ئایا ئاڵای شۆرش و گۆران لە دایکبوی یەک مناڵدانن ؟
Monday, 22/02/2016, 22:14
زۆر کەس لە روانگەی بیری گشتیەوە، کە باس لە رەوتی سیاسی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان دەکەن، لەو کاتەدا، کە بابەتیانە هەڵسەنگاندن بۆ رووداوە هەستیارەکان دەکەن، ئەگەر دوور لە ناکۆکیە شەخسیەکان بدوێن و لەناوەرۆکی گۆرانکاریە گەورەکان بروانن و، بە تێروانینێکی عاقڵمەندانە تەماشای کرۆکی گۆرانکاریەکان بکەن و، زۆر شتی بچوکی لە پەراویز دروسبودا وەلانێن، دەتوانن بڵێین، لەسەر هەردوو رێکخراو؛ ئاڵای شۆرش و بزوتنەوەی گۆران؛ دوور لە ناکۆکی کەسی یەکەمی هەردوو رێکخراوەکە و رۆڵی هەر یەکەیان لە دروستبونی هەردوو رێکخراوەکەدا، لە درەئەنجامدا بەوە دەردەچن، کە ئامانجە گشتیەکە لە یەک تەوەردا خول دەخاتەوە، کە ئەویش هەوڵی راستەرێ کردنی لادانە سیاسیەکانی ریرەو و کاروانی سیاسی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی کوردستانە، لە دوو قۆناغی جیاوازدا .
لەوانەیە هەندێک لە ململانێی نێو کۆمەڵەی رەنجدەران و ناکۆکیەکان و بۆچونی تەسکی کەسی یەکەمی هەردوو رێکخراوەکە لە دروستبونی ئاڵای شۆرش و بزوتنەوەی گۆران دا بخوێننەوە، کە کتومت پێچەوانەی یەکتربوون لە کاری سیاسیدا، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا، ئەگەر بەعقڵێکی فراوانتر و هەڵسەنگاندێکی وردتر و لە خوێندنەوەی ناوەرۆکی چونێتی دروستبونی هەردوو رێکخراو و زەمین و زەمانی هەردووکیانەوە تەماشای ئەو رووداوانە و هاوکێشەکان بکەین، ئەگەر سەرکردەی هەردولاش پێیان ناخۆش بێت، بەڵام حەقیقەتەکە ئەوەیە کە بەهەمان پاڵنەر و هەمان بیروبۆچونەوە هەنگاوی یەکەمیان ناوە، چ لە رووی شەخسیەوە بێت یان بە شێوەیەکی گشتی، با لە بیرو فەلسفەفە و رێباز و مەنهەجی هەردو رێکخراو گەرێین، کە لەهەر لایەکەوە دونیایەک رەخنە و پلار و قسە و قسەڵۆک دروست بوو لەسەریان . ئەگەر هەر کەسێک تەماشای شۆرشی نوێ لە روانگەی سەرکردایەتیەکەیەوە بکات، لە هەردوو کاتەکەدا ( واتا زەمانی دروستبونی ئاڵای شۆرش و بزوتنەوەی گۆران) گۆرانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و جیاوازیەکی ئەوتۆیشی نیە .
ئەگەر لەوکاتەدا بوختان و بەرژەوەندی شەخسی سەرکردایەتیە ململانێکەرەکان، زۆر پلاریان لە یەکتر و بەتایبەتی لە ئاڵای شۆرش دەدا و، تەنانەت بە عیراقچی لەقەڵەم درا، ئەمە جگە لە قسەی سوک کە شایانی باس کردن نیە، ئەوە ئەمرۆش دەربارەی بزوتنەوەی گۆرانیش هەمان رەفتار دووبارە بووەووە، بە جیاوازیەکی کەمەوە، توشی هەمان دەردەسەری بوو .
لێرەدا ئابێت ململانێی کەسی یەکەمی هەردوو رێکخراو لەبەرچاو نەگرین، کە دەورو کاریگەری خۆی هەبوو لە هەردوو کردەوە و رووداو و رێرەوی کارکردنی هەردوو رێکخراوەکەدا . بێگومان دەبێت رۆڵی سەرکردایەتی شۆرشی ئەو کاتەش ببینین، کە لە قازانج کردن لە ناکۆکیەکانی نێو کۆمەڵەی رەنجدەران و سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە، لە دامەزراندنی ئاڵای شۆرش قازانجێکی یە کجار گەورەی بینی و، تەنانەت تواندنەوەی کۆمەڵەی رەنجدەران لەدەرئەنجامی کۆتایی ناکۆکیە کۆکراوەکانی ئەم رووداوانەوە هاتەئاراوە .
ئەگەر لە یەکێک لە ئامانجە گەورە و ستراتیجیەکانی هەردوو رێکخراو بروانین، دەربارەی پەیوەندی لەگەڵ عیراقدا و، بیروبۆچون و ئامانجی گشتی هەر یەکەیان، کە سەرکردە ناکۆکەکان بە پشت بەستن بە پشتخانی خۆیان و لە روانگەی ململانێی شەخسی خۆیانەوە، پێش پشت بەستن بە لایەنی مەبدەئی و فکر و فەلسەفی، کە لەوکاتەدا بوختانی عیراقچێتی بەسەر ئاڵای شۆرشدا کرا، بەڵام ئێستا سەرکردەی بزوتنەوەی گۆران و خودی بزوتنەوەکە بەهەمان ریتم و بنەماو ئامانجی ئەو کاتەی ئاڵای شۆرش رەفتار دەکەن و سیاسەتی ئەمرۆی کوردستان دەخوێننەوە، کەچی بە پێچەوانەوە سەرکردەکانی ئالای شۆرشی ئەوسا و یەکێتیی ئەمرۆ، بە پێچەوانەی بۆچون و رەفتار و ئامانجەکانی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوسا و گۆڕانی ئەمرۆ دەجۆڵێنەوە، هەروەها پێچەوانەکەشی راستە، واتا گۆرانکاری تاکەکەسی لە نێوان گۆران و ئاڵای شۆرشدا کراوە، بە لەبەرچاو گرتنی جیاوازیەکی کەمی گۆرانکاریەکانی پاش راپەرین و پێویستیەکانی سەردەمەکە .
بۆیە ( ئەگەر چۆنێتی کاردانەوە و درز خستنە نێو ریزەکانی ئاڵای شۆرش، هەر لەیەکەم جار و لە سەرەتای دروستبونیەوە و، دابەشبون و گومان دروستبون لە سەر یەکێک لە سەرکردەکانی هاتە ئاراوە، گوایە لەیەکەم هەنگاودا پەیوەندی بە کەسی یەکەمی یەکێتیەوە هەبووە و، تا گەیشتن بە رادەی دابەشبون بەسەر دوو بەرەدا، بە وردی نەخوێنینەوە، کە ئەمە زیاتر لە رێرەوی ململانێی سیاسیدا دروستبوو، ناتوانین بە راستۆگییەوە هەڵسەنگاندنەکە دەربخەین ) ئەگەر بەدوور لە ململانێی شەخسی کەسی یەکەمی هەردوو رێکخراو هەنگاو بنێت هەڵسەنگانەکە کەموکورتی تێدەکەوێت، دەبێت سەرجەم حاڵەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاڵای شۆرش و بزوتنەوەی کۆران لە کار و کردار و بیروبۆچون و روانیندا بخوێنینەوە، دەبینین هەمان پێکهاتەن و لە سەر هەمان بنەما و ئامانج هەنگاو دەنێن، تەنها جیاوازی؛ جێگۆرکێی کەسەکانە، بەڵام ئاڵای شۆرش لە حاڵەتی شۆرشدا زوو بە خوێنگەرمی و نەبونی راو بۆچونی جیاوزا لەناوبرا و یەکەمین بزوتنەوی ئۆپۆزسیۆن لە نێو بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەمان و لە شورشی نوێدا بە شێوەیەکی عەسکەرتاری لەباربرا .
بۆیە دەکرێت لە رووی بابەتیەوە، بە وردی لە دروستبون و چونێتی گەڵابونی هەردوو رێکخراو بروانین، دەبینین ریکخراوی ئاڵای شۆرش یەکەم ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی کوردی بوو بەڵام بزوتنەوەی گۆران لە بارودۆخێکی جیاواز و لە ئازادیەکی فراوان و لە نێو دونیای دەسەڵاتی کوردیدا دروستبوو بەرامبەر بە دەسەلاتی کوردی، نەک بەرامبەر شۆرشی کوردی وەک زەمانی ئاڵای شۆرش لە گەرمەی شۆرشدا .
بۆیە ئەگەر کادرو لایەنگرانی هەردوو رێکخراو، بەتایبەتی هەردوو کەسی یەکەمی هەردوو رێکخراو، خۆیان لە ململانێ شەخسیەکە و دردۆنگی و کۆنە قینی دەربهێنن، لە ناخی خۆیاندا دەزانن کە بزوتنەوەی گۆرانی ئەمرۆ هەمان ئالای شۆرشی دوێنێیە، بەڵام لە زەمانی دەسەڵاتی کوردیدا، لە جیاتی بزوتنەوەی رزگارخوازی کوردیدا . بەوەلانانی ئەو شتە تایبەتی و شەخسیانە، قازانجێکی گەورە بە رەوتی سیاسی و فکری بزوتنەوەی کوردستانی واقعی سیاسی ئەمرۆی کوردستاندا دەکەیەنرێت، کە نکوڵی ناکرێت لەوەی زۆربەی نوخبەی رۆشنبیر و زانا و شۆرشگێر و بیرمەندەکانی کوردستان لەو نەوەیە لە نێو ئەم دوو رێکخراوەدا خۆیان دەبیننەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست