دۆڕانی بەردەوام بێشەرمی بەدواوەیە
Thursday, 30/06/2016, 17:07
هاورێیەکم دوێنێ شەو لە خرپەی خەودا بووم و، ئەو لەو کاتەدا بۆ پارشێودا هەستابوو، لای ئەوی بێ ئاگا؛ هەموو خەڵک بەخەبەرە، تەلەفۆنێکی بۆ کردم، وتی؛ هەر من و دەسەڵاتی کوردی بەردەوام نادۆرێین، ئەوەتا ئەرجەنتینیش بۆ چوارەمین جارە دەدۆرێت و کەس ئەو گلەییەی ئێمەی لێ ناکات، فڵان سەرکردە جارێک دۆرا کردیان بە هەرا و شاخیان لەسەر رواند، کەچی سەرکردەی وا هەیە تا ئێستا لە ئەرجەنتین زیاتر لە دوا یاریدا دۆراوە، هیچ کەسێک نیە وا بەزەقی بیدا بە دەموچوایدا و بڵێت ئیتر بەسە .
ئەم برادەرە بێزارکەرە بێشەرمە، تامەزرۆی یاریی یەکە کەچی بەردەوام لێی دەدۆرێت و تا ماوەیەک بەهانەی بۆ دەهێنایەوە و بەرگری لە خۆی دەکرد، بەڵام ئێستا دەڵێت زۆری دۆراندن بەتایبەتی لە کۆتایی هەر خولێکدا بێ شەرمی دێنێت لەگەڵ خۆیدا و دواتر بەرگری دروست دەکات و تەنانەت سوکە خەمێکیش ناهێنێت لەگەڵ خۆیدا . ئینجا وتی: ئەوەتا لەچل و شەش و شەست و یەک و شەست وشەش و حەفتاو چوار و نەوەت و یەک و نەوەت و شەش، ئەمانە هەمووی دۆرانی دوا ساتەکانی یاریەکە بوون، کەچی تا ئێستا تیپەکە بە هەمان سەرۆک و راهێنەر و یاریچیەوە بەردەوامە و لە دۆراندنیش بەردەوامن و هیچ نەگۆڕاون، تۆ چی دەڵێیت . منیش وتم:
جارێک تۆ لەو هەموو دۆراندنە یەک لە دوای یەکەی توشی بوویت، گەیشتویت بە رادەی بێ شەرمی و نەبونی خەجاڵەتی لە هەر کارێکدا دەیکەیت و، تەنانەت لەم کاتەدا کە منت خەبەر کردۆتەوە، تۆ باش دەزانیت کە خۆت بۆ پارشێو هەستاویت خەڵکی تر ناچار نیە بخەوێت، بێ شەرمانە باسی شتێک دەکەیت و درێژەی پێ دەدەیت کە لەم کاتەدا نەک قازانجی نیە، بەڵکو زەرەر لە کەسی تر ئەدات، ئەوەتا پارەکەی خۆتزۆر بڵێە خەرج دەکەیت و خەوەکەی منیشت زڕاند . لەگەڵ ئەوەی شەرم لای تۆ نەماوە، ئەوەتا باسی خەڵکی سیاسی و شیکردنەوەم بۆ دەکەیت لەم کاتەدا! دەڵێیت بێشەرمی باڵی بەسەر ئەخلاقیاندا کێشاوە . لەدرێژەی قسەکانیدا وتی؛ کاکە بە راستی ئەوەی ئەم وەزعە بخوێنێتەوە کە سەرکردایەتی گوێی پێنادات، باش دەزانێت ئێمە بەدەستی بێشەرمەکانەوە دەناڵێنین و چارەسەریان پێ نیە، دەبێت ئێمەش وەک ئەوان لە خۆمان بکەین و، منیش خۆم رادێنم و حەسانەوە و پشودان و ژیانی بەرامبەر باوی نەماوە و نایخوێنمەوە، وەک چۆن لای ئەوان بەرژەوەندی میلەت باوی نەماوە، گرنگ خۆمم چی دەکەم و چۆنم بۆ باشە، ئەوەتا ئەرجەنتین و کابرای لای خۆشمان شەرمیان شکاوە و، دۆران هیچ نیە لای ئەوان و لەسەر ملهوری خۆیان بەردەوامن تاوەکو ملی گەلەکەش دەشکێنن، منیش پەتای ئەوان لێی داوم .
وتم چارەسەر زۆرە، وتی بەچی، وتم یاریچیەکان دەگۆرین و راهێنەر و سەرۆکی تیپەکە دەخەینە زبڵدانی مێژووەوە ، وتی بەچی، وتم بەوانەی تا ئێستا لە خرپەی خەودان و باوەریان بەخۆیان هەیە و بە عەقڵیەتی پێشکەوتنخوازانەی خۆیان دەژین و تا ئێستا شەرمیان ماوە و خەڵک بێزار ناکەن و، دەتوانن خەڵکی بێزارکەر بتاڕێنن، بە سەرۆک تیپ و یاریچیە بێ فەڕەکانی خۆشمانەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست