کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێشتریش وتمان خۆمان نەبێت ئەمریکا دادمان نادات

Wednesday, 20/04/2016, 0:29


چەندین جار وتمان هیچ باوەرتان بە خود و سیاسەتی ئەمریکا نەبێت، نەک تەنها دژی کورد بێت، بەڵکو مۆرکی تایبەتی خۆی و بیرو فەلسەفەو بۆچون سیاسەتی  ئەم وڵاتە لە باورداری و عەقڵیەت و رەفتاریدا چ لە پەیوەندیە دیبلۆماسیەکاندا یان لە سیاسەتی گشتگیری تایبەتی خۆیدا لەسەر ئەوە بەندە کە تەنها و تەنها بۆخۆژێین و پێداویستیەکانی سەرمایەوە پابەند و هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و ویژدان و بەها و بۆچونی جێگیری لانیە، ئەمەش نەک بە خواستی خۆی بێت بەڵکو جەهەری بیری سەرمایەداری لەمەزیاتری پێ نیە و تەنها ئەمە دەخوازێت، ئەگەر بە وردی و تێرامینَکی قوڵەوە لە خودی سستمەکە و مێژووەکەی بروانپن . بەڵێ، بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی وڵاتەکەیە هەموو شتێک دیاریدەکات و سەرجەم بەها و نەریتێکی مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پێی خودپەرستیەوە،ئەمەش نەک وەک بینەرێکی رۆژهەڵاتی بە سۆزو دابونەریتی ئێرەوە ەیری بکەین، بەڵکو بە بیرکردنەیوەیەکی رەقوتەقی بیری رووت و چۆنە نێو رەهەندەکانی بریی سەرمایەداریەوە بیخوێنینەوە، جا ئەگەر لە ئان و ساتێکدا بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی لەگەڵ بۆچونێکی کاتی یان بەردەوامی گەل و وڵاتیکدا یەکیگرتبێت، ئەوە واتای ئەوە ناگەیەنێت، سەرمایەداری مافی گەلان و حەقخواراوان لەبەرچاو دەگرێت وتیچروانی ن و دیدە مرۆڤدۆستیەکەی گۆرانکاری بەسەرداهاتووە ولە جەوهەری بیرو فکر و فەلسەفە و سیستمی خۆی پاشگەزبۆتەوە، ئەمە تا رادەیەک بۆ زۆرینەی وڵاتانی سەرمایەداری دەگونجێت نەگ ئەمریکا بە تەنها، ئەگەر ئەمریکا بە خۆی لە لوتکەی ئەو بێ بنەما جێگیرانە بێت کە خەڵکی رۆژهەڵات باورەیان پێیەتی ئەمەیە سروشتی بەرێوەچونی سیستمی سەرمایەداری لەسەر ئەرزی واقیع .
 بۆیە بۆ کوردی خاوەن قوربانی و فیڵ لێکراوی سەد ساڵەو  ژێردەستەیی عەقڵی دواکەوتوی وڵاتانی ناوچەکە، چ چاورەوانیەکی لە ئەمریکایەک بێت کە هیچ کێشەیەکی نیە بەناوی بەرژەوەندی کوردەوە بێت لەدەرەوەی سیاسەتە دیاریکراوە زۆر وردەکان خۆی لەم ناوچەیەدا نەبێت؛ بۆیە :
1-وەک پێشتر باسمان کرد و قسەکانمان بە ڕای کۆمۆنیست و کۆنەچەپە پەرگیرەکانیان لەقەڵەم دان، ئەمرۆ دووبارەی دەکەینەوە، بە زەردەخەنەیەکی سیاسیانەی روکەشی بەرپرسێکی ئەمریکی و یارمەتیەکی بچوکی دیبلۆماسی یان سەربازی ئەملاو ئەولای ئەمریکا باوەر نەکەن، بەتایبەتی لە شەری داعش وا فەرزی کردووە لە رۆژئاوای کوردستاندا و، ئەو جوڵە و هەنگاوە کورتمەو دایانە بە ستراتیجی ئەمریکا نەناسن و، تەنها لە نێوان توخمەکانی هاوکێشەی خۆیدا لەناوچەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و، هەر کاتێک زەرورەتی ئەو هەنگاوە نەما یان پێویستی بە جێگۆرکێ بوو، لە چرکەیەکدا پشت لە هەموو شتێک دەکات و بێ شەرمانە کلکی دەکات بەناوگەڵیدا و دەیقوچونێنێت  هەموو یارمەتیدانێکی حکومەت گەلانی لەبیر دەچێت، ئەمە سروشتی سیستمێکی سەرمایەداری بەرژەوەندخوازیە کە لە رێرەوی سیاسەتی رۆژانەدا وردی دەکاتەوە نەک تەنها تایبەتمەند بێت بە ئەمریکاو و بەس، بەڵام کە خودی ئەمریکا لە سەرووی ئەو فکر و سیاسەت و فەلسەفەوە بێت و هەوڵی بڵاوکردنەوەی بدات و بانگەشەی بۆ بکات و بە هەموو توانایەکیەوە جیهانی پێ سەرقاڵ بکات، دیارە کرۆکی ئەو سیستمە لە کیانی ئەودا چەق دەبەستێت و هەردوکیان بەیەکەوە لکاون  .
2- لە رووی کردەوەییەوە، ئەمریکا هیچ باکی بەوە نیە کە لە رووی مرۆڤایەتیەوە چی روودەدات ئەگەر، زۆرجار فرمێسکی تیمساحیانەی بۆدەرێژێت، ئەویش تەنها بۆ چەواشەکاریە و لە شوێنێکدا دەیکات بۆ ئەوەی  بەرژەوەندیەکانی لەوبارەوە نەکەونە مەترسیەوە، ئەگینا گەورەترین پێشێلکاری لەسەرجەم بارەکانەوە  کرابێت و پەیوەندی بە بەرژەوەندیە حسابکراوەکانی خۆیەوە نەبێت هیچ نوتقی لێوە نایەت و نەهاتووە، کەس هەیە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی کەنداوی عەرەب بە گشتی و پاشایەتی سعودیە بە تایبەتی و هەموو چینە چەوساوەکانی دونیاو بەردەوامی ناحەقی لە ئاستیاندا نەزانێت و، میلەتی کوردیش نزیکترین نمونەیە، کە تا دوێنی بەلایدا نەچوو سبەینێش جیاوازیەکی ئەوتۆی تێدا نابینین .
3- زۆر کەس هەن باس لە دارشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە دەکەن و لەوناوەدا گوایە دەشێت لەبەر خاتری زوڵملێکراوی چەندین ساڵەی کورد و بە نیازی ئەمریکا وابکات لە قازانجی کورددا بکەوێتەوە و، ئەوانە خەریکە لە خۆشیدا گەشکە بکەن . دەڵێم: تاوەکو ئەمرۆش بە روونی دەرنەکوتووە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ گۆرینی نەخشەیە یان نا و، بەڵکو ئەوەی بۆ بکرێت لە رووی پاراستنی هەناردەکردنی نەوت و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائل و مامەڵە کردن لەگەڵ تیرۆر و نەهێشتنی زاڵبونی بەرژەوەندیی روسیا و چین لەوە زیاتر لەم ناوچەیە و نەهێشتنی بڵاوبونەوەی چەکی کۆکوژ نەبێت هیچ خاڵێکی تر ناخوێنێتەوە . ئەگەر ئەو ئامانجانە لە دوورەوە وەک خۆی و وا لە ئەمرۆدا بۆی چووەتە سەر دابینی بکات، هیچ رەفتارێک لە قازانجی کورد نانێت ئەگەر لەگەڵ ئەوانەدا نەیەتەوە، یان کاریگەری کورد لەوبارەوە نەبێت، تەنها بە مامەڵەی سیاسی دیانخاتە ژێر رکێفی داواکاریەکانی خۆیەوە، بێ ئەوەی هیچ فشاریکێ ئەوتۆ بەکاربێنێت . 
4- بۆیە، کە ئێستا بەکارهێنانی سێکتەری ئابووری تەنها لە پێناو رێرەوگۆرینی هەنگاوی سیاسی جێگەی هەنگاوی عەسکەری زەمانی پێشتری گرتۆتەوە و جیهانگیریی وای لە ئەم وڵاتە زلهێزە کردووە لە دوورەوە چۆک بە زۆر وڵاتانی بێ توانا بدات چ جای میلەتێک و قەوارەیەکی نارەسمی وەک هەرێمی کوردستان و میلەتەکەمان لە رۆژئاوای کوردستاندا .
5- ئەمە ئەگەر بەرامبەر بە وڵاتێکی  ناوخۆ تۆکمە و توندوتۆڵ وابێت، بەڵام  لە گەڵ هەرێمی کوردستانی پر لە گێرمە و کێشەو ناکۆکی و شڵەژان و پر لە قەیران و گەندەڵی هەر باس ناکرێت، کەچۆن بە ئاسانی دەتوانێت یاری خۆی بکات و یاریشی پێ بکات . 
6- سروشتی سیتمێکی سیاسی سەرمایەداری وا خۆ فەرز دەکات، کە لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی تر خۆی بژێنێت و ئەگینا لەو سیتمی گواستراوە و لەرزۆکەی نێو دونیای مرۆڤایەتی و نەبونی هیچ پاڵنەرێکی راست و دروست و پتەو بۆ گەشەدان بەخۆی، بێگومان ئەگەر لەو فێڵ و تەڵەکە سیاسی و ئابووریانە خۆی دوور بخاتەوە، ناچار دەبێت بۆ قۆناغێکی تر لە دونیای مرۆڤایەتیدا هەنگاو بنێت و ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەو کۆمەڵە کەس و کۆمپانیاو هێزانە نیە کە بەو ژمارە کەمەوە هەموو موقەدارتی مۆرڤایەتیان بەدەستەوەیە، دەبێت چاوەرێی رێگری گەورە بین. 
7- نەزانینی خوێندنەوەی بەرامبەر لە رووی سیستم و بیرو سیاسەت و پەینەبردن بە کونوکەلەبەری بەرژەوەندی بەرامبەرەکەت، وات لێدەکات هەمیشە لەدەرباردا کەوتبیت و تکای سواڵێک بکەیت، وەک چۆن ئێستای هەرێم لە نێوان هەولێر و ئەنکەرە تەراتێنیانە و بۆ دەستماچکردنی ئەمریکا چاوەرێی دەستی واشنتون دەکەن قسەیەکی خێریان بۆ بکات، لە رێی خودا نەک خۆیان فەرزکردبێت بەڵکو لە پێگەو قورسایی بەرلە چەند ساڵی پێشویی خۆیشیان دابێت و نزم کردبێتەوە؛ بێگومان بە ململانێ و نەزانی و شەروشۆری بەرژەوەندخوازی تەسکی کەسی و حزبی نێوخۆیی کوردستان و خودی خۆیانەوە . 
لەم رۆژەدا کە زیاتر بۆ هەمووان دەرکەوت، ئەمریکا تاسەر لەگَەڵتدا نیە، ئەوەتا لەبەغدایە و حکومەتی هەرێم ملکەچ دەکات بروات بۆ لای ئەو و بڵێت تۆ دێی بۆ ناوەند و ئێرە جێگەی بینینی تۆیە نەک وەک پێشتر لەپاش هەر سەردانێکی بەغدا بە خۆمان رێگەی هەولێرمان گرتەبەر، ئەمەش هۆکاری بابەتی خۆی هەیە پێویست ناکات بە درێژی لێرەدا باسی بکەین .
8- سەرلێدەرنەکردنی خودی کورد لە چۆنێتی رۆیشتن لەسەر دوو رێرەو و بەرنەدانی هەردووکیان و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی، وای لە حکومەتی هەرێم کردووە کە چارەنوسی خۆی بخاتە دەستی تاکە لایەنێکی بەرژەوەنخواز و بێ ویژدانی سیاسی و فکری و ئەخلاقی لە لایەک و، سوکرکردنەوەی قورسایی خودی و پێگەی خۆی لە ئاست ناوچەکە و تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ ماوەیەکی کورتی پێش ئێستای لەلایەکی ترەوە،  ئەگەری شکستی یەکجارەکی بۆ خۆی زیاتر کردووە . دیارە دەسەڵاتێکی بەم جۆرە عەقڵیەتە کە بە دڵی هێزی دەرەکی بێت لە پێناو بە ئاسانی زاڵبون و کارپێکردنیان و هەر جارێک بیانەوێت ئاوها وەک ئەمرۆ بێ منەت بن لێیان هەر لە سەردەستی ئەو بیرو سیستمە بێ ئەخلاقە گەورەیە لەناودەچێت و، ئۆباڵی دەرئەنجامەکەشی دەکەوێتە سەر  ئەوەی بەم شێوەیە دروستیکردوە . لەولاوە سەری سەرمایەداری هیچ باکی نیە و ،  جیهان لەسەر دەستی خۆی بە فرتوفێڵ و بێ ویژانی سەرمایەداری دەبات بەرێوە .
9- لەم چەند رۆژەدا جوڵانەوەیەکی لەو بابەتەم بینی؛ واتە دوو رێرەوگیری،  بۆنی ئەوەی لێدەهات کە تازە هەستیان بە کڵۆڵی حوکمی ئەم هەرێمە کردووە و وا ئێستا هەندێک جموجوڵی هەمەجۆری واتە مراوەغەی سیاسی لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریدا دەکەن و، کەچی ئەمەش درەنگوەختە و لە حاڵەتێکدایە کە تۆ لە گۆشەیەکی لاوازیدا قەتیس بووی و بەرامبەرەکەشت باوەرت پێ ناکات و، دەزانێت پاش دەنگ دەرچون هیچ هەوڵێک بۆ خەفەکردنی ئابروچونەکە دادت نادات  .
بۆیە دەڵێم ئەمرۆ واقعە سیاسیەکە  بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازە، ئەگەر پروشەی سەلبیاتەکانی ئێرە نەگەیەننە ئەوێ و بەدەردی خۆیان نەبەن، وەک بۆ چەندین مانگ دەچێت هەوڵی ئەوە دەدەن، چ بە پاڵپشتی دەرەکی یان لەبەر بەرژەوەندخوازی حزبی و نەرجسیەت و تەماعی شەخسی نەفامانە هەندێک بەناو سەرکردە . وا پێویست دەکات کوردانی رۆژئاوا پەند لە هەرێمی کوردستان و مامەڵە ئەمریکا لەگەڵیدا بگرن و ئەو کەلێنانە پر بکەنەوە کە لەوبارەوە لەوانەیە لەماوەیەکی تردا دروست ببێت ئەمریکا بتوانێت وەک هەرێمی کوردستانیان لێ بکات و چارەسەریش زۆر و هیچ شتێک مەحاڵ نیە، بۆیە :
1-مامەڵە لەگەڵ چەندین تەوەردا بکەن و لەونێوەندەدا یاری هەونەری خۆیان بکەن و بە یەکجاری پشت بە یەک لایەنی دەرەکی نەبەستن و، ئەوەیان لەبەرچاو بێت، بەتایبەتی ئەمریکا لە چرکەیەکدا هەمو شتێک دادەرمێنێت ئەگەر بچوکترین بەرژەوەندیی ئەوە بخوازێت .
2- هەوڵدانی بەگوروتین بۆ مانەوەی تۆکمەیی ناوخۆ و، بەهیچ شێوەیەک لەم کاتەدا بە رەونەقی باقوبریقی دیموکراسی روکەش و ئیدعای ئەمریکانە فریو نەخۆن و بە هەر نرخێک بێت و،بە پستگوێخستنی هەر تانەوتەشەرێک لەوبابەتەوە ماڵی خۆیان قایم بکەن و نەهێڵن بە هەر بەهانە و قسەیەکی رەنگاورەنگەوە ئەو کەلێنە دروست بکەن، کە تائێستا لەوێدا دروست نەبووە سەرەرای هەوڵی دوژمنانی ناوخۆ و دەرەوەیان،  تا ئێرە بەسەرکەوتویی هێناویانە .
3- هەوڵی پتەوکردنی باری ئابووری و پشتبەستن بە خودئیکتفای شۆرشگێرانە و نەهێشتنی بڵاوبونەوەی لەزەتی دەسەڵات و پارە و ئیمتیاز کە لە کردەوەکانی وڵاتانی سەرمایەداری و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان فێری ئەم کردەوەیە نەبن  و بەم دەردەیان نەبەن .
4- مانەوەی کوردانی رۆژ ئاوا لەسەر پەروەردەی شۆرشگێری و فیداکاری بۆ چەندین ساڵی تر و، نەهێڵن ئەوانەی لێرەدا واتە لە هەرێمی کوردستان وانەی تیۆری و عەمەلیان لەو بارە ماڵوێرانکەرەوە وەرگرتووە، بەڵێ نەهێڵن بچنە نێو دەسەڵاتی ئەوێ و رێگەیان لێ بگرن رۆژئاواش بەو پاشکۆیانەی ئێرە تێکبدەن و ئەزمونەکەی ئەوێ وەک ئێرە بەم درەدەبەرن .
من لێرەدا ئەوەندە دەڵێم کە بەهەموو شێوەیەک دەستم لەم ئەزمونەی هەرێمی کوردستان شۆردۆتەوە و تەنها ئومێدێکم بەوەیە کە کورد راست بکاتەوە کوردانی باکوور و رۆژئاوان بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی و نەهێشتنی کاریگەریە سەلبیەکەی سەرمایەداری جیهانی و زوڵم و زۆری بەرژەوەندخوازانەی ئەو بە راستەخۆ بێت یان ناراستەخۆ لەسەر حیسابی میلەتی بێکەس و کەم دەرامەتی  وەک کورد . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە