بۆچى دەنگ بەكاك نەوشیروان ئەدەم ؟؟؟
Monday, 09/02/2009, 12:00
لەهەرێمى گەندەڵستانى كوردستاندا .. لە وڵاتى قەزا و قەدەرەى سەرانى مافیایى یەكێتى و پارتیدا .. لە مەملەكستانى كوڕانى مەسئولى بازرگان و بازرگانانى مەسئولدا .. لەتەتەرستانى بێسەر و بەرەیى و بێخزمەتگوزاریدا ، هاوڵاتى سادەى بێدەسەڵاتى هاوشێوەى ئێمە زۆرینە تووڕە و ناخ لێواولێوەكەیە لە ملێۆنەهـــا حەسرەت و ئــــاخ و خۆزگە و ئاوات كە لەسایەیى تاڵەبانى و بارزانى و دارودەستە ستەمكارەكەیاندا هیچى نەهاتۆتەدى و ئەگەر گۆڕانكارییەكى بنچینەیى و سەرتاسەرى نەیەتەدى ئەوا بەو ئومێدەوە سەرئەنێنینەوە و هەر نایەتە دى .
من و هاوشێوە بەدبەختە رەش و رووتەكە لەهەڵبژاردنى ئایندەدا بێ هیچ ئاین و ئۆین و ئەگەر و گـــومانێك بەدڵنیاییەوە دەنگ دەدەین بە لیستە سەربەخۆكەى كاك نەوشیروان ئەگەر سەرانى تاڵەبانى و بارزانى مێخ بە بنى پێمانا دابكووتن ، نەك پەنجەیەك بەڵكە هەر دەبەنجەكەمانى بۆ مۆر دەكەین بێ ئەوەى هۆكارە ئەوە بێت كە كۆنە كۆمەڵەبین یان لەنزیكەوە كاك نەوشیروان بناسین یان خەڵكى سلێمانى و دەوروبەرى بین ، ئێمە دەنگى بۆ دەدەین تاكو شەرعیەتدان بەدزینى سامانى میللەت كۆتایپێبێت ، تاكو پرۆژە وەهمییە لەدۆلار هەڵكێشراوەكانى عومەر مورتاح ئینقیراز بكات ، تاكو ئەمسالـى قادرى حەمەجان و داناى ئەحمەد مەجید و بەرزانى ئەحە سمێڵ و عوسمانى حاجى مەحموود شانسى ئەوەیان نەمێنێ بە كارتى سەوزى هێرۆى برایم ئەحمەدى كیلۆپاتراى دەباشان و شێرە بەفرینەكەى مێردى پۆستى باڵا وەربگرنەوە و گیرفانیانى لێپڕبكەن لە یۆرۆ و دۆلار و لە گەمەى پڕ چەواشەكارى ساختەى كووتلەچێتیدا پەتپەتێن بكەن و باس لە ئەفلام كارتۆنى ریفۆرم و چاكسازى بكەن ، ئێمە دەنگ بە كاك نەوشیروان دەدەین تاكو ئیدارەیەكى تەكنۆكرات گەڵاڵە بكات و پێڵاوى سەرمایەدارى دزە مەسئولەكان و كەس و كاریان لەسەر جەستەى چینە فلیقاوەكە هەڵبگرێت ، ئێمە دەنگ بەكاك نەوشیروان ئەدەین لەبەرئەوەى دەستبەردارى لووتكەى پۆستى باڵاى حیزبایەتى بوو و سەنگەرى ئێمەى هەڵبژاردووە ، لەبەرئەوەى كاك نەوشیروان بەئەندازەى هەموو تاكێكى كۆیلەى ئەم هەرێمە ركى لە گەندەڵى و پاوانكردنى دەسەڵاتى حیزبى و حكومى دەبێتەوە ، لەبەرئەوەى وەكو مەسئولە خوێڕكەكانى تر فەوجێ پاسەوانى بەدواوە نیە مۆڕە لەخەڵكى بكەن ، لەبەرئەوەى لەمێژە وەك ئێمەومانان پێى لەو راستییە ناوە كە ئەم هەرێمە لەسایەیى بارزانى و تاڵەبانیدا تاژێر چەناگە غەرقى گەندەڵى و بەدرەوشتى سیاسى و ئیدارییە و چاوەنواڕى چاكسازى لەوانە خۆگێلكردنە و سەرابى خەونێكە كە تاكو رۆژى حەشر نایەتە دى .
بەكــــوورتى من دەنگ بەلیستەكەى كان نەوشیروان ئەدەم لەبەرئەوەى لەناخەوە هەستئەكەم ئەو پیاوە یەكێكە لەئێمە و ئومێدم بەراستگۆیى پەیامەكەى هەیە لە گۆڕەپانى سیاسى ئەمڕۆى وڵاتەكەشمدا لەو راستگۆترم پێبەدى نایەت تاكو ئومێدى پێببەستم ، لەكۆتایشدا پێت ئەڵێم : كاك نەوشیروان لەیەقین خۆى یەقینتربە كە زۆرین ئەوانەى چاولەڕێى سپیدەى كار و بەرنامەى چاكسازییەكانت ئەكەین بە پراكتیكى .. خۆزگە تۆش ئەمجارە دڵت نەئەشكانین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست