کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەزارەتی ئەنفال و شه‌هیدان ... وه‌زاره‌تی ئه‌نفالکردن و پاره‌لووشدان (به‌شی دووەم)

Wednesday, 19/06/2013, 12:00


له‌ به‌شي يه‌كه‌مدا باسمان له‌ فه‌زيحه‌كاني به‌رێوه‌به‌ري نوسينگه‌ي وه‌زير كرد هه‌ژار هاشم جيهاز كه‌ تێيدا هه‌ندێ له‌ فه‌زيحه‌كاني وه‌زيري شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوانيشي تێدا به‌دي ده‌كرا. ئه‌م به‌شه‌ي دوه‌م ته‌رخانكراوه‌ بۆ گه‌نده‌ليه‌كاني وه‌زير مامۆستا ئارام ئه‌حمه‌د. 

1) به‌ناوي يادي هه‌له‌بجه‌وه‌ ئه‌نجومه‌ني وه‌زيران بري (5) مليۆن دۆلاري له‌سه‌ر داوايه‌كي وه‌زيري شه‌هيدان و ئه‌نفال (مامۆستا ئارام) له‌سه‌ر بودجه‌ي تايبه‌ت كه‌ كه‌س نازانێت بودجه‌ي تايبه‌ت چه‌نده‌ و لاي كێيه‌ بۆ يادي ناوبراو ته‌رخاني ده‌كات (بروانه‌ به‌لگه‌نامه‌).
2) کاتێک پارتي بەمە ده‌زانێت، کە چۆن ئه‌و برِه‌ پاره‌يه‌ به‌ ناوي هه‌له‌بجه‌وه‌ داواكراوه‌، بۆ ئەوەی وەک زۆربەی وەزیرەکانی تری سەر بە یەکێتیی سەرشۆڕیان بکات پێگەی ئەمیش لاواز بکات، بۆیە دەرفەت لەم خاڵە لاوازەی مامۆستا ئارام وەردەگرێت، يه‌كسه‌ر له‌ رێگاي سه‌رۆكايه‌تي هه‌رێم و فه‌رمانگه‌ي په‌يوه‌نديه‌كاني ده‌ره‌وه‌ كه‌ هه‌ردوكيان سه‌ر به‌ پارتين داوا له‌ وه‌زير ده‌كه‌ن كه‌ كۆنگره‌يه‌ك له‌ رۆژي له‌ دايكبووني بارزانيدا (واتا 14.3) له‌ هه‌ولێر ببه‌سترێت بۆ هه‌له‌بجه‌. وه‌زير يه‌كسه‌ر رازي ده‌بێت. فوئاد حسێن له‌ سه‌رۆكايه‌تي هه‌رێم و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسي فه‌رمانگه‌ي په‌يوه‌نديه‌كاني ده‌ره‌وه‌ سه‌رپشك ده‌كرێن بۆ بانگهێشت كردني ميواناني بێگانه‌و به‌رێوه‌بردني كۆنگره‌كه‌. 
3) كۆنگره‌كه‌ له‌ 14.3 له‌ هه‌ولێر به‌سترا. زياتر له‌ 300 كه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ بانگهێشت كرابوون. هه‌مووي له‌ لايه‌ن پارتيه‌وه‌. وه‌زير مافي هيچي نه‌بوو. كۆنگره‌كه‌ ته‌نها (1) رۆژ بوو. جگه‌ له‌ 3 وتار هيچي تري تێدا پێشكه‌ش نه‌كرا ئه‌مه‌ له‌ پال كۆمه‌لێك گۆراني!! نزيكه‌ي يه‌ك مليۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دۆلاري بۆ خرج كرا. ته‌نانه‌ت كۆنگره‌كه‌ ته‌وسيه‌يه‌كيشي تێدا نه‌بوو.
4) پاش ته‌نها 2 رۆژ ، واتا له‌ 16.3 له‌ هه‌له‌بجه‌ له‌ لايه‌ن كۆمپانيايه‌كي توركي سه‌ر به‌ نێچيرڤان بارزاني بري يه‌ك مليۆن و حه‌وت سه‌د هه‌زار دۆلاري تر به‌ مه‌به‌ستي هه‌لداني خێمه‌يه‌ك بۆ ياده‌كه‌ دەچێتە گيرفاني كۆمپانياكه‌ و كه‌ساني نزيك له‌وان. به‌م پێيه‌ له‌ ته‌نها 2 رۆژدا زياتر له‌ 3 مليۆن دۆلار به‌ هه‌ده‌ردرا. 
5) بزوتنه‌وه‌ي گۆران له‌ رێگاي 2 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌وه‌ يه‌كێكان بريتيه‌ له‌ ڤيان ره‌حيم ويستيان به‌ دواداچوون بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن. چوونه‌ لاي وه‌زير به‌لام وه‌زير پێي وتبوون ئه‌و بره‌ پاره‌يه‌ بۆ هه‌موو ياده‌كاني ئه‌مسال ته‌رخان كراوه‌ ، كه‌ هه‌موو ياده‌كان ته‌واو بوو ئێمه‌ راپۆرتي خۆمان ده‌ده‌ين كه‌ ئه‌و (5) مليۆن دۆلاره‌مان چۆن خه‌رج كردوه‌ ، به‌لام له‌ به‌لگه‌كه‌دا به‌ ئاشكرا نووسراوه‌ كه‌ ئه‌م پاره‌يه‌ بۆ هه‌له‌بجه‌ ته‌رخان كراوه‌. 
6) پرسیاری ئێمە ئەوەیە: ئايا باشتر نه‌بوو به‌و بره‌ پاره‌يه‌ ئه‌و خه‌سته‌خانه‌يه‌ي پێته‌واو بكرايه‌ كه‌ سالانێكي زۆره‌ له‌به‌ر بێ پاره‌يي بۆ به‌ركه‌وتواني چه‌كي كيميايي له‌ هه‌له‌بجه‌ هه‌ر ته‌واو نابێت. ئايا باشتر نه‌بوو رێگاي نێوان سه‌يد سادق و هه‌له‌بجه‌ي پێ قيرتاو بكرايه‌ ، باشتر نه‌بو ..... تاد. 
7) زياتر له‌ مليۆن و نيوێك دۆلار ته‌رخان كرا بۆ مه‌راسيمي هه‌له‌بجه‌ كه‌چي هه‌مووي له‌ چه‌ند رۆژێكدا حه‌په‌لووش ده‌كرێت به‌لام له‌ سالي 2012 به‌ دوو وه‌جبه‌ توانرا روفاتي ئه‌نفالكراوان بهێنرێته‌وه‌ گه‌رميان. جاري يه‌كه‌م له‌ مانگي 5 و ئه‌وه‌ي تريان له‌ مانگي 11ي هه‌مان سال ، نه‌ك هه‌ر بودجه‌ي بۆ ته‌رخان نه‌كرا به‌لكو به‌ ئه‌ندامه‌تي نوێنه‌ري داواكاري گشتي ليژنه‌يه‌كي لێكۆلينه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رێوه‌به‌رايه‌تي گشتي شه‌هيداني سلێماني گيرا ، ئه‌ويش له‌سه‌ر داواي ئه‌ندامێكي مه‌كته‌بي سياسي بوو كه‌ ناوه‌كه‌يمان لا هه‌يه‌ ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ي روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌رێوه‌به‌رايه‌تي ناوبراو له‌ رێي هه‌ندێك له‌ به‌رێوه‌به‌رو كارمه‌نده‌كانيه‌وه‌ پاره‌يان له‌ دروستكردني تابووت بۆ روفاته‌كان بۆ خۆيان خواردوه‌. تكايه‌ سەرنج بده‌نه‌ ئه‌م تاوانه‌ي كارمه‌نده‌كاني مامۆستا ئارام ئه‌حمه‌دي وه‌زيري شه‌هيدان كردويانه‌. كه‌ ليژنه‌كه‌ راپۆرتي خۆي ئاماده‌ كرد نوسخه‌ي خرايه‌ به‌رده‌م وه‌زير تا به‌ گوێره‌ي لێكۆلينه‌وه‌كه‌ سزاي ئه‌وانه‌ بدات كه‌ به‌م تاوانه‌ هه‌ستاون به‌لام وه‌زير گوێي خۆي لێخه‌واند. پاشان ئه‌نجومه‌ني ناوه‌ندي يه‌كێتي لێي هاته‌ ده‌نگ كه‌ تاواني ئاوها پێويسته‌ به‌دواداچووني بۆ بكرێت. له‌ ئه‌نجومه‌ن ئارام ئه‌حمه‌د به‌لێني دابوو سزاي ئه‌وانه‌ بدات ، به‌لام ديسانه‌وه‌ هيچي نه‌كرد ، واتا خۆلي كرده‌ چاوي ئه‌وانيشه‌وه‌. ئه‌وه‌ش ئه‌و وه‌زيره‌ي يه‌كێتيه‌ كه‌ له‌راستيدا بۆته‌ وه‌زيري پارته‌كه‌ي بارزاني و يه‌كێتيش لێي بێده‌نگه‌.
8) ئێستا هه‌ق وايه‌ داواكاري گشتي بێته‌ ده‌نگ. كوا به‌دواداچوون بۆ راپۆرتي ليژنه‌كه‌؟ وه‌زير نه‌ك هه‌ر نه‌يهێشت ئه‌و راپۆرته‌ كه‌س بيبينێت به‌لكو ئاماده‌نه‌بوو له‌ ئه‌نجومه‌ني وه‌زاره‌ته‌كه‌شيدا باس بكرێت ، واتا ديزه‌به‌ده‌رخونه‌ي كرد. له‌ بري سزاي تاوانباران كه‌چي وه‌زير ناوي به‌رێوه‌به‌ري گشتي و سه‌رۆكي ليژنه‌ي كريني تابووتي روفاته‌كاني سلێماني خسته‌ ليستي ئه‌وانه‌ي كه‌ پێويسته‌ بچن بۆ ئه‌مريكا به‌ ناوي ئيفادي وه‌زاره‌ته‌وه‌ ، گوايه‌ زۆر كاري باشيان كردوه‌. كه‌واته‌ دياره‌ ئه‌مانه‌ نهێني يه‌كتريان لا هه‌يه‌ و بۆ يه‌كتري ده‌شارنه‌وه‌. له‌به‌ر نه‌بووني شوێني هه‌لگرتني روفاتي ئه‌نفالكراوان ئه‌وانه‌ي دواي دۆزينه‌وه‌يان له‌و ناوچانه‌ ماوه‌يه‌كي زۆر له‌ كه‌ربه‌لا دانران به‌لام ده‌وترێ به‌ هۆي شۆرتي كاره‌باوه‌ بووه‌ شوێنه‌كه‌ سوتاو زياتر له‌ 70 مرۆڤي كوردي ئه‌نفالكراو سوتان. ئايا چ ناوێك له‌م فه‌زيحه‌يه‌ بنێين؟
9) ئارام ئه‌حمه‌دي وه‌زيري ئه‌نفالكردن به‌ ناوي كرنه‌وه‌ي ميوانخانه‌وه‌ له‌ شاري سلێماني خانويه‌كي به‌كرێ گرتوه‌، به‌لام خێزانه‌كه‌ي خۆي تێدا نيشته‌جێ كردووه‌ ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا هه‌موو وه‌زيره‌كان له‌ نازسيتي له‌ هه‌ولێر خانويان پێدراوون. ئه‌و خانوه‌ش هي براده‌رێكي خۆيه‌تي به‌ ناوي ره‌فعه‌ت عبدالله‌ به‌رپرسي رێكخستني يه‌كێتي نيشتيماني كوردستانه‌ له‌ كه‌ركوك. ئه‌و خانوه‌ روكنه‌ كه‌وتۆته‌ گه‌ره‌كي به‌ختياري كۆن و كرێي مانگانه‌ي 2 مليۆن و 750 هه‌زار ديناره‌و ته‌نها 200 مه‌تر دوجايه‌. له‌بري ئه‌وه‌ي بيكاته‌ ميوانخانه‌ كردويه‌تيه‌ مالي دوه‌مي خۆي ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا نه‌ به‌رپرسه‌كاني وه‌زاره‌ت ئاگادارن لێي نه‌ له‌ رێگاي ليژنه‌وه‌ كراوه‌. وه‌زاره‌تي دارايي بري 15 مليۆن ديناري ته‌رخان كردوه‌ بۆ كريني كه‌ل و په‌ل بۆي ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ليژنه‌كه‌ كه‌لوپه‌لي ناو ماليان بۆ كريوه‌. 

لێره‌دا وه‌ك له‌ به‌شي يه‌كه‌مدا ئاماژه‌مي پێداروه‌ دوباره‌ي ده‌كه‌ينه‌وه‌ زانياري له‌ ئێمه‌وه‌و لێپرسينه‌وه‌ش له‌لايه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ، ئه‌و حكومه‌ته‌ي كه‌ وه‌ك له‌ به‌لگه‌نامه‌و رونكردنه‌وه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێ خۆي سه‌رچاوه‌ي گه‌نده‌ليه‌كه‌يه‌ ، كه‌واته‌ با ئه‌مجاره‌ش رووي ده‌ممان دوباره‌ بكه‌ينه‌ داواكاري گشتي ، هه‌روه‌ها رۆلي ئۆپۆزيسيۆنيش. 


ئەو وەزیرەی، نازانێت فاتیحایەک دابدات، وەک ئەکتەرێک نوێژ بۆ ئەنفالكراوان دەكات


 بەشی یەکەم

بەشی سێیەم و کۆتایی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە