کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاقمەکەى نەوشیروان مستەفا

Friday, 14/12/2018, 21:03


(بەڵێ)کەى سەید عومەرى گۆڕان بۆ ڕیفراندۆکەى میت - مەسعود پەردەى لەسەر کلکایەتى گۆڕان بۆ پارتى هەڵدایەوە، هێشتا خەڵکانێک و گۆڕانخوازانێکى سادە پێیانوابوو ئەوە هەڵەیەکى ڕێکخەرى گشتى بووە و مەحاڵە گۆڕان لەو ڕێبازە لابدات، کە نەوشیروان مستەفا بنیانتنەرى بووە، بەڵام ڕەوتى ڕووداوەکان ئەوەندە خێرا و بەپرتاوە ئەو خەڵکانەى خراپ تاساندووە بەتایبەت ماوەیەکە گۆڕان سەرقاڵى زەمینەسازى ڕێکەوتنە لەگەڵ بنەماڵەى دز و خوێنخۆرى بارزانى، ئەم دانیشتنەى دوایى پارتى و گۆڕان و بەئامادەبوونى سەید عومەر و کەڵتە پیاوانى گۆڕان ماوەى بۆ هیچ گومانێک نەهێشتەوە، کە ئەم بزوتنەوەیە دەمێکە بەناوى گۆڕینى سیستەم و گەڕانەوەى سامانى گشتى و دەنگى دزراو و شەهیدانى ١٧ى شوبات و کۆمەڵکوژى یەزیدییەکان و چاککردنى ژیان و گوزەرانى خەڵک و ژماردنى بیر و بەرمیلە نەوت، خەڵکى هەڵخەڵەتاندووە و سوارى کۆڵى ناڕەزاییەکانی شەقام بووە .
 یەکەم قازانجى ئەم دانیشتنە بۆ کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان، بەتایبەت سلێمانی و شار و شارۆچکەکانێتى، کە بروسکە ئاسا دەمامکى دزێوى گۆڕان خستە خوارەوە و ئەبێت سەرانى گردەکەى چیا و نما باجێکى ئەوەندە قورس بدەن، ئەگەر نەوشیروان مستەفا زیندوو ببێتەوە زەرگەتەى لێئەبێت بە خێوەتە .
 پارتی لەگەڵ دەرکردنى بزوتنەوەى گۆران لە حکومەت و پەڕلەمان، بارەگا سوتاندن و گرتن و کوشتنى تۆقاندن و نانبڕینى گۆڕانخوازان هێنانى هێز بۆ سەر گردى زەرگەتە بە ئۆڤەرى پلەو پۆست و پارە گۆڕانى ڕاکێشایە ژێر جامەنەى سورى خیانەت.
 پاش ئەوەى کە خانەى ڕاپەراندن و هاوڕێتمەکانیان سەرکەوتوو بوون لە وەدەرنانى کەسانى دڵسۆز و ڕادیکال و ئازادیخواز و بوێر، خەڵکى کوردستانیش زوو ماهیەتى ئەم حیزبەیان بۆ ئاشکرا بوو، گۆران زۆر زوو پایزى لێهات، وەک گەلاى دار ئەوەرێت، ئەوانەشى کە بەهەر هۆیک بێت دڵیان هەر لاى گۆرانە وەها دەستەمۆکراون، ئەو هەموو قوربانى و مەینەتى و نانبرین و حەماسەت و کەفەکوکەڵ بۆ گۆڕینى سیستەم و ئازادیى و حوکمى یاسا و شەفافیەت و گەڕانەوەى سامانى دزراوى خەڵک لە دەست دوو بنەماڵە دز و باشکردنى ئاستى بژێوى و ژیان و گوزەرانى خەڵک،لەپێناویدا لە خۆبوردانە شەو و ڕۆژیان خستبووە سەریەک، ئێستا خامۆشکراوە، گۆڕانخوازانیش سەرقاڵى شانامە و لاواندنەوەن و کۆمێنت هۆنینەوەن بەسەر نەوشیروان مستەفادا، بۆیە ئێستا گردەکە بۆنى لقى چوارى لێدێت و تارمایى هیوا ئەحمەد لاى خانەى ڕاپەڕاندن خەریکى پیاسەیە . 

خانەى ڕاپەڕاندن و ئەم تاقمەى لەگەڵ پارتى خەریکى پاڕانەوەى پۆست وەرگرتنن ئەگەر دەستکردى خودى نەوشیروان مستەفا نەبن، ئەبێت یەک بەیەک لە گردەکەوە بە پێلەقە تلۆربکرێنەوە، گۆڕانخوازان فەیسبوکیان تەنیبوو بەرامبەر وتەکانى پارتى ئەیوت تاقمەکەى نەوشیروان،ئەوتا تاقمەکە بەپێى خۆى چۆتە کۆشى پارتیەوە . 
  
لەدانیشتنەکەدا :
 سەید عومەر و یاوەرانى زۆر سوپاسى پارتى و بنەماڵەى بارزانى و شەخسى مەسعودیان کرد لەگەڵ ئەوەى کە پەڕلەمانتار و وەزیرەکانیان لە حکومەت دەرکردون و هەولێریان لێ یاساغکردون بەڵام بەهیچ شێوەیەک موچەى ئەو زاتانەیان نەبڕیوە .
 وەفدەکەى پارتیش وەعدى دروستکردنى گردێکیان بەگۆران داوە لەناو شارى هەولێردا، بەڵام سەید عومەر و جەماعەت لایان وابوو کاک نێچیر هەروا بۆ خۆشکردنى کەشى دانیشتنەکە ئەمجۆرە قسانە ئەکات، نێچیریش کە سەرسوڕمانى جەماعەتى گردەکەى بینیوە وتویەتى بەڕاستمانە، ئێمە ناحیەى بێتواتەمان بۆ کوڕانى ئەنوەر بەگى بێتواتە لەهەولێر دروستکرد بۆچى گردێک بۆ ئێوە نەبێت .
 سەید عومەر و جەماعەت تکایان کرد کە داوا لە کاک مەسعود بکرێت سەردانى گۆڕەکەى ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بکات و وەعدیاندا لە تەشریف هێنانیدا حەمەتۆفیق ئەگەر بەکراسى ئوتوکراوەوە نەبێت نەهێڵن لە حزورى بەڕێزیان ئامادە بێت و تاجیە گوڵینەکەشى پارێزراوە. ڕاستە کە سەرکەوتى کوبە گردەکەى جێهێشتووە ئەو چالاکیانەمان لەیادە کە شەقى بەقەرز نەئەدا بەرامبەر بەو زەلامەى تاجە گوڵینەکەى کاک نێچیریان لادابوو، بێخەم بن ئێستا گردەکەمان کردوە بە ماستى مەیو .
 نێچیر مژدەى بەتاقمەکەى سەید عومەر دا، کە نەهێڵێت پەڕلەمانتارانى بەغدایان ئەوەندە لە فڕۆکەخانەکاتى پڕلەگۆڕان و گۆڕانکاریان بەفیڕۆ بڕوات و بەفڕۆکە تایبەتیکەى خۆى بیانگەیەنێتە پایتەخت .
 خودى سەید عومەر دووبارە سوپاسى جەنابى مەسعودى کرد، کە ئەوەندە متمانەى بە کاکى گۆڕانخواز مستەفاى سەید قادر داوە تا بکرێتە جێگرى سەرۆکى هەرێم و بەڕاستى ئەو ماوەیەى کە وەزیرى پێشمەرگە بووە بەبێ جەنابی سیروان بارزانى چایەکى دیژلەمەشى هەڵنەقوڕاندووە لە کۆمەڵکوژى یەزیدیەکان لە ژەنگال و ناوچەکانیتر بە ڕۆژنامەى (شرق الاوسط)ى ووت کە هێزەکانمان دوور بووە نەمانتوانیوە بەرگری بکەین، بەوەش قوڕیدا بەدەمى ئەوانەى کەوا بارزانیان بەکەمتەرخەم وەسف ئەکرد. وەفدەکە بە ورەى بەرز و شۆڕ و شەوقى پڕپر لە گۆران دڵنیایان بە جەماعەتى سەرى ڕەش دا، کە لەسەر هەمان ڕیتمى کۆسرەت ڕەسول لەبەرنامەى کاندیدەکەیاندا نییە لە لیستى موچە زیاتر یەک ئیمزابکان . 
 نێچیر لە گەرمەى ئەو ئۆڤەرانەى کە بۆ وەفدى دانوسکارى گۆڕان ووتى: ئێوە ساڵانێکە باسى بڕینەوەى موچە بۆ کابانى ماڵ ئەکەن، ئەمەوێت کارێکتان بۆ بکەم کە ڕوخسارتان بەرامبەر کابانى ماڵ و دەرەوەى ماڵ سپی بکاتە و وتى: ئەزانن بنەماڵەى ئێمە ژنان و کچان ناهێننە هیچ بوارێکەوە، وەعد بێت پاشەکەوتێک لە مەسرەفیاندا بکەم و بە بڕێکى بەرچاو پێشکەشتان بکەم، وەفدەکەش ئەوەندە دڵخۆشبون وتیان دڵنیابوین کەپارتى بەرنامەى چاکسازى و گورزەى پاکێجەکەمان ئەنرخێنێت.
 بڕواننە وێنە دانیشتنەکە ئەندامێکى پارتى هاتۆتە ڕیزى وەفدى گۆران، پێدەچێت لە داهاتودا نەهێڵن وەفدى گۆران ئەوەندە ئەزیەتى هاتوچۆى هەولێر بکێشن، ئەگەر ئەندامێک بنێرن ئەوا پارتى باقیاتى ژمارەى وەفدەکەیان بۆ پڕئەکاتەوە تازە خوێنیان تێکەڵبووە .
نێچیر ویستى ڕاى وەفدى گۆڕان لە بوون بە مەرجەعى بارزانى وەرگرێت، تاقمەکەى کاک سەید زۆر بەوە دڵخۆشبون نەیانشاردەوە، کە دواى رەوانشاد هەست بە بۆشاییەکى گەورە ئەکەن .
 نێچیر ڕووى لەخودى سەید عومەر کرد و پرسى زۆر باسى تاقى دەرگاى خانوەکەى منتان کرد و بەدۆنم و مەتر ئەتانپێوا بە دینار و دۆلار حسابتان ئەکرد، ئەوانەتان لە ئەرشیفدا ماوە سەید و برادەران هەستیان بەڕووگیرییەک کرد، وتەبێژی گۆڕان ووتى: ئەوە بۆ سەرقاڵکردنى جەماوەر و پروپاگەندەى حیزبیە قسەکان هەمووى ڕۆشت تاقى دەرگاکە لە جێگەى خۆیەتى . 
 لە کۆتایی دانیشتنەکەدا نێچیر ووتى: سەرسامم بەو هەموو پرۆژەیە و کارانەى پارێزگارەکەتان وەکو لە چاوپێکەوتنەکاندا باسى ئەکات مانگى هەزارەهایە، ئەوە چوو بۆ لاى ڕەمەزان دێکۆنى بۆ ئەوەى دێکەى بۆ تازەبکاتەوە، یەکێک لەئەندامانى دانووسکارى گۆڕان پیێنا بەجەرگى خۆیدا ووتى: ئاخۆ ئەچێ قورئان لەسەر گۆڕى کێ ئەخوێنێ .
 حیزبێک دەمڕاستەکەى کەسى وەهاى تێدا بێت ئەگەر حاجى مەمۆ نەبوایە لەسەر داوێنپیسی گوللە بارانیان ئەکرد، ئیتر چۆن داوێنگیرى بنەماڵەیەک نابن کەخیانەت نەماوە تاقییان نەکردبێتەوە .. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە