کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوو رویی پەرلەمانتارانی کورد لەنێوان کوردستان و بەغدا دا

Sunday, 31/07/2016, 22:21


وەک موزایەدەیەک، ئەندامانی کورد لە پەرلەمانی عیراق لە راگەیاندنەکانی نێوخۆی کوردستانەوە ئەوەیان بڵاو کردەوە، کە گوایە یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دادپەروەری کۆمەڵایەتی رەچاونەگرتووە و ئەوان لەگەڵیدا نین و دەنگی پێ نادەن، کەچی لەولاوە بە شێوەیەک کە وابزانن کەس نازانێت چی دەکەن، هەر هەموویان بێ یەک و دوو دەنگیان پێداوەو، تەنانەت یەکێکیان وتویەتی ئەگەر بیست جاری تر بخرێتە دەنگدانەوە هەر هەموومان دەنگی پێدەدەین .
لەو ئیمتیازاتانەی بە ئەندامانی پەرلەمانی عیراق بەخشراوە و  لە یاساکەدا هاتووە ، خانەنیشی بە هەمان بری سەرۆک وەزیران و جێگرانی و وەزیرەکان بۆ سەرۆک و جیگران و ئەندامانی بەرلەمانی عیراق دەبرێتەوە و، بە خۆیان و خاو و خێزانیانەوە پاسپۆرتی دیپلوماسی هەمیشیەییان پێدەدرێت و، چارەسەری نەخۆشیەکانیان لەسەر پەرلەمان دەبێت لە ناوەوەی عیراق بێت یان دەرەوە و مینحەیەکی گەورەیان پێدەبەخشرێت و وەرناگیرێتەوە .
تا ئێستا کەس  رێگەی لێنەگرتوون کە دەنگ بدەن بەو یاسایە یان نا  و، بۆچی دەنگ بەو شێوەیە دەدەن و، کەسیش پێی نەوتون بۆ خۆتان کاری تایبەتی نەکەن و ئێوە مەشغوڵی چین و بۆچی جێی دەستان دیار نیە، بەڵام نابێت ئەو هەموو خەڵکە بە گێل لەقەڵەم بدەن و باسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بکەن و خۆیان بە خەمخۆری خەڵک لەقەڵەم بدەن و لەولاوە کاری تر بکەن، ئەگەر بۆ کارێکی ئاسایی و ئاشکرای  وا بەو شێوەیە هەڵوێست بنوێنن و رەفتاریان  پێچەوانەی گوفتاریان بێت ( قسە لەوێیە کە کەس زۆری لەسەریان نیە بۆچی چەواشەکاری دەکەن) ئەی بۆ کارە تایبەتیەکان چی دەکەن .
با جێ دەست و کارەکانیان و هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی پرسی کورد بخەنە بەردەست خەڵک و رۆشنبیران نەک هەوڵی چەواشەکاری بدەن  لە سەر یاسایەک کە تایبەتمەندە بە خۆیان و لەولاوە جموجوڵ و رەفتار و نیاز و هەڵوێستیان پێچەوانە دەربکەوێت .
 با ئەوەشیان لەبەرچاو بێت کە کەس لاری لە خۆشگوزەرانی ئەوان نیە، بەڵام لە خۆیان بپرسن بۆ شتی پێچەوانەی رەفتاری خۆیان و ناراست بڵاودەکەنەوە و لە سەروی ئەو کارەش دەیانەوێت رەفتارە نابەجێکەیان بە خەڵکی بفرۆشنەوە  و بڵێن یاسایەکە هیچ دادپەروەریەکی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو نەگرتووە و ئێمە لەگەڵیدا نین، کەچی بەهەموویان دەنگی پێ بدەن . دەکرا هچ قسەیەکتان نەکردایە و دەنگیشتان پێ بدایە و کەسیش قسەی نەکرد، خەڵک و رۆشنبیرانی کوردستان مەشغوڵی بێدادی و باری نالەباری ئابووری و بێدەرامەتی خۆیانن و، ئێوەش بە سەلامەتی لێی دەردەچون وەک ئەوەی نە با تان دیبێت و نەبارانیش .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە