کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌داڤۆس چی ده‌چێته‌ هه‌گبه‌ی كورده‌وه‌؟

Saturday, 25/01/2020, 18:07


لابه‌لا ترامپ باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ نایه‌وێت سوپای ئه‌مریكا به‌ زۆره‌ملێ و تۆپزی له‌ عیراق بمێنێته‌وه‌ و، دژ به‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق ڕه‌فتار ناكات و ده‌یه‌وێت به‌ڕێزه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆیان، به‌ڵام ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان پارێزراو بێت و قبوڵی شكۆ شكاندن و به‌ زۆر ده‌ركردن له‌ عیراق ناكه‌ن.
ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ترامپ و ئه‌مریكا ئه‌مرۆ بێت یان سبه‌ی به‌ خشكه‌یی ده‌كشێنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ هێمنی نه‌ك وه‌كو له‌ سوریا به‌و شێوه‌ خێرایه‌ به‌ مانۆره‌وه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد و وه‌زعی سیاسیان به‌ گشتی ته‌سلیمی روسیا كرد. ئه‌مه‌ش ستراتیتجه‌تی ترامپه‌ و ده‌یه‌وێت زیاتر گرنگی به‌ نێوخۆی ئه‌مریكا بدات ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسابی دبلۆماسیه‌ت و په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش بكه‌وێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌ نه‌ك له‌ گه‌شبینی كاتیی و راگه‌یاندنكارانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكی نێچیرڤان بارزانی و ترامپ، كه‌ ئه‌ویش له‌ پێناو وه‌زعی نێوخۆیی ئه‌مریكا و كاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر عیراق و ناوچه‌كه‌ بوو نه‌وه‌ك ته‌نها له‌به‌ر كورد بێت و، ناوه‌خنی قسه‌كانی ترامپ و ئاماژه‌نه‌دانی به‌ هیچ شتێكی چاوه‌ڕوانكراو ئه‌وه‌ی سه‌لماند.
بۆیه‌ ده‌بێت كورد پێش هه‌موو شتێك له‌و گه‌شبینیه‌ بێته‌ده‌ر و پێویسته‌ بیر له‌و رۆژه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا عیراق به‌جێده‌هێڵێت و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هێڵی گه‌ڕانه‌وه‌ دابنێت بۆ ئه‌و وه‌زعه‌ و چۆنێتی مامه‌ڵه‌ كردن و رووگیرنه‌بوونی له‌ناوچه‌كه‌دا.
له‌وباوه‌ڕه‌دام جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك دیمه‌نی راگه‌یاندن و جێبه‌جێكردنی ته‌كتیكی وڵاته‌زلهێزه‌كان و به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا له‌دواجاردا هیچ ناچێته‌ هه‌گبه‌ی كورده‌وه‌ كه‌ له‌قازاناجی پرس و ئامانجه‌ ستراتیجیه‌كانی بكه‌وێته‌وه‌، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار كه‌ له‌باره‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی نوێی جیهان و ئه‌مریكاوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ .
لیڕه‌دا باس له‌ خه‌رجیه‌ زه‌به‌لاحه‌كانی وه‌فدی كوردی ناكه‌ین كه‌ ده‌توانرا كه‌لێنێكی پربكرادیه‌ته‌وه‌ و ئاهێك به‌به‌ر دابینكردنی پێویستیه‌ نێوخۆییه‌كاندا‌ بهێنابایه‌وه‌، به‌ڵام چاوه‌رێنه‌كردنی ده‌رئه‌نجامی مه‌عنه‌وی و سیاسی باش زیانه‌ مادیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش گه‌وره‌ترده‌كات.
بۆیه‌، به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقیعی و دوور له‌ سۆز و حزبایه‌تی ته‌سك بۆ ئه‌م چالاكیانه‌ی دافۆس، ده‌توانڕێت هه‌نگاوی راستو دروست بنرێت بۆ ده‌ربازبون و بۆ ئه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی له‌دژی ئێمه‌ نه‌كه‌وێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی ده‌بێت چاومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئێران نزیكتره‌ و زامنتره‌ بۆ هه‌رته‌كتیكێك له‌ پێناو به‌دیهێنانی هه‌ر ئامانجێكی ستراتیجی و مامه‌ڵه‌كانی داهاتووی ئه‌ویش بۆ هه‌گبه‌كه‌ی ئێمه‌ چاره‌نوسسازتره‌. بۆیه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی دوولایه‌نه‌ی ته‌وه‌ره‌كان زیانه‌كان كه‌متر ده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه‌ میژوو پێمان ده‌ڵیت؛ ئێستاش كورد به‌ كه‌وچكێكی ئاوی دافۆس كه‌وتۆته‌ مه‌له‌ و ده‌ریای قووڵی سیاسی و ئابووریی ناوچه‌كه‌ی له‌بیرچووه‌ ویان به‌ دیدارێك شاگه‌شكه‌ بووه‌ وهه‌موو پێویستیه‌كانی فه‌رامۆش كردووه‌.
بۆیه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان، هه‌نگاوه‌كانمان مكۆمتر ده‌بن. ئێمه‌ی چاودێڕ له‌دووره‌وه‌، چالاكیه‌كانی ‌دافۆس گه‌شبینمان ناكات، كه‌وابزانین هه‌گبه‌كه‌مان شتێكی ئه‌وتۆی تیچوبێت و، ئه‌وه‌ی ده‌وترێت جگه‌ له‌ گه‌شبینی خودی كورد هیچی تێدا به‌دیناكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت بزانین كه‌:
*چاوپێكه‌وتنی سه‌رۆكی هه‌رێم و ترامپ له‌ په‌راوێزی دافۆس كاردانه‌وه‌یه‌ نه‌ك وێسته‌گه‌یه‌كی دیبلۆماسی په‌یوه‌ندیدار به‌ ستراتیجیه‌ت و ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ وڵاتان و ناوچه‌كه‌.
*رۆژگار ده‌ریده‌خات كه‌ مامه‌ڵه‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه‌ به‌گشتی وه‌ك ئیمه‌ ده‌مانه‌وێت كوردی تێدا ناخوێنرێته‌وه‌ و ته‌نها مامه‌ڵه‌ی وێستگه‌ بچوكه‌كانه‌ و كارته‌و به‌كارده‌هێنرێت.
*هه‌رێمی كوردستان له‌ كوردستانی رۆژئاوا زیاتری پێناكرێت بۆ ئه‌مریكا، كه‌چی زوو له‌بیرمان كردوو و په‌ندمان لێوه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌ و له‌م ململانێیه‌دا به‌ دیدارێك خۆمان خسته‌ جه‌مسه‌رێكه‌وه‌ كه‌ لایه‌نگیری ئه‌و جه‌مسه‌ره‌ به‌ ته‌نها بۆ پرسی كورد زیانی له‌قازانجی دوورمه‌ودای زۆرتره‌.
* ئه‌مریكا تا ئێستاش كورد به‌ هه‌مان سیاسه‌تی كێسنجه‌ر ئاسا وه‌ك یاریچیه‌كی یه‌ده‌گ به‌كاردێنێت و هیچیتر.
له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو گومانانه‌ ده‌بێت كورد بزانێت كه‌ ناتوانێت له‌ناوچه‌كه‌ بفڕێت و له‌مرۆ به‌دواوه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ و هه‌موو هێڵه‌كان بگرێته‌به‌ر و خۆی له‌ ته‌ره‌فگیری ده‌ربكات و له‌ دووراییه‌كی یه‌كسانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جه‌مسه‌ر و ته‌وه‌ره‌كان مامه‌ڵه‌بكات و خاڵی گه‌رانه‌وه‌ له‌به‌رچاوبێت ئه‌وه‌ش باش بزانێت كه‌ هه‌گبه‌كه‌ی له‌ دافۆس پرنه‌بووه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە