کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆشنبیران و ده‌سه‌ڵاتی كوردستان

Sunday, 15/01/2023, 22:35


به‌ پێی بیرو بۆچونی گرامشی، هه‌مووان بیریارن به‌ڵام هه‌موو كه‌سێك ناتوانێت كاری بیریاران رۆشنبیران له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بكات. جولیا به‌نداش ده‌ڵێت: رۆشنبیر ویژدانی میله‌ته‌ و ده‌توانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر فه‌رمانرٍه‌وایان هه‌بێت. كه‌چی فۆكۆه‌ ده‌ڵێت: رۆشنبیری جیهانی شوێنه‌كه‌ی بۆ رۆشنبیری پسپۆری خۆجێی به‌جێهێشتووه‌ و له‌ تاقیگه‌كه‌یدا كار ده‌كات، به‌ڵام ده‌توانێت شاره‌زایی خۆی به‌كار بێنێت و تاكی كۆمه‌ڵ ته‌ماشای به‌رهه‌مه‌كانی و كاریگه‌ریه‌كانی ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باسه‌، ناتوانرێت رۆشنبیری وه‌ك پیشه‌ به‌كاربێت و رۆشنبیر ته‌نها تاكێكی لێوه‌شاوه‌  و سه‌ر به‌چینێك بێت و پیاده‌ی كاری خۆی بكات. رۆشنبیر په‌یامێكی پێیه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی گه‌یاندنی ده‌دات و مه‌به‌سته‌كه‌ی له‌ ریگه‌ی چالاكیه‌كانیه‌وه‌ ده‌پێكێت نه‌ك ته‌نها له‌ تاقیگه‌ كاری خۆی بكات، وه‌كو هه‌ندێك به‌و شێوه‌یه‌ ته‌ماشای ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر له‌ رۆشنبیرانی كوردستان  و ئه‌ركه‌ تایبه‌تیه‌كه‌یان له‌ ئاست ده‌سه‌ڵات ورد بینه‌وه‌، له‌ هه‌ردوو روویه‌وه‌: ئه‌وه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ خودی رۆشنبیر، ئه‌گه‌ر بتوانین رۆشنبیرانی كۆمه‌ڵگه‌ دیاریی بكه‌ین و، ئه‌وه‌ش تایبه‌ته‌ به‌ده‌سه‌ڵات و دیدگای بۆ رۆشنبیر. له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار ناتوانین له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ئه‌رك و چالاكی تایبه‌تیی رۆشنبیر وه‌ك چاودێر و چاكساز و په‌یامهێن دیاری بكه‌ین. بۆ؟
له‌ رووی بارودۆخی بابه‌تیه‌وه‌، تا ئێستا هۆشیاری گشتی و راده‌ی رۆشنبیری خه‌ڵك و بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی میله‌ت له‌و ئاسته‌دا نیه‌ كه‌ گوێ رایه‌ڵی رۆشنبیر بن و ئه‌ركی رۆشنبیر وه‌ك خۆی بناسن و بسه‌پێنن و ده‌سه‌ڵات ناچار بكه‌ن كه‌ هه‌ڵوێَست و دیدی رۆشنبیر له‌به‌رچاو بگرێت و راوبۆچونیان له‌مه‌رٍ بابه‌ته‌ گستیه‌كان بخوێنێته‌وه‌. ئاڵۆزیی باری ژیانی خه‌ڵك به‌ گشتی و رۆشنبیر به‌ تایبه‌تی خۆی له‌ خۆیدا لایه‌كی نه‌رێنی  سه‌پاندووه‌ كه‌ زۆرێك له‌ رۆشنبیران به‌ هۆكاری خودیه‌وه‌ له‌ راوبۆچون و ئه‌ركه‌كه‌ی خۆیان دوور كه‌وتونه‌ته‌وه‌ .
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌سه‌لاته‌وه‌، مانه‌وه‌ی رۆشنبیر و چه‌قبه‌ستنیه‌تی له‌ زه‌لكاوی نه‌زانی و دواكه‌وتویی، هۆكاره‌كه‌ی زیاتر له‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خودی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ لێی تێده‌كات كه‌ فه‌رمانرٍه‌وایی ئه‌ركی ئه‌وه‌ به‌ ته‌نها و هیچ لایه‌ك له‌ خه‌ڵكی تر ناداته‌وه‌ و وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لات قۆرخكاری بێت و ئامرازێك نه‌بێت بۆ سودی میله‌ت و به‌ریوه‌بردنی كاره‌كانیان.  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵگه‌ هیچ جێگه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ رۆشنبیر دانه‌ناوه‌ بۆ سنوردانان بۆ كاری نه‌شیاوی ده‌سه‌لات و رێكار له‌ دژی بگرێته‌ به‌. ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ رۆشنبیر هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی نه‌كات و خۆی له‌قه‌ره‌ی كاری رۆشنبیریی سیاسی نه‌دات و له‌ هه‌وڵی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆی بێت.
بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، هه‌نگاوی زۆری ده‌وێت چی له‌ رووی بابه‌تیه‌وه‌ بێت یان خودیی تایبه‌ت به‌ خه‌ڵك و رۆشنبیریش،  ئه‌مه‌ش كاتێكی زۆری ده‌وێت تاوه‌كو ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه‌ و رۆشنبیریش هه‌ر یه‌كه‌ و لای خۆیه‌وه‌ دیدی خۆی له‌مه‌ر رۆشنبیر بگۆرٍێت و ئه‌رك و مافه‌كانی ئاشكرا بن لای ئه‌وان و رۆڵی خۆیان به‌ راسته‌وخۆ بێت یان ناراسته‌وخۆ له‌ راسته‌رٍێ كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا یگێرٍن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە