کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەکى ئاوەڵا بۆ دایکى کاوە گەرمیانى

Thursday, 20/12/2018, 21:42


بەر لە سێ ساڵ دەنگێکى دلێرى گەرمیان کپکراو جەستەى شەڵاڵى خوێنکرا ، بەر لە سێ ساڵ دەنگێک کە پڕبوو لە هاوار و ناڵەى ئەنفال و جەرگى سوتاو و ماڵى داڕماو بێدەنگکرا ، بەر لە سێ ساڵ دەستێکى خۆیناوى لەو حیزبە چنگ بەخوێنانەى کوردستان نرکەى دەنگى بوێرى کاوە گەرمیانى بەیەکجارى لە ماڵەکەى دایکیدا خامۆشکرد .پاش سێ ساڵ تەنها حەسرەت و ناڵە و هەناسەى گەرمى دایکى لە گۆڕەکەیەوە نزیکە .
 دایکى بەڕێز:
 کاوە ئەو سونبولێکە تەنها هەڵگرتنى ناوى مایەى ڕێزلێگرتنە ، گۆڕان هەتا کاوە ژیانى لێنەسەندرابۆوە بێمنەت بو لەو لەزۆریتر ، ئەویش بەهەمان ڕیتمى حیزبەکانى جوت بنەماڵە ئەگەر ئاوڕێک بداتەوە ئەوە بۆ مریدەکانى خۆیەتى و هیچ حسابێک بۆخەڵکى چەلەنگ و بۆیر و ئازادیخواز و دژەگەندەڵ نەکردووە.
 بزوتنەوەى گۆڕان ناوى جوانەمەرگى وەکو کارتێک بۆ دەنگ کۆکردنەوە لە پاڵ بەندبێژ و بێژەر .. بەکارهێناوە ، ئەوە ڕاستیەکە ئەوانەى بەهۆى جوانە مەرگەوە دەنگیان داوە تەنها لە بەر ناو بوێرى و یادگاریەکانى کاوە بووە و هەتا وەکو وەزیفەیەک لانى کەم بە موچەى پەرلەمانتارى ئاهێک بەبەر ماڵى سارد و سڕیدا بێتەوە.
 دایکى بەڕێز:
 ئێستا گردى زەرگەتە بووە بە مۆڵگەى ئەوانەى شانامە بۆ جەلادێکى وەکو مەسرور ئەهۆننەوە ، ئەو مەسرورەى کەدایکى سەردەشت عوسمانى وەکو تۆ هەناسە ساردکرد ئەو مەسرورەى کەهەردوو ڕۆژنامەنوسى بزوتنەوەى گۆڕان وەدات حسین و شوکرى زەینەدین کامێرمانى knn تیرۆرکرد ، ئەم جەلادە لە باوکى دڕندەترە .
 دەرگاى گردەکە ئاوەڵایە بۆ ئەوانەى لە ١٧ى شوبات و ڕۆژانى کۆتایى گەنجانى سلێمانیان خەڵتانى خوێنکرد ، گردى زەرگەتە بۆگەنى زەردى لێدێت ، بۆنى بنەماڵەى بەرزانى نەوتدز و خیانەت پیشەى لێدێت ، ئەوانە چەند ساڵە لەو گردەوە ڕۆژانە بەجوملە درۆ هەڵدەڕێژن و بەرگرى لەهەژار و لێقەوما ئەکەن و سەروەت و سامانى دزراوى وڵات ئەگێرنەوە و بەرگرى لە ئازادى و کەرامەتى ئینسانەکان ، ئێستا پاڕانەوەى پلەو پۆستن ، دەستەو نەزەرن کەى وەفدى پارتى بەگردەکەدا هەڵبگەڕێت .
 ئێستا لەگردەکە یاساغە ئاماژە بە ٣١ئاب بدرێت ، نابێت باسى لەکلکایەتى بنەماڵەى بەرزانى بۆ میتى تورکیا بکرێت ، باسى کۆمەڵکوژى شەنگال بڤەیە ، دڵى مەسرور ئەڕەنجێت باسى بازرگانى لەگەڵ داعشدا بکرێت ، ئەگەر زاراوەى ئاشبەتاڵ کەوتە سەر زاران ئاشبەتاڵ بەوانە ئەکەن کە ئەو مێژووە ڕەشە هەڵبدەنەوە .
 ئەو گردە هیچ داهاتویەکى نەماوە ڕۆژانێک خەڵکى ئەم شارە وێڵى ئازادیبون و داگیرکەرانیان وەدەرنا ئەم کۆنە سەوزانە بەخەوى پایزیش ئەو ڕۆژەیان نەئەبینى ، کە دەسەڵاتیان کەوتە دەست خۆیان بون بە دوژمنى ئازادى و ئازادیخوازانیان بەر شەقى سەوز ئەدا و ئێستا ژەنگى گۆڕانیان لێوەریوە و کەوتوتەتە سەر دیوە ئەسڵێەکەى جارانیان .
 دایکى بەڕێز:
 نەهێڵیت ئامەد نزیکى ئەم گردە بکەوێتەوە ، هەتا بۆگەن و بۆچرۆکى کەڵتەکانى خانەى داڕزاندن نەچێت بەسەریدا ، با ئامەد بەگردێکدا هەڵنەگەڕێت کە وشیار زێبارى و کاسەلێسانى بنەماڵەى بەرزانى پیداهەڵگەڕاون ، گردەکە هێشتا تاقمێک جنێو فرۆش بازاڕیان گەرمە .. ئێستا بازاڕى جنێو بەخەڵک و گۆڕان تەسلیمى خەڵک ناکەن گەرمە .
 دایکى بەڕێز: 
 کاوەى جوانە مەرگ هەتا لەژیاندا بوو شەڕى ئەم دامودەزگا دزو گەندەڵ و خوینخۆر و خۆفرۆشەی ئەکرد بەهەموو دامو دەزگاکانیەوە ، لە نێویدا ئەو پەڕلەمانەى کەتەنها بۆ شەرعیەت پێدان و جوانکردنى دەسەڵاتى بنەماڵە دزەکانە و لە ژێر سایەى دەسەڵات و چاودێرى و یاساکانى ئەوەوە گیانى لێسەندرایەوە .
 مەهێڵە بچێتە ئەو پەڕلەمانەوە کەهیچ حورمەتێکى نیە و لە چاوتروکانێکدا مەسرور سەدەها خوێڕى و چەقۆکێشى ناردە سەر ئەو پەڕلەمانە و پەلامارى پەڕلەمانتارانیاندا و پێشتریش باوکى دەبابەى بەعسى بۆ هێنا .
 تکایە مەهێڵە ئامەد نزیکى ئەم بۆگەناوە بێت، با هاڵاوى هێمن هەورامى نەچێت بەسەریدا کە بۆگەنى مەسعودى لێدێت، با کەڕوى خۆشناوى پسخۆرى بنەماڵەى بەرزانى بەرنەکەوێت . با لە پەڕلەمانتارەکانى دەستنێژەى دەزگا داپڵۆسێنەرەکانى زانیارى و پاراستن نزیک نەکەوێت .
 دایکى جگەر سوتاو: 
 چەند سوێیکرد بەدڵماندا کە ئامەدمان بەساوایى لەباوەشى گڵاوى مەسعوددا بینى ، بامناڵى ئەم یادگاریە لە دلاشیرینەى کاوە نەشێوێت ، توخنى گردە زەردەکە نەکەوێت ، بادور بێت لە چەپکە دزەکەى تاڵەبانى و نەخلیسکێتە چەپەڵخانەکەى بەرزانى .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە