کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەرێم بەدەست ئەم دەسەلاتەوە بووە بە جاشبازار

Monday, 01/02/2016, 21:10


١– مەسعود بارزانی هەرکاتێک ئارەزووی هەڵسا،  فەرمانێک دەردەکات و حیزبە کوردستانیەکان وەک بوکەشووشە کۆدەکاتەوە و هەڵیان دەپەڕێنێت، ئەمجارەیان وەکو سەرۆکى هەرێم سەرۆکایەتى ئەم کۆبوونەوەیەی کردووە ، لاى ئەم کابرایە جیاوازى حیزب و حکومەت نییە  ، حکومەت وەکو بەشێک لە حیزبەکەى ئەبینێ، چونکە ئەمجۆرە کۆبوونەوە حیزبیە هیچ ئەجندایەکى نیە ئەو حیزبانەش ئاگادارى هیچ  نین لەبەرئەوە بە چاویلکە و بێچاویلکە بەڕیش و سەرى بۆیاخکراو دیموکراتى عیلمانى و سۆشیالیست وبە جامانەو سەرى ڕووتەوە ئەبێت بکەونە  گوێ لەقین بۆ مەسعود و فەرمایشتە پوت وکلۆرەکانى بەدجێ بهێنن، دوایى هەریەکەىان دەڕوات و  لە ئاوازێک ئەخوێنن و قسە کانى مەسعود ئەوە شێنن وباسى ئەکەن، بۆ نمانە مەلاکەیان باسى نەرمی نواندى مەسعود ئەکات، ئیتر ئەوانیتر ئەکەونە وێزەى ڕاگەیاندنە پڕوفیشاڵەکان باسى مەسعود و کورسیەکەى بە شێوەیەکى وەها ئەکەن، لە پاڵ ئەوەدا پاڵێک بەهەواڵەکانى هەیفا وەهبى و سمتى کیم ؟ ئاخر ئەگەر هەریەکێک لەوانە گەردیلەیەک شەرەفى هەبوایە ، ئەیوت: بە یاسایەک کە مەسعود خۆى ئیمزاى کردووە، ئیستا لە ناخەوە لێی ژوان بۆتەوە، بەپێی یاساکە،هەمو خەڵکى کوردستان حەقی خۆیەتی پۆستى سەرۆکى هەرێم وەربگرێت، تەنها خۆى نەبێت.

 ٢– وەفدێکی بێشەرم بۆ بەغداد
 میدیاکانى پارتى بە ناوهێنانى بەغداد یان عەبادى هەوزار و یەک تۆمەتى ئامادەکراویان پەخش ئەکردەوە، ئەگەر بە ڕێکەوتیش ناوى مالیکى بکەوتایە سەر زاران  هاواری پارتى ئاسا و تەپڵى مەسینەیان ئەگەیشتە گۆڕى نەمران ، بەڵام ئێستا کە هەرێمیان بەرەو قەیرانێکى مەرگبار بردووە ، لەچاو تروکانێکدا با ئەدەنەوە ، بێشەرمانە ڕوو لەبەغدا ئەکەن و تورەکەى سواڵ لە ملیاندا جەڕیوە، ئەوەتا لاچاوى مالیکیش ئەڵێسنەوە. کەواتە بێئابڕویى بادانەوە ناسنامەى ریاکردن و نۆکەریی بۆ دوژمن و داگیرکەران هەمیشە رەفتاری بنەماڵەى بەرزانییە.

٣–  وەفدێکی تری هەرێم بەرەو سۆماڵ
مەسعودى کورسى بارزانى کە  کۆشکە شاهانەکەى سەرى ڕەشى کردووە بەکارخانەى قەیران دروستکردن و هەتا لەسەر عەرشى ڕەشى بمێنێتەوە ،  بەنیازە وەفدێک ڕەوانەى ووڵاتى سۆماڵ بکات هەتا سود لە تەجروبەى ئەو ووڵاتە وەربگێرێت کە چۆن قەل و داڵەکان چاوەڕێی مەرگى ئینسانە برسیەکان ئەکەن، کاتێک ئەکەونە مۆلەقە و پەلاماریان ئەدەن و ئەیانخۆن، بەمەش چاکسازییەکەى نێچیروان هەنگاوێکیتر ئەنێت و خەرجى کفن و ناشتن ناکەوێتە سەر حکومەتەکەى بارزانى و داهاتێک بۆ حکومەت ئەگێردرێتە و لەوانەیە باڵەشکاوەکانى یەکێتیش لەم داهاتە سودمەند ببن.
٤–  سەعدى پیرە : مامۆستای منداڵەکانی نێچیرڤان بارزانی مووچەیان وەرنەگرتووە
ماستاوکردن و پانکردنەوە وەکو هەولێریان ئەڵێن ، بووە  بە کەلتورێکى حیزبى سۆسیال دیموکراتى یەکێتى، خەریکە یەکێتى لەم بوارەدا ئەبێتە پێشەنگ و ڕێچکە شکێن، ئاخر سوکایەتى خۆبچوکرنەوە هەتا ئەم ئاستە؟، مەلا بەختیاری دووڕیان سەرى زمان و بنى زمانى ئەوەیە کە مەسعودى مەلا نەرمى نواندووە، ئەندامێکى هەمان مەکتەب سیاسى ئەم حیزبە  هیچى نەماوە بۆ درۆکردن، وا بۆ مناڵەکانى کەڵەدز و خائینی کورد، دەڵێت: مامۆستای منداڵەکانی نێچیرڤان بارزانی مووچەیان وەرنەگرتووە، دەک داوەشێیت پیری ئاخر شەڕ، پیرى گێل، ئاخر کێ بڕوا بەم قسەیە دەکات! بۆ ئێمە نازانین مناڵانى سەرە بۆگەنەکانى بنەماڵەى بارزانى لەخوێندگاى شوەیفاتى نێو دەوڵەتی لە هەولێر نزیک هوتێل ڕۆتانا ئەخوێنن، کە خوێندنگایەکى ئەهلیە، بەهێزترین سیستەمى خوێندنى لەخۆگرتووەو، تەنانەت خواردنى قوتابخانەکەش ناخۆن بە ئۆتۆمیلى جامڕەش خواردنیان بۆ دێت. ئەگەر قەپات تاڵەبانى (وەکو لە سلێمانى ئەڵێن) بوبێتە زوڕناژەنى نێچیر بۆ سەعدی پیری نەبێتە زوڕناژەنی هى مناڵەکانى نێچی؟ .

٥-  ئازاد تۆفیقى هەڵبجەیى و فەلاقەکردنەکەی عومەری سەید عەلی
 سوکایەتى ئەم کابرایەى مەڵبەندى یەکێتى لە سلێمانى، سنور نەماوە نەیبەزاندبێت، دەرکەوتنى تازەى لە ڕۆژنامەى هەولێر، وەها هاوار دەکات، وەک ئەوەى ئێسقانى پارتى و بارزانى لەقوڕگى گیرابێت.  وا خۆى بۆ پارتى بارزانى هەڕاج کردووە ئەیەوێت بگاتەوە بە جەمال عەبدوڵا و سەرۆ قادر و خەمیەتى بەشە مەسینەى بۆ نەمابێت، ئەگەر دوو وشەى لەدەم دەربچێت سیانیان دژ بەگۆڕانە، ئەوەش چیرۆکێکى بچوکى هەیە بە مەغزایەکى گەورە ، کاتێک جەلال تاڵەبانى کەوتبوە خەیاڵ و کەڵکەڵەى ئەوەى لەگەڵ ئەحمەد چەلەبیدا حکومەتى سەدام حسەین بڕوخێنن هێزى کۆکردەوە و کەوتە پروپاگەندەى یەکێتیانە و کەرەستە کۆکردنەوە لە خەڵک، لەوانە ژمارەیەکى زۆر بەتانى کۆکرایەوە، کەوتە دەست ئەم ئازادە و بەدزییەوە فرۆشتى، کە ئەم هەواڵە ئەگاتە دەم لێپرسراوى ئەوکاتەى مەڵبەند عومەرى سەید عەلى، لەناو مەڵبەندا لەسەر ئەم دزیە ئەیداتە بەرگۆچان، بە وتەى شایەتحاڵى بینینەکە باشى لێداوە، بۆیە ئیستا ئەمیش هەر شایستەى ڕۆژنامەى هەولێرە .

٦-  هەڕەشە لە ئەمریکا
یەکێکیتر لە گاڵتە جاڕیەکانى پارتى ، بە وەفدێکى بێ قەڵەم و کاغەز هەڕەشە لە ئەمریکا ئەکات ، کە ئەگەر یارمەتى نەدەن ئەوا شەڕى داعش ناکەن، کەواتە بەم لۆجیکە ئەم شەرە بۆ بەرگرى کوردستان  درۆیەکى گەورە بووە، بەڵکو وەکو هێزێکى بەکرێگیراو کوڕى خەڵک بۆ ئەجینداى دەرەکى بەکوشت ئەدەن . 
کۆسرەت دەڵاڵە بێشەرمەکەی پارتی
٧– بڕواننە ئەم وێنەیەى کۆسرەت، چۆن چزوى دەمانچە ئاڵتونیەکەى لە مەکتەبى سیاسیدا دەرخستووە، ئاماژەیەکى ئاڵتونیە بۆ باڵە دزەکانى ناو یەکێتى، کە ئیتر تەواو چاوشارکێ لەگەڵ یەکتردا ناکەن، کە بەدزییەوە جاران دەچوونە لاى پارتى خۆیان هەڕاج دەکرد و دەست لەناو دەست لە گەڵ پارتى ڕێکەوتنى ستراتیژى دووەم  بۆ دزینى نەوت و غازو سامانى ووڵات  شەرەف و کەرامەتیان دادەنا، وا ئیستا بۆ بنەمالەی خائینی بارزانی هەموو شتێک مۆر دەکەن .  

٨ -  گۆڕان.. بە تۆزێک ویژدانەوە
لە ڕۆژانى ڕابوردودا و لەبۆنەیەکى زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى وەزیرى دارایى ڕێباز حەملان کە ساڵى پار و بە شێوەیەکى نایاسایى ودوور لەهەمو پێودانگێکى کارگێڕى لەکارەکەى دوور خرایەوە ، ئەڵێت کە پارەى فرۆشراوى نەوتى هەرێم لە بانکى کوردستان لە هەولێر دائەنرێت . کەواتە : بپرسین ئەگەر ئەم زانیاریە ئاوەهایە بۆچى بۆ پارەى نەوت چویت بۆ تورکیا و لەوێ بەدەستى بەتاڵ و گیرفانى خاڵى گەڕانەوە؟ ئەم هەموو درۆیە چییە لەگەڵ خەڵکی کوردستانی دەکەن!؟ ئەوە گاڵتە پێکردنى پارتى بوو بە تۆ و بە گۆڕان، یان درۆکردن و ساردنەوەی راستییەکان بوو لە خەڵکی کوردستان!؟ ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندبوو: مانگانە كە پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە توركیاوە دەگەڕایەوە بۆ هەرێم دەخرایە "بانكی كوردستان"ەوە بەوەش قازانجی مانگانەی بانكی كوردستان لەم كارەدا 30 ملیۆن دۆلار بوو بەبێ‌ ئەوەی هیچ كارێكیش بكات. بۆ بینیى هەواڵەکە ، ئەمە لینکەکەیەتى : 
ئەى قازانجى بانکى کوردستان لە سلێمانى کە بەفەرمانى وەزارەتى دارایى کە ئەو کاتەى لە باوەشى گۆڕاندا بوو پارە و داهاتى سوتەنەمەنى لە بانکە حکومەتیەکانەوە گوێزرایەوە  بۆ  بانکى کوردستانەوە و هەتا ئێستا کێ لە سودەکەى بەهرەمەندە؟

٩ –  پرۆژە چاکسازیەکەى گۆڕان
بە قسەى وەزیرى داراییەکەى گۆڕان بێت، پرۆژەى (چاکسازى  ئابورى) حکومەت هى  خۆیەتی و خەفەتى بۆ ئەخوات کە وەکو ئەوە وایە:  ژنێک نۆ مانگ چاوەڕێى مناڵبون بکات بەلام بە لەدایکبونى نەهێلن بیبینێ (ئەمە قسەى بەڕێزیانە) ، بەڵام  ئەوەى کە ناڵێت چۆن ئەم پرۆژەیەى ژێر بەژێر بە پارتى داوە .
خەریکە ئەم پرۆژەیە بۆ گۆڕان ئەبێت حەقایەتى مێش، ئەوەتا بەڕێوەبەرى بانکە بازرگانیەکانى پێشو هەوارى رەوف باخانى، کە پێشتر پۆلیسێکى گومرگ بوو، ئێستا هەر دەم ئەکاتەوە باسى پسپۆڕی خۆى ئەکات  و ئەڵێت : کە ئەو سەرپەرشتى نوسینەوەى ئەو پرۆژەیەى کردووە ، ئینجا لەو لینکەى خوارەوە  ڤیدیۆى ووتەکانیەتى وئەمەش چەپکێک وتەکانیەتى : 
 مەبەستمان  لە حکومەت هێنانى پارەى گشتیە ... کۆمەڵێ عەقدو عقودو گرێبەست  ... کۆمپانیا گەلێک و کەس گەلێک ... ئێمە لەقەیرانداین قەیرانیش گاڵتە نیە بەڕاستى ... بێ پلانیە قوڕی کردووە بەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستاندا ... کەواتە :
قوڕ بەسەر ئەم پرۆژەیە و ئەم چاکسازیە کە ئەم کەسە سەرپەرشتى و پسپۆڕى بێت و وەزیرەکەى بەپارتى دابێت و نێچیریش کارى لەسەر بکات . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە