زۆرینەی کادرانی حزبی زەحمەتکێشان لەگەڵ بەرەی پێشکەتنخوازدان
Saturday, 16/07/2016, 15:33
لێرەدا قسەم تەنها لەسەر حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانە، نەک حزبی ئایندە کە کاک قادر عزیز سکرتێریەتی . بەو پێیەی بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ لە ریزەکانی ئەو حزبەدا خەباتم کردووە، بیربۆچونی زۆرینەی کادرانی ئەو حزبە دەزانم . ئەگەر باسی دەستەیەک سەرکردایەتی زۆر بچوکی بەرژەوەندخواز و وابەستە نەکەم، کە بە کاردانەوەی دوور لە عەقڵ و بە عاتیفە و هەڵخەڵتاندنی لایەنێک لێکترازانیان فەرز کرد و تا ئێستا بەو شێوەیە رەفتار دەکەن و تەنها لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی خۆیان و، تەنانەت دوور لە حزبی زەحمەتکێشان، چوونە ژێر رکێڤی داخوازیەکانی بەرەی موحافزکارەوە و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و، بە پێی بۆچون و تەنانەت داواکاریەکانی ئەوان جوڵانەوە، کە ئەمە بە بەڵگەوە بۆ زۆرێک لە خودی کادرانی حزبی زەحمەتکێشان روون بووەوە و، ئەوانیش مەگەر ناچار بن بۆ مانەوە، ئەگینا پاش روون بونەوەی رەفتارە نهێنیەکانی ئەو چەند سەرکردایەتیەی ئەو حزبە، بۆ زۆرینەی کادران هەرس نەکرا . ئەگەر راوبۆچون و هەڵوێستی کادرانی ناوەراست و بە توانا و دڵسۆزی ئەو حزبە نەبوایە، ئێستا بە تەواوەتی خۆیان رادەست و ملکەچی سەرکردایەتیە وابەستەکەیان و بەرەی موحافزکار دەبوون و تەنانەت مێژووەکەشیان بۆ نەمایەوە، بەڵام خۆشبەختانە کادرانی ناوەراستی دڵسۆزی ئەو حزبە تا ئەمرۆ رۆڵی خۆیان دەگێرن لەو مەسەلەیەدا و هەمیشە لە هەوڵی گرتنەبەری رێگەی راستدان، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە سەرجەم کادرانی ئەو حزبە عەیار بیست و چوار بن .
ئەمرۆش کە بارودۆخ و ئەولەویات گۆراوە و حزبی ئایندە لەگەڵ یەکێتی و بەرەی پێشکەوتنخوازیدا لە گفتوگۆی یەکگرتنەوەدان، لەولاوە فشارێکی زۆر لەلایەن پارتیەوە دەکرێت، کە زەحمەتکێشان دوور لە کردەوەیەک یان پرۆسەیەک ناوی بنێن یەکگرتن و، لە روانگەی خۆ بەزلزانی و لەخۆبایی بونی پارتی، دەیانەوێت زەحمەتکێشان لە هە نگاوێکی سیاسی بەهەر ناوێکەوە بێت، تەسلیمی ئەوان بێت، زۆرینەی چاودێران لەو باوەرەدان و، تەنانەت لە رێگەی پەیوەندی بە کادرانی زەحمەتکێشانەوە، ئەوە دەردەکەوێت کە ناچنە ژێر ئەو فشارە و خۆیان بەدەستەوە نادەن و، زۆرینەی کادرانی ئەو حزبەش ( نەک سەرکردایەتیەکەیان ) ئەگەر بیر لە یەکگرتنەوە بکەنەوە، لە بنەرەتدا لەگەڵ بەرەی پێشکەوتنخوازیدان . بۆیە لەوباوەرەدام کە سەرکردایەتی ئەو حزبە ناتوانێت قەناعەت بە کادیرانی ئەو حزبە بکات بۆ چونە نێو پارتی یانبۆ هەر هەنگاوێکی سیاسی بۆ زیاتر وابەستەبون، هەروەهاش چاودێران وای دەبینن کە قاعیدەی ئەو حزبە رۆڵی گەورەی خۆی هەبێت لە بریاری راست و دروست و تەسلیم نەبون بە بەرەی موحافزکار، بە هەر ناونیشانێکەوە بێت . ئەمەش بەو واتایە نیە کە یەکگرتن و یەکگرتنەوە کارێکی باش نەبێت، بەڵکو ئەگەر شتی روکەش و بەرژەوەندی تەسک زاڵ نەبێت لە بریاری چارەنوسساز و، یەکگرتنیش لەگەڵ بەرەیەکی راستدا بێت ئەوا لە قازانجی گشتیدا دەکەوێتەوە و ، هاوسەنگی هێز رێک دەکاتەوە . بۆیە لەوباوەرەدام کە کادرانی ناوەراستی بەتوانا و پاک و بێگەردی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و قاعیدەکەیان ، یان وەک خۆیان دەمێننەوە بە هەر شێوەیەک بێت، وەک حزب یان بەرەیەکی راستتر هەڵدەبژێرن، نەک ملکەچی لەزەت و تەرغیبی دەسەڵات و بەرەی موحافزکاری خودپەرست بن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست