کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


تكایە بـــا ئەنجومەنى وەزیران نەبێتە گۆڕستانى مامەڵەكانمان

Thursday, 16/05/2013, 12:00


بەڕێز جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران :
تكایە بـــا ئەنجومەنى وەزیران نەبێتە گۆڕستانى مامەڵەكانمان

بەڕێز جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران .. ئێمە كۆمەڵێ فەرمانبەرین لەناوچەى سلێمانى و دەوروبەرى كە مامەڵەى گەڕانەوە و ئەژماركردنى خزمەت و راستكردنەوەى موچەمان هەیە لەئەنجومەنى وەزیران ، بەڕاستى دواكەوتنى مامەڵەكان و پەنگخواردنى لەسەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران هەمووجۆرە سنورێكى چاوەنواڕى و تەحەمولكردنى بەزاندووە بەجۆرێ كە بەرد دەهێنێتە قسەو ئاخافتن ، ئەمانەش بەهۆى رەوتى سست و ناتەندروستى كۆمەڵێ فەرمانبەر لەسەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران ، كە ئێمە تەواو گەیشتوینەتە ئەو باوەڕ و قەناعەتەى كەهەر بە (هەوەس و ئارەزوو) ، مامەڵەى هاوڵاتیان و فەرمانبەران دوادەخەن تاكو واستەیان پێبكرێت و ئەم مەسئول لەم مەڵبەندى رێخستنەوە و ئەو مەسئول لەسەركردایەتیەوە تەلەفونیان بۆبكات و ئەوكات ئەوانیش لەبەرخاترى خاتران مامەڵەكان راپەڕێنن و راپەڕاندنى ئەو مامەڵانە بۆمجۆرە بكەنە منەت بەسەر هەموو لایەكەوە ، كەلەبنەڕەتدا ئەركى سروشتى خۆیانە و پێویستە لەزووترین كاتدا ئەو مامەڵانە تەوابكەن لەبەرئەوەى ئەوان ئەو موچە زەبەلاحەى وەریدەگرن لەبەرامبەر ئەوەدایە كەخزمەتى هاوڵاتیانى پێبكەن و كارومامەڵەكانیان لەكاتى خۆیدا راپەڕێنن .
لەسەرەتاى وەرگرتنى بەرێز عیماد ئەحمەد بۆ پۆستى جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران لەبۆنەیەكدا رایگەیان كەچیتر مامەڵەى هاوڵاتیان و فەرمانبەران لەناو بارەگاى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیراندا پەنگناخوات و بەزووترین كات تەواو دەكرێت .. بەڵام زۆر بەداخ و كەسەرەوە ئەوەى زۆر بێ ویژدانیشە ناتوانێت حاشا لەو راستیە بكات كەئیستا سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆتە گۆڕستانى مامەڵەى فەرمانبەران و هاوڵاتیان ، ئەویش بەهۆى پیادەكردنى سیستمێكى بیرۆكراتیەتى قێزەون كەتیایدا بەئەنقەست مامەڵەكات دوادەخرێت تاكو ئەو ئاستە دورودرێژەى كە كەسى خاوەن مامەڵە هاوارى لێهەڵدەستێت و بەناچارى هانا بۆ واستە و مەحسوبیەت دەبات تاكو بڕێ زووتر مامەڵەكەى تەواوبكرێت ، هیچ لۆژیك و عەقڵێك ئەوە واقیعە تاڵەى بۆ هەرس ناكرێت كە : بۆچى واژووكردنێك یان ژوراوژوركردنێك یان خستنە بەریدێكەوە چەندین مانگى پێبچێت كەبۆخۆى كارى تەنها چەند خولەكێكە و هیچى تر ، زۆرێك لە فەرمانگە خزمەتگوزاریەكانى سلێمانى رۆژانە دەیان هەزار هاوڵاتى رووی تێدەكات و بەوجۆرەى ئەنجومەنى وەزیران ئەگەر مامەڵەى ئەوانیش دوابكەوتایە ئەوكات بێگومان قیامەت هەڵدەستا لە توڕەى ئەواندا .
بەرێز جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران .. تەواوى ئەو مامەڵانەى لاى بەرێزتان چۆتە قۆزاخە و تونێلى سەهۆڵبەندانى لەبیرچوونەوە و رووناكى بەدیناكەن پەیوەستن بە بەرژەوەندى زیندوو و قووتى خۆیان و ماڵ و منداڵى سەدان فەرمانبەر و هاوڵاتیەوە ، بۆیە تكایە سنوورێك بۆ ئەم دیاردە نامۆیانە دابنێن و لێگەڕێن مامەڵەكان بەسروشتى و ئاسایى شوێنگۆڕكێ بكەن لەناو ئۆرگانە حكومیەكاندا .
لەگەڵ رێزماندا ..

كۆمەڵى فەرمانبەرى سلێمانى و دەوروبەرى 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە