با هەموومان وەك یەك بین
Thursday, 21/06/2012, 12:00
ئێمەى فەرمانبەرانی سنوری قەزای چۆمان و دەوروبەری لە سۆنگەى بە ئاگابونمان لەو پێشێلكاریانەى چەندین ساڵە كراوە و دەكرێت بەرامبەر ماف و ئیمتیازی فەرمانبەریمان لە ڕووى كەمی موچە و دەرماڵەو پلە و پایەدا بە بەراورد لەگەل حكومەتی ناوەندی ،بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند رۆژی رابردودا لە ژێر ناونیشانی (با هەمومان وەك یەك بین) هەستاین بە كۆكردنەوەى واژۆ كە زیاتر لە ( 1000 ) هەزار واژۆمان كۆكردەوە و هەڵمەتەكەش بەردەوام ئەبێت ، داواكاریەكانیشمان لەم یاداشتە (9) خاڵیەدا كۆكردۆتەوە و ئاراستەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكەى هەرێمى كوردستان و بە تایبەتیش وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر دەكەین بۆ ئەوەى لە ماوەى (15) رۆژدا وەڵاممان بدەنەوە و داواكاریەكانمان جێبەجێ بكەن ئەگینا هەڵوێستی ترمان دەبێت و ڕێگای مەدەنیانەی تر دەگرینە بەر، وە ئەگەر جەنابی وەزیری دارایی و بریكارەكەى توانای جێبەجێ كردنی یاسا و ڕێنمایی و داوا ڕەواكانی ئێمەیان نیە باشتر وایە دەست لەكار بكێشنەوە چونكە پێویستی و وجودی بەرێزیان پەیوەستە بە فەراهەمكردن و دەستەبەركردنی ماف و ئیمتیازی فەرمانبەرانی هەرێم وەك فەرمانبەرانی هەموو عیراق نەوەك ستەم كردن لێمان.
داواكاریەكان:
1- هاوتا كردنی موچەو دەرماڵە و پلەو پایەى فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆك لەگەڵ فەرمانبەرانی حكومەتی ناوەندی و قەرەبو كردنەوەیان وەك فەرمانبەرانی سلێمانی.
2- دوای ڕێكخستنەوەى موچەو پلەو پایەی ئەو فەرمانبەرانەی كە بەر لە 31-12-2003دامەزراون جیاوازیەكی بەرچاو دروست دەبێت لەگەڵ فەرمانبەرانی دامەزراوی دوای ئەو ڕێكەوتە واتە (2004 - 2010)،بۆیە داوادەكەین ئەو رێكخستن و هاوتا كردنە ئەمانیش بگرێتەوە.
3- پێدانی زەوى بەو فەرمانبەرانەى شایستەن بەو مافە و تاكو ئێستا پێیان نەدراوە.
4- خەرج كردنی دەرماڵەی (150000) دیناری بۆ فەرمانبەرانی مۆڵەت پێدراوی وەزارەتی پەروەردە (دایكایەتی ، خوێندن ، نەخۆشی) كە لە بەغدا خەرج كراوە، وە خەرج كردنی بڕی (75000) دینار بۆ شەش مانگی دووەمی مۆلەتی دایكایەتی مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە هەر سێ پاریزگاكەى هەرێم هەروەك بەغدا.
5- خەرجكردنی دەرماڵەی ترسناكی كارمەندانی كارگێری تەندروستی بە ڕێژەى (30%) وەكو حكومەتی ناوەندی وە زیاد كردنی دەرماڵەى ترسناكی بۆ كارمەندانی تەندروستی بە رێژەى (100%).
6- خەرجكردنی دەرماڵەى ترسناكی بۆ كارمەندانی وەزارەتی كارەبا بە ڕێژەى (75%) هەروەك بەغدا چونكە لە هەرێم تەنها لە (30%) خەرج دەكرێت.
7- دووبارە خەرج كردنەوەى دەرماڵە بە ڕێژەى (30%) بۆ فەرمانبەری خزمەت گوزار لە شارەوانیەكانی وەزارەتی شارەوانی.
8- خەرجكردنی دەرماڵەی تایبەت بۆ فەرمانبەران و خەزنەدارەكانی قائمقامیەت و ناحیەكان و بەرێوەبەرایەتیەكانى ترى وەزارەتەكان كە هاوشێوەى بانكەكان لێ بكرین.
9- هاوتا كردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێم لەگەل خانەنشینانی حكومەتی ناوەندی.
وێنەیەك بۆ
هەرسێ سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان
وەزارەتی دارایی
یەكێتی فەرمانبەران
كەناڵەكانی راگەیاندن
هاوپێچ / وێنەیەك لە واژۆكان
فەرمانبەرانی سنوری قەزای چۆمان
دەستەی بەڕێوەبەر
21-6-2012
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست