موراد کارایڵان پێشنیارێک ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌کانی باشووری کوردستان ده‌کات
Tuesday, 04/08/2015, 19:11
به‌بۆنه‌ی ساڵیادی داگیرکردنی شه‌نگال فه‌رمانده‌ى بڕیارگهرى ناوه‌ندى هێزه‌کانی پاراستنى گه‌ل هه‌په‌گه (موراد کارایڵان) په‌یامێک ئاڕاسته‌ی حکومه‌ت و لایه‌نه سیاسیه‌کانی باشووری کوردستان ده‌کات. کارایڵان داوا له حکومه‌ت و لایه‌نه‌کانی باشووری کوردستان ده‌کات که بێن و سیاسه‌تێکی هاوبه‌ش بۆ ئازادکردنی شه‌نگال بهڕێوهببین و به‌یه‌که‌وه زامی شه‌نگال ساڕیژ بکه‌ین.
له دیمانه‌یه‌کیدا دوێنێ دووشه‌ممه 03.08.2015 موراد کارایڵان ڕایگه‌یاند:" دوای داگیرکردنی موسڵ هه‌ستمان بهخهتهریهکانی سه‌ر کوردستان کرد پێشداگیرکردنی شەنگال حکومەتی هەرێم مان له‌و خه‌ته‌رانه ئاگادار کردەوە کە داعش لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، پێویستە بۆ پاراستنی هەرێم تەنسیق بکەین. حکومەتی هەرێم وتی پێوست بە هیچ شتێ ناکات ئێمە رێ‌و شوێنی خۆمان گردۆتە بەر، ئێمە زانیمان دۆخه‌که جدییه ناچار چه‌ند هەڤاڵمان نارد بۆ کەمپی مەخمور و هەندێ ئیمکانمان بۆ پاراستنی خۆیان بۆ دابین کردن، ناچار 12 هەڤاڵمان لە رۆژئاواوە ناردە شەنگال لەوێ گروپێکی 25 کەسیان دروست کرد، به‌ڵام مه‌خابن 3 لەو هەڤاڵانەمان لەلایەن کاربەدەستانی ناوچەکەوە دەسگیر کران".
کارایڵان ده‌ڵێت:" چونی گەریلاکانمان بۆ بەگشتی بۆ باشووری کوردستان و به‌تایه‌تی بۆ شه‌نگال، پشتیوانیه‌کی مەزن بوو بۆ گەل و حکومەتی هەرێم، دەبێت هەمووکەس بەوە خۆشحاڵ بێت ئێمە لەسەر ئەساسی ئەرک و پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی پشتیوانیمان کردوە، قەت بیرمان لەوە نەکردوەتەوە شەنگال لە باشووری کوردستان جیابکەینەوە، یان بیخەینە ژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکەوە، بەڵام هەندێک دەوروبەر و ڕاگەیاندن بەئامانج کێشە لەنێوان کوردان دروست دەکەن و ڕاستی هەبوونی ئێمە لەوێ چەواشەدەکەن، دڵتەنگی و عاجزبون دروست دەکەن".
له‌درێژه‌ی دیمانه‌که‌یدا موردا کارایڵان ده‌ڵێت:" ئێمە پەشیمان نین لەو خەباتەی بۆ پاراستنی باشووری کوردستان کردومانه و لەو شەهیدانەی لەوێ بۆ گەلەکەمان داومانه و بەکەمیشی دەزانین، بەڵام هەندێک هەڵوێست هەیە مرۆڤ غەمگین دەکات، دەبوو ئەوەی ئێمە بۆ شەنگال کردمان وەک هەڵوێستی نەتەوەیی تەماشابکرێت، چونکە مێژوو بەو شێوەیە دەینوسێتەوە، هیوادارم شەنگال نەبێتە هۆی قوڵکردنەوەی ناکۆکیەکان بەڵکو ببێتە هۆکاری کۆتایی هێنانی ناکۆکیەکان. دەبێت برینەکان تیمار بکەین و شەنگال ببوژێنینەوە خەڵکەکەی بە بیروباوەڕهوه بگەڕێنەوە، بەپارەدان بە هەندێک گروپ و سەرۆکی جەماعەت ئەو کارانە پێکنایەت ئەوانەی لە شاشەکان دەردەکەون و خۆیان وەک قارەمانی شەنگال نیشان دەدەن ڕاست ناکه‌ن، ئه‌وان خۆیان پێنەگیرا و بەرگریان نەکرد، بۆیە گرنگە ڕێبدەین کوردانی ئێزدی خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن و هێزی بەرگری خۆیان هەبێت، تا باوەڕیان بە خۆیان بێت بگەڕێنەوە و شەنگال ئاوابکەنەوە".
فه‌رمانده‌ى بڕیارگهرى ناوه‌ندى هێزه‌کانی پاراستنى گه‌ل هه‌په‌گه ده‌شڵێت:" ده‌بێت سیاسه‌تمان له‌به‌رامبه‌ر شه‌نگال یه‌ک بێت، ئێمە دەمانەوێت هەموو لایەنه سیاسیه‌کان بێن و گفتوگۆ بکه‌ین و بگەینە ئەنجامێک کەلە شەنگال سیاسەتێکی هاوبەش به‌ڕێوه‌ببه‌ین، دەبێت بەڕاستی لە شەنگال نزیک ببینەوە، ئێمە ئەو ئەنجومەنەی شەنگالیەکان ئاوایان کردوە بەباش دەبینین، بەڵام ناڵێن دەبێت شەنگال و ئێزدیەکان پارچەبن، دەبێت ببنە یەک و نەچنە ئەوروپا بگەڕێنەوە ئێزدیخان، ئەوەی لەسەر ئێمەیە دەبێت باوەڕ و قەناعەت بدەین بەوان کە ئیدارەی بەهێزی خۆیان ئاوابکەن، دەبێت پەکەکە، پارتی ، یەکێتی ، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی و حزبەکانی تریش وەها بیربکەینەوە، هەموومان یەک بین و سیاسەتێکی نەتەوەیی بۆ شەنگال ئاوا بکەین، گرنگە ئەوە بەیەکەوە بکەین، شەنگال برینێکە دەبێت بە هاوبەشی دەرمان و چارەسەری بکەین، نابێت بەرژەوەندی حزبی بخەینە پێشەوە، دەبێت بەرنامەیەکی نوێ بۆ شەنگال پێشنیار بکەین".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌کردوه که کەموکوڕیەکی گەورەیە تا ئێستا شەنگال ئازاد نەکراوە، خاکی باشوور کەمی لە ژێر دەستی داعشدا ماوە، ئەوەی ماوه زیاتر شەنگالە، ئێستا نزیکه‌ی ڕۆژئاوای کوردستان به‌ته‌واوی ئازادکراوە شەڕەکان لە دژ داعش لە دەرەوەی ڕۆژئاوان، ئێمەش دەتوانین شەنگال لە لایه‌نی سەربازیهوه ئازاد بکەین، ئەگەر یەک بین دەتواین لەیەک هەفتەدا شەنگال ڕزگار بکەین، بەڵام هۆکاری ئازاد نەکردنی شەنگال سیاسیە، ده‌ڵێین با برادەرانی تر بێن بەیەکەوە پلانێک بۆ ئازادکردنی شەنگال دابنێین، بەڵام فەرماندەیی پێشمەگە دەڵێن ئێمە بەرنامەیەکمان بۆ ئازادکردنی شەنگال نیە، جارێ موسڵ ماوە و چاوەڕێی ئازدکردنی موسڵ دەکەین، دەی باشە بەڵکو ساڵێکی تریش موسڵ ئازاد نەکرا، نابێت چاوەڕێی موسڵ بکەین، ئێمە دەڵێن وەرن پشتیوانیمان بکەن ئێمە دەتوانین ئازادی بکەین، بەڵام دەڵێن نا ئێوەش ئه‌وه مەکەن، ئێمە دەزانین ئەگەر یەک لایەنە پلانی ئازادکردنی شەنگال دابنێین ناکۆکیەکان قوڵتر ده‌بنه‌وه.
له‌کۆتایی قسه‌کانیدا فه‌رمانده‌ى بڕیارگهرى ناوه‌ندى هێزه‌کانی پاراستنى گه‌ل هه‌په‌گه (موراد کارایڵان) پێشنیارێک پێشکه‌شی لایه‌نه به‌رپرسه‌کانی باشووری کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێت:" پێویستە بۆ یادی شەهیدەکان و ساڕێژکردنی زامی شەنگال، سیاسەتێکی هاوبەش ئاوابکەین و پلانی ئازادی شەنگال دابنێین، بۆ ڕزگارکردنی شەنگال و هەموو خاکی کوردستان هەڵمەتێکی هاوبەشی سەرتاسەری دەست پێبکەین، لەو بوارەدا ئێمە قورسترین بار لەسەر شانمان هەڵدەگرین، لەگەڵ ئەوەی لەباکوری کوردستان لە شەڕداین به‌ڵام ئەگەر حکومەتی هەرێم پشتیوانیمان بکات، ئێمە بەتەنها خۆمان دەتوانین شەنگال ئازاد بکەین، ئەو هێزەمان هەیە کە بتوانین ئازادی بکەین، ئەوەش بەئەرکی شەرەفی خۆمان دەزانین، هیوادارم برادەرانمان لەسەر ئەم پێشنیارانەمان بیربکەنەوە".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست