من پێچەوانەى هەمو ئەو کەسانەى کەوا دژ بە دەست و دیارى وەزیرى دارایى نوسین و گوفتاریان هەبووە ، پر بەدڵ دەستخۆشى لە وەزیرى دارایى ئەکەم ، بۆ دەست و دیارى ، هیوادارم هەروا لە سەر ئەم دیارى و سوپرایزەى بەردەوام بێت ، هەتا سەرەى کاک مەسعودیش دێت ، ڕەنگە وەزیرى هێژا لە ڕۆژمێرەکەیدا هێماى بۆ ئەوەش دانا بێت ، نەبادا ئەم بەزمى قەیرانە لەیادیبباتەوە.
دانانى کاکە حەملان لەم پۆستە گەورەترین وچاکترین دیکۆمینتى بەردەستمانە و سەلمێنەرى ئەوەیە کە بزوتنەوەى گۆران چەند درۆیەکى قەبە و زەبەڵاحە ، گۆڕان بۆ پلەو پۆست پاگەندەى ئەوەى ئەکرد ، کە بۆ شوێنى شیاو کەسى شیاو دائەنیت ، خاوەنى پسپۆڕى ولێهاتوى و شارەزایى بێت بە سیڤیەوە ، ئەگەر کاکە ڕێباز سیڤیەکەى بەهەڵە پڕنەکردبێتەوە و زانیارى هەڵەى بەگردەکە نەدابێت ، کوا پسپۆڕى ئەم زاتە , کوا لێهاتوویى ، کوا بڕوانامەیەکى ئابوورى ، کوا ئەو ڕاژەیەى لە بوارى دارایى وئابورى کە پێشتر هەیبوبێت ، ئەگەر هیچى لە مانە تیادا نەبێت ، بۆ لۆمەى ئەم وەزیرەبکرێت ؟.
بە چاو خشاندنێکى خێرا و بروسکە ئاسا بە وەزارەتى دارایى بەدەست ئەم بەڕێزەو و ستافى گۆڕانخوازى ، لە کەلاوەیەکى بێ خاوەن ئەچێت :
ئەوەى یەکبینە دەهۆڵى دڕاوى بۆ ئەکوتن خستنە ڕووى بندیوارانە ، وەک ئەمە داهێنانێکى زۆر قەبە و بە بەها بێت ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، بەسەر فەرمانگە حکومەتیەکاندا دابەشیکردن بە بێ ئەوەى ڕەچاوى مەرجى دامەزراندن ومیلاک و پلەو پۆستیان بکرێت ، بەکورتى ناهەقی و ناقانونى بە سەر فەرمانگە حکومەتیەکاندا دابەشکرد ،. هەتا ئێستا (١٤) فەرمانى وەزارى بۆ ئەمانە دەرکردووە ، کاشکى نیوەى ئەوە بۆ ڕیکخستنى موچە بوایە . هەمو فەرمان و ئیشەکانى لەم پرسە پێچەوانەى یاساى ڕاژەى شارستانى وتاریفى فەرمانبەرە ، وەک لەیاساى ڕیککارى فەرمانبەرانى دەوڵەت و کەرتى گشتى دا هاتووە .
چەکى بێ پشتیوان (رەسید) بە بەڵێندەران ئەدات ، کە ئەمە تاوانێکەو بەپێى یاساى سزاکان ، لەوەش سەرپێچیتر بەزۆرە ملێ بەڵێندەران ناچار بە پێشکەشکردنى پەیماننامەیەکى پەسەند کراو کەبڕى چەکەکە چووە سەر حسابەکەیان نابێت ڕایبکێشن بەبێ پاڵپشتێکى قانونى .
نمونەیەکی تر , وەزیرى دارایى ڕێنمایى ژمارە (٤ ) لە ٣ / ٤ / ٢٠١٥دا دەرکردووە سەبارەت بە مۆڵەتى بێموچە وپێدانى دەسەڵاتى بەوەزیرى پەیوەنیدار یان سەرۆکى دەستەى نەبەستراو بە وەزارەت بۆ بە خشینى مۆڵەتى بێموچە بە فەرمانبەران بۆ ماوەى (٥) سال زیاتر نەبێت و مۆڵەت بەڕاژە ئەژمار ئەکرێت بۆ مەبەستى خانەنشینى بە ڕەچاو یاساى خانەنشینى یەکگرتووژمارە ٢٧ساڵى ٢٠٠٦حکومەتى فیدراڵى عێراقى .
ئەگەر واز لەزمانە قانونیەکەى بهێنین چەند کۆڵەوارە ، وەزیرى دارایى ئەو دەسەلاتەى نیە دەسەلات بدات بە وەزیرەکانی تر ، ئەمجۆرە مۆڵەتە و ئەژمارکردنى مەگەر لەوڵاتە دیکتاتۆرو دور لە قانونەکاندا بونى هەبێت . لە بنەڕەتدا ئە بوایە ئەنجومەنى وەزیران پرۆژە یاسایەکى لەم بارەیەوە بۆ پەرلەمان هەبوایە و وە ئەو پرسە ئەبێت بەقانونى بکرێت بەدەرە لە دەسەڵاتى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ، نە ئەبوایە وەزارەتى دارایى وەکو لایەنى بەرپرس ڕێگەى بەمجۆرە بڕیارە بدایە ، لە لایەکیترەوە یاساى خانەنشیتى حکومەتى عێراق لە هەریم پیادە ناکریت هەتا پەڕلەمانى کوردستان پەسەندى نەکات . ئەمە تەنها نمونەیەکى بچوکە زۆریتر لە سەر هێڵە ، کارەکانى وەزارەتى دارایى شکست وناقانونى بونى رۆژ بە ڕۆژ لەسەر یەک کەلەکە ئەبن ، دیارە ڕاوێژکارە یاساییەکەى وەزارەتى دارایى خۆى پێویستى بەڕاوێژکارە .
لە سایەى حیزبێکدا کە دروشمى بەرەو دەسەڵات بەرزکردبۆوە ، گفتى ئەوەى دابوو کەدەتوانێت سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت و سیستمێكی نوێ بێنێتە ئاراوە ، موچەیەکى شایستە بۆ توێژە کۆمەڵایەتیەکان ئەبڕنەوە ، وەکوبیکاران ، کابانى ماڵەوە ...هتد . وێردى سەر زاریان ئەوەبو کە داهاتى تەنها یەک مانگى باج و گومرگ ونەوتی نێردراو ، موچەى شەش مانگى فەرمانبەرانى هەرێم قەپات ئەکات ، هەموئەوانە بڵقی سەرئاو و بون بە چەند دەستەواژەیەکى بێپێز.
ئیستا وەزارەتى دارایى ئەگەر لەم گێژاوى قەیرانە وونببێت ، بەم ناونیشانانە بەئاسانى ئەیدۆزینەوە:
• کاتى دابەشکردنى موچە ئاشکرا ئەکرێت .
• دوا زانیارى لە سەر دابەشکردنى موچە .
• ئەگەر پارەکە هات ، دەستبەجێ دەست بەدابەشکردنى موچە ئەکرێت .
• وەزارەتى دارایى خشتەى موچەى خستە ڕوو .
• موچەى وەرزى .
لە کوێى دنیادا وەزارەتى دارایى ئەم مواسەفاتە هەیە ، بوە بە نوکتەیەکى زۆر بێ لەزەت . لە ئەو بەڕێوەبەرە گۆڕانخوازە ئەچێت ، مانگانە بایى چوار ملێون دینار چکلێتى ماکنتۆشى کڕیبو ، لەو بەڕێوەبەرە گشتیەیەى بانکەکان ئەچێت کە ڕۆژێک یاوەرى گەندەڵەکان نەبێت وائەزانێت ئەو ڕۆژە بەڕۆ ژووە .
ئەمە حاڵى وەزارەتى دارایى .... و وەزیرەکەى پێش پۆست وەرگرتن ، مەشقى لەسەر دەرگا کردنەوە بۆ کاک نەوشیروان مستەفا پێکرا بێت ، لەو بوارەدا نەخشى هێنا بێت ، کاری دارایى هەرێم بەم جۆرە کەسە بڕوات ، چ نەنگیەکى تیا یە ، دیارى و سوپرایز بۆ سەرۆکە تاڵانچیەکەى ببات بەبۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونییەوە ، خۆ قاشە گەورەکەى وەزارەتەکەى لاى پارتیە ، دورنیە ئەم دەست و دیاریە دڵى نێچیرى سەرۆکى نەرم بکات , ئەویش ئەم سوپرایزەى هەبێت کە ئیتر ئیمزاکانى وەزیر کە لە کاک ڕابەرەوە چوو بۆلاى کاک لێدوان لەوێوە بۆلاى کاکە عەبدولحەمید ، نقورچى زەردى بە توندى لێنەگرن و خەریکبونى وەزیر نەقۆزنەوە کە سەرقاڵە بە چاودێرى هێنانى (٥٠) ملێۆن دوڵارى چراخانى خێزانى کاکە ئاشتى هەورامى .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست