کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وشه‌ی (نازانم) به‌ ده‌میدا نایەت

Friday, 16/12/2022, 23:05


په‌ندێكی پێشینان و حیكمه‌تێكی قه‌ییمی عه‌ره‌ب هه‌یه‌ ده‌ڵێت: ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ هه‌ر بابه‌تێك ده‌ڵێت نازانم وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ قسه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ گونجاوی كردبێت فه‌توای راست و دروست و وه‌ڵامی سودبه‌خشی هه‌موو پرسیاره‌كانی دابێته‌وه‌. واته‌ ده‌ربرٍینێكی ئه‌وه‌نده‌ راسته‌قینه‌یه‌ كه‌ وتنی راستی ئه‌وه‌نده‌ی قازانج و ده‌رئه‌نجامی جوانی ده‌بێت له‌وه‌ زۆر زۆر باشتره‌ كه‌ نه‌زانیت و نه‌ڵێیت نازانم و پرسیارت لێبكرێت یان بابه‌تێك بێته‌ پێشه‌وه‌ به‌خۆت دانیشی به‌ دوور و درێژی باسی بكه‌یت و له‌ بنه‌چه‌دا به‌ راستی هیچیشی لێ نه‌زانیت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ رۆژێك له‌گه‌ڵ دكتۆرێكی زانكۆی پسپۆرٍی بایولۆجی دانیشتم و به‌ حساب رۆشنبیره‌ و زۆر شت ده‌زانێت و دونیا دیده‌یه‌ و وشه‌كانی هه‌موو په‌ندن. پرسیارێكی وردی زانستیم له‌ بواره‌كه‌ی خۆیدا لێكرد كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتی پێش ئه‌و دانیشتنه‌ له‌ كتێبێكدا خوێندبووم  و خۆشم به‌كالۆریۆسم له‌ بایۆلۆجیدا هه‌یه‌ و، به‌ باشی لێی تێگه‌یشتبووم ، دوای كه‌مێك منجه‌منج ده‌مزانی كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی نازانێت، به‌ڵام به‌دوورودرێی كه‌وته‌ باسكردنی و ته‌نها نزیكی وه‌ڵامه‌ راستیه‌كه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ نه‌كه‌وته‌وه‌. دواتر هه‌ر له‌و جێگه‌یه‌دا پرسیارێكی فه‌لسه‌فیم له‌ سیاسیه‌كی ناودار كرد و ئه‌ویش كه‌وته‌ قسه‌و باسی زۆری چوارده‌وری وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی من  و ته‌نها وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی منی نه‌دایه‌وه‌ . ئینجا هه‌ر له‌و شوێنه‌دا بووم كه‌ هاورٍێیه‌كی دێرینم توێژینه‌وه‌یه‌كی جوانی له‌سه‌ر بابه‌تێكی وردی سیاسی نوسیبوو، منیش پرسیارێكم له‌وباره‌وه‌ كرد، له‌وێدا هه‌ر هه‌مووان به‌ دوور و درێژی و په‌رشوبڵاوی كه‌وتنه‌ باس و خواس و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سیاسی پرسیاره‌كه‌، له‌مه‌شدا ته‌نها نزیكی وه‌ڵامی ئه‌كادیمیانه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا نه‌بوونه‌وه‌ كه‌ ئه‌و هاورٍێ دیرینه‌م له‌وێدا به‌ وردی وه‌ڵامی دابووه‌وه‌.
له‌مه‌دا ئه‌وه‌م بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م كورده‌ی ئێمه‌ له‌ سیاسی و رۆشنبیر و ئه‌كادیمیست و ئه‌وانی تریش بۆ هه‌ر بابه‌تێكیان لێ بپرسه‌ و قسه‌ بكه‌ن ته‌نها وشه‌ی نازانمی لا ده‌ست ناكه‌وێت و نه‌زانینی بابه‌تێك وه‌كو عه‌یبه‌یه‌ك ده‌زانێت، ه‌بهیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی لا نادۆزیته‌وه‌ كه‌ بڵێت ئه‌م بابه‌ته‌ یان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ له‌ پسپۆرٍێتی من نیه‌ و نازانم و لای من نیه‌.
بۆیه‌, كورد لای خۆیه‌وه‌ هه‌موو شت ده‌زانێت و پسپۆرٍٍێتی لای نیه‌ و ده‌م له‌هه‌موو بابه‌تێك ده‌دات, به‌ڵام ئه‌وه‌ی روونه‌ كه‌ پشپۆرٍانه‌ و خه‌ڵكی غه‌یره‌ كورد و لایان ئاساییه‌ كه‌ بڵێن نازانم و وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ له‌ شوێنی تر یان لای ئه‌و كه‌سه‌ ده‌دۆزیته‌وه‌. ئا ئه‌مه‌یه‌ گه‌وره‌ترین كه‌موكورتی له‌ بیركردنه‌وه‌ی ئێمه‌ و هه‌موومان پشسۆرٍی هه‌موو بواره‌كانین و هیچیش له‌ هیچ نازانین. به‌ڵام وشه‌ی نازانم له‌ شوێنی خۆیدا وه‌ڵامێكی جوانی فه‌توا ئاسایه‌ بۆ زۆرێك بابه‌ت و كه‌سیش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە