تکایە بەشی ئاشتبونەوەی تێدا بهێڵنەوە
Saturday, 18/06/2016, 16:47
پێشتر ئەو شەرە دەندوکەی نێوان یەکێتی وپارتی و یەکێتی وگۆران و پارتی و ئیسلامیەکان و گۆڕان و پارتیشمان بینی، هیچی لێ سەوز نەبوو، لە کۆتا نەفەس هەر گەرانەوە بۆ دانیشتن و هاوپەیمانی و هاوکاری نێوانیان لێ کەوتەوە و ئەوەی قسەی قوت و زەرەرمەندی کرد جگە لە کات بەسەربردن وەک بڵقی سەرئاو نەما و هیچ قازانجێکی نەبوو و توایەوە . ئەوەی جێگەی نیگەرانیە کە لەم کاتی ناکۆکیانەدا سەرجەم دەزگاکانی ئەم هەرێمەی تێوەدەگلێنن و دەیانخەنە ئامادەباشیەوە، ئەوەتا دادوەری و حکومەت و پەرلمانیان تێخستوە و لەسەرووی هەمووشەوە دەزگای راگەیاندنیان توشی ئەم قیرە و قیقە کردووە کەبە راستەخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت . خەڵک بێ دەرامەتی و کەموکورتی کەمی نیە تاوەکو شەرە راگەیاندن و لەیەکئاڵانیشی بێتە سەر و شەرە راگەیاندن قووڵ بکەنەوە.
هیچ لایەک بێ کەموکورتی نیە، ئەگەر بەدوای دادوەرێتیەوە بچین سەرجەم لایەنە سەرەکیەکان کێشە و نا عەدالەتی و تارادەیەک ناپاکیشیان لەسەرە و تۆمەتبارن بە زۆرێک لە زوڵم و زۆری دژ بە میلەت و پێشێلکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانی و پێش ئەوەی لەبەرامبەر یەکتر دژایەتی یەکتر بکەن دەبێت میلەت قەزاوەتیان بکات، ئەگەر دادگایی سیاسی بکەیت، هیچ لایەن و سەرکردەیەکی باڵای ئەم کوردستانە بە پاکی دەرناچن .
کەیسی لایەنەکان زۆرن کە دادوەری گشتی و لایەن و میلەت داوای دادگایی کردنی لایەنەکانی پێ بکات، گەندەڵی و دزی و بەفیرۆدانی داهاتی خەڵک و پشت کردن لە برایانی کوردانی بەشەکانی تری کوردستان و پەنا بۆ تیرۆر بەریت و کەس نقەی لێوە نەیەت و مێژووت پر بێت لە کەموکورتی و تەنانەت تاوان، ئێستا بۆ ململانێیەکی سیاسی و ناکۆکی حزبی پەنا بۆ دادگایەکی پێکهێنراو بە فەرمانی حزبی ببەیت، جگە لە ئاَڵۆزکردنی وەزعی کوردستان هیچ شتێکی لێ سەوز نابێت و قازانج بە پرسە گەورەکەی کورد ناکات و، بەڵکو دەبێتە شەرە دەنوکی راگەیاندن و پەنا بردن بۆ دامودەزگای حکومەتیی پاشکۆی حزبی کە تا ئیستا هەمووی وا دروست کراون . بۆیە، بە راستی زۆر عەیب و نابەجێیە ئێستا لەم کاتەدا و لەم واقعەی کوردستان و ناوچەکەدا لایەنەکانی کوردستان بەم شێوەیە رەفتار بکەن . تەنانەت خەڵکی ناوچەکە چاوەرێی گۆرانکاری گەورە دەکەن و تۆ ئەمە عەقڵیەت و بۆچونت بێت .
ئەوەی پێویستە لەم کاتەدا و لەم کارەدالایەنەگان و بە تایبەتی بزوتنەوەی گۆران پەنای بۆ ببات هێمنی و بێ بەها کردنی ئەوجۆرە رەفتارە حزبیانەیە کە پەنا بۆ دەزگای دادوەری دەبات و هەموو مەبەستەکانی پشت پەردەی ئاشکرایە نەک پەنا بۆ راگەیاندن ببەیت و گرنگی بەو رەفتارە بدەیت . لێرەدا پشتگوێ خستنی کاری نابەجێ باشترین چارەسەرە، تۆ تاوەکو بەدەم کاری ناماقوڵەوە بچیت قووڵی دەکەیتەوە و پر بایەخی دەکەیت .
بۆیە ئەم هاشوهوشەی راگەیاندنەکان جگە لە سەرقاڵکردنی خەڵک هیچ شتێکی لێ بەرهەم نایەت و بەرئەنجامی نابێت، با لەمەزیاتر خەڵکەکە توشی نەهامەتی زیاتر نەکەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست