کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئایا كه‌ركوك به‌ دانوستان ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ؟

Saturday, 22/04/2017, 14:32


لێره‌دا، له‌مه‌ڕ بابه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابراوه‌كان بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ تایبه‌تیه‌ زۆر گرنگ  و پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌دا، به‌ ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ قسه‌ ناكه‌م، به‌ڵام چه‌ند حه‌قیقه‌تێك ده‌خه‌مه‌ به‌رچاو، كه‌ ئه‌وه‌مان بۆده‌رده‌خه‌ن و ده‌یسه‌لمێنن، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار و ته‌گه‌ره‌ی گه‌وره‌ و كیروگرفتی جۆراوجۆر، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن، كه‌ به‌ دانوستان ئه‌م ئامانجه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌دینایه‌ت و نه‌ته‌وه‌كانی به‌رامبه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ ناوه‌ندی عیراق و ته‌نانه‌ت وڵاتانی دراوسێ له‌ هیچ بارێكه‌وه‌ له‌و ئاسته‌دا نین كه‌ متمانه‌ت هه‌بێت به‌ دانوستان و پشت به‌ستن به‌ حه‌قپه‌رستیان بگه‌یته‌ ده‌رئه‌نجامی دروست  نه‌ك به‌ زوویی ته‌نانه‌ت له‌ دوامه‌وداشدا .
جارێك زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌سترۆیشتون یان پابه‌ندن به‌ رێژه‌یه‌كی ره‌گه‌زپه‌رتسی به‌هه‌ر رێژه‌یه‌ك بێت، ده‌ڵێن؛ ماده‌ی سه‌تو چل، كه‌ پشتیپێ ده‌به‌سترێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌یسه‌كه‌، كۆتایی هاتووه‌ . له‌كاتێكدا له‌رووی یاساییه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌واوبونی دواده‌رفه‌ت و كاتی جێبه‌جێكردنی ماده‌كه‌ واتای كۆتاییهاتنی ماده‌ ده‌ستوریه‌كه‌ ناگه‌یه‌نێت . ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌ ساكاره‌یش باسی بكه‌ین، ده‌توانین بڵێین؛ ئه‌گه‌ر تۆ دواواده‌ت دا به‌كه‌سیك قه‌رزێكت لای بێت و ئه‌و له‌واده‌ی تایبه‌تی خۆیدا نه‌یگه‌رانده‌وه‌، ئه‌م كرده‌وه‌ی كه‌سی قه‌رزپێدراو ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت له‌به‌رئه‌وه‌ی واده‌كه‌ی ته‌واو بووه‌، بۆیه‌ قه‌رزه‌كه‌ فه‌رامۆش بكرێت و وه‌رنه‌گیرێته‌وه‌ . 
دوو نمونه‌ی به‌ناو پیاوه‌ زۆر چاكه‌كانی عه‌ره‌ب له‌ سیاسیه‌كانی عیراقی ئه‌مرۆمان دێنینه‌وه‌، كه‌ كورد رێزێكی تایبه‌تی گرتوون و له‌وان باشترمان نه‌بووه‌، ئینجا به‌راوردی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی تردا بكه‌ن، له‌دواجاردا ده‌ڵێین؛ هه‌زار ره‌حمه‌ت له‌ كفن دز ؛
یه‌كه‌م :عادل عه‌بدولمه‌هدی، كه‌ پیاوێكه‌ لای هه‌مووان به‌ حه‌قدۆست و كوردپه‌روه‌رناسراوه‌، ئه‌م پیاوه‌ ماده‌ی سه‌توچلی به‌ پاساوێكی نادروست وهۆكارێكی هیچوپوچی وه‌ك ئه‌وه‌ی؛ له‌هه‌مان كاتدا ده‌بێت له‌ ناوه‌راست و باشووری عراقیش جێبه‌جێ بكرێت، زیانێكی گه‌وره‌ی له‌م كه‌یسه‌ دا و بووه‌ هۆكاری دواخستنی تا راده‌ی جێبه‌جێ نه‌كردنی، كه‌ ئه‌م ماده‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی له‌گه‌ڵ كێشه‌و بێشه‌ی ناوه‌راست و باشووردا نیه‌ و ته‌نها بۆ شوێنه‌ جێناكۆكه‌كانه‌ .
 دووه‌م : عه‌ممار حه‌كیم، سه‌ره‌رای په‌یوه‌ندیه‌كی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ كورد دا، له‌م ماوه‌یه‌دا ناخی ده‌رخست و، له‌كاتێكی دیار و هه‌ستیاردا ئه‌و دۆستایه‌تیه‌ی كوردی بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ریان پێ كردبوو ده‌رخست و، نیاز و عه‌قڵ و بیروبۆچونی خۆی سه‌لماند، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌نیش شاگه‌شكه‌یان كردووه‌ به‌و هه‌ڵوێسته‌ تازه‌ی .
تا ئێستا، ئێمه‌ زه‌ره‌یه‌ك مافدۆستی و حه‌قانیه‌ت و دادپه‌روه‌ری خوازی و مرۆڤدۆستی و رۆشنبیریی ره‌سه‌ن و ئازادیخوازی راسته‌قینه‌ و داننان به‌ مافی گه‌لانمان (له‌ تاكو ته‌رایه‌ك نه‌بێت، ئه‌ویش له‌ژێر لێوه‌وه باسی ده‌كه‌ن)‌  بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی نه‌بێت،  ئه‌گینا له‌ هیچ شوێنێك و كاتێكی ئه‌م خه‌ڵكی عیراقه‌دا،‌ كه‌سێكمان نه‌دۆزیه‌وه‌ به‌ راستی و وه‌ك خۆی دان به‌ مافی ره‌وای گه‌لی كورد بنێت و به‌راستیی له‌ ناخیدا باوه‌ری پێی هه‌بێت .
زۆرێك له‌ رۆشنبیرانی له‌مه‌ر خۆمان باس له‌ حه‌قی پێكهاته‌كانی تری كه‌ركوك ده‌كه‌ن و، گوایه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداریان به‌ پله‌ وپۆست بكرێت، كه‌ حه‌قی خۆیانه‌، هه‌ڵوێستیان له‌مه‌ر پرسی كورد و كه‌ركوك باش ده‌بێت . با ته‌ماشای ئه‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ یۆستیان وه‌رگرتووه‌ چۆن به‌ فه‌رمانی ئه‌مو ئه‌وی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی ده‌رۆن، یان به‌ فه‌رمانی باڵای داموده‌زگاكانی خۆیان ئه‌گه‌ر كورد بن ؟  بۆیه‌،  ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ره‌های پۆسته‌كانی كه‌ركوك بدرێت به‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان، به‌ فه‌رمانی ناوه‌ندی عیراق و توركیا ده‌رۆن به‌رێوه‌ و هیچ حسابێك نه‌ بۆ كورد و نه‌ش بۆپرسه‌كه‌ی و نه‌ش بۆ ماده‌ی سه‌ت و چل و نه‌ش بۆ هیچ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆك ناكه‌ن و ده‌ستی كوردیش له‌یه‌كه‌م ساته‌وه‌ له‌هه‌مبانه‌كه‌ ده‌رده‌چێت، نه‌ك مافی كورد بپارێزن .
لێره‌ ته‌نها ڕیگه‌ی راستو دروست له‌به‌رده‌م كورد، كه‌ چه‌ندین جار وه‌ك هه‌ل بۆی هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ و كورد وه‌ك خۆی و به‌جوانی به‌كارینه‌هێناوه‌ و، رزگاركردنی ناوچه‌ دابراوه‌كان به‌گشتی له‌ كاتو ساتی خۆیدا له‌ده‌ست چووه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی باڵا بۆ ناو و ناوبانگی خۆیان سازشێكی یه‌كجار گه‌وره‌یان له‌ ئاست ئه‌و پرسه‌ ومافه‌ بنه‌ره‌تیه‌كانی خه‌لكی ئه‌و ناوچانه‌دا كردوون .
بۆیه‌ كه‌ ركوك و سه‌رجه‌م ناوچه‌ دابراوه‌كان به‌ كۆمه‌ڵێك رێكار و زه‌مینه‌خۆشكردن رزگار ده‌بێت :
*سه‌پاندنی وتاری یه‌كگرتووی كورد و كوردستان له‌ مه‌ر ناوچه‌ دابراوه‌كان، نه‌ك ململانێ و ملشكاندنی یه‌كتری و هه‌بونی هه‌ڵوێستی جیاواز و ناجۆر له‌و باره‌وه‌، چ له‌ هه‌رێمی كوردستان بێت یان له‌ نێوخۆی خودی ناوچه‌ دابراوه‌كان .
*وه‌لاخستنی ناكۆكی و جیاوازیه‌ سیاسیه‌ حزبی و كه‌سیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ هه‌رێمی ته‌فروتونا كردووه‌ و، له‌ ناوچه‌ دابراوه‌كان ده‌سته‌یه‌كی كارا یان هه‌یئه‌تێكی یه‌كگرتوو هه‌بێت بۆ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌سه‌ر هه‌ر گۆرانكاری و سیاسه‌تێكی رۆژانه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ پێكه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ دڵپاكی و خه‌ڵكانێكی دڵسۆز ده‌كرێت، كه‌ له‌سه‌رووی هه‌مووحزبایه‌تیه‌كه‌وه‌ بن .
*ته‌خویلكردنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ بۆ ده‌ركردنی هه‌ر بریارێكی شۆرشگێرانه‌ی پێویست، كه‌ له‌سه‌ر هه‌رێم و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی نه‌وه‌ستێت و ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ناوچانه‌ له‌به‌رچاو بگرێت، دووربێت له‌ ململانێی پوچه‌ڵه‌ نێوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان .
*هه‌بوونی ستراتیژیه‌تێكی نه‌گۆری یه‌كگرتوو، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سته‌یه‌ دابرێژرێت و قابلیلی سازش و ململانێی حزبی و كه‌سی و بنه‌ماڵه‌و ته‌كه‌تول نه‌بێت .
*هه‌وڵدان و كاری دیبلۆماسی، كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستان و دڵسۆزانی ناوچه‌ دابراوه‌كان خۆیانه‌، بۆ په‌یداكردنی پشت و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی به‌هه‌مو جۆرێك، ئه‌گه‌ر به‌رژوه‌ندی ته‌سكی لایه‌نه‌ جیهانیه‌كانیش له‌به‌رچاو بگیرێت و ته‌ماحی گه‌وره‌شیان بخرێته‌ به‌ر، با سازشی ئابورریش له‌گه‌ڵیدا بكرێت .
بۆیه‌، به‌ خوێندنه‌وه‌ی واقعی فه‌رمانره‌وایه‌تی و ئاستی رۆشنبیری و عه‌قڵیه‌تی قیادی عه‌ره‌بی ناوه‌ندی عیراق و، وه‌زعی سه‌ركردایه‌تی  كورد و، ئاستی هۆشیاری هه‌ردوولا و، جۆری كارلێكه‌ سیاسیه‌كان و هاوكێشه‌ و لێكه‌وته‌كانی سیاسه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و، ئاستی هۆشیاری میله‌تی كورد و عه‌ره‌ب و توركمان  و، راده‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی له‌ ده‌روونی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ت، ته‌نانه‌ت به‌دوور له‌ حزب و ره‌وته‌ سیاسیه‌كان، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن، كه‌ ته‌نها به‌ فه‌رمان و بیری شۆرشگێرانه‌ی كوردانه‌وه‌، كه‌ركوك وناوچه‌ دابراوه‌كان رزگار ده‌بێت نه‌ك به‌ ملكه‌چ بون و پارانه‌وه‌ و رجاوتكا . بۆیه‌ زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ ئه‌م كاره‌ مێژوییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ نیشتمانیه‌ شۆرشگێره‌كانی خه‌ڵكی ناوچه‌دابراوه‌كان خۆیان پێش هه‌ر خه‌ڵكێكیتر( ئه‌م ئه‌ركه‌ش زۆر دواكه‌تووه‌ و كاتێكی زۆر كه‌می ماوه‌ ) . یه‌كه‌مین ئه‌ركی خه‌ڵكی ناوچه‌دابراوه‌كان، بڕینی هه‌موو ده‌ستخستنه‌ ناو پرسه‌كه‌یانه‌ له‌ هه‌رلایه‌كه‌وه‌ بێت، كه‌ به‌ مه‌به‌ستی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مه‌چه‌شنی سیاسی و ئابووری خۆیان خزاندبێته‌ نێو ئه‌م پرسه‌ چاره‌نوسه‌ هه‌ستیاره‌وه‌، ئینجا كاره‌ پێویسته‌ ده‌سته‌جه‌معیه‌كه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ستپێده‌كات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە