کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دەوڵەت نەتەوە دروست ناکات بەڵکو دەیپارێزیت

Friday, 01/07/2016, 21:57


ئەگەر رووە سیاسیەکەی لێ دەرکەین و، خەڵک داوای دامەزراندنی دەوڵەت بە ململانێی سیاسی  رووت نەزانێت لە کوردستان دا، تاکە هاوڵاتیەکی ئەم کوردستانە نادۆزیتەوە ئامانجی گەورەی بنیاتنانی دەوڵەتی کرودستان نەبێت، بەڵام کە زۆرینە دەبینێت دامەزراندنی دەوڵەت بووەتە ئامرازێکی زۆر هەرزان بەدەست دەسەڵاتەوە، لەپاڵ ئەوەی رۆژانە کەموکورتیەکان زیاد دەکەن، نەک بنەما سەرەکیەکانی بنیاتنانی دەوڵەت لە ئارادا بێت، واخەریکە خەڵک بێز لە باسکردنی دەوڵەتیش دەکاتەوە .
پێش ئەوەی دەوڵەت هەبێت، نەتەوە لە دەرئەنجامی کۆی گشتی لێکنزیکبونەوە و پێویستبونی گردبونەوە و جێگیربونی تاقم و عەشیرەت و خێزانەکان و هاتنە ئارای کشتوکاڵ هاتۆتە بوون، بەڵام وەک ناو و خۆفەرزکردن، دەوڵەت هەندێک نەتەوەی جێگیر کردووە  و ئەویتری خستۆتە خزمەت ئەوانەوە تا رادەی توانەوە، ئەمە لە زۆرینەی تاقیکردنەوەکانی دروستبونی دەوڵەتاندا دیارە، بۆیە زۆرێک لە نەتەوەکان لەناوچون یان گۆرانکاری گەورە بەسەریاندا هاتووە، تا حاڵەتی کزبون و نەمانی  هیچ بنەمایەکی رەسەنی خۆیان و ئاوێتەبوون بە نەتەوەی سەردەستەوە، تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپاش دا .
سەدەی نۆزدە و بیست نمونەی زۆرمان بۆ دەردەخەن کە دەوڵەت چۆن توندوتیژی بەکارهێناوە بۆ لەقاڵبدانی چەندین نەتەوە و، هەر دەوڵەت بۆتە هۆکاری سەرەکی پلەبەندی نەتەوەکان بۆ نەتەوەی پلە یەک و دوو لە سەر ئەرزی واقیع و، هەندێک نەتەوە وای لێهاتووە کە خۆی بە زاڵتر و رەسەنتر بزانێت، بێ ئەوەی باس لەوە بکرێت یان بە ناراستەوخۆ دانی پێدا ناوە وەک نەتەوەی ئەڵمان . بێگومان دروستبونی ئامرازی توندوتیژی لە هاتنەئارای دەوڵەتەوە زەقبۆتەوە و تەنانەت زوڵم و زۆر و دەستخستنە نێوکاروباری هاوڵاتیان لە دامەزراندنی دەوڵەتەوە هاتۆتە ئاراوە، بەڵکو جەنگی گەورە و بچوکیشی بەرهەم هێناوە .
بۆیە تەنانەت ئەگەر بۆ دەوڵەتی کوردی، کە حزب و کەسایەتی لە پێش هاوڵاتی و نەتەوە و میلەت ئیدیعای دەکات، نەبێتە موسیبەت و مالوێرانی لەگەڵ خۆیدا نەهێنێتە ئاراوە و پێشبینی ئەگەری شەری قورسیشی لێ نەکرێت، وەک زۆرینەی دەوڵەتانی جیهان، ئەوە ئەگەری نەمانەوەی بە هۆکارە کەڵەکەبوەکانی نێوخۆیی و دەرەکی زیاترە . 
 کۆمەڵێک پێش ئەویتر و بنەماڵەیەک یان خەڵکانێک بێ ئەوەی کۆدەنگی لە ئارادابێت یان نێو ماڵی کوردی رێکخرابێت و، بەبێ داواکاری هەمەلایەن  و بێ ئەوەی بە دەنگی بەرز هاتبێتە ئاراوە، بێگومان لەپاش جێگیربونی سنورەکانی دەڵەتیش ئاڵۆزیەکان زیاتر دەبن و ئەگەری شەری نێوخۆ وەک زۆرێک لە وڵاتانی تری سەرەتای سەربەخۆبونیان لە کوردستان سەختتر دەبێت، بەڵکو لەبەر هەبونی دوژمنێکی زۆری دەوروبەر ئەگەری لەبارچونی بە ساوایی زۆر زیاتر دەبێت.
لەم وەزعەی کوردستاندا کە تەنها حزب و سەرکردە و بنەماڵەیەک خۆی کردۆتە نوێنەری هەموو خەڵک، بێ ئەوەی راوبۆچونی ئەوانیتر لەبەرچاو بگرێت و بیەوێت بۆچون و رای ئەوان فەرامۆش بکات، بێگومان هەمووان دەزانن لەم حاڵەتەدا هەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە، بۆیە  ئەو ئەگەرە زۆر بە زەقی دەخاتەروو کە بێ کۆدەنگی دەست بردن بۆ ئامانجێکی گەورە بە مەبەستی حزبی و شەخسی تەسک چ ماڵوێرانیەک دێنێتە ئاراوە و، دەبێت تەنانەت چاوەرێی جەنگی قورسیشی لێ بکرێت، ئەمە ئەگەر تەنانەت سەریش بگرێت و،  بە خاترانەوە دەستوەردانە دەرەکیەکانیش حساب نەکەین .
بەڵێ لەم دوو دەیەدا دەرفەتێکی گەورە هەبوو بۆ توندکردن و پتەوکردنی ماڵی کوردی و بنیاتنانی بنەماو ئامرازەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، بەڵام ناکۆکی و ململانێ و شەری نێوخۆ و دابەشبونی میلەت بەسەر چەندین راوبۆچون و شیعاردا، ئەو دەرفەتەی لەدەستدا و ناتوانرێت لەم کاتەدا چاورەێی ئەوە بین کە بە ئاسانی دەوڵەت دابمەزرێت و بە ئاسانترین هۆکار شسکت نەهێنێت، با بارودۆخە بابەتیەکەش یارمەتیدەر بێت، بە تایبەتی کوردستانی باشوور لە حاڵەتیکی سیاسی و ئابووری ئەوەندە ئاڵۆز و قورسدایە کە خەڵک لە بیری نەتەوایەتی و قوربانیدان شۆردۆتەوە . ئەگەر لە دەرئەنجامی شەری داعش هەندێک دەرفەت هاتبێتە ئاراوە، بەڵام پشتگیری دەرەکی تا ئێستا بە تەواوی مەیسەر نیە و ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت .
بۆیە تۆیەک تا ئێستا نەتوانیت برایانە کۆبیتەوە و کوردستانت بە کردەیی دابەش کردبێت و وەزعی ئابووریت لەم حاڵەتەدا بێت و خەڵک بێ ورە و برسی و بێ تاقەت، بە چی؛ یەکەم بەردی بناغەی دەوڵەت دادەنێیت، تۆیەک براگەورەیەک یان سەرکردەیەکی کاریزما و مەرجەعیەتێکت نەبێت خەڵک بە گشتی باوەری پێ بکات بۆ کۆدەنگی و کۆکردنەوەی میلەت، تۆیەک کە دروستبونی دەوڵەتت کردۆتە کارێکی حزبی و رقەبەری رکابەری و، تۆیەک کە تەنانەت رکەبەرەکانت وا لێکردووە  نەفرەت لە دەوڵەتێک بکەن بە دەستی تۆوە دروست بێت، تۆیەک کە هەزار شەقت لە یاسا و رێسا دابێت، چۆن باوەرت پێ بکرێت کە بێ یاسایی بەو دەوڵەتەوە ناکەیت و خەڵک لە نەبونی دەوڵەت زیاتر زنهار و هەراسان ناکەیت،  ئیتر باسی دەوڵەتی چی دەکەیت .
دەوڵەت ئامانجێکی پیرۆزی  هەموو گەلی کوردستانە و خەڵکانێک دروستی دەکەن کە هەر نەبێت زۆرینە قەناعتیان پێی هەبێت  و بەرژەوەندی دەوڵەتەکە بخاتە پێش حزب وئەڵقە و بنەماڵە و کەسەکانەوە، نەک باوەریان بەوە بێت کە تەنانەت دەوڵەتەکەش بۆ ئەو ئەڵقە تەسکانە بەکاردێنێت و سەرجەم گەلی کوردستان دەکاتە قوربانیان و لە بەرهەمەکەی بێ بەشیان دەکات، بۆیە پشتگیری مانەوەی  بەدەست ناهێنێت .  
دەکرێت ئەم جارە بڵێین، لەم وەزعەی کوردستاندا؛ هۆکاری خودی زیاترە لە هۆکارە بابەتیەکە بۆ  شکستهێنانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان  و، ئەمە یەکەم جارە کە هۆکارەکانی شکستهێنانی دەوڵەتی کوردستان پێچەوانە ببنەوە .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە