کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حەقە پاش دانیشتنی کۆنفرانسەکەمان سەردانی مەولودنامەی مزگەوتی گەورەش بکەین !

Thursday, 15/12/2016, 1:14


ئەگەر رێکەوت بوبێت یان بە پلان، کۆنفرانسی سۆشیالیستەکان و یادی رۆژی لەدایکبونی پەیامبەری ئیسلام لە یەک رۆژدا کرا و، جیاوازی سلێمانی و هەولێر بە تایبەتی لە رووی زیادەرەوی لە هەردوو بابەتەکەوە زۆر بەزەقی دەرکەوت  .
 واتە، بە شێوەیەکی سەرپێی بیرکردنەوە و خۆدوورخستنەوە لە رەسەنایەتی و  دابونەریتی باوی کرودایەتی و پابەندنەبون بە رەگو ریشەی نەتەوەکەت و، هەڵسان بە رەفتارێکی هاوردەکراوی نامۆ لە پێناو مەبەستی حزبی و گرتنەبەری تولەرێرەوی ململانێی حزبیی رووت لەلایەکەوە و،  لە لایەکی ترەوە لەبەرچاونەگرتنی وەزعی سیاسی و دارایی کوردستان لەم کاتەدا و باسکردن لە سۆشیالیزم لە هۆتیلە پلە پێنجەکان و دوور لەو خەڵکە رەشوروتەی کە سۆشیالیزم لە بنەرەتدا مەبەستێتی خزمەتیان بکات و هەڵگری هەموو ئامانجەکانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بێت، بەچی لێک بدلاێتەوە .
با لەهەردوو دیوەکەوە بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر هەردوو بابەتەکە بدوێین :
1-کۆمەڵگای کوردەواری لە بنەرەتدا و بە سروشت کۆمەڵگەیەکی عادەتیە؟، واتە پەیوەستە بە دابونەریتی باوی خۆیەوە و مەگەر جارناجارێک لە لایەن خەڵکانێک یان شارو شارۆچکەیەکەوە لاسایی شوێنەکانی تر بکرێتەوە . ئەگەر ئاینی ئیسلام لەسەرەتاوە بە زەبری شمشێر و هێز بەسەر خەڵکدا سەپێنرابێت، ئەوا بە شێوەیەکی لەسەرخۆ، سەرجەم بنەما سەرەکیەکانی تێکەڵی دابونەریت و بارە کۆمەڵایەتی و ئاینیەکەی کراوە، بەڵام ئەو وەزعەی کەلە تێکەڵبونی دابونەریتی کۆن و هاوردەی دەستی ئیسلام سیاسی نوێ بارێکی جیاوازی نوێی هێناوەتە ئاراوە کە لەگەڵ بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی خەڵک و بیرکردنەوەی کلاسیکی کۆمەڵگەی کوردەواریدا ناگونجێت . بەڵام لە لایەکی ترەوە دەتوانین بڵێین، تا رادەیەکی زۆر قووڵایی رەسەنایەتی نەتەوەی کورد و بیروباوەری گشتی لە زۆر شوێندا وەک خۆی ماوەتەوە و نەتوانراوە ریشەکێش بکرێت، بۆیە کوردستان لەم بارەوە تایبەتمەندی خۆی هەیە و بەهیچ نیازێکی سیاسی و کردەوەی رووکەشانە گۆرانکاری بەسەردا ناسەپێنرێت .
2- کە ئیسلامی سیاسی بە کۆمەڵێک هۆکارەوە لە کوردستان سەریهەڵدا، وا ئێستا لە رێگەی کاری حزبی و ململانێی تەسکەوە، حزبەکانیانەوە دەیانەوێت کاریگەری هەمەجۆر لە رووی فکر و فەلسەفەوە لەسەر خەڵک دروست بکەن و ململانێی ئەو حزبانە بکەن کە خۆیان بە سکیولار ناوزەد کردووە .
3-بەرژەوەندی حزبیی ئیسلامی سیاسی و رکابەری و هەوڵی خۆسەپاندن و جێگرتنەوەی بیری باوی کوردەواری لە لایەن ئەمانەوە، تا دێت بەمەبەستی سیاسی بەهێزتر دەبێت، هەرچەند رووبەروی تەنگوچەڵەمە و گرفتی سروشتیی کۆمەڵگەی نەریتی باوی کوردەواری دەبنەوە .
4- جیاوازیکردن لە نێوان شوێن و شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە کار و چالاکی ئیسلامی سیاسی و بە پێی پیلانرێژی و مەبەستی تەسک، وای کردووە جیاوازی گەورە لە نێوانیاندا دروست بێت و زەرەری لە دابەشبونی کوردستان بەسەر دوو زۆندا بە هۆی شەری نێوخۆییەوە،  کەمتر نەبێت .
5-یەکێک لە دیاردە زەق و تازەکانی ئیسلامی سیاسی، خۆهەڵقورتانە نێو ماڵی کوردیە بە تۆبزەیی و لە دەرچەی بیری ئایدیاڵی و لەبەرچاوگرتن و ئیستیغلال کردنی ئاستی رۆشنبیری  و کزوکەمی باری ئابووری و نزمی رادەی هۆشیاری و بیری واقعیانەی خەڵکەوە .
6-بەکارهێنانی یادە ئاینیەکان لە لایەن خەڵکانی سەربەحزبە ئیسلامیە سیاسیەکان، یان لە رێگەی ئەندام وکادرانی حزبەکان بە راستەوخۆ، بۆ بڵاوکردنەوەی بیری تەسکی حزبی و بەرژەوەندخوازی ئیسلامی سیاسی دوور لە دابونەرتی ئیسلامی باو لەکوردستاندا، وەک چۆن ئیستیغلالی نەبوونی و نالەباری باری ئابوری خەڵک و گرانی وقاتوقری بۆململانێ و  مەبەستی حزبی تەسک لە لایەن ئیسلامی سیاسیەوە بەکارهات .
7- هەوڵی بەردەوامی ئیسلامی سیاسی بۆ سرینەوەی رەسەنایەتی کۆمەڵگەی کوردەواری و شوێنگرتنەوەی دابونەریتە هاوردەکراوەکانی دورگەی عەرەب .
8- بەکارهێنانی یادو یادەوەریەکان بۆ جێبەجێکردنی ئامانج و دیدوبۆچونی ناوەکی و درەرەکی بە فەرمانی ئیسلامی سیاسی دەرەکی و تەنانەت لە لایەن هەندێک ولاتیش کە سەرچاوەی هەناردەکردنی بیر و فەلسەفەی ئیسلامی سیاسین لەپێناو مەبەست و ئامانجی سیاسی خۆیاندا، ئەمەش کاریگەری سەلبی گەورەی لەسە کۆمەڵگەی کوردیەوە هەیە، بۆیە ئەم یادکرنەوە ئاینیانە بەشێوەیەک کاری لەسەر دەکەن کە رەنگ و سروشتی کاری حزبی بەزەقی پێوەی دیاربێت و تەنها مەبەست ململنێی حزبیە  .
9- بەم شێوە کردەوانە، دەیانەوێت زاڵبونی ئاینی ئیسلام بە روکەشە سیاسیەکەیەوە بەسەر هەموو لایەکدا بسەپێنن و رەنگی ئاین و ئاینزاکانی تر کاڵ بکەنەوە بە ئاینە رەسەنەکانی کوردستانەوە .
لە بەرامبەردا، کۆمەڵێک حزبی خۆ بە سکیولارزان، بە هەمان رەفتار و بە ئاراستەیەکی پێچەوانە و بە پشت بەستن بە فکر و فەلسەفەی نەریتی بە هەمان بزاوتی کۆنی جیهانی دوو دجەمسەریەوە، لە زۆر رووەوە کارەکانیان رایی دەکەن و بە لاسایی کردنەوەی دوور لە گونجان لە گەڵ گۆرانکاریە جیهانیەکان و دونییا جیهانگیریی ئەمرۆ و بە دەر لە واقعی کۆمەڵایەتی کوردستانیش لە لایەکەوە و، وەک کار ز ئەرکی حزبی و رکابەری و ململانێی هەمەچەشن لەرێگەی بەکارهێنانی دامودەزگا هەمەجۆرەکانی بەردەست  و بە کردار و دردەوەی حزبیی رووتوقوت و لە گۆشەیکی لاتەریک لەکۆمەڵگاوە، ئەو کۆر و کۆبونەوە بەناو سۆشیالیزمیانە بەرێوەدەچن، کە لە روبەری کاری کۆبونەوەکان زیاتر بر ناکەن، ئەگینا لە باری ئاوێتەبون لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و خوێندنەوەی بارودۆخی هەمەچەشنی خەڵک هیچ قازانجێکی نیە و، بە هەمان شێوەی کاری زانکۆکان دوور لە تێکەڵاوبون بە پێویستی و بیرکردنەوەی خەڵک  و، تەنها بۆ وەرگرتنی بروانامەی تیۆریرەقوتەق و بێ فەر و دوور لە کاری فیعلی بەهەمهێن کاروبارەکانیان بەرێوەدەبەن . ئەگینا باری کۆمەڵایەتی رێگەپێدەر نیە بۆ وەرگرتنی راسپاردە و بریاریئەم جۆرە کۆرو کۆنفرانسانە تەنانەت ئەگەر دروستیش بن لە کوردستاندا ، هەرچەندە زەمینە لەبار هەیە بۆ کاری خودکردەی ئاوێتە بە تایبەتمەندیەکان و بەکارهێنانی سیفەتە لەبارەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری لەوبارەوە، وەک :
1-بە شێوەیەکی گشتی، کۆمەڵگەی کوردەواری لەسەر هاوکاری و هەروەزی و پشتگیری یەکتر بنیاتنراوە و بەو شێوەیەش وا یکردووە ئاستی گوزەرانی خەڵک و هاوسەنگی و نزیکی لە باری ژیانەوە، خۆی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت و تا رادەیەکی باشیش گەشەی کۆمەڵایەتی دوور لە چینایەتی زەق و، دەتوانینبڵێین نزیک لە بیری سۆشیالیزمی راستەقینە لەسەر ئەرزی واقعیی تایبەت و بە خەسڵەت و تایبەتمەندی کۆمەڵگەی کوردەواری برەوی بەخۆی داوە و، ئەگەر بە زانستیانە هەڵسەنگێنین دەتوانین بڵێین بۆشاییەکی گەورەی ئەوتۆی  لە نێوان چینەکاندا دروست نەکردووە، بەڵام نەزانی و لاساییکردنەوە و پشت بەستن بە ئایدیاڵیزمی رووت، لەم بارەوە بەشێوەیەکی تیۆری زەرەری گەورەی لە جەوهەری فەلسەفە و خەڵکەکەش داوە .
2-بەکارهێنانی دامودەزگا و رێکخراو ە جیهانیەکان و حزبەکان بەهەموو جۆر و پێکهاتەکانیانەوە بە سەرجەم بۆچون و فەلسەفە و رێباز و ئایدیۆلۆجیا وە لە ململانێی فکری و فەلسەفی و ئایدیۆلۆجیە حزبیەکانیانەوە، دوور لە بنەچەی مەسەلەکە و نەخوێندنەوەی واقیع و خۆخزاندنە نێو رەفتاری واقعێکی تری کۆمەلایەتی کۆمەڵگاکانی تری وەک ئۆروپا و شوێنەکانی تر لە پێناو بەدیهێنانی هەندێک ئامانجی تەسکی سیاسی و حزبی و لەوانەشە شەخسی زیانەکانی لەو یادە ئیسلامینانە کەمتر نیە، کە ئیسلامی سیاسی پێهەڵدەسێت و زیادەرەوی تێدا دەکات .
3- زیادەرەی لە هەردوولادا بە زیانێکی ئەکجار گەورە بۆ میلەت بە گشتی لە رووی سیاسی و ئابووری و فکری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیشەوەدەکەوێتەوە .
بۆیە، ئەم جۆرە کردارانەی هەردوو بەرەکە، ئەگەر لەلایەن حزبە ئیسلامیە سیاسیەکان بێت یان بە ناو سکیولارەکان، کە لە پەنجەرەی ململانێی حزبیەوە گوزەر دەکەن و ئەگەر لایەکی بە فەرمانی دەرکی بێت ئەوا لاکەی تر لە هاوکاری و هەماهەنگی دەرەکی بەدەر نیە .  ئەوەی لە رێگەی تیۆریەوە کاری لەسەر دەکرێت و لە بارودۆخی هەمەلایەنی کوردەاوریەوە دوور بێت، بۆشاییەکی گەورە لەو نێوەندەدا دروست دەبێت، کە بەزەرەر بۆ رەوتی گەشەکردنی سروشتی کۆمەڵگە دەبێت، بەڵکو ئەم کارە حزبیە رووتانە، چ لە لایەن ئیسلامیەکان یان لە لایەن بەناوسکیولارەکانەوە بێت، بە پلەیەکی ئەوتۆ کۆمەڵگە لە هیچ بارێکەوە ناگۆرێت و بگرە مەودای رکابەری و ململانێی سەلبی زیاتر دەکاتەوە و جیاوزایە زیانبەخشەکانی نێو کۆمەڵگە فراوانتر دەکات و بە رەفتارێکی بەناو سۆشیالیزمانەوە قازانج بە دونیای سەرمایەداری  دەدەیت و جیاوازی نێوان چینە تازە دروستبووەکان گەورەتر دەکەیتەوە و ئاسانکاری بۆ دەستوەردانی دەرکیش دەکەیت . بۆیە لە کۆتاییدا دەبێت پێشنیاری ئامادەبویەکی کۆنفرانسی سۆشیالیستەکان لە نێوان خۆیاندا بە بیر دێنمەوە کە وتبوی، حەقە پاش دانیشتنی کۆنفرانسەکەمان سەردانی مەولودنامەی مزگەوتی گەورەش بکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە