کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نا بۆ داخستنى DTP و بەرتەسككردنەوەى كارى سیاسى لە توركیا بەیاننامەى پەیمانگەى كوردستان بۆ پرسە سیاسییەكان

Sunday, 13/12/2009, 12:00


پەیمانگەى كوردستان بۆ راى گشتى دونیا و یەكێتى ئەوروپا...
لە كاتێك هەوڵەكان بۆ ئاشتكردنەوەى گەلانى توركیا لە گەڵ دەوڵەت لە ئارادابوون، دادگاى توركیا بڕیاریدا پارتى كۆمەڵگەى دیموكراتى DTP ى خاوەن 21 ئەندامى پارلەمان لە توركیا دابخرێ. هەرچەندە دادگاى دەستورى بە گوێرەى مادەى 69 لە دەستورى توركیا ئەو دەسەڵاتەى پێ دراوە، بەڵام كاتى دەرچوونى بڕیارەكە ئەوەى لێ دەخوێندرێتەوە كە بڕیارێكى سیاسی بێ و مەبەست لێى جارێكى دیكە سەر هەڵدانەوەى توندوتیژى بێ لە توركیا. بێ گومان ئەو مەرامە خزمەتى پرۆسەى دیموكراسى و ریفۆرمەكان لە توركیا ناكات و خەونى ئەندامێتى توركیا لە یەكێتى ئەوروپا دوور دەخاتەوە.
ئێمە لە كاتێك دژى داخستنى پارتى كۆمەڵگەى دیموكراتى DTP دەنگى خۆمان بەرز دەكەینەوە، لە هەمان كات داوا لە یەكێتى ئەوروپا دەكەین كە پاڵەپەستۆكانى بۆ سەر دامەزراوەكانى دەوڵەتى توركیا زیاتر بكات بۆ ئەوەى ریفۆرمە سیاسییەكان خێرا بكرێن و دەستوورى توركیا بگۆڕدرێ و قانونى كارى سیاسى لەو وڵاتە بە شێوەیەكى دیموكراسى دابنرێ، بە جۆرێك داخستنى پارتى سیاسى بەربەستى بخرێتە بەر و بوارى بەشدارى سیاسى لە توركیا فراوانتر بكرێ.
داوا لە هاوڵاتیانى كوردى توركیا دەكەین كە دان بە خۆیاندا بگرن و درێژە بە خەباتى سیاسى و ئاشتیانە بدەن بۆ سەرخستنى دیموكراسى لە توركیا و گەیشتن بە مافە رەواكانى خۆیان، لە هەمان كات داوا لە حكومەتى توركیا دەكەین هەوڵەكانى بۆ هەمواركردنى دەستوور خێراتر بكات و بەردەوام بێ لە پرۆسەى كرانەوەى دیموكراسى بۆ چارەسەركردنى پرسى كورد لەو وڵاتە بە رێگەى ئاشتى و دیموكراسى.

سەركەوێ ویستى ئازادیخوازى كورد و دیموكراسى لە توركیا...
نا بۆ رێگرى لە كارى سیاسى و هاندانى توندوتیژى...

پەیمانگەى كوردستان بۆ پرسە سیاسییەكان
هەرێمى كوردستانى عێراق هەولێر
13/12/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە