پارتی.. بە ئاشكرا غەدر لە خەڵكی هەولێر و دهۆك دەكات.
Tuesday, 20/08/2013, 12:00
ئێمە كە كە بە هەزاران فەرمانبەرین لە هەولێرو دهۆك ، ئەوا بۆ ماوەی نزیكەی (10) ساڵە حكومەتی هەرێم هەردوو ئیدارەی هەولێر (پارتی) و ئیدارەی سلێمانی (یەكێتی) ، بێ ئاگاداری خۆمان دەیان ملیون دۆلاری ئێمەیان خواردووە ، بەڵام پاش بە ناو یەكخستنەوەی هەردوو وەزارەتی ئیدارەی هەولێرو دهۆك ، فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی سەرجەم ئەو مافەی خۆیان وەرگرتەوە و هیچ كیشەیەكیان نەما ، بەڵام ئیدارەی دارایی هەولێر (پارتی) كە خۆی لە دەسەڵاتی (رەشید تاهیر) بریكاری وەزارەتی دارایی دەبینێتەوە، لە جیاتی ئەوەی وەكو فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئەو مافە زەوتكراوو خوراوەمان بۆ بگێڕێتەوە ، كەچی رێنماییەكی بە ناوی رێنمایی (32) بۆ فەرمانبەرانی هەردوو سنووری پارێزگای هەولێرو دهۆك دەركردووەو تێیدا لە بری تەواو قەرەبووكردنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی هەولێرو دهۆك كە خۆی لە قەرەبووكردنەوەى (9) ساڵەدا دەبینێتەوە ، هاتووە تەنیا (سێ ساڵ و هەشت) مانگی قەرەبووكرنەوە ی بۆ ئێمە خەرج كردووە كە بە (جیاوازی مووچە) ناسراوە ، بەڵام تا ئێستا قەرەبووی (64) مانگ مافی زەوتكراومان لای وەزارەتی دارایی ماوەو زۆر بەداخەوە (رەشید تاهیر) دیارە یە ئیعازی پارتی بە هیچ شێوەیەك ئامادەنییە ئەو هەقەمان بۆ بگێڕێتەوە ، لە كاتێكدا هەر بە هەمان رێنمایی وەزارەتی دارایی، سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی مافی خۆیان وەرگرتەوە و قەرەبووكرانەوە ، لە كاتێكدا ئێمە بە دەیان جار لە رێگەی پەرلەمان و یەكیتی فەرمانبەران و میدیا جۆراوجۆرەكانەوە ، داوایی ئەو مافەی خۆمان لە وەزارەتی دارایی و خودی (رەشید تاهیر) كردووە ، بەڵام زۆر بەداخەوە هەر جارەی بە بیانوویەك دەیەوێ ئەو مافەمان بخوات و خۆی لە قەرەبووكرنەوەمان دەدزێتەوە ، بێ گومان دیارە پارتیش زۆر باش ئاگای لەم مەسەلەیە هەیە و خۆی لێ كردۆتە كەڕەی شەربەت، دیارە (رەشید تاهیر)یش بى رێنمایی پارتی هەرگیز دەست بە ئاودا ناكا ، بۆیە لێرەدا ئێمە باش بۆمان دەركەوتووە كە دیارە پارتی نایەوێ ئێمەی فەرمانبەرانی هەولێرو دهۆك قەرەبووبكرێنەوەو ئەو مافەمان وەربگرینەوە ، زۆر بەداخەوە دیارە وەكو چەندین بواری تر لافیان لەو پارەیەش خۆش كردووە و ئەیانەوێ مافی ئێمەی فەرمانبەری هەژارو داماوا بخۆن !! ئەمە لە كاتێكدایە كە زۆربەی ئێمەی فەرمانبەر لە چەندین پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانی و پارێزگاكانی ارابوردوودا دەنگمان بۆ پارتی داوە ، بەو هیوایەبووین كە پارتی لە رێگەی حكومەتەكەیەوە ژیان و گوزەرانمان خۆش بكات ، بەڵام هەرگیز لە بڕوایەنەبووین بەو شێوەیە مافمان بخوات و بە ئاشكراو نویژی نیوەڕۆ غەدر لە فەرمانبەران و خەڵكی هەولێرو دهۆك بكات ، ئەمە لە كاتێكدایە كە دەزگاكانی راگەیاندنی پارتی بە شەوو رۆژ بە باڵای هەولێرو هەولێرییەكاندا هەڵدەڵێن و ئەوە باسی دهۆك هەر مەكە كە بە پشت و دڵسۆزو پەناگەی خۆیانی ئەزانن ، بۆیە لێرەدا پرسیارێك دەكەین ئایا پارتی ئەكەر بەو شێوەیە غەدر لە ئەوانەی بۆی دڵسۆز بوون بكات ، ئەبى چ قورێ بۆ ئەو خەڵك و كەسانە بگرێتەوە كە پارتی نین و یاخود رەخنەی لێ دەگرن؟!! . بۆیە لێرەدا رایدەگەیەنیین ئێمەی فەرمانبەرانی هەردوو سنووری پارێزگای هەولێرو دهۆك، هەرگیز لە مافی خۆمان خۆش نابین و بە هەموو شێوەیەك بەدواداچوونی بۆ دەكەین و ئەو دەسەڵاتەشی كە بیەوێ غەدر لە هاوڵاتیانی خۆی بكات، وێڕای لاوازبوون و نەمانی جەماوەری خۆی ، ئەوا هاوڵاتیانیش لە رۆژی هەڵبژاردن و لەسەر سندوقەكانی دەنگدان تۆڵەی خۆیانی لێ دەكەنەوە.
هەزاران فەرمانبەری هەردوو سنووری پارێزگای هەولێرو دهۆك
20/8/2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست