیندانیكردنەكەیبوو. لەوانە ، وەك ویستبێتی حاشا لە كوردبونی خۆی بكا ، جارێك وتوێتی من دایكم توركە. لە پەیامێكیشیدا كەوتبووە مەدحو پیاهەڵدان بەسەر پەیمانی لۆزاندا!! ئەوە جگە لەوەی ئامانجی پەكەكەی لە سەر بەخۆییەوە گۆڕی بۆ پێكەوە ژیان لەگەل توركدا. ئێستاش لەم پەیامەیدا وەك ناوی پەكەكەی لەبیرنەمابێ ، یا وەك ئەوەی خۆی بەگەورەتر لە پەكەكەو كورد بزانێ (كەئەمانە ئاسایی نین) بەناوی تەنیا خۆیەوە ئەدوێ ! هەروەها بەبێ راو راوێژی سەركردایەتی پەكەكەو رێكخراوە سیاسیەكانی تری باكور بریاری تاكەكەسی ئەدات ! . بۆیە لەخوارەوە بەكورتی ئەو پەیامەو هەڵوێستی دەسەڵاتی توركیش ئەخەینە ژێر هەندێ پرسیارەوە.
دوای ئەوەی هەوڵەكانی تورك لەماوەی 90 ساڵی رابردوودا بۆ قەلاچۆو تواندنەوەی كورد ، ئامانجیان نەپێكا, دیسان دوای 30 ساڵیش شەڕی پەكەكە، نەیتوانی چۆك بەگەریلاكانی كورد دابدات. هەروەها دوای زیندانیكردنی عەبدوڵا ئوچەلان ، ئەو خەونەی نەهاتەدی كەبزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە باكوردا لەناوبەرێ , بەڵكو بەپێچەوانەوە ، ئاگری بزووتنەوەكە تابێ زیاتر كڵپە ئەسێنێ ، بۆیە ئێستا رووی لەرێبازێكی تر كردووە تا ئەوەی بەشەر بەدەستی نەهێنا ، بە ئاشتی بەدەستی بهێنێ،ئەویش چەك دانانە بەگەریلاوكۆتایی هێنانە بەشۆڕشی گەلی كوردستان لە باكوردا. پەیامەكەی ئوجەلانیش (كە جێگەی چەندین گومان و پرسیارە) وائەنوێنێ بەشێكبێ لەو هەوڵەی تورك !. ئێمە لەگەڵ رێزماندا بۆ خەباتو بەرهەمەكانی ئوجەلان, ئاماژە بۆ ئەو راستیەش ئەكەین كە ئەوبەڕێزە, ئەگەرچی لەسەردەمێكدا تێكوشەرێكی ماندوونەناسو رابەرێكی بەتوانابوە, بەڵام ئێستا بەپێی ئەوەی زیندانیەكەو چەن ساڵێكە كاربەدەستانی تورك هەموو هۆكارێكی ترساندنو پزیشكیو هونەریان لەگەڵدا بەكارهێناوە بۆ شتنەوەی مێشكی، هەر راو بڕیارێك لەو بەرێزەوە, لەم بارودۆخەی ئێستایدا ئاسایی نیەو ئەبێ گەلێ حیسابی لۆجیكیو زانستیانەی بۆبكرێو فەرمانەكانی كوێرانە جێبەجێ نەكرێن َو پیت بەپیتی وتەكانی شیكرێتەوەو بزانرێ لەژێر چ كاریگەریەكداو بۆ چ مەبەستێك ئەدوێ یا بەكۆمەڵێ دەستەواژەى تەمومژاویەوە هێناویانەتە دواندن، وەك : (دەسپێكی سیاسەتی دیموكراتیك و مۆدێرنتەو..هتد) كەئەمانە زیاتر دەستەواژەى فەلسەفین و چەندین لێكدانەوەی جیاواز هەڵئەگرن نەك دەستەواژەی سیاسی كە ئەبێ وەك زمانی ماتماتیك روون و بێ تەمومژبێ . ئەم شێوازە تەمومژاویەش هەمیشە دوژمنانی كورد لە كاتی لاوازیاندا بەكاریان هێناوە بۆ ئەوەى لەكاتی هێزیاندا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان شرۆڤەى بكەن ! لەم روانگەیەوە ئێمە بەئەركی خۆمانی ئەزانین كە ئەم باری سەرنجانەمان بخەینە روو:
o لەپایچی دوای 30 ساڵ قوربانیدان گەریلاكانی پەكەكە چەك دانێنو كۆتایی بە شۆرشەكەیان بێنن!؟
o دەركردنی گەریلاكان لە نیشتمان و لە زێدی خۆیان ، مانایچی !؟ لە كۆتایی چ جەنگ و چ شۆرشیكدا، مەرجی وا ئابڕووبەر، قبووڵكراوە ؟ بۆچی ئەو تێكۆشەرانە، شۆڕشیانكردو هەزاران شەهیدیاندا ، بۆئەوەبوو لە ئەنجامدا شاربەدەركرێن و لە خێزان و منداڵیان دوور خرێنەوە !؟
o بەرامبەر بەچی ، دیلە توركەكان ئازادكران ؟ لەكاتێكدا دەهەزار تێكۆشەری كورد لە زیندانەكانی توركیادانو هیچ هەنگاوو بەڵێنێك نیە بۆ ئازادكردنیان.
o بەرامبەر ئەم پەیامەی ئوجەلان، دەسەڵاتی تورك نەهەنگاوێكی ناوە ، نەهیچ گفتێكی داوە بۆمافی نەتەوەیی زیاتر لە 30ملیۆن كورد لەباكوردا .
o هێشتا پەیامەكەی ئوجەلان ، 3 رۆژی بەسەردا تێنەپەریبوو، ئەردۆگانو گیول كەوتنە گلەیی و گازندەو بڕوبیانوو سەبارەت بەوەی لە ئاهەنگەكانی نەورۆزدا ئاڵای تورك بەرزنەكراوەتەوە. ئەمەشیان بە ئاستەنگێك دانا لە رێگەی پرۆسەی ئاشتیدا.هەروەها سەر ۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك، دوای پەیامەكەى ئوچەلان،بە گەریلاكانی قەندیل ئەلێ(تیرۆرست و پیاوكوژو بەبێ پیاوكوشتن ناتوانن دانیشن) . بەپێی ئاژانسی جیهانی توركیش ، دەستەى ئەركانی سوپای توركیا ، هەواڵەكانی وەستاندنی پرۆسەى سەربازی رەتدەكاتەوە !
o دروستكردنی ئەنجومەنی دانایان, گوایە بۆ چاودێری پرۆسەی ئاشتیو كۆتایی هێنانە بەتیرۆر! راستییەكەى بۆ خڵافاندنی كوردە تا ئەردۆگان بەتەواوی مەبەستەكانی ئەپێكێ. ئەم ئەنجومەنە وەك ئەو لیژنانەیە كە بۆ لەگۆڕنانی مەسەلەیەك پێك ئەهێنرێن. ئەگینا كێشەیەكی گەورەی وەك كێشەی كورد بە ئەنجومەنێكی لەو جۆرە چارەسەر ناكرێت. توركیا دەوڵەتێكە خاوەنی پەرلەمانو حكومەتو دەستورو یاسایە. ئەو كێشەیە ئەبێت لەو كەناڵانەوە چارەسەر بكرێ.
o ئوجەلان كاتێك ئەتوانێ رایەكی دروست و جێگەباوەر بدات كە لەزیندان ئازادكرێو لە ژێر هیچ گوشارێكدا نەمێنێ.
o رژیمی تورك ئەگەر بەراستێتی ئاشتەوایی ئەوێ ، ئەوا ئەبێ جگە لە ئوچەلان ،لەگەڵ قەندیل و دیاربەكریش دانوستانبكات. سەرەتا ئەبێ بەفەرمی واز لەو دروشمە شۆڤێنیەى بێنێ كە ئەلێ: (یەك نە تەوە،یەك زمان،یەك ئاڵا،یەك نیشتمان) . هەموو زیندانیە كوردەكان بە ئوچەلانیشەوە ئازادكات ،بەفەرمی ئاگربەست راگەیەنێ .
o رژیمی تورك لە سۆنگەی هێزەوە داوای ئاشتەوایی ناكات . بەڵكو گورزە كوشندەكانی گەریلاو خۆڕاگری قەندیل و راپەڕینی جەماوەری شارەكانی باكوورو پەلەقاژەى بۆ بەئەندامبوون لە یەكێتی ئەوروپاو زاڵبوونی PYDلەرۆژئاوای كوردستان و چاوبڕینە نەوت و بازارەكانی باشوور پاڵیان پێوەناوە كە پەنا بباتە بەر بەڕێز ئوچەلان بەڵام بە هەرزانترین نرخ !! لە هەمان كاتیشدا ئەیەوێ بە تیرێك 2 نیشان بپێكێ كە نیشانی دوەم نانەوەى 3بەرەكیە لەنێوان ئیمیرالی و قەندیل و دیاربەكردا !.بەرامبەر ئەم راستیانەش ئێستە تای ترازووی كورد سەنگینترەو رۆژ رۆژی پێداگرتنە نەك سازش یا دەسخەرۆبوون بە بەلێن یا دواخستنی خواستەكان و دابەشكردنی بەسەر چەند قۆناغێكدا !
لەبەر ئەوە ، داوا لە سەركردایەتی پەكەكە ئەكەین كە خۆڕاگربن و ئەو راستییە بزانن كە ئیستە لەلوتكەی هێزدان و نەكەن بەو پەیامە دەستخەرَۆبن . گەریلاكانیشیان لە باكور نەكشێننەوە تا مافە نەتەوەییەكانی كورد لە دەستووری توركیادا جێگیر ئەكرێ و بەكردەوەش و بە گەرەنتی و بە زەمانەتێكی نیودەوڵەتیش ئەو مافانە پارێزراوبن. لەبارەی چەك دانانیشەوە ، بەهیچ جۆرێك چەك دانەنێن، بەڵكو تابتوانن چەكەكانیان زیاترو كاریگەرتر بكەن . چەك بۆ هەمووكاتێك پێویستە. لەسەردەمی شۆرشدا بۆ بەرگری, لەسەردەمی قەوارەیەكی كوردیدا بۆ پاراستنی ئەو قەوارەیە . یا وەك بەڕێز بێشكچی ئەڵێ : بۆچی هەموو لایەك چەكداری هەبێ و تەنیا داوا لە كورد بكرێ چەك دانێ !؟
نابێ پەكەكە خۆیو خوێنی ئەو هەموو شەهیدانە بكاتە قوربانی ئەم پەیامەی ئوجەلان كە جێگەى گەلێ گومانە !، یا بۆ ئازادكردنی ئوجەلان ،كە توركیا ، یا هەر ئازادیناكا ، یا ئەگەر ئازادیشیكرد ئەوا دوای گورزێك لە تەندروستی ئوجەلان ئازادی ئەكات. دیسان نابێ پەكەكە بەو پشتگیریە فرەلایەنە بۆ پەیامەكەى ئوچەلان دەسخەڕۆبێ . ئەوانە هەر یەكەو لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی خۆیەوە ئەو پشتگیرییە ئەكات !
لەلایەكیترەوە ،نەپەیامەكەی ئوجەلانو نە وتەكانی ئەردۆگان تا ئێستە ئاماژەیەكیان تیانیە بۆ مافی نەتەوەیی كورد. بەپێچەوانەوە، ئوجەلان لە نامەكەیدا ئەڵێ (ئەمرۆ رۆژێكی نوێیە بۆ توركیایەكی نوێ) ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێ كە ئەگەر ئوجەلان لەژێر گوشارێكدا ئەو پەیامەى بڵاونەكردبێتەوە ، ئەوا بە داخەوە ئەو ئێستەلەخەمی توركیادایە نەك كورد.
ئەم پەیامەی ئوجەلان ئەگەر نسكۆیەكی بەدوادابێ ، ئەوا ئەبێتە كوشندەترین گورز بۆ هەر چوارپارچەكەی كوردستان ، بەتایبەتی بۆ رۆژئاوای كوردستان كە ئێستا كوردی رۆژئاوا خەریكە ئەكەوێتە سەرپێی خۆی. هەروەها گورزێكی گرانە بۆ ئامانجی سەربەخۆیی كوردستان و ساڵەهایەك دوایئەخات،لەكاتێدا ئێستە گەلێ ئاماژە هەیە بۆگەیشتن بەو ئامانجە. . گریمان ئەردۆگانو حیزبەكەی نیهادیان پاكبێ، بەڵام ئەبێ بزانین كە حاكمی رەها لە توركیادا تەنها ئەوان نین. توركیا وڵاتێكە تا ئێستە عەسكەر خاوەنی بریاری كۆتاییە تیایدا, ئەوە جگە لەبونی چەند حیزبێكی تری رەگەزپەرستی كەمالی كە لەهەر هەڵبژاردنێكدا ئەگەری هاتنە سەر حوكمیان هەیە. ئەوەشمان لەبیرنەچێ كە ئەم هەنگاوەی ئوردوگان بەناوی ئاشتەواییەوە,جگە لەو مەبەستانەى ئاماژەمان بۆكرد ، هەوڵێكیشە بۆ لەباربردنی نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەراست كە كوردستانێكی سەربەخۆی لەخۆگرتوە . هەروەها پروپاگانتەیەكە بۆ هەڵبژاردنەوەى پارتەكەى .
ئێمە وەك ژمارەیەك هاوبیرانی كوردایەتی ،بڵاوكردنەوەى ئەم راگەیاندنەمان هەفتەیەك دواخست تا بزانین كاردانەوەو هەلوێستی رژێمی تورك چیئەبێ ،لە ئەنجامدا دەركەوت یەك هەنگاو لە لووتبەرزی و رەگەزپەرستیی خۆی نەهاتۆتە دواوە ! وەك پەكەكە شكست و دۆڕاوی جەنگبێ ! . بۆیە وا ئێستە راگەیاندنەكەمان ، وەك نامەیەكی كراوە ، ئاڕاستەی سەركردایەتیی پەكەكە و رای گشتی ئەكەین . داواش لە هەر لایەن و هاوبیر و رۆشنبیریكیدى ئەكەین (ئەوانەى پێڕانەگەیشتین پەیوەندیان پیوەبكەین) دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگمان بە ناردنی ناویان بۆ ئەو كەناڵانەی ئەم راگەیاندنە بڵاوئەكەنەوە ، تا ناوەكانیان بخرێنە پاڵ ناوەكانمان ، یا بە وتاریك ، یا بە بەدواداچوونیك رای خۆیان پیشاندەن . بە رێزو سوپاسەوە .
ناوەكان : كامیل ژیر،پشكۆ ئەمین ، فەرهاد عەبدولحەمید ، فەرهاد كاكە خاس ، حەمەرەشید هەرەس ،د.هۆگر مەحمود ، د. ئەحمەد میراودەلی ، د. حسەین خەلیقی ، د. حسەین محەمەد عەزیز ، د. ئازاد مەنتك ، سیروان كاوسی ، سمكۆ عەلی ئەمین وەیسی ، شوان بەرزنجی ، یونس سیڤەر ، هاورێ میرۆیی ، كەژاڵ مەرزبان ، رزگار موكری ، رێبوار نەلاسی ، حەسەن مەرزبان ، نیعمەت كاوسی ،حەكیم كاكەوەیس ، هەڵۆ محەمەد بەرزنجی،بەختیار شەمەیی، عوسمان تۆفیق ، ئارام قادر ، عەلی حەمە ساڵح ، ئاراس نوری ئەحمەد تەها ، بروسكە ئیبراهیم ،ئیسماعیلی دەلاك . ئەیوب رەحمانی ، شوان خەفاف و زمناكۆ نوری ئەحمەد تەها . لایەنەكان:
پاسۆگ - لقی ئەوروپا ،
مەڵبەندی ئاوێستا ،
بزووتنەوەی لاوانی 17ى شوبات ،
كۆنگرەى نیشتمانیی كوردستان- باشوور ..
28/3/2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست