کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ / بەڕێزان دەزگاو ماڵپەڕو كەناڵەكانى ڕاگەیاندن

Thursday, 05/04/2012, 12:00


كۆمەڵێك لەقوتابیان و فەرمانبەرانى سكوڵى هونەر بۆ / بەڕێزان دەزگاو ماڵپەڕو كەناڵەكانى ڕاگەیاندن
سەبارەت بە روداوى كوشتنى تراجیدیانەى دوو سەگ بەبەرچاوى قوتابیانەوە لەسكوڵى هونەرەجوانەكانى زانكۆى سلێمانى بەبێ رەچاوكردنى شێواندنى بارى سایكۆلۆجی قوتابیان و هەروەها نەبوونى پرسینەوەو لێكۆڵینەوە لە روداوى برینداركردنى شەخسیەتى دوو قوتابى كچ و هەروەها بوونى ئەو هەموو گەندەڵیە ئیدارییەى لەسكوڵى هونەرى زانكۆى سلێمانى هەیە. داواكارین بەبڵاوكردنەوەى ئەم راگەیاندنەمان . لەگەڵ رێزماندا.
......................................

ـــــــ سكوڵى هونەرەجوانەكانى زانكۆى سلێمانى لەترۆپكى گەندەڵى ئیداریدایە .! ـــــــ

ئێمە وەك ژمارەیەك لە قوتابیان و فەرمانبەرانى سكوڵى هونەرەجوانەكانى زانكۆى سلێمانى بەپێویستى دەزانین بەڕاى گشتى و وەزارەتى خوێندنى باڵاو سەرۆكایەتى زانكۆى سلێمانى ڕابگەیەنین كە فریاى سكوڵەكەمان بكەون لە بێ خاوەنى و نەبوونى ئیدارەیەكى باش و بەئەزمون، وا بوینەتە گەندەڵترین دامەزراوەى زانكۆى سلێمانى و رۆژانە چەندین كێشەو گرفت و كەموكوڕى و گەندەڵى هەست پێ دەكەین و رۆژ لەدواى رۆژ لەزیادبوندایە.
هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن و لەكەناڵەكانى راگەیاندنیشەوە بڵاوكرایەوە كە رۆَژى 2/ 4/ 2012 لەسكوڵەكەمان (سكوڵى هونەرەجوانەكانى زانكۆى سلێمانى) بەبەرچاوى ئێمەى قوتابیانەوەو دوور لەهەموو پێودانگێك زۆر بەنادروستى دوو گیاندار (دووسەگ) لەسەر بڕیارى ئیدارەى سكوڵەكەمان و بەهاوكارى ڤێترنەرى كوژران و بە شێوەیەكى زۆر تراژیدى گیانیان لەدەستدا كە هیچ كەسێك نەبوو لەئێمەى قوتابیان و فەرمانبەران و مامۆستایان لەئاست دیمەنى ئازاراوى گیان لەدەستدانى ئەو گیاندارانەدا خۆى ڕابگرێ و فرمێسك بەچاوانیاندا نەیەتە خوارەوە ، كە دواى بەدواداچونمان بۆمان دەركەوت لەسەر بڕیارى یاریدەدەرى راگرى سكوڵى هونەر ئەو كارە ئەنجامدراوە. ئێمەش بۆ ڕۆژى دواتر 3/4/2012 وەك قوتابیانى هونەر بایكۆتى خوێندنمان كردو نەچوینە هۆڵەكانى خوێندنەوەو مەراسیمێكمان بۆ تراژیدیاى گیانلەدەستدانى ئەو سەگانە ئەنجامدا و داواشمان كرد ئیجرائات بەرامبەر بەرپرسانى ئەو تاوانە ئەنجام بدرێ، چونكە پێمان وایە لەبرى كوشتنى تراژیدیانەى ئەو بێزمانانە، دەبوو لەناو زانكۆ دوور بخرێنەوە نەك لەبەرچاوى ئێمەى قوتابیان بەو شێوەیە ئازاراوى و تراجیدیە بیانكوژن و كاریگەرى سلبى لەسەر لایەنى سایكۆلۆجیمان دروست بكات و هەموان پێكەوە بگریەنێ و كە تا ئێستاش بەشێكى زۆرمان بارى دەرونیمان ناجێگیرە، بەڵام وا چەند رۆژێك تێدەپەڕێ و هیچ ئیجرائاتێك نەكراوە.
لەلایەكى ترەوە رۆژى 26/ 3 / 2012 ئێمەى قوتابیان بینیمان لەسەر دیوارەكانى سكوڵى هونەر چەند نوسینێكى نابەجێ بەبۆیەى سپرا نوسرابوو كە سوكایەتى بوو بە دوو قوتابى كچ و دروشم و بوختانى خراپ خرابووە پاڵ دوو كچە قوتابى هاوڕێمان و ئیدارەى سكوڵى هونەرمان لێ ئاگادار كردەوە، بەڵام تائێستا هیچ ئیجرائاتێك بەرامبەر بكەرانى ئەو كارە نەكراوە! كە بوونى ئەم روداوو كەمتەرخەمیانە هۆكارەكەى لاوازى ئیدارەو نەشارەزایى بەرپرسانى سكوڵى هونەرەو بەشێكە لەگەندەڵییە ئیدارییەكانى سكوڵەكەمان. 
دەمانەوێ وەزارەتى خوێندنى باڵاو سەرۆكایەتى زانكۆو راى گشتى ئاگادار بكەین كە گەندەڵى لەم سكوڵەدا بەشێوەیەك لەپەرەسەندن و بەردەوامیدایە كە لەهیچ بەش و دامەزراوەیەكى حكومەت و زانكۆدا لە وێنەى نیە، لەم سكوڵەدا ئەوە چەندین ساڵە دەبینین هەموو مەسئولیەتەكان تەنها لەنێوان دوو كەسدا یا بڵێین دوو مامۆستادا بەشكراوەو حساب بۆ كەسى تر ناكرێت، لەدنیادا نەبووە مامۆستایەكى یاریدەدەر بەبڕوانامەى ماستەرەوە ئەم هەموو پۆستەى پێ بدرێت (1- یاریدەدەرى ڕاگر- لەكاتێكدا كەئێستا ئێمە راگرایەتى نین، بەڵكو بوینەتە سكوڵ، بەڵام ئەم هەر یاریدەدەرى راگرە ! 2- سەرۆكى لقى سیرامیك. 3 قوتابى خوێندنى باڵا(ماستەر)بوو، ئێستاش قوتابى دكتۆرا. 4 مامۆستاى وانەى تیۆرى و پراكتیكى. 5- هونەرمەند.)، هەروەها مامۆستاكەى تریش (1- سەرۆكى بەش. 2 سەرۆكى لقى پەیكەر. 3- قوتابى دكتۆرابوو بەڵام تازە تەواوى كردووە. 4- مامۆستاى وانە. 5- هونەرمەند) كە دەنگۆ هەیە ئەمەیان تازە وازى لەپۆستێكیان هێناوە تا خۆى ئامادە بكات بۆ وەرگرتنى پۆستێكى باڵاتر كە ببێتە (سەرۆكى سكوڵ)، ئەمە لەكاتێكدا مامۆستاكەى تریش كە تا ئێستاش قوتابى دكتۆرایە كەوتۆتە پەلە پەلى تەواوكردنى دكتۆراكەى تا ئەویش هەوڵى وەرگرتنى پۆستى (سەرۆكى سكوڵ) بدات، وەك دەشوترێت هۆكارى دانەنانى سەرۆكى سكوڵ تا ئێستا كە ماوەى (6) مانگە ئەو پۆستە بەتاڵە لەسكوڵى هونەرەجوانەكان، دەگەڕێتەوە بۆ چاوەڕوانى تەواوكردنى خوێندنى ئەم مامۆستایە تا ببێتە دكتۆر و خێرا بیكەنە (سەرۆكى سكوڵ)، بەم شێوەیە دەبینین سەرۆكایەتى زانكۆ و پەیوەندییە شەخسیەكان و دەستوەردانى حزبى بوار نادەن كە جگە لەو دوو مامۆستایە هیچ مامۆستاو دكتۆرێكى تر هیچ پۆستێك وەربگرن. لەسكوڵى هونەر نەبێت لەهیچ شوێنێكى دنیادا نەبووە قوتابى خوێندنى باڵا پۆستى ئیدارى هەبێت كە ئەمە گەندەڵى ئیدارى نەبێت ئەى چیە؟ دابەشكردنى پۆستەكان لەنێوان دوو كەسداو سڕینەوەى مامۆستاكانى ترو كەموكوڕیى و گلەیى زۆرى قوتابى و مامۆستاو فەرمانبەر و گەشەنەكردنى سكوڵەكە لەماوەى (15) ساڵى ڕابردودا هەموو ئەمانە گەندەڵى بەرچاوى ئیدارەى ئەم سكوڵەیەو ئیتر نابێت لەبەرامبەریان بێدەنگ بین. 

ئێمە وەك كۆمەڵێك لەقوتابیان و فەرمانبەرانى سكوڵى هونەر نیگەرانى خۆمان بەرامبەر ئەم هەموو گەندەڵیە دەردەبڕین و داواكارین لە وەزارەتى خوێندنى باڵاو سەرۆكایەتى زانكۆ، ئەم هەموو گەندەڵیەى كەچەند ساڵە لەسایەى دەسەڵاتى ئیدارەى سكوڵەكەمانەوە هەیە بنبڕبكرێت و بواریش بەكەسانى تر بدرێ تواناو ئەزمونى خۆیان لەئیدارەدانى سكوڵى هونەردا تاقی بكەنەوە تا ئیتر كۆتایى بەگەندەڵى و پاشەكشەو دواكەوتوویى سكوڵەكەمان بهێنرێت، بەپێچەوانەوە دڵنیاتان ئەكەین هەركاتێك پێویست بكات هەڵوێستى توندمان ئەبێت.

كۆمەڵێك لەقوتابیان و فەرمانبەرانى سكوڵى هونەر
5/4/2012 
---------------------

تێبینى :
بۆ زانیارى خۆتان ناوى ئەو دوو مامۆستایەى سكوڵى هونەر كە (حزب و سەرۆكایەتى زانكۆ) پشتیوانیان لێ دەكەن و مەسئولى تەنها بۆ ئەوانەو مامۆستاكانى تریش ناوێرن قسە بكەن چونكە دەزانن هەرچى بڵێن بێ سودە بۆیە دەستیان بەكڵاوەكەیانەوە گرتوە تا با نەى بات.
1 م. نەعیمە 2 م. بیان

كۆمەڵێك لەقوتابیان و فەرمانبەرانى سكوڵى هونەر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە