بارى لاسەنگى مامە بە قادرعەزیزو حەمە ڕاست نابێتەوە
Monday, 21/09/2009, 12:00
ئەنجامى هەڵبژاردنەكانى ئەم دواییەى پەرلەمانى كوردستان بۆ مامە وچەندین بەرپرسى ترى یەكێتى شۆك بوو ، چونكە هەرگیز پێیان وانەبوو لە نێو جەرگەى دەسەڵاتى خۆیان لە شارە حەیاتەكە گۆرانى تازە سەر پێكەوتوو سەرى مەدریسیان لێدەگرێت بە مامە وكاكە لەویلایەتى سەوز دەرەقەتى گۆران نەیەن ، ئەنجامەكانى هەڵبژاردن بارى مامە ویەكێتى بەرامبەر پارتى لاسەنگ كرد زۆرینەى كورسیەكانى سنوورى حكومەتى سلێمانى گۆران بردى ، بۆیە مامەى شارەزا لە مانۆر وفرت وفێڵ لە دواى هەڵبژاردن كەوتۆتە خۆى تا بە هەر نرخێك بێت بارى كەوتووى خۆى لە بەرامبەر نەیارانى كەمێك ڕاست بكانەوە ،یەكەم هەوڵى مامە بۆ ئەم مەبەستە بەكارهێنانى كارتى حكومەت بوو بۆیە هەر زوو قسەیان فڕێ دا كە ئەگەر پارتى ئیلتیزامى خۆى لە رێكەوتنە ستراتیژیەكە جێبەجێ نەكات ئەوا بۆ یەكێتى زۆربەى دەرگاكانى وەك گۆران وئیسلامیەكان لەسەر پشتن بۆیە مامە بە زیرەكى خۆى پۆستى سەرۆكى حكومەتى مسۆگەر كردەوە هەر بۆ ئەم مەبەستەش خودى مام جەلال ئێستا لە هەوڵ دایە كە كار بۆ سەركەوتنى حكومەتەكە بكات وبەرەى ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر حكومەت لاواز بكات تا گرەوى ململانێكە لە پارتى بباتەوە و تۆزى لە شكستەكەى بە مسۆگەركردنى سەرۆكایەتى حكومەت قەرەبوو بكاتەوە .
هەربۆیەیە مام بە قسەى خۆش و چاوسووركرنەوە كەوتۆتە گیانى لیستى چاكسازى هەروەك لە راگەیاندنەكان باس دەكرێت مام بەشدارى هەریەك لە یەكگرتوو وكۆمەڵى بەلاوە زۆر گرنگە تا كار گەیشتۆتە ئەوەى كارتى نان بڕین بەرامبەر كۆمەڵ بەكار بێنێ ئەگەر بەشدارى لە حكومەت نەكەن ، بۆ ئەم مەبەستەش هەریەك لە قادر عەزیز وكاكە حەمە دەورى پێناو دەبینن بۆ قەناعەت پێكردنى هەریەك لە یەكگرتووى ئیسلامى وكۆمەڵى ئیسلامى .
ئەو هەڵوێستە نزمەى هەریەك لە حەمە وقادر دەریدەخاتە كە چەندە لە بەرامبەر بەژەوەندى خۆیان لاوازن ، خەڵكى كوردستان دەمێكە بە پەتپەتێنەكەى ئەو دوو پیاوەى ئیتلاعات ئاشنان ، بەڵام ئەوەى جێگاى تێڕامانە كە مام بە هەموو قەناعەتى خۆى پێى وایە بارى لاسەنگى خۆى بە هەریەك لە قادر وحەمە راست دەكاتەوە نازانێت پارتى لە سەرى ئەوسەر هاتۆتەوە ئەودارەش لە بن پێى یەكێتى دەبڕێت چونكە پیاوەكانى ئیتلاعات بۆ هیچ كەس مسۆگەرنین ئەگەر دووێنێ بەناوى لیستى چاكسازى گەمەیان بە مشاعیرى خەڵك دەكرد و بەناو دژایەتى گەندەڵیان دەكرد ئەوا ئەمرۆ بونەتە بەشیّك بۆ ماكیاچ كردنى دەسەڵات وسبەى بۆ خزمەت كردن و رازى كردنى پارتى گێر دەگۆرن وسەنگەر لە یەكێتى دەگرن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست