ئایا یەکێتی بە خۆی دەزانێت لە گێژاودایە ؟
Wednesday, 02/03/2016, 18:27
گوێم لە کادرێکی باڵای یەکێتی بوو، کە دەیوت واباشە بۆ دوارۆژی یەکێتی؛ زیاتر خۆی لە پارتی نزیک بکاتەوە، لەبەر ئەوەی بە هەردوکیان دەتوانن هەڵبژاردن دوابخەن و هەرچی دەیکەن لەم کاتەدا ئەگەر لە قازانجی میلەتەکەش نەبێت بە دواخستنی هەڵبژاردن لەبیر خەڵکی دچێتەوە و، بەخۆیان لە سەر رێرەوی تایبەتی خۆیان دەرۆن و هەمان سەردەم ی فیفتی فیفتی دوبارە دەکەنەوە و، هەر بە خۆیان دەسەڵاتی هەمیشەیی کوردستان بە رێوە دەبەن ! تا ئەوکاتە بارودۆخ چاکتر دەبێت، ئینجا بکەونە ململانێی پارتیەوە، چونکو ئەوان دەبنە دوو حزبی گەورەی کوردستان .
تۆ تەماشای را و بیروبۆچونی ئەم جۆرە کادرانە بکە، و ئەوجا هیچ سەرت سورنامێنێت لەو لێدوانە دژبەیەکیەی بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی لەسەرجەم بوارەکاندا، کە بە ئاشکرا لە راگەیاندنەکان باسی دەکەن . تا وەکو رۆژگاری ئەمرۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەقەد ئێستا وەک ئەم جۆرە چەقینەی لە بەرێوەبردنی کاروباری دەرەوەی حزبەکەیان بە خۆیانەوە نەبینیوە . تۆ بڵێیت بێ تالەبانی بەم حەدە کاریگەری خۆی لەسەر بیرکردنەوەیان جێهێشتبێت، یان بەرژەوەندیە تەسکەکانی بەرپرسانیان رێگەی لێ ون کردون کە بەرپرسەکانیان وەک چەندین حزب هەڵوێستی خۆیان دەربخەن نەک وەک بەرپرسانی یەک حزب، ئەگینا لە کاروباری نێوخۆی خۆیان چی دەکەن بیکەن، بەڵام با لە ئاست رووداوە گرنگەکانی رۆژ و لەمەر دەسەڵاتی هەرێم یەکگرتوو بن، کە سەرەتاییترین دیسپلینی حزبیە لە هەموو شوێنێکدا .
ئەگەر خەڵک یان بەتایبەتی کادرانی یەکێتی وا لێکیبدەنەوە کە لەم کاتەدا روگیر بوون و گیریان خواردووە لە نێوان پارتی و گۆراندا، بۆیە وایدادەنێن بەم شێوەیە نەدەکەونە رێرەوی سیاسەتی گۆرانەوە نەش هی پارتیەوە، ئەوە زۆر هەڵەن . لەبەر ئەوەی سیاسەتی راست و دروست هەر حزبێک بە پشت بەستن بە بنەما سەرەکیەکانی خۆی دەبێت بە پلەی یەکەم، نەک لە روانینی سیاسەتی حزبی تر یان رێکخراوێکی تر یان هەر لایەنێکی تر .
نایەکگرتویی لێداونەکان رەنگدانەوەی ململانێی بەڵکو کێبرکێی بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیە، تا رادەی دژ بەیەکی و، ئەمەش لە هیچ کات و لە هیچ حزبێکدا وا بە زەقی دەرنەکەوتووە، ئەگینا لەسەر خاڵێکی هەستیاری وەک هەناردەکردنی نەوت و غاز و بەشداری یەکێتی لەو بابەتەدا بەسەر دوو بەرەدا دابەش نەدەبوو، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای یەکێتی ئاگای لەوە مەسەلەیە هەیە و کۆمەڵێکیش لاخەبەرە، ئەمەش خاڵی هەرە لاواز و نەبونی دامودەزگەیی و نەبونی هەماهەنگی نێوان خۆیان دەردەخات .
ئەگەر پرسیار لە هەر یەک لەوانە بکەیت؛ ئایا ستراتیجی یەکێتی لەمەر ئەم پرسە هەستیارە چارەنوسسازە و چەندین بابەتی تریش چیە، هەر یەکە و بە مەیل و زەوق و راوبۆچونی خۆی باسی دەکات و کەس لە سیاسەتی حزبەکە نازانێت وەک حزب چی دەکات . ئەگەر ئەمە گێژاوێکی ترسناک نەبێت و لە قازانجی حزبەکانی تر نەکەوێتەوە چیە، بۆیە پێویستە ئەوەش بڵێین، کە یەکێتی بەو هەموو کادرە رۆشنبیر و بەتوانا و پر مێژووەوە گوناحە ببێتە قوربانی بەرژەوەندی تەسک و، لەو نێوەندەشدا خەڵکی موحافزکار و حزبی سەردەمەکانی قەیتون قازانجی لێبکات، بەمەش بەرەی پێشکەتنخواز لاواز دەبێت، ئەمەش لەزەرەری میلەتەکە دەکەوێتەوە، بۆیە زۆر پێویستە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم کاتە هەستیارەدا خۆی لە ناجێگیری رزگار بکات و سیاسەتەکانی لە سەر ئامانجە ستراتیجیەکان بنیات بنێت، نەک پشت بە عەقڵیەت و بۆچونی ئەو جۆرە کادرانە ببەستێت کە رایان وایە لەگەڵ پارتیدا یەک دەنگ و یەک رەنگ بن و هەڵبژاردن دوابخەن و، ئێستاش بشت بە هاوکاری ئەو ببەستن و لەسەر پێویستیەکانی ئەم کاتە برۆن بە رێوە، ئەمەیە لە گێژاو ترسناکتر . سیاسەت و بۆچونی سەربەخۆ پشت بە لایەنی تر نابەستێت، ئەم کاتەش بە قۆناغی بریاردانی راست و دروست لەمەر پرسە هەستیارەکانی میلەت و حزبەکەی خۆیانە و، لەم کەاتەدا لە تاقیکرنەوەدان، گەر بیانەوێت بە سەرکەوتویی تێیدا دەربچن، نەک بە شڵەژاوی بمێننەوە ، وا بروات لە گێژاوەکە دەخنکێن . ئەگەر زۆر لەگەڵ بەرەی پێشکەوتنخوازدا خۆیان یەکلایی نەکەنەوە هیچ نەبێت بێلایەنی خۆیان بسەلمێنن بۆ جەماوەرەکەیان دوارۆژی رۆشن چاورەێیان ناکات، ئەمەش ئاسان نیە بەو جۆرە کادرانە و بەم رەفتار و لێدوانانە دژبەیەکانەی بەرپرسەکانیان بکرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست