مەلا مستەفاى چنگ بەخوێن
Wednesday, 05/09/2018, 19:46
تکا لە خوێنەرانى ئازیز ئەکەم هەرکەسێک ئەم غەدر لێکراوەى دەستى مەلا مستەفا ئەناسێت ڕوى ڕاستى ئەم تاوانە بەکەسوکارى بڵێت و هاوکارمان بۆدۆزینەوەیان و هەتا هەندێک زانیارى وردتریان بدەینێ کە لەم نوسینەدا بوارى وەشاندنى نییە .
-----------------------
مێژوى پارتى سەرەڕاى خیانەتى سات لەدواى سات و بەردەوامى ، مێژویەکە پڕ پڕە لە کوشتن و زوڵم و ستەم و ناهەقى دەرحەق بەو میللەتەى کەوا خۆى هەڵئەخات خەبات لە پێناوى مافەکانیدا ئەکات ، حیزبێک مێژووەکەى خوێناوى لێدەتکێت .
مەلا مستەفا .. سەرۆکى ئەم حیزبە بەدواى ئازایەتیەکدا لە هەموو ژیانیدا بگەڕێیت هیچت چاو پێناکەوێت ، بەدواى پیاوەتى و شەهامەتێکیدا بگەڕێیت بێئومێد ئەبیت ، بەچنگ خۆڵى گۆڕەکەى ئێران و ئێراقى هەڵبدەرەوە زەردەخەنەیەک بەدیناکەیت .
ئەوە چ سەرکردەیەکە گیانى میللەتێک بارمتەى میزاجى بووە هەرکاتێک مەیلى هەبوو چەتە و پیاوکوژەکانى قورمیشکراوو ئامادەبوون بۆ کوشتن و گیان کێشان ، هیچ پیرۆزیەکیان بۆئینسان و مافی بەرگری لەخۆکردن نەهێشتۆتەوە .. ئەم قوتابخانەیە هەتا ئێستا دەوامکردن تێیدا بەردەوامە .
ئەمە چیرۆکێکى زۆر جەرگبڕ و ناخ هەژێنە ، چیرۆکى گەنجێکى کە هەوڵ و تەقەلاو ویستى ئەوە بووە کە میللەتەکەى بەئاوات و ئامانجى بگات و لەو پێناوەدا نەدرێخى کردووە و نەسڵى کردۆتەوە , قەدەر وەها بووە کە ئەوکاتە پارتى لەگۆڕەپانى سیاسیدا بووە ئەویش لەلاى ئەم حیزبە گیرساوەتەوە سەد ئەفسوس کەئەم حیزبە و سەرۆکەکەى ، بەرزانیەک و جامانەیەکى سورى بەهەموو کورد نەگۆڕیوەتەوە .. ئەم قوتابخانەیە هەروا قوتابى سەر سور و چنگ بەخوێن پێئەگەیەنێت .
لە ساڵى ١٩٦٥ دا مامۆستا عەلى ( بەداخەوە نە ناوى سیانى ئەزانین نە لەسلێمانى ناو ناو نیشانى ئەزانین ) لە ناحیەى ئەتروش بەرێوەبەرى قوتابخانە بوو و لە ڕیکخستنەکانى پارتى ناو شارۆچکەکەدا کارى حیزبیشى ئەکرد ، ئەوکاتە هێزى پێشمەرگە لەناوچەکە باڵادەست بوو بە شێوەیەکى وەها کە ئابڵوقەى ناحیەى ئەتروش درابوو و هەموو ڕێگاکان لەژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگەدا بوون حکومەتى ناوەند بە هێلکۆپتەر خۆراکى بۆ ڕەبایەکانى فڕێئەدایە خوارەوە ، هاوڕێکخستنێکى حیزبى مامۆستا عەلى پۆلیسێک بوو بەناوى ئەسعەد بە پلەى عەریف و هەردوکیان لەسەر پیلانى تەسلیمکردنى بنکەى پۆلیسى ناحیەکەیان بە هێزى پێشمەرگە ڕێککەوتن . ئاسانتر و سەلامەتتر ئەوە بوو کە شەوى دیاریکراو عەریف ئەسعەد ئێشکگر بێت و لەو شەوەدا مامۆستا عەلى لەوێ ئەبێت لەکاتژمێر (١)ى شەو بنکەکە تەسلیمکرا کاتێک کە پۆلیسە عەرەبەکان لە شیرین خەودا بوون ، ئەنجامى پرۆسەکە بەدیل گرتنى (٢٠) پۆلس و لەگەڵ چەک و تەقەمەنیەکى زۆر دەستى بەسەردا گیراو و هێنرایە دێى ( باسفرێ ) . ئەوە بۆ ئەو کاتە جگە لە دەستکەوتێکى سەربازى دەستکەوتێکى سیاسى و بەرزکردنەوەى ورەى خەڵک و پێشمەرگەى بەدواداهات .
لە ئەنجامى ئەوە لە مەکتەبى سیاسى پارتیەوە بە بروسکەیەک مامۆستا عەلى کرا بە مەسئولى ناوچەى ( ئاکرێ و شێخان ) لەو ماوەیەدا مامۆستا عەلى زۆر بە بێگەردى و دڵسۆزانە و لەخۆبوردوانە کارى حیزبى وخەڵکى بەڕێوە ئەبرد و ناو شۆرەتى زۆر کەس و لێپرسراوى هەراسانکردبوو ، بەرهەمى ئەو ساڵەى گەنم لە ناوچەکەدا زۆر زۆر بوو ، حەسۆ میرخان ئامر هێزى پارتى لە ناوچەکەدا بەدزى نیوەى گەنمەکە ئەفرۆشێت ، کاتێک مامۆستا عەلى بەمەئەزانێت وەکو کەسێکى سەر ڕاست و خۆنەویست ئەمە بە ڕاپۆرتێک بۆ مەکتەبى سیاسى پارتى ڕوون ئەکاتەوە و ئەوانیش مەلا مستەفاى لێئاگادار ئەکەنەوە , شێخ محمەدى هەرسین بۆ بەدوادا چون بۆ ناوچەکە و بەتایبەت دێى باسفرێ ئەنێردرێ و دواى لێکۆلینەوە بەئاشکرا و بێچەند و چون دەرکەوت کە حەسۆ میرخان نیوەى ئەو گەنمەى کە هاتووە دزیویەتى و فرۆشتویەتى ، مەلا مستەفا لە ئەنجامى ئەم لێکۆڵینەوەیە ئاگادار ئەکرێتەوە بچوکترین کاردانەوەى نەنواند لە گوڵ کاڵترى پێنەوترا
دیارە ئاشکرابونى دزیەکى گەورە لەبەرزانیەک مەلا مستەفاى هەراسانکردبوو وە حەسۆمیرخانى تەواو نێگەران و بێحەواسکردبوو وە لە ناوچەکەدا شکۆى شکا و لەهەلێک ئەگەرا کەتۆڵەى خۆى لە مامۆستا عەلیەکى بێگەرد و بێ تەجروبە بکاتەوە بۆئەم مەبەستە پیلانێکى کوشندەى بۆ داڕشت .
لەو ناوچەیە ژنێک بەزۆر بەمێرددرابوو ، شەڕو ناکۆکى وپشێوى لە خێزانەکەى نەئەبڕا ، ژنەکە بۆ بارەگاى ناوچە ئەنێرن هەتا لاى مامۆستا عەلى کە سکاڵا دژ بەمێردەکەى بکات کەژنە دێتە ژورەوە بەرزانیەک لەناو بارەگاکە ئەیکات بەهات و هاوار و هەڵایەکى گەورە ئەنێتەوە کە گوایە مامۆستا عەلى ئەم ژنەى هێناوە هەتا دەستدرێژى بکاتەسەرى ، مامۆستا عەلى بەوزمانە مامۆستاییەى خۆى ئەڵێت بابە ئەوە شورەییە کەى شتى وەهابووە ومن لەو ڕەفتارانە بەدورم ، دەستوبرد حەسۆ میرخان بروسکەیەک بۆ خودى مەلا مستەفا لێدەدات و کەتیایدا هاتبوو : مەسئولى ناوچەى ئاکرێ و شێخان ژنێکى بردووە بۆ بارەگاى ناوچە و بێئەخلاقى لەگەڵ ئەو ژنەدا کردووە . مەلا مستەفا بەبروسکەیەک وەڵامیداوەتەو و ووتى : فەورى ڕەمى (گوللە باران ) بکەن .
بەداخەوە بەبێ هیچ بەدواداچون و لێکۆلینەوەیەک و لەسەر قسەو بوختانى دزو پیاوکوژێکى بەرزانى ، مامۆستا عەلى ئەبەنە پشت دێی ( بڵند باسان ) لە ناو بەرواریان و لەوێ گوللە بارانکرا و خوێنى گەشى لەغەریبیدا ڕژا . لاشەى ئینسانێکى بێگیان لەهەر شوێنێک بێت جۆرێک حورمەتى لێئەگیرێت و ئەخرێت ژێرخاک , ئەم ڕەفتارە لاى مەلا مستەفا و حەسۆ و هاو جامانە سوورەکانیان نامۆیە وە ناهێڵن لاشەى مامۆستا عەلى بەخاک بسپێردرێت و لە شوێنى گوللە بارنکردنەکەدا فڕێئەدرێت ئەبێتە خۆراکى قەل و داڵ و ئاژەڵى دڕندە و گۆشتخۆر .
پاش ماوەیەک دایک و باوکى مامۆستا عەلى لەسلێمانیەوە بۆ سۆراغى کوڕەکەیان بۆ ئاکرێ و شێخان دێن ، حەسۆ میرخان پێیان ئەڵیت : کوڕى ئێوە بێشەرەفى و بێئەخلاقیەکى گەورەى کردووە و کوژراوە ، دایک و باوکى بەنائومێدى و جەرگى سوتاوە و بە ( شەرمەزاریەوە ) ئەگەڕێنەوە .
مەلا مستەفا فرچکى بەکوشتنەوە گرتبوو و مێرد مناڵێک بوو شێخ عەبدولرەحمانى بەرزانى لە ١ - ٩ - ١٩٢٧ دا کوشت ، ئەوە سەرەتاى چیرۆکە خوێناویەکانى بنەماڵەى بەرزانى یە .. هەروا بەردەوامە .
ئینسان چەند هەست بەخەجاڵەتى ئەکات مەلا مستەفایەکى ئینسان کوژ ڕابەرایەتى میللەتێکى کردبێت لە کاتێکدا میللەت لاى ئەو تەنها بەرزانى و جامانەى سورە و لەسەرو هەموو یاسا و دور لە هەموو نەریتێک بۆنى ئینسانی بوونى لێبێت .... .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست