کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاڵای کوردستان موڵکی میلەتە بەتەنها

Tuesday, 20/12/2016, 3:26


پێش هەموو شتێک، وەک هەموو پرس و شتە پیرۆزەکانی تر، با ئاڵای کوردستان نەکرێتەموڵکی هیچ حزب و لایەنێک و موزایەدەی حزبی پێوە بکرێت  . مێژووی دروستبون و بەرزکردنەوە و شەکاوەیی ئاڵای کوردستان،  ئەوە دەسەلمێنێت کە بە سروشتی لەدایکبووە و بە فەرمانی هیچ کەس و لایەنێک نەبووە، ئەگەر رای جیاواز لە سەر چۆنێتی هەڵکردنی ئەم ئاڵایە لە ئارادابێت بەڵام جێگەی دڵخۆشیە کە راکان لەسەر ئەوە کۆکن کە سەرەتاکەی لایەن رێکخراوێکی مەدەنیەوە دروست کراوە ( لە لایەن کۆمەڵەی رێکخستنی کۆمەڵایەتی کورد لە ئەستەنبول لە ساڵی 1920 چنراوە ) و دواتر حزبی خۆییبونیش لە ساڵی 1927 هەلیکردووە و، دواتریش لە لایەن جەلادەت بەدرخان لە ساڵی 1932 هەڵکراوە و، ئینجا لە کاتی کۆماری مەهاباتدا بە فراوانی گرنگی پێدراوە، ئەوا دواتر ئەم ئاڵایەی بەم شێوە و رەنگەی ئەمرۆی جێَََََگەی خۆی لە مێژوودا  گرتووە و لە لایەن میلەتی کوردەوە دانیپێدانراوە و بۆهیچ کەس و لایەنێک نیە یاری بەم سومبولە مێژووییەی کورد و کوردستان بکات . 
ئەگەر لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری بابەتی و خودی، دەوڵەتی کوردستان  لەم رووبەرە جوگرافیایەی کە کورد تێیدا دەژی وەک دەوڵەت خۆی فەرزنەکردووە و، سەرەرای چەندین هەوراز و نشێوی لە بەرزنرخاندنی ئاڵای کوردستان لە رەوتی مێژووی خەباتی گەلی کرودستاندا  و، لەبەر چەندین هۆکاری فکری و فەلسەفیی باوی سەردەمە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان و، هەندێ بیروبۆچونی هاوردەو ئامادەکراوی دەرەوە، ئەو گرنگیە پێویستەی بە ئاڵای کوردستان نەدراوە و، تەنانەت تا ئەم دواییەش لەبەر خاتری وڵاتانی خۆسەپێن بەسەر پارچەکانی کوردستان و، بە تایبەتی حزبەکانی باشوور،  سڵیان لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کردۆتەوە و تا ئێستاش زۆرێک لێیان لەبەر هەندێک فکری بەناو نێونەتەوەیی وەک خۆی تەماشای ناکەن و، لە لایەکی تریشەوە تەنانەت زۆرێک لەو حزبانەی خۆیان بە نەتەوەیی لەقەڵەم دەدەن، ئەوە ئەگەر لەبەر رازیکردنی داگیرکەران بێت یان وەک سۆزداریەک و خۆبردنە پێشەوەی ناوەندی وڵاتانی خۆسەپێن و موجامەلەی رووت بێت،  ئاڵای کوردستان لای ئەوان هەر مەسەلە نەبووە .   پاش گۆرانکاریە گشتیەکەی بارودۆخی کوردستان و هاتنە ئارای هەلی زیاتر بۆ خۆناساندنی گەلی کوردستان، ئەم پرسەش پەرەیسەند و بۆ دواجار وای لێهات کە ئەمرۆ و پاش بارودۆخێکی گۆراو هەندێک کەس و حزب کە تەنانەت سازشیان لەسەر کورد و کورستان بەگستی کردووە، دەیانەوێت خۆیان وا پیشان بدەن  لەخەمی ئاڵای گەلی کوردستاندان . 
بەڵام لە مێژوودا،  سەرەرای ئەو هەموو گرفتانەی لەبەردەم مانەوەی ئاڵا و شەکاوەییدا لە ئارادا بوون، نەوا بە خۆشحاڵیەوە ئاڵاکەی کوردستان وەک سومبولێک و یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی هەر میلەتێکی زیندوو تا ئەمرۆ بە شەکاوەیی ماوەتەوە .
ئەگەر ئەمرۆ هەندێک حزبی باشوری کوردستان دەیانەوێت خۆیان وا پیشان بدەن دڵسۆز و  هەڵگری ئاڵای کوردستانن، ئەوا تاوەکو دوێنێش هەڵگری شیعاری خودموختاری بوون و تەنها ئاڵای عیراقیان بە رەسمی دەناساند لەگەڵ پەرۆ حزبیەکانیان .
بۆیە یادی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە هەر رۆژێکدا بێت کە تا ئێستا نەسەلمێنراوە لە چ کاتێک رۆژێکدا بووە،  رێزلێگرتنی ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی تاک بە تاکی گەلی کوردستانە و، ئەمەش ناچێتە هەگبەی هیچ کارێکی حزبایەتیەوە و پێویستە لەسەر میلەت رێگە نەدەن تەنانەت ئاڵای پیرۆزی کوردستان بخەنە نێو ململانێی قێزەونی حزبایەتی لە کوردستاندا لە لایەکەوە و، لە لایەکی ترەوە  لەسەر هەرچوارپارچەی کوردستان فەرزە رێز لە مێژووی رەسەنی گەلی کوردستان  و سومبول و پیرۆزییەکانیان بگرن  و هیچ لایەک خودپەرستی لە هیچ بوارێکدا نەکات و، بە تایبەتی بابەتێکی گرن و هەستیاری وەک ئاڵای میلەتێکی ژێردەستە و بەش خوراو  .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە