پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان و کودەتاکەی تورکیا
Sunday, 24/07/2016, 19:50
ئەو یەکدەنگی و هاوهەڵوێستیەی حزب و رۆشنبیران و رێکخراوە مەدەنیەکانی تورکیا لە پاش کودەتاکەیان نواند، نیشانەی پلە و قوڵی رۆچونی رادەیەکی باشی دیموکراسی راستەقینە لەناو خەڵکدا پیشان دەدات و، سەرەرای ئەوەی چیی و کێ لە پشت کودەتاکەوە بێت ( لێرەدا مەبەست رەفتارە هەمەلایەنەکەیە لە ئاست رێرەوی دیموکراسی راستەقینەدا ) ئەو دەرئەنجامەی بینیمان، ئەوەمان بۆ رادەگەیەنێت کە دیموکراسی راستەقینەکە گەیشتبێتە پلەی خۆرسکانە، بەخۆی لە هەناوی خۆیدا هەر لادان و خواربون و لاربونەوەیەک راست دەکاتەوە و دەیگێرێتەوە سەر سکەی راستەقینەی خۆی . ئەگەر ئەم هەنگاوانەی ئەردوگانیش بەرتەسکردنەوەی رووبەری دیموکراسی بێت، بە دڵنیاییەوە سەرناگرێت و بەسەر خۆیدا دەشکێتەوە، هەرچەند هێزیشی لەگەڵدا بێت، تا شوێنی خۆی برناکات . مەبەستمان لێرەدا، لە کاتی بەرقەراربونی دیموکراسی رستقینەیە، ئەو کۆدەنگیەیە کە چۆن راستیەکان فەرزدەکات و هەڵەکان لەناودەبات .
ئەگەر بە بریارە نا دیموکراسی و تەنگەنەفەسیەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بچینەوە، کە چۆن بووە هۆی پەکخستنی پەرلەمان و رێگرتن لە کاروباری پەرلەمانی( مەبەستمان تەنها نەهێشتنی کاروباری ئاسایی سەرۆک پەرلەمان و رێگری کردن لە فراکسیۆنێک و لایەنێکی دیاریکراو نیە) و تەگەرە خستنە بەر کاروباری جێبەجێ کردن و قۆرخکردنی بۆ لایەنێک وناردنەوەی کۆمەڵێک وەزیر هەر کەس و سەر بەهەر لایەنێک بوبن بۆ ماڵەوە( لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە گۆران بن یان لایەنێکی تر )، باورەبونی سەرجەم لایەنکان و خەلکیش بە دیموکراسی راستەقینەمان بۆ دەردەخات .
لەو کاتەدا، هەست نەکردن بە کۆدەنگیەکی سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و رۆشنبیران و رێکخراوە مەدەنیەکان و، نەهاتنە ئارای کەشوهەوای هاندان بۆ وەستان بە یەک دەنگ لەبەرامبەر ئەو رەفتارەی تەنها لایەنێک ئەنجامی دا، کە هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ کودەتاکەی تورکیادا نەبوو، جیاوازی دیموکراسیەتەکەی کوردستان و بۆچونی سەرکردە و رەفتار و ململانێی لایەنەکان و ئاستی رۆشنبیری خەڵک و نەبوونی خەتی سوور و بەرژەوەندی باڵا و ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەری یاسا و رادەی باوەربونی هاوڵاتیان و لایەنەکان بەو چەمکانەی کە دیموکراسیی لەسەر بەندە لە گەڵ هاوڵاتیانی تورکیادا ، بۆمان دەردەخات .
ئەگەر هەڵوێستەکان لەئاست بریارەکانی پارتی لەبەرامبەر پەرلەمان و حکومەت نیوەی هەڵوێستی هاوڵاتیان و لایەنەکان و رێکخراوەکانی تورکیا بوایە، حاڵمان بەم واقیعە نەگەیشت، بۆیە دەڵێم هەر هەڵوێستی هاوڵاتیان و لایەنی پێشکەوتنخواز و دیموکراسیە دەتوانێت رێگە راستەکان بگرێتە بەر و لادان نەهێڵێت و شکست بە کودەتا و تاکرەوی و دیکتاتۆریەت و خودپەرستی بهێنێت، چ لە تورکیا بێت یان کوردستان، هەرچەند تا ماوەیەکیش بۆ کەس و لایەنێک بلوێت درێژە بە رەفتاری دیکتاتۆریەت بدات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست